هۆڵی محەممەد عارف جزیری لەدوای نۆژەنکردنەوەی دووبارە دەکرێتەوە

لەدوای نۆژەنکردنەوەی هۆڵی محەممەد عارف جزیری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چوارشەممە 18-5-2022 لە رێوڕەسمێکدا دووبارە دەکرێتەوە و بەرهەمێکی شانۆییش نمایش دەکرێت.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، لەدوای سووتانی هۆڵی محەممەد عارف جزیری لە دهۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا و نۆژەنکردنەوەی یەک ساڵ و نیوی خایاند.

روونیشیکردەوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکە، گۆڕانکاری لە سیستەمی دەنگی و رووناکیی کراوە و بە شێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوەتەوە.

هەر بەبۆنەی دووبارە کردنەوەی هۆڵەکە، کاژێر 5:00ـی ئێوارەی چوارشەممە، شانۆگەری 'دبیت بهێت' لە نووسین و دەرهێنانی نێچیرڤان کەکو نمایشدەکرێت.

ئەم بەرهەمە شانۆییە بەرهەمی گرووپی شانۆیی ماسکە و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆک نمایشدەکرێت. 

نێچیرڤان کەکو، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند، شانۆگەرییەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هۆڵی محەممەد عارف جزیری نمایشدەکرێت و چیرۆکەکەی باس لە ژمارەیەک کەس دەکات کە چاوەڕێی شتێکن و بەو هیوایەن پێیبگەن، بەڵام کاتێک پێیدەگەن، ئەو شتە وا دەرناکەوێت.

کاژێر 4:00ـی شەوی رێکەوتی 19-1-2014، بەهۆی شۆرتێکی کارەباوە، هۆڵی محەممەد عارف جزیری سووتا و زیانێکی زۆری پێگەیشت.

لە 26-4-2016 یەکەم نمایشی شانۆیی بەناوی 'تابلویەک ژ کوشتنێ' لە دەرهێنانی هەلکەت ئیدریس نمایشکرا کە ئەوکات بەشێکی نۆژنەکرابووەوە.

 

 

سەرچاوە: rudaw