دۆرۆتیا کایست، ناوێکی گرنگە و دەبێت بیناسین.

 

 

سیروان رەحیم
سیروان رەحیم

 

خاتوو دۆرۆتیا بۆچی گرنگە بۆ ئێمە؟

ئەوەی کە دۆرۆتیا هاوڕێی منە و رێز و خۆشەوسیتی زۆر لە نێوانمان دا هەیە بابەتێکی تایبەتە بە خۆمان. من لە روانگەی هاوڕێیانە و دلڤینییەوە باس لە دۆرۆتیا ناکەم. هەموو کەسێک دەتوانێت میهرەبان و دڵاوا بێت وەکو دۆرۆتیا، بەڵام بۆ ئێمە دوو خاڵی گرنگ هەن، دوو خاڵی گرنگ دەبنە هۆکاری ئەوەی پێویستە ئەم خاتوونە بناسین؛

1. کارکردن سەبارەت بە کورد و کوردستان بە ڤیدیۆ.

2. کارکردن لە بواری نەهێشتنی نەخوێندەواری دا بۆ ژنانی کورد.

زۆر کەس لەنێو ئێمەدا ئەم خاتوونە ناناسن کە کاری چۆنی سەبارەت کورد و بۆ ژنانی کورد کردووە. بەر لە هەموو شتێک و بۆ ئەوەی کار بۆ کورد و لەبارەی کورد بکات، دۆرۆتیا کایست زمانی کوردی فێر دەبێت. لە شاری زویرخ - سویسرا و هەروەها لە ئەنیستیتوتی کورد لە پاریس زمانی کوردی بە باشی فێردەبێت، بەشێوەیەکی رەوان قسەی پێدەکات، پێی دەنووسێت و پاشتریش کتێبی راهێنان و فێربوونی پێ دەنووسێت.

راستەوخۆ پاش راپەڕین دۆخی کوردستان ئاڵۆز بوو. نیشتمانەکە لە زۆر لاوە گەمارۆ درابوو. لەو دەمەدا و کۆتایی ساڵی 1991 دۆرۆتیا و خاتوونێکی هاوکاری [کریستینا کارەر] دێنە کوردستان و بەڵگەفیلم سەبارەت بە ژنی کورد بەرهەم دەهێنن. (ژیانی ئێمە) ناوی بەڵگەفیلمەکەیە. باس لە چیرۆکی چوار ژنی کورد دەکات؛ ژنێکی باکووری کوردستان، ژنێکی خەڵکی بارزان، ژنێکی خەڵکی سلێمانی و ژنێکی خەڵکی سنە، لەو بەڵگەفیلمەدا چیرۆکبێژی رووداوی گرنگ و سەرنجڕاکێش، خۆیان و ژنانی کوردن. 

لە روانگەی (ژیانی ئێمە) وە نەک هەر ژیانی ئەم ژنانە، بەڵکو بەشێوەیەکی یەکجار روون ژیانی ژنانی کوردستان بەسەرکراوەتەوە، هەروەها بە گشتیش چەق خراوەتە سەر رەوشی وڵاتەکە. سەبارەت بە دۆخی کوردستان و ژیانی ژنانی کورد، بەتایبەتی لەو رۆژگارەدا، بینەر پاش تەماشاکردنی ئەو بەڵگەفیلمە بەرچاوڕوون دەبێت. تەماشاڤان بەرچاوڕوون دەبێت و هاوکات لە روانگەی بینینی دیمەنەکانەوە کوردستان دەبینێت و وردەکاری ژیانی رۆژانە و بەشداری کارای ژن دەبینێت لە زۆر بواری گرنگ و هەستیاردا.(ژیانی ئێمە)، بەڵگەفیلمێکە بەشێوەیەکی ورد و هەستیار چاوی کامێرای تێدا بەکارهاتووە و گرتە و دیمەنی یەکجار گرنگی تێدا تۆمارکراوە. 

من هاوینی ساڵی 1992 لە چەمچەماڵ - کوردستان دۆرۆتیام ناسی. دۆرۆتیا خەڵکی شاری لوتزێرنە – سویسرا، لەو شارە لەدایکبووە. لوتزێرن، یەکێکە لە خۆشترینی شارەکانی هەموو دونیا، کەچی دۆرۆتیا لەو شارە دڵگیرەوە دێتە کوردستانی پاش راپەڕین و لە دۆخی یەکجار سەختی بێ کارەبایی، بێ ئاوی و زۆر ئاڵنگاریی دیکەدا ماوەی درێژ دەمێنێتەوە، جگە لەوە لە سنوورەکان کێشەی بۆ دروست دەکرێت، چونکە نایانەوێت کەسانی وەکو دۆرۆتیا روو لە کوردستان بکەن. دۆرۆتیا هەموو ئەو ئاستانگ و سەختیانە لەبەرچاو دەگرێت، تەنیا بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، ئامانجێک؛ لە رێگەی دیمەن و فیلمەوە دەنگ و رەنگی ژنانی کورد بگەیێنێت. رۆژێکی مانگی حەوتی ساڵی 1992 بوو، لە کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد لە چەمچەماڵ دانیشتبووم، کاتێک خاتوو دۆرۆتیا کایست و کریستینا کارەری هاوکاری بە هاوڕێیەتی عارف عومەر گوڵ هاتنە لامان. هاوڕێی هێژا عارف گوڵ ئەو رۆژانە وەکو وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی - کوردی لەگەڵ ئەو دوو خاتوونە فیلمسازەدا کاری دەکرد. ئەوان بەرەو گوندی هەشەزینی دەچوون لە دەڤەری چەمچەماڵ، عارفی گوڵ پێشنیازی کردبوو منیش لە گەشتەکەیاندا بەشداربم.

دۆرۆتیا چیرۆکی هاوڕێیەتییەکی درێژی لەگەڵ زمانی کوردی، کولتووری کوردی و کێشەی کورد هەیە، چیرۆکێک خۆی دەڵێت دەبووایە لەو جێگە شیاوە بگیرسێمەوە و لەگەڵ کورد و سەبارەت کورد کار بکەم. لە سویسرایش بە درێژایی دەیان ساڵ دۆرۆتیا هاوکاری مرۆڤی کوردی دەکرد. ئەو خاتوونە لە وڵاتی خۆیشی خزمەتی بە کولتووری کورد و ژنی کورد دەکرد، بەرهەم و کارەکانیشی وەکو ئەوەی دۆڵێکی کپ سەرچاوەی بن، بێ دەنگدانەوە تێدەپەڕین. لە دۆڵێکی کپ دا بۆ بنەما و بۆ نرخە گرنگەکانی مرۆڤ کاری دەکرد.

ساڵانی سەرەتای نەوەتەکانی سەتەی بیست، هەندێک جار دۆرتیا بۆ ئەوەی خۆی بگەیێنێتە کوردستان و کاری فیلم و بەڵگەنامە بکات، تووشی کێشەی زۆر دەبوو، ساڵانێک بوو کەس نەیدەتوانی راستەوخۆ گەشت بۆ کوردستان بکات، دەبوو لە رێگەی وڵاتانی دەوروبەرەوە بگاتە کوردستان. بۆیە لەو رۆژانەدا ناوی دۆرۆتیا کایست لە تایتڵەکاندا لەسەر خواستی خۆی دەنووسرا: دەریا کوێستانی. 

وێنەی دۆرۆتیا کایست

کتێبی فێرکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجیی سەروو) یەکێک لە کارە گرنگەکانی دۆرۆتیایە. کتێبەکەی  کەرەستەی راهێنان و فێرکردنە بۆ ژنانی کورد، بە تایبەتی ئەو ژنانەی لە باکووری کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا کۆچیان دەکرد. دۆرتیا خۆی زمانزان و پەروەردەکارە، خۆی زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانی و ئینگلیزی خوێندووە، بۆیە دەیزانی زمان و هێزی زمان چییە. دەیزانی لێسەندنەوەی زمان چ ترسناکە، دەیزانی زمانی کوردی لە تورکیا و سووریا قەدەخەیە، بۆیە دەیگوت؛ هەرنەبێت با لە ئەورووپا دەرفەت ساز بکرێت، بۆ ژنانی کورد، بەتایبەتی بۆ دایکان، تاکو زمانەکە فێرببن. دۆرۆتیا دەیگوت؛ ئەمەیش بەشداریی منە لە هەڵسانەوەی نەتەوەیەک و زمانەکەی دا، بەشدارییەکی کەمیش بێت، لە دڵ و لە بنەمایەکی مرۆڤانەوە سەرچاوە دەگرێت.  

لە بواری بیرکردەوە و ئاوڕدانەوە لە کورد، بۆ گەشەی زمان و هونەرەکەی، دۆرۆتیا لە پێشەنگەکانە. ئەگەر کورد لە دەوروبەرەکەی خۆیشیدا پێشەنگی وەهای هەبان، کاری ئاسانتر دەبوو. 

ناوی دۆرۆتیا گرنگە و بە خۆشەویستی دەمێنێتەوە، چونکە؛

- بە ڤیدیۆ بەشێکی گرنگی لە قۆناخێکی سەختی ژیانی ژنانی کورد لە (ژیانی ئێمە)دا تۆمار کرد. هەروەها لە کۆمەڵێک کاری دیکەی ڤیدیۆیی دا. 

- بە نووسینیش؛ بناخەی فێرکردنی بۆ ژنانی کورد داڕشت، ژنانێک وایان لێکرابوو کە باوەڕ نەکەن کوردی زمانی پەروەردە و فێرکردن بێت، بەڵام کاتێک لە سویسرا و بە پێشەنگی خاتوونێکی سویسرایی رۆشنبیر و زمانزان ئەو کارەیان دەبینی،  لە پرۆسەدا دەژیان، حاڵی دەبوون سەردەستەکانی دەوروبەرمان چ ستەم و بێدادییەک بەرانبەر بە کورد، کولتوور و زمانەکەی دەکەن. 

سوپاس بۆ دۆرۆتیا کایست و بۆ کارەکانی. لە کوردستانەوە خۆشەویستیت پێشکێش بێت خانمی هێژا، هیوای تەندروستیت بۆ دەخوازم هاوڕێی ئازیز. 

سەرچاوە : ڕووداو