مەرجەع و مەرجەعیەت

 

     ساڵح ژاژڵه‌یی

 

مەرجەع بەواتای سەرچاوەی بڕیاردێت. سەرچاوەی بڕێار بەعەرەبی (مركز القرار) . مەڕجەع زیاتر بۆ یەك كەس بەكار دەهێنرێت . بۆنمونە : علی سیستانی  سەرچاوەی بڕیارە . بەڵام مەڕجەعیەت فراوانترە و بەواتای ناوەندی بڕیار دێت . مەڕجەع و مەڕجەعیەت زیاتر پەیوەستن بە بواری ئایینەوە .

 بۆنمونە وڵاتی عێراق بە تایبەتی شاری كەربەلا ناوەندی شیعەكانی جیهانە چونكە مەزاری ئیمامی علی لێیە .  شاری قوم لە وڵاتی ئێران ناوەندی شیعەكانی ئێرانە . خامنەیی سەرچاوەی بڕیاری ئایینیە لە ئێران .

مەڕجەع و مەڕجەعیەت تەنها پەیوەست نین بەئایینەوە . دەكرێت پاشاو مەلێكی وڵاتان و سەرۆكی حكومەتەكان و سەرۆكی حیزبەگەورەكانیش  وەكو مەرجەع و مەڕجەعیەت لێكدانەوەیان بۆ بكرێت . بەڵام ئەمانە لێكدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ دەكرێت و لێكدانەوەكان ڕێژەی دەبن . هەموو مەلیكەكان دەتوانرێت وەكو مەڕجەع ناویان بهێنین ، بەڵام جیاوازی زۆرە لە نێوان سیستەمی مەلیكی دەستوری و مەلیكێكی خاوەن بڕیارو دەسەڵات .

 بۆنمونە مەلیكەكانی وڵاتانی بەریتانیا ، سوید ، نەرویج، دانمارك ، هۆڵندا وەكو نمونە كە دەسەڵاتیان كەمەو هەر بەناومەلیكن ئەو مەلیكانە تەنها لە هەندێك بۆنەی تایبەتیدا دەردەكەون و بۆیان هەیە قسەو لێدوان بدەن . بەڵام مەلیكەكانی وڵاتانی وەكو ئەردەن و سعودیەو مەغریب و زۆر وڵاتی تر خاوەن بڕیارو دەسەڵاتی تەواون . بە هەمان شێوە  جیاوازی هەیە لەنێوان سەرۆك كۆمارێ خاوەن دەسەڵات بە پێی دەستورو سەرۆك كۆمارێكی شكلی بۆ نمونە دەسەڵاتی سەرۆك كۆماری عێراق وەكو دەسەڵاتی سەرۆك كۆماری میسرو سوریا نییە . دەكرێت سەرۆكی حكومەتەكانیش وەكومەڕجەع وێنا بكرێن، بەڵام جیاوازی لە نێوان ئەوانیشدا هەیە  دەستوری وڵاتەكە دەسەڵاتەكانی دیاری دەكات . سەرۆكی هەموو حیزبێكیش دەتوانرێت وەكومەڕجەع سەیر بكرێت . بەڵام  لەوەشدا جیاوازی هەیە و هەمویان وەكو یەك نین . سەرۆكی حیزبەكانی وڵاتانی پێشكەوتو كە ڵە ڕێگای پڕۆسەیەكی زۆر دێموكراتیانەوە هەڵدەبژێرێن و هەر كاتێك ئەندامانی ئەو حیزبە بیانەوێت بیگۆڕن یان لایبەرن بە هەر هۆكارێك بێت زۆر ئاسان و بێ كێشە دەتوانرێت لابرێت یان لێپرسینەوەی لەگةل بكرێت .

 بەڵام لابردنی سەرۆكی حیزبێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەسەڵاتیان لە دەستدایە ، ڕاستە وەكو مەڕجەع وێنا دەكڕێن ، بەڵام لە هەمان كاتدا دیكتاتۆرن و بە ئاسانی لانابرێن . بۆ نمونە بەشار ئەسەد سەرۆكی حییزبی بەعسی سوریایەو لە هەمان كاتدا سەرۆكی كۆماریشەو مەرجەعیشە . بەڵام ئەم مەرجەعە بە زۆر دەستی بەسەردەسەڵاتدا گرتووەو هاوڵاتیان خۆشیان لێی نایەت و ئەگەر بۆیان بكرێت لاشی دەبەن  بەڵام بۆیان ناكرێت .

هەندێك میللەت هەبون لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا  كە خاوەنی سەركردەی نیشتمان پەروەروخۆنەویست بون ودواجار ئەمانە وەكو مەڕجەع و ڕابەڕ ناسێنراون چونكە ئەوسەركردانە بێ جیاوازی سەیر هەموانیان كردوە و میللەتیش بە گشتی لە پشت ئەو وسەركردانەوە بوە . دواجار ئە مانە توانیویانە گەلەكەیان  لە دەسەڵاتی بێگانەو دیكتاتۆرەكان ڕزگار بكەن . بۆ نمونە : غاندی توانی هیندستان لە دەسەڵاتی ئینگلیز ڕزگار بكات . نیڵسۆن مەندێلا توانی دەسەڵاتی ڕەگەز پەرستی جنوبی ئەفەریقا لەكار بخات و گەلەكەی ڕزگار بكات ، جۆرج واشنتۆن توانی سەربەخۆیی بۆ گەلی ئەمەریكا دەستەبەربكات .

بەڵام ئەوانەی دەبنە مەڕجەع و ڕابەرو پیشەوای میللەتان و دواجار ڕزگاریان دەكەن ، دەبێ خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەت بە خۆیان بن و ئەگەر ئەو خەسلەتانەیان تێدا نەبێت ، نەدەتوانن ببنە مەڕجەع و ڕابەر و نەدەشتوانن ، میللەتەكەیان ڕزگار بكەن چونكە ناتوانن ببنە جێی موتمانەی میللتەكەیان و پشتیوانیان بەدەست بهێنێت . پێش هەموو شتێك نابێ لە بیری ئەوەدابن كە هەموو شتێك وەكو دەسەڵات و پارەو سامان بخەنە ژێر دەستی خۆیان و بنەمأڵەو نەوەكانیان و نزیكەكانیان . ئەگەر بیانەوێت ببنە مەڕجەعی ڕاستە قینە ، دەبێ بەیەك چاو سەیری هەموان بكات.  نابێ بیربكاتەوە تاخۆی لە ژیاندا بێت هەر خۆی خاوەن دەسەڵات بێت . دەبێ بەردەوام  هەوڵ بدات  ڕیزەكانی ناو گەلەكەی بەهێزبكات  چونكە سەركەوتن لە یەكێتی گەلدایە . هەر كەسێك بیەوێت وەكو مەڕجەع  خۆی بناسێنێت ، نابی هەرگیز ڕق لە دڵ بێت و بیر لە تۆڵەكردنەوە بكاتەوەو ڕیزەكانی گەلەكەی پەرت پەرت بكات . سەركردەی ژیرو هوشیار ئەوانەی دەیانەوێت وەكو مەڕەج و پێشەواو ڕابەر دەركەون ، دەبێ بەردەوام كۆمەڵێك خەڵكی شارەزاو پسپۆر لە بوارە جیاجیا كاندا لە دەوری خۆی كۆبكاتەوەو بەردەوام لە هەموو بڕیارێكدا ڕاوێژیان پێ بكات .

 هیچ سەركردەیەك لە دنیادا نییە شارەزایی لە هەموو شتێكدا هەبێت .جاری واهەیە كەسێك دەبێتە سەركردە و زۆریش بەتوانا و لێزان نییە ، بەڵام چونكە پرس و ڕا بەكەسانی شارەزاو دڵسۆز دەكات ، هەمیشە سەركەوتوە . زۆر جاریش سەركردە هەیە لە زۆر ڕوەوەو  بە هێزو بە توانا دەردەكەوێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی كەس لە خۆی بە عاقڵتر نازانێت و پرس و ڕا بەكەس ناكات  توشی هەڵەی زۆر گەورە دەبێت و میللەتەكەی دەخاتە بەر مەترسی گەورەوە . بە كورتی ئەگەر سەرۆكێك بیەوێت ببێت بە مەڕجەعی گەلەكەی یەكەم نابێ بیر لەبازرگانی و خۆدەڵەمەند كردن بكاتەوە. دووەم : نابێت تەنها بیر لە خانەوادەی خۆی بكاتەوە  ئەمە دوو سیفەتی زۆرگرنگن كە دەبێ لە كەسێكدا هەبن كە بیەوێت ببێتە مەڕجەع.

ئێستا كاتی ئەوەیە بێینە سەر باسی میللەتەكەی خۆمان . لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە  كورد خەبات دەكات بۆ ڕزگاری و دروست كردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی . لە جەنگی جیهانی دووەمدا كوردستانی گەورە دابەشكرا بەسەر عێراق و ئێران و سوریاو توركیاو ئێران و ڕوسیادا .  هەتا ئێستا جگە لە بەشەكەی ڕوسیا هەموو كوردانی بەسشەكانیتر توانیوبانە  لەسەر خاكی خۆیان بمێنەوەو  پاڕیزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بكەن ئەگەر چی ڕوبەڕوی ڕاونان و داگیركردنی بەشێكی زۆری خاكەكەیان بونەوە  .

 بەڵام كوردانی ڕوسیا هەمویان لە زێدی خۆیان ئاوارەكراون و بستێك ئەرز نەماوە بە ناوی كوردەوە . لە هەموی سەیرتر ئەوەیە ئێستاش كورد هەیە ئومێدی بە ڕوسیایە حكومەتی كوردی  بۆ دروست بكات . ئەگەر بێینە سەر ئەو سەركردانەی كورد كە خەباتیان كردوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی ، تا ئستا كورد خاوەنی سەركردەیەك نەبوە كە بە مۆركی دینی تەواوەوە نەك نەتەوایەتی خەباتی كردبێت بۆپێك هێنانی دەوڵەتی كوردی . شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ محمودی نەمر ئەوەندەی مۆركی نیشتمانیان پێوە دیار بوە ، ئەوەندە  مۆركی ئاینیان  پێوە  دیار نەبوە . تا ئێستا گەلی كورد نەبۆتە خاوەنی سەركردەیەكی نیشتمانی كە زۆرینەی گەلەكەی لە دەورە كۆببنەوەووەكو ڕابەروپێشەوا بناسرێت و ببێتە جێگەی موتمانەیان   . ئێمەی كورد بەوە ناسراوین كە هەمیشە لەناو خۆماندا ناكۆكین و دژایەتی یەكتری دەكەین و هەرگیز ناتوانین لەسەر سەركردەیەك هاودەنگ و هاوڕابین .

هەر ئەو هۆكارەشە كە بۆتە ڕێگرلە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیدا . من دەمەوێت بێمە سەر ئەو مێژوەی كە لە بیرەوری مندا هەیە سەبارەت بە خەباتی كوردایەتی .  لە سەردەمی مەلا مستەفاوە . واتە لە دەستپێكی شۆڕشی ئایلولەوە من دەتوانم بە ڕونی قسە لەسەر سەركردەكانی كورد بكەم وبۆچونی خۆمیان لەسەر دەربڕم كە تا چەند ئەو سەركردانە توانیویانە ببنە مەرجەع .

شؤڕشی ئایلول كە لە ساڵی 1961 دەستی پێكردوە بە ڕابەرایەتی پارتی دێموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی مەلا مستەفا  وەكو قۆناغێكی گرینگی خەباتی كوردایەتی ناسراوە . لە سەرەتاوە مەلا مستەفا وەكوسەركردەیەكی  نیشتمانی ناسراو زۆرینەی خەڵك لە پشتییەوە بون . بەڵام مەلا مستەفا ئەوەندەی بۆچونی خێڵەكی و بنەمأڵەیی بەسەریدا زاڵ بوو ئەوەندە بیری پێشكەوتن خوازی و توانای لە باوەشگرتنی میللەتەكەی نەبوو . ئەوەندەی لە ڕوی زەبروزەنگەوە توانیویەتی سەركردایەتی شؤرش بكات، نەیتوانیوە  وەك مەڕجەعێك  ڕۆلی غاندی و نیلسۆن مەندیلا ببینێت .

جیابونەوەی جەماعەتی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا  لە ساڵی 1964 لەوەوە سەرچاوە وەر دەگرێت  كە مەلا مستەفا نەیتوانی ببێتە مەڕجەع و ڕابەرێك كە ببێتە جێگەی بڕواو موتمانەی هەمووو لایەك . دوای ڕاپەڕین مەسعود بارزانی  جێگەی مەلا مستەفای باوكی گرتەوە بوو بە سەرۆكی پارتی . لەولاشەوە مامجەلال و كاك نەوشیروان  وەكو دوو سەركردەی ناسراوی یەكێتی نیشتمانی لە گۆرەپانەكە هەبون . لە ڕاستیدا مێژو سەلماندی و دەری خست  كە هیچیان نەیانتوانی ببنە مەڕجەع و جێگەی موتمانەی زۆرینەی جەماوەری كورد لەم بەشەی كوردستاندا بەدەست بهێنن.  ئەم سێ سەركردەیە هەرگیز نەیانتوانی لەسەر ئەوە ڕێك بكەون كە یەكێكیان ببیێتە مەڕجەع ودوانەكانی تر پشتیوانی لێ بكەن .  هەمومان دەزانین مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی و مامجەلال وەكو سەرۆكی یەكێتی  بەردەوام كێشەو ناكۆكی و شەڕو پێكداداننیان لە نێواندا بوەو ئەمیان هەوڵی داوە ئەوی تر لەناو بەرێت . ئەگەر چی مامجەلال و كاك نەوشیروان لە یەك حیزبدا بون ، بەلام ئەوانیش لە یەكتری ڕازی نەبون و بەردەوام كێشەیان هەبوە . دواجار دیمان چۆن كاك نەوشیروان لە یەكێتی جیابۆوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كرد .

كەواتە لە ساڵی 1961 تا ئیستا لە هەرێمی كوردستان نە مەلا مستەفاو نە مەسعودی كوڕی و نە مامجەلال و نە نەوشیروان مستەفا نەیان توانی ببنە مەڕجەع و ڕابەربۆ هەموو هاوڵاتیان . ئەوانە ئەگەر سەركردەش بوببن ، تەنها  توانیویانە ڕابەرو مەرجەعی حیزبێك بن لە ناوچەیەكی دیاریكراودا . كەواتە مەرجەع بون ڕێژەییە . مەسعود بارزانی و مامجەلال ئەگەر مەڕجەعی حیزبەكەی خۆشیانبن ، نەیانتوانیوە ببنە مەڕجەعی هەموو هاوڵاتیانی كورد لە هەرێمی كوردستان .

ئەگەرچی  لە دەستپێكردنی شۆرشی ئایلولەوە مامجەلال و جەماعەتی مەكتەبی سیاسی و كاك نەوشیروان وەكو لایەنی پێشكەوتنخوازو ڕۆشنبیرو دوور لە بیركردنەوەی خێڵایەتی ناسێنران و ماڵی مەلا مستەفاش وەكو  پاشماوەی خێل و ناوچەگەرێتی ناسێنران ، بەڵام لەكۆتاییدا  هەمویان یەكیان گرتەوە لەوەی كە هەمویان لە بنەڕەتدا یەك بیركردنەوەیان هەبوەو كە دژایەتی یەكتریان كردوە زیاتر لەسەر بەدەست هێنانی دەسەڵات و ڕەتكردنەوەی یەكتری بووە نەك بەرژەوەندی گشتی .  كەواتە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بۆچونی گەڕیدە سیاسیەكانی ئەوروپایی لە ساڵی 1919 كە وتویانە كوردەكان ناتوانن حوكمی خۆیان بكەن چونكە هەمیشە لەناوخۆیاندا ناكۆكن و شەڕی یەكتری دەكەن و هەرگیز ناتوان لەسەر یەك سەركردە هاودەنگبن .

مەلامستەفاو مامجەلال و نەوشیروان مستەفا  لە ژیاندا نەماون و تا مردیشن هیچ كامێكیان نەیانتوانی ببنە مەڕجەعی ڕاستەقینە و جێی موتمانەی جەماوەر . ئێستا تەنها مەسعود بارزانی لە ژیاندا ماوە.  ساڵێك لەمەوبەر لە دوو نوسینی جیاوازدا باسی دوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مامجەلال و دوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مەسعود بارزانیم كرد بەم شێوەیە :

  هەڵەی یەكەمی مامجەلال :  وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمار لە لایەن مامجەلەوە  هەڵەیەكی زۆر گەورەبوو چونكە زیانی زۆر گەورەی لە كوردا  لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیش . ئەگەر مامجەلال پۆستی سەرۆك كۆماری وەرنەگرتایە و لە قەڵاچوالان دانیشتایە ، بۆچارە سەری بچوكترین كێشەی نێوان كوردو بەغدا دەبوو پۆڵ بریمەر ناچار بوایە بە هەلیكۆپتەر سەردانی مامجەلالی لە قەڵا چوالان و مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش بكات .

بەڵام كاتێك پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت ، تەنها هەر خۆی وەكو جێی بایەخ مایەوە . لەبەر ئەوەی پۆستەكەشی تەشریفاتی بوو دەبوو وەكو سەرۆكی هەموو عێراقیەكان كار بكات بۆیە نەیدەتوانی بە تایبەتی بەرگری لە مافەكانی كورد بكات . خۆشی  لەبەر ئەوەی زۆر شێتی ئەو پۆستە ببوو، هەموو كارەكانی ببو بەوەی كارێكی وا بكات هەموان لێی ڕازی بن . لە بیرتانە كاتێك هاتە كەركوك  بۆ ڕازیكردنی هەموان وتی : دەبێ پۆستەكان وەكو یەك لە نێوان كوردو عەرەب و توركمان بەش بكرێن .

 ئەو بڕیارە كەمكردنەوەی سەنگی كورد بوو لە كەركوك نەك بە هێزكردنی . لەوكاتەشەوە  لە هەموو بۆنەیەكدا توركمانەكان ئەم لێدوانە وەكو قاوان لێ دەدەنەوە . بە بۆچونی من دەبوو مامجەلال لە قەڵاچوالان بێت و بە پۆڵ بریمەر بڵێت : ئێمە چەندین ساڵە شەڕلەسەر كەركوك دەكەین و پلەو پۆستمان ناوێت . بەداخەوە خۆی لا گرنگتر بوو لە وەی پێداگری لە سەر وەرگرتنی مافەكانی كورد بكات . كەواتە ناكرێت و ناگونجێت مامجەلال وەكو مەڕجەع پێناسە بكرێت چونكە خۆی هۆكار بوو كە خەڵك بە مەڕجەعی خۆیانی نەزانن.

لەسەر ئاستی كوردستانیش گەورەترین زیانی بە پڕۆسەی سیاسی گەیاندو لە پێناوی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا هەرێمی كوردستانی ڕادەستی مەسعود بارزانی كردو تەرازوی هێز بەلای پارتێدا شكایەوەو ومەسعود بارزانیش ئەوەی لە خوا دەویست وهەرچی دەسەڵات و بڕیار هەیە كەوتە دەستی ئەوان وهەر هۆكاری ئەوە بوو كە ئێستا هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئەم ئاستە چونكە  پارتی بە بەویستی خۆیان بڕیاریان لە هەمووشتێك دەدا .

هەڵەی دووەمی مامجەلال : خۆتان دەزانن دەیان ساڵە مامجەلال و كاك نەوشیروان هاوڕێی خەباتی یەكترین و بەردەوام لە شاخ و شار تەواوكەری یەكتری بون . بەڵام كاتێك كە مامجەلال بوو بە سەرۆك كۆمار ئامادە نەبوو دەست بەرداری پۆستی سكرتێری یەكێتی بێت بۆ كاك نەوشیروان و هەموشمان دەزانین كە هەوموان پێی ڕازی دەبون . ئەگەر ئەوەی بكردایە نە كاك نەوشیروان یەكێتی بەجێ دەهێشت و نە بزوتنەوەی گۆڕانیش دروست دەبوو ، نەیەكێتیش وەكو ئێستای لێ دەهات و پارتیش نەدەبوو بە كوێخاو بڕیاردەرو هەرێمی كوردستان توشی ئەوە نەدەبوو ، كە ئێستا توشی بوە .

 كەواتە ئەو ساڵانەی كە وا خۆی نیشان دەدات كاك نەوشیروانی زۆر خۆش دەوێت ، وادەرنەچوو ئەو كاتە پێویستی پێی بوە ، بەڵام لە ئێستادا قاچی گەیشتۆتە بوارو پێویستی پێی نەماوە. كەواتە ئەگەر وەكوئێستا حساب بۆ مامجەلال بكەین ، نەك ساڵانی ڕابوردو تەنانەت ناكرێت وەكو مەڕجەعی حیزبەكەشی وێنای بكەی ، نەك هەموو هەڕێم . دوایش كە كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كردو زۆر جێگەی ئومێد بوو ، بەڵام ئەویش نەیتوانی ببێتە مەڕجەع و ئەویش گەڕایەوە بۆسەر ئەسڵی خۆی و خوا ڕوحم بە كورد بكات .

ئێستا دێمەسەر باسی دوو هەڵە ستراتیجیەكانی  مەسعود بارزانی :

یەكەم : ئەنجامدانی ڕبفراندۆم و گوێ نەگرتنی بۆ هیچ كەس و لایەنێك و لە دەستدانی نیوەی زیاتری خاكی هەرێم . زۆر لە سەر ئەوە باسكراوەوهەموان حیكایەتەكەو زیانەكانی ئەو بڕیارە هەڵەیە دەزانین  بۆ كاك مەسعود خۆی و مێژوی جێ دەهێڵین .

هەڵەی دووەمی مەسعود بارزانی ئەمەبوو : هەموتان دەزانن كە مەسعود بارزانی دوو ڕكەبەری سیاسی هەبوو ئەوانەش مامجەلال و كاك نەوشیروانبون . قەدەری زەمانە وای هێنا ئەودوانە هەردوكیان مردن و ئەو خۆی بەتەنها بێ ڕكەبەری سیاسی مایەوە . ئەگەر مەسعود بارزانی كەسێكی سیاسی و خاوەن ستراتیج بوایە دەیتوانی زۆر بە ئاسانی ببێتە مەڕجەعی هەرێمی كوردستان ، خۆ ئەگەر خاوەنی بیرێكی كراوەتریش بوایە یان گوێی بۆ خەڵكی دڵسۆز بگرتبایە ، بە دوور نازانرێت ببوایە بە  مەڕجەع بۆ كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان . بەڵام بۆنەیتوانی ببێت بە مەڕجەع ؟. كاك مەسعود بارزانی مەدای بیركردنەوەی سیاسی زۆر كورتەوتا ئێستا وەكو سەرۆكی خێڵێك و بنەماڵەیەك بیر دەكاتەوە نەك سەرۆكی گەلێك . ئەگەر من لەجێی ئەو بومایە ئەمەم دەكرد : كاتێك كاك نەوشیروان وەفاتی كرد دەچومە پرسەكەی ودوو ڕۆژ دەمامەوە . دوایی دەچومە ماڵی  مامجەلال لە دەباشان و كۆڕانی هەردوك لام بانگ دەكردو پێم دەگوتن : من و باوكی هەردوك لاتان ساڵانێكە ناكۆكین و شەڕی یەكتری دەكەین . لەو شاڕانەدا تەنها زیانمان بە خۆمان و میللەتكەمان گەیاندوە . ئێستا ئەوان هیچیان نەماون و هەر من ماوم و هیچ ڕكەبرێكم نەماوە .

ئەم قسەیە بە واتای ئەوەدێت من ئێوە بە ڕكەبەری خۆم نازانم. واتە ئێوە لە ئاستی مندا نین . ڕاستیەكەشی هەر وایە .  بۆیە پەیمانتان پێ دەدەم وەكو برازای خۆم بتانبینم و جیاوازیتان ناكەم لە گەڵ كەسانی بنەمألەكەم و هەرچی بتانەوێت بۆتانی دەكەم و دەمەوێت لێرەوە كۆتایی بە كێشەكانی ناو میللەت بهێنم . كە ئەوەم كرد  سەرۆكی حكومەت كە لە خۆیانە ڕام دەسپارد زۆر بە زویی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تەواو بكات . ڕێگای نێوان كەلار و سلێمانی تەواو بكات . پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ تەواو بكات . ڕێگای نێوان سلێمانی –ڕانیەو قەڵادزێ ، سلێمانی – كۆیە كۆیەو هەوڵیر تەواو بكەن .

 دوای ئەوە فەرمانم  دەردەكرد هیچ جیاكاریەك  لە نێوان زونی سەوز و زەرد قبوڵ ناكەم و لە ئەمڕۆوە وازهێنانم لە پارتی رادەگەیەنم و تەنها كوڕی مەلامستەفام . ئەگەر ئەو كات ئەوەی بكردبایە كێ بافڵی دەناسی و هیچ كەسێكیش لەناو یەكێتێدا لەو ئاستەدا نەبوە  بتوانێت ڕكەبەری ئەو بكەن . ئەگەر ئەو كارەی بكردبایە بێ چەندو چون و بێ ڕكەبەر هەموو میللەت مەسعود بارزانیان وەكو مەڕجەع و براگەورەی هەموان قبوڵ بێت .

 بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو هەر بۆ پرسەكەشی نەهات هەڵەیەكی مێژویی زۆر گەورەی كرد . كاتێك كە مەسعود بارزانی ئەمەی نەكرد ، نەیارەكانی كورد هاتن پشتی بافڵیان گرت و كردیانە ڕكەبەری  مەسعود بارزانی و دۆستی نزیكی خۆیان ، واتەمەسعود بارزانیان لە بەرامبەر مەسعود بارزانی دانا . ئێستا بافڵ تاڵەبانی زۆر توندترە بەرامبەر بە پارتی وەكو لە مامجەلالی باوكی . مامجەلال زیاتر بەرژەوەندی گشتی میللەت و هەرێمی لە بەر چاو دەگرت[D1]  . ئەگەر بیزانیایە هەرێم لەبەر دەم مەترسیدایە زۆر بەلایەوە ئاسایی بوو سەرەڕای هەموو ناكۆكیەكانی لەگەڵ مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ بكات  سەردانیشی بكات ، لە كاتێكدا ئەو زۆریش بەتەمەنتربوو لە مەسعود بارزانی . بەڵام  ئێستا بافڵ تاڵەبانی ئامادەی هیچ سازشێك نییە بۆ پارتی . كەواتە ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە مەڕجەعی میللەتەكەی نابێ بە عەقڵی ڕق و تۆڵەكردنەوە مامەلە بكات و دەبێ لێبوردەبێت و مێشك كراوەبێت و بیركردنەوەكانی لە ئاستی ئەم سەردەمەدا بێت و ڕابوردو بخاتە پشتی سەری .

بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوەی مەسعود بارزانی هەوڵ بدات كۆتایی بە ناكۆكیە كۆنەكان بهێنێت ، هات ناكۆكی زیاتری خستە نێوان ئامۆزاكانی  بنەماڵەی تاڵەبانی و ڕۆژێك دژایەتی لاهور دەكات و پشتیوانی لە بافڵ دەكات ، ڕؤژێكی تر پشتیوانی  لاهور دەكات دژایەتی بافڵ دەكات  . كەواتە وەكو پێشتر دەزانین مەسعود بارزانی هەرگیز نەیتوانیوە ببێتەمەڕجەع ، لە ئێستادا نەك ناتوانێت ببێتە مەڕجەعی هەموان ، تەنانەت ناتوانێت ببێە مەڕجەعی بنەماڵەكەی خۆشی كە بەراستی ئەوە جێی داخە.

 زۆر جار كە باسی مەسعود بارزانی دەكرێت لە نوسیندا یان لە قسەكردندا و وەكو مەڕجەع ناوی دەهێنرێت و هەندێك دەڵێن ئەو كەی مەڕجەعەوهەندێكی تر تەنانەت توڕەش دەبن و وەكو مەرجەع وێنای دەكەن . بەڕێزان من خۆم لە ناخی دڵمەوە حەزم دەكرد مەڕجەع بوایە و لەم ناكۆكیانە ڕزگارمان بوایە ، بەڵام چی بكەین و قوڕی كوێ بەسەری خۆماندا بكەین كە ناتوانێت ببێت بە مەڕجەع و جێگەی موتمانەی هەموان . بۆیە مەڕجەع بونی مەسعود بارزانی ڕێژەییە . ئەگەر بەلای تۆوە مەڕجەع بێت ، بەلای منەوە مەڕجەع نییەو حەق نییە ئەمەش بكەن كێشە چونكە كەس تەنها بە قسە نابێتە مەڕجەع چونكە مەڕجەع بون ڕێگەو شوێنی خۆی هەیە وناكرێت بە زۆر كەسێك بكەیتە مەڕجەعی میللەتێك كە ئەو كەسە خۆی توانای بە مەڕجەع بونی نەبێت .

سەرچاوە : ئاوێنە