بڵند دلێر شاوەیس
رۆڵی سەرکردە و بڕیاردەری سیاسی لەم قۆناغە مەترسیدارەی هەرێمی کوردستان
لە قۆناغە ھەستیار و مەترسیدارەکاندا ئەرکی سەرکردە مێژویی و نیشتمان پەروەرەکان قورستر دەبێت، پێویستە ھەنگاوی خێرا و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن، یەکەم ھەنگاویش بڕیاری دوورخستنەوەی کەسانی ھەل پەرست و مشەخۆرە لە بازنەی بڕیاردەری سیاسی، بە پێچەوانەوە ھەرەس و داڕمان ئەنجامێکی مسۆگەرە.
بڕیاردەری سیاسی چەند گرنگە بە ئاگا بێت و تێفکرینی وردی هەبێت ئەوەندەش پێویستی بە دامەزراوەی دروستکردنی بڕیاری سیاسی کارا هەیە و گرنگە بازنەی چواردەوری هوشیار و خوێندنەوەیان بۆ بابەتەکان هەبێت تا بیانگەیەنێت بە جۆرێک لە پسپۆڕیەتی لە کاردا و لە ئەنجامدا بڕیاری سیاسی دروستی لێبکەوێتەوە کە بەرهەمی باش و دەستکەوتی گەورە دەهێنێت.
بە پێچەوانەشەوە بڕیاری سیاسی هەڵە شکست و دواتر هەڵوێست و لەکۆتایدا گۆڕانکاری و وەرچەرخانی ڕیشەیی لێدەکەوێتەوە.
ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی ھەستیاردایە، سەرەڕای پلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و ھەوڵەکانی عێراق بۆ لەقاڵبدانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆش دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ناجێگیرە، ناکۆکی نێو ماڵی کورد و شەڕی سارد لە نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، دۆخی ئابوری خەڵک وێرانە و کۆمەڵگا دابەش بووە بەسەر دوو چیندا (دەوڵەمەند و هەژار) و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە.
لەلایەکی ترەوە زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان (ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی 140ی دەستور) بە ھێزی سەربازی و بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پشتیوانی وڵاتانی ھەرێمی و ڕەزامەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان خرایەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ.
جگە لەوەی زیاتر لە سی ساڵە ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەستورێک بۆ خۆی دابڕێژێت.
هەروەها لە ئەنجامی پێشێلکردنی بەردەوامی مادە و بڕگەکانی دەستوری ھەمیشەیی عێراق لە لایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە و ناکارایی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و کەمتەرخەمی داواکاری گشتی و شکستھێنانیان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە بەدواداچوون و چاودێری و لێپرسینەوە... ھتد، ھەموو ئەمانە ڕێگە خۆشکەربوون بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی تا لەچوارچێوەی ئەو پسپۆڕیەتییەی کەھەیەتی وەک دەستەیەکی دادوەری سەربەخۆ ئەرکی دەستوری خۆی ببینێت بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان و بڕیاردان لە پرسە جیاوازەکان، بە دەرکردنی (امر ولائی) ڕێکاری یاسایی بێت یان دەرکردنی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەو داوایانەی کە دادبینی تێدا دەکات بە شێوەیەک کە تانەی لێنادرێت و ھێزی پابەندبونی ھەیە بۆ ھەمو دەسەڵاتەکان، بۆ نموونە بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی بە:
١- نادەستوری ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی و نەھێشتنی سەرجەم دەرھاویشتە و لێکەوتەکانی.
٢- نادەستوری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم.
٣- نادەستوری و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەخشە ڕێگایەک نییە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانانە! ، مەترسی بڕگە و مادەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی تا ئێستاش بە هەند وەرناگیرێت و خوێندنەوەی دروستیان بۆ ناکرێت....هتد.
گۆڕانکاریەکان خێرا و بەردەوامن لەبەرامبەردا ھەنگاوەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان خاوە و لەدوای ڕوداوەکانەوەیە، هەوڵ و بڕیارەکان بۆ دژایەتی کردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی لە چوارچێوەی دروشم و بەڵێن تێپەڕ ناکات و کات درەنگە، چارەنوسی ھەرێمی کوردستان وا دەخوازێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا بکرێت، دۆخی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازی سیاسی و ئابورییە بەشێوەیەکی هاوتەریب و جدی کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر گەشەسەندنی سیاسی و ئابوری بە ئامانجی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی ئینتیما بۆ تاک، هاوشێوەی ئەزمونی وڵاتانی چین و کۆریای باشوور و مالیزیا.
ئەگەرنا ئەم دۆخە پەل دەکێشێت بۆ توند و تیژی و ئاژاوەی ناوخۆیی و شۆڕشی جەماوەری و دەست تێوەردانی دەرەکی زیاتر، دواجار کەرتبوون یان بچوکبونەوە یان ھەڵوەشانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان. یەمەن و لیبیا و ئەفغانستان و فەلەستین وەک نمونە.
سەرچاوە : خەندان