ڕاوێژو ڕاوێژكار، كاوێژو كاوێژكار

  ساڵح ژاژڵه‌یی

   

پێش ئەوەی بچمە ناوەرۆكی باسەكەوە دەمەوێت مانای ڕاوێژو ڕاوێژكار ، كاوێژو كاوێژكار شی بكەمەوە.  ڕاوێژ بە مانای پرس و ڕاكردن و وەرگرتنی ڕاو بۆچون و پێشنیاری كەسێكی شارەزا لە بوارێكی تایبەتدا ، وەكو بواری سیاسی ، ئابوری ، پیشەسازی ، كشتوكالێ ، ڕێكخستنی دام و دەزگانی حكومەت .  ڕاوێژكار ئەو كەسەیە كە پرس و ڕای پێ دەكرێت وگوێی لێ دەگیرێت .  بواری ڕاوێژو ڕاوێژكاری بوارێكی زۆر گرنگ وبەرفراوانە  بە تایبەتی لەم سەردەمی پێشكەوتنی عەولەمەو تەكنەلۆجیایەدا . لە ئێستادا سەدان و هەزاران كۆمپانیای گەورە ی ڕاوێژكاری لە بوارە جیاجیاكاندا دامەزراون و كاردەكەن بۆ پێدانی زانیاری  .

ئەی كاوێژو كاوێژكار چ واتایەك دەبەخشن . ئاژەڵەكانی وەكو مەڕو بزن و ڕەشەوڵاخ بە گشتی كاتێك دەچنە ناو لەوەرگاكانەوە زۆر بە خێرایی گژوگیاو دەخۆن بۆ ئەوەی  خواردنە زۆر بخەنە ناو گەدەیانەوە  . كاتێك ئەم ئاژەڵانە  دەگەڕینەوە ماڵ یان لە شوێنیك دەیان وەستێنن بۆ ئەوەی ئیسراحەت بكەن ، ئەو گژو گیایەی كە خواردویانەو چۆتە ناو گەدەیانەوەو باش ورد نەكراوە ، دەتوانن بیگەڕێننەوە بۆ ناو دەمیان و جارێكی تر بە باشی  بیجونەوەو قوتی بدەنەوە .ئەم كردەیە پێی دەگوترێت(كاوێژ)  . كاوێژ لێرەدا بەمانای دو بارە كردنەوە دێت . ئاژەڵەكانیش دەبنە كاوێژكار .

من لێرەدا دەمەوێت بە تایبەتی باسی ڕاوێژو ڕاوێژكاری  لە بواری سیاسیدا بكەم . هەموو وڵاتیك خاوەنی حكومەتی خۆیەتی و خاوەنی سەرۆكی وڵات و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمەڵیك وەزیرو وەزارەت و دام و دەزگای حكومەتە بۆ ڕێكخستنی كارو باری هاوڵاتیان و هەروەها ڕێكخستنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر . بۆ ئەوەی بتوانرێت هەموو ئەو كاروبارانە ڕێك بخرێت ، پیێویستی  بە ژمارەیەكی زۆر لە ڕاوێژكاری شارەزاو لێزان هەیە  بۆ ئەوەی پرس و ڕایان پێ بكرێت .  سەیركەن جۆ بایدن سەرۆكی گەورەترین  وڵاتی دنیایە و تەمەنی زۆر چۆتە سەرەوەو زۆر جار لە كاتی ڕۆیشتندا بەلادا دێت و لە كاتی دانیشتدندا وەنەوز دەبات  و خەوی  لێ دەكەوێت .بەڵام ئەمەریكا بە تەنها ئەو بەڕێوەی نابات و هەموو بڕیارەكان  لە تەنیا لە دەستی ئەودا نین  . ئەو تەنها وەكو ڕەمزێكی گەورە وڵاتەكەیە . ئەوەی وڵاتەكە بەڕێوە دەبات ئەو دامەزراوە گەورەیەیە كە هەزاران پسپۆڕو شارەزاو ڵێزان و ڕاوێژكار لە خۆ دەگرێت و لە بوارە جیاجیاكاندا كاری تێدا دەكەن . كەواتە بەڕێوەبردنی وڵاتێك لە توانای تاكە كەسێكدا نابێت چەند شارەزاو لێزان و بە توانابێت .

ڕاوێژكاری لە هەرێمی كوردستاندا لە چ ئاستێكدایە ؟.

لە سەرەتای شؤڕشی ئایلولەوە تا ئێستا  ئەوەندەی من ئاگاداربوبم بڕیاردان بەم شێوەیە بوە : تا ئەو كاتەی مەلا مستەفا سەرۆكی بێ ڕكەبەر بوەو تا ئەو كاتەی وەفاتیكردوە بڕیار هەر لەدەستی خۆیدابوەو هیچ كەسێكی نەبوە بە ناوی ڕأوێژكارەوە كە ڕاوێژی پێ بكات .  لە دوای ڕاپەڕینەوە كە هەرێمی كوردستان بو بە خاوەنی دام و دەزگای حكومەت كەسانی بریار بەدەست  مەسعود بارزانی و مامجەلال و نەوشیروان مستەفا بون ، ئەوانیش  خۆیان خاوەنی بڕیاربون ئەگەر ڕاست بوبێت یان هەڵە . ئەم سەركردانە نە خاوەنی دەزگایەكی لێكۆڵینەوەو بە دواداچون بون  ڕاوێژكارێكیان  هەبوە   تا پرسی پێ بكەن  چونكە پێیان وابوە كەس لە خۆیان شارەزاتر نییە لە هیچ بوارێكدا .

هۆكاری  ئەوەی كە سەركردەكانی كورد خۆیان لەو ئاستەدا نەبینێوە  كە ڕاوێژكاریان هەبێت و ڕاوێژی پێ بكەن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمانە  لە كۆمەڵگایەكی خێڵەكییەوە دەركەوتون و پەروەردە بون . ئەمانە لە دیوەخان و تەكیەكانەوە  پەروەردەكراون و هەمیشە  وەكو ئاغاو دەم سپی خۆیان بینیوە . خۆشمان دەزانین ئاغای دیوەخان كەقسەی كرد  ئەو قسەیە ڕاست بێ یان هەڵە كەس ناتوانێت بڵی وانیەو  هەموان فێربون بڵێن : قسە هەر قسەی جەنابتەو هەر تؤ ڕاست دەكەی . لە سیستەمی دەرەبەگایەتیشدا هەر ئاغا تێر بێت ڕەعیەت گرنگ نییەو ئەوەی لەبەردەم ئاغا مایەوە ئەو كات دەبێ ڕەعیەت بیخوات . زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانم بلێم هەموو ئەو ساڵانەی مامجەلال سەرۆكی كۆمار بوە ، نە پرسی بە كەس كردوە لە بارەی هیچ بابەتێكەوەو نە گوێشی بۆ كەس گرتوە و قسە هەر قسەی خۆی بوە .  ئەوەش لامان ئاشكرایە هەتا ئەو كاتەی كاك نەوشیروانیش  بڕیار بەدەست بوە ، قسە هەر قسەی خۆی بوە . دەزانم كاك نەوشیروان زۆر گوێی بۆ خەڵك دەگرت ، بەڵام دواجار هەر ئەوەی دەكرد كە  خۆی بە باشی دەزانی . دەتوانین بلێین مامجەلال و كاك نەوشیروان  هەرچۆنێك بوبن لە سەرانی بنەماڵەی بارزانی باشتربون و زیاتر كراوەتر بون و هەندێك جار ئەگەر بە قسەی كەسیشیان نەكردبێت ، هیچ نەبێ گوێیان بۆ گرتون . بەڵام بنەماڵەی بارزانی  كە لە ئیستادا  مەسعود بارزانی كەسی یەكەم و بڕیار بەدەستی یەكەمە ، ئەوەندە خۆی بە گەورە دەزانێت دەنگی كەسی پێ ناگات . ئەگەر سەیر بكەین هەرسێ سەركردە هەموو كاری خۆیان لەوەدا كورت كردۆتەوە چۆن دوای خۆیان دەسەڵات بگوازرێتەوە بۆ نەوەكانیان .

من لە سالی 1961 تێكەڵاوی كاری سیاسی بوم و لە هەموو قۆناغەكانی خەباتی كوردایەتیدا  كەم تا زۆر بەشدار بوم ئاگاداری ڕوداوەكان بوم  هەتا ئێستا . هیچ سەركردەیەكی كوردم نەبینی كار بۆئەوە بكات و بەرنامە دانێت  كەسێك یان كەسانێك بۆ دوای خۆی دەست نیشان بكات و ئامادەیان بكات و  پەروەردەیان بكات و هەم پشتێوانیان بێت و هەم پشتێوانیشیان بۆ دروست بكات و بیان ناسێنێت   بۆ ئەوەی كەخۆی نەما ، ئەوانە جێگەی بگرنەوە بۆ تەواوكردنی  بەرنامەكەی . بە پیچەوانەوە  سەیریان كردوە ئەگەر كەسێك هەبوبێت كەمێك زیتەڵەو وریاو ڵێزان  بوبێت و لە لایەن ئەندامان و لاەینگرانی حیزبەوە  خۆشەویست بوبێت و جێگەی بڕوایان بوبێت ، سەرۆك  لێی ترساوەو هەوڵی داوە  بیخاتە داوەوە بۆ ئەوەی  هەتا خۆی لە ژیاندابێت ، هەر خۆی سەرۆك و كار بەدەست بێت و  بەلاشیەوە گرنگ نەبوە ئەگەر دوای خۆی حیزبەكەی لەناویش بچێ و توشی شكستی گەورە ببێت . ئەوەی بەلاوە گرنگتر بوە خەڵك بڵیێن سەیركەن  تا فڵانە كەس سەركردە بوو حیزب لە برەودا بوو ، ئێستا كە ئەو نەما حیزبەكەش نەما .

ئەوەتا دوای مامجەلال  كوڕەكانی بونە جێگرەوەی ، دوای كاك نەوشیروان كوڕەكانی بونە جێگرەوەی . ئەوەتا مەسعود بارزانیش هەموو توانای خۆی خستۆتە كار بۆ ئەوەی تەنها كوڕەكانی خۆی ببنە جێگرەوەی و لە ئێستادا مەسروری كوڕی كەسی یەكەمە دوای خۆی ، ئەمە لەكاتێكدایە نێچیری برازایی و هەم زاوای  كەسێكی شیاوترە كە ببێتە جێگرەەی خۆی چونكە بە گشتی كەسێكی خۆشەویسترە  لە ئەوانیتر . بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا  بە سیستەمی ئاغاودیوەئخان هەرێمی كوردستان ئیدارە دەكرێت  بۆیە لەگەڵ ئەوەی 32 ساڵە بەناو بەناو خاوەنی حكومەتین بەڵام  حكومەتەكەمان هەرساوایەو نەكەوتە سەر قاچی خۆی  . سەیركەن  سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2023 موچە نەدرواوە و ئەوەتا مانگی  یەكی ساڵی 2024 تەواو بوەو تازە موچەی مانگی یەك دەدرێت  ، بەڵام ئاغاكەمان كە سەرۆكی حكومەتە هەر بە خەیاڵیدا نایەت . تەنها ئەو پارەیەی لە سەفەرو ئەملاو ئەولادا خەرجی كردوە  بەشی موچەی دوو مانگی هەموو خاوەن پێداویستیەكانی دەكرد . ئاغا ئاوایە دەڵی قسە هەر قسەی خۆمە و هەموو شتێك هی خۆمەو ئەوەی لە خۆم و خانەوادەكەم زیاد بوو بۆ ئێوە .  ئەی كەواتە ڕوڵی ڕاوێژكار دەبێ چی بێت  لە حكومەتێكدا كە بە سیستەمی دەرەبەەگایەتی  بەڕێوە ببرێت ؟.

سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دەیان بەناو ڕاویژكاریان هەیە ، بەڵام هیچ كامێك لەوانە نە هیچ شارەزایەكیان لەوكارەدا هەیە كە بەناویەوە كراون بە ڕاوێژكارو نە كەسیش پرسیان پێ دەكات . تەنانەت  مەسعود بارزانی ڕاوێژكارەكانی هەر نابینێت نەك پرسیان پێ بكات . كی دەتوانێت قسە لە قسەی سەرۆكدا بكات .
ئەی كەواتە ئەم بەناو ڕاوێژكارانە  ئیشیان چییە ؟.

ئەم ڕاوێژكارانە  بۆ ئەوە دانەنراون تا پرسیان پێ بكرێت  بەڵكو ئەمانە وەكو ئەندامی حیزب شوێنیان بۆ دۆزراوەتەو دامەزرێنراون  بۆ وەرگرتنی موچە . ئەگەر سەرنج بدەن  ئەوانە بە دوای كەسانی شارەزادا ناگەڕێن  بۆ ڕاوێژ پێكردن  بۆ نمونە : بزانن لە كەیەوە هەرێمی كوردستان كێشەی یەكلایی كردنەوەی بودجەی هەیە لەگەڵ حكومەتی ناوەند . تا ئێستا  دەیان شاند چونە بەغداو بە دەستی بەتاڵ گەڕاونەوە . هەندێك دەڵێن : ئەوانە شارەزاییان لە بواری بودجەدا نییەو فێڵیان لێ دەكرێت . هەندێكی تر دەڵێن ئەوانە عەرەبی باش نازانن .

بەڵام لەولاوە شارەزایەكی وەكو فازل نەبی هەیە كە كاتی خۆشی جێگری وەزیری دارایی عێراق بوە لەسەر پشكی پارتی  و چەندین جار ڕەخنەی لە شاندەكە گرتوە . بەڵام ئەو ناخەنە ناو ئەندامانی شاندەكەوە چونكە لە نیچیر نزیكە . ئەو ناكەن بە جێگری وەزیری دارایی لە بەغدا ، مەسعود حەیدەر دەكەن كە هەموو دەزانن پێشتر چ كارە بوەو لە كوێوە هاتوە بۆ ناو پارتی . ئەگەر مەسرور بارزانی ڕاست دەكا بەدوای  ڕاویژكاری داراییدا دەگەڕێت ، با لە بری  ڕێباز حەملان فازل نەبی دانێت و شتی لێوە فێربێت .

ئەگەر مەسعود بارزانی دەیەوێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی  بگات  با كەسانی وەكو دكتۆر كامەران مەنتك و دكتۆر سەردار عەزیزدەیانی تریش هەن كەشارەزایی باشیان هەیە با كەسانی  ئاوا بكاتە ڕاوێژكار لە لای خۆی بۆ ئەوەی زانیاری پێویستی پێ بدەن لە بارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی .  لەكۆتاییدا هاتینە سەر ئەو ڕایەو ئەو ئەنجامەمان دەست كەوت كە كار بەدەستان و بڕیار بەدەستانی حكومەتی هەرێم و تەنانەت حیزبەكانیش هیچ باوەڕێكیان بە ڕاوێژو ڕاوێژكاری نییە و بونیشی بە پێویست نازانن چونكە خۆیان لە هەموو كەس بە شارەزاترو داناترو لێزانتر دەزانن لە هەموو بوارەكاندا .

باشترین نمونە بۆ ئەوەی ئەوە پشت ڕاست بكاتەوە كە كار بەدەستانی هەرێمی كوردستان  هیچ بڕوایەكیان بە كاری ڕاوێژكاری نییە و سەرنجی ئەم نمونانە خوارەوە بدەن :

1-سالێ 1992 كە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراو یەكێتی و پارتی لەسەر پەنجا بە پەنجا ڕیك كەوتن و بڕیاریاندا حكومەت پێك بهێنن ، بۆچونێك هەبوو كە مەسعود بارزانی و ماجەلال خۆیان ببنە سەرۆكی پەڕلەمان و سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان نەچێتە دەرەوەی حكومەت و بدرێتەدەستی سەرۆكی حیزبەكان چونكە ئەو كات بونی حكومەت  هیچ واتایەكی نابێت . وەكو بیستومە گوایە مامجلال ئەو بۆچونەی پێ باش بوەو وتویەتی با كاك مەسعود سەرپشك بێت سەرۆكی پەڕلەمان وەردەگرێت یان سەرۆكی حكومەت . بەڵام ڕەنسۆ حەریری  لەولاوە هاتۆتەدەنگ و وتویەتی شتی وا چۆن دەبێت خەڵك بۆی هەبێت قسە لە قسەی سەرۆكدا بكات .  لێرەدا مەبەستی لە سەرۆك ، تەنها مەسعود بارزانی بوە . دوا جار ئەو پێشنیارە  سەری نەگرت حكومەتەكە هەر لە بێشكەدا تاساو بە نەكامڵی لە دایك بوو . ئەوەتا دوای 32 ساڵ هەر ئیفلیجەو دەڵێن حكومەتەكەمان ساوایەو قاچی نەگرتوە ئەوەش بە هۆكاری ئەوەی دەسەڵاتی بڕیاردانی كۆتایی دەبێ سەرۆكی حیزبەكان لەدەرەوەی حكومەت بیدەن و ئەو كات حكومەت تەنها هەر ناو دەبێت .

2- جێنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان  بۆ كارو باری عێراق و هەرێمی كوردستان لە زۆر بونەدا  وەكو دلسۆزێك و ڕاوێژكارێكی كورد بە سەركردایەتی كوردی وتوە : هەوڵ بدەن ناكۆكیەكانی ناوخۆتان چارەسەر بكەن و هێزی پێشمەرگە یەك بخەن ئەگەر ئەمە نەكەن ئەم هەرێمەتان وەكو ئێستا نامێنیتەوە  واتە لەناو دەچێت.  ئەم لێدوانەی چەندین جار داوە تەنانەت پێش ئەوەی دادگای پاریس فرۆشتنی نەوت لە لایەەن هەرێمەوە قەدەغە بكات . دوای ئەوەش دەبینین حكومەتی عێراقی چۆن بودجەمان بۆ دەنێرێت . ئەوە باشترین ڕاوێژكاری بوو كە بۆ كوردی كرد . لە بری ئەوەی بە قسەی بكەن كاوێژكارو دەم ڕوتە بەناو قسەكەرەكانی حكومەت پێیان دەگوت خۆ تۆ كوێخای ئێمە نیت . ئێستا دیتان هەرێم ڕوبەڕوی چ قەیرانێك بۆتەوە ، دە بڕون بیخۆن .

3- لەهەمویان گرنگتر ئەمەیە : كاتێگ مەسعود بارزانی تاك لایەنەو  بڕیاریدا ڕیفراندۆم بكات و نە بە قسەی ئەمەریكاو نە ئێران و نە وڵاتانی دۆستی  ئەوروپامان و نە گوێی بۆ ناڕەزایەكانی خەڵكی خۆمان گرت و بە ئاشكرا وتی : مادام هەموو معارەزەن ئەوە بڕیاری ڕیفراندۆمم داو لە ئەنجامدا نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لەدەستدا  بە دۆستەكانیشمانەوە ، ئەمە نیشانەیەكی ڕون و ئاشكرایە كە ڕاوێژو ڕاوێژكاری هیچ بەهایەكی لای بەرپرسانی ئەم هەرێمە نیەو هەتا ئەمانەش  كار بەدەست بن ، هەر نایبێت . كەسێك خۆی لە هەموو سیاسەت مەداران و ڕۆشنبیرانی دنیا  بەزاناتر بزانێت ، چۆن گوێ بۆ ڕاوێژكار دەگرێت .

كەواتە ئەوانەی بەناوی  ڕاوێژكارەوە دامەزرێنراون  سەر بە حیزبەكانن و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە . زۆر جاریش یەكێتی و پارتی ئەندامانی یەكتری  بۆلای خۆیان ڕادەكێشن و پلەی ڕاویژكاریان پێ دەدەن  وەكو ئازاد جوندیانی یەكێتی و  مەسعود حەیدەرو ڕێباز حەملانی كۆنە گۆڕان و ئەوەتا بە هەمان شێوەش بیستون فایەقی ئەندام پەڕلەمانی  گۆڕان كە پێشتر بێژەری تەلەفزیۆن بوە بافڵ تاڵەبانی كردویەتی بە ڕاوێژكاری خۆی و وەكو باسیشی دەكەن ئەوە بۆتە هۆكاری دروست بونی ناڕەزایەتی زۆر لە ناو ئەندامانی یەكێتێدا  چونكە بەشایستەی ئەوەی نازانن  بكرێتە ڕاوێژكار ، لە كاتێكدا دەیان كەسی لەو بە تواناتر هەن لەناو یەكێتێدا ، بەڵام ئەمە بێ مەرام نییەو ئەو ماسەتە مویەكی تێدایە .  بەڕاستی ئەمانە وشەی ڕاوێژكاریشیان سوك كرد  . لەگەڵ ئەوەی حیزبەكان و بەرپرسانی حكومەت هیچ بڕوایەكیان بە ڕأوێژكار نییە ، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین بە دەیان كەس وەكو ڕاوێژكار لە دام و دەزگاكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و بارەگای سەرۆكی پارتی و لە ناو دام و دەزگاكانی حكومەتدا بە موچەیەكی باش و كۆمەڵێك ئیمتیازاتەوە دامەزرێنراون .  پێدانی پۆستی ڕاویكار بەوكەسانە بە دوو هۆكارە :

یەكەم : ئەوانە كەسانی سەر بە  حیزبەكانن و رۆلێ كۆیلایتیش دەبین. ئەگەر سەرنج بدەن ئەو كەسانە بەردەوام  بە ڕاست و بە ناڕاست  پشتیوانی لە بڕیارەكانی حیزب دەكەن و بەرگری لە بەرپرسەكانی حیزبەكانیان دەكەن . سەیركەن ئەو بڕیارە هەڵەیەی مەسعود بارزانی بۆ ڕێفراندۆم  نەماندی یەك ئەندامی پارتی  ڕەخنە بگرێت و بلێت ئەوە بڕیارێكی هەڵەبوو . مامۆستایەكی زانكۆی وەكو ساڵح عومەر  لە بری ئەوەی ڕەخنە بگرێت دەیگوت : دوای 15 ڕۆژی تر حكومەتی كوردی دروست دەبێت ، بە هۆی ڕیفراندۆمەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لەدەستدا ، كەچی دەبینین ساڵانە دەیكەنە شاییی هەڵبەڕكی و یادی دەكەنەوە .

دووەم : ئەو كەسانەی بەناوی ڕاوێژكارەوە دامەزرێنراون شایستەی ئەو پۆست و ناوە نین  چونكە هیچ شارەزایەكیان نییە و كەسیش ڕاوێژیان پێ ناكات چونكە ئاغاكانیان دەزانن كە ئەوانەی دایان ناون مێشك بەتاڵن . ئەی كەواتە ئیشیان چی دەبێت ؟.  زۆر جار بۆ ئەوەی نیشانی بدەن كە ئەمانە هەن و ڕاویژكارن ناوە ناوە قسەو لێدوانەكانی ئاغاكانیان  دوو بارە دەكەنەوە . واتە قسەكانیان كاوێژدەكەنەوە  بە مكیاج و ترش و خوێوە .  لە كۆتاییدا  بە بۆچونی من  حەق وایە ووشەی ڕاویژكار  لە هەرێمی كوردستان  بگۆڕن بە كاوێژكار بۆ ئەوەی ووشەی ڕاویژكار نرخ و بایەخی خۆی لە دەست نەدات .

سەرچاوە : ئاوێنە