ئاگاداربەئەردۆگان ، ئەوە ئێمەبووین سەدام-مان لەسێدارەدا !!!

 

 

 

 

محەمەد خۆشناو

 

 

هەر لەگەڵ کوژرانی تونڕۆ و گەورە شۆڤینیستی  فەڵەستینی « ئیسماعیل هەنیەئە» ی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ، ئەو هەنیئەیەی کە پیرۆزبایی و دەستخۆشی کردەوە تیرۆرستیەکەی « ١»ی شوباتی شاری هەولێر-ی کرد .

 پاشان پێشمەرگەی بە چەتە دانا کە ئەوکات مامجەلال-ی رەحمەتی وەڵامی دایەوە ، ئەو کابرایە و حزبەکەی تاکە سەرکەوتنییان ئەوەبوو کە لە ساڵی 2007 کۆدەتایان بەسەر دەسەڵاتی فەڵەستینی کرد و ماڵی فەڵەستنی-یان دابەشکرد و ئەو ماڵوێرانیەیان بەسەر غەززە و خەڵکەکەی هێنا کە ئێستا بەچاوی خۆمان دەیبینین….

ئا لەسەروبەندی کوژرانی ئەو کابرایە شەڕە قسەیەکی تووند دەکەوێتە نێوان ئەردۆگان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیسرائیلیەکان ، لەو شەڕە قسەیەدا هیتلەر و سەدام-میش دێنە ناو ناوان و هەموو ئەمانە لەژێر یەک ناونیشاندا کۆدەبنەوە !!

ئەردۆگان-ی سەرۆکی تورکیا لە دیداری حزبەکەیدا دەڵێت 😞 ( پێویستە لەسەر وڵاتەکەمان هێزەکانی پتەو بکات لەپێناو ڕێگرتن لە ئیسرائیل بەرانبەر ئەو کارانەی کە دژی فەڵەستینیەکان ئەنجامیدەدات )

هەروەها پێیدادەچێت و دەڵێت :(هەروەک چۆن چووینە هەرێمی ناگۆرنۆ کارابەخ و لیبیا ، دەتوانین هەمان شت لەگەڵ «ئەوانە» بکەین ) کە مەبەستی ئیسرائیل-ە ، لەبەرانبەردا «یسرائیل کاتس» وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ئاشکرا و ڕوونی ئەردۆگان دەکات بەوەی چارەنووسی وەکو سەدام حسین دەبێت کە لەجەژنی قوربانی 2006 لەسێدارەدرا ، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە سەکۆی «X» گووتی 😞 ئەردۆگان لەسەر شوێنپێی سەدام دەڕوات و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات ، تەنها لەسەری پێویستە ئەوە بیرخۆی بێنیتەوە کە لەوێ چی ڕوویدا و کارەکە چۆن کۆتایی پێهات ) ، ئەم قسەیە ئەو ڕاستیە دەردەخات وەک ئەوەی بڵێت « ئەردۆگان چاک بزانە ئەوە ئێمەبووین لەپشت لەسێدارەدانی سەدام بووین » لێرەدا «کاتس» ئەردۆگان و سەدام وەک یەک دادەنێت ، دوای ئەوە هەر لە سەکۆی(X) وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامدەداتەوە و دەڵێت 😞 هەروەکچۆن ئەو کوشتنە بەکۆمەڵە کۆتایی هات کە هیتلەر ئەنجامیدا ، بەهەمان شێوە نتنیاهۆ-ش کۆتایی دێت کە کوشتنی بەکۆمەڵی ئەنجامداوە) و هەروەها دەڵێت ( هەروەکچۆن محاسەبەی نازیەکان کرا ئەوانەی کوشتنی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا ، هەروا ئەوانەش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت کە هەوڵی خاپوورکردنی فەڵەستین دەدەن) ، وەبیرهێنانەوەی هیتلەر و سەدام لەو شەڕە قسانەدا وتەی ئەو دووانەم بیرکەوتەوە ، هیتلەر سەرکردەی نازیەکان کە لە 30 ئەبریل-ی 1945 لەناو بینایەی ڕاوێژکارێتیی ئەڵمانیا گوولەیەکی لە سەری خۆیدا و خۆی کوشت و لاشەکەی لەناو باخچەی بیناکە سووتا و ، دەڵێت 😞 ڕۆژێک دوای ئەوە ناچار دەبن لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسن کە من بوومە قوربانی ژەنەڕالەکانم ) و سەدام-یش لەکاتی لەسێدارەدانی بە پرسیارەوە گووتی ( ئایا ئەمەیە پیاوەتیتان ؟! 

 

سەرچاوە : سپیمیدیا