بەرزان حەمەسوو
22.08.2022
هیچ پیویست ناکات خۆت ماندووبکەی و ڕادیۆ ترانسستۆرەکەت بنێ ی بەگوێتەوەو بەدوای شەپۆڵێکی کورتی لندن، دەنگی ئەمریکا و مۆنتیکارلۆ یان اسرائیل دا بگەڕێی تاهەواڵێکی نوێ ی نیشتمان وناوچەکە ببیستی ..... هیچیش ڕامەوەستە تا کاژێری هەشتی ئێوارە بۆوەرگرتنی هەواڵ ، تەنها بۆ چەندخولەکێک مۆبایلەکەت بکەرەوە هەواڵ بەلێزمە وەک بارانی بەهار دەبارێ تێکەڵەیەک لە کارەساتی سروشتی وڕامیاری ، ڕووداوی جەرگبڕو سەیروسەمەرە، هەواڵی نیشتمان و گشت کون و قوژبنێکی زەوی و ئەستیرەکان دێنێتە سەرسفرە .
بێ ماندووبوون هێرشی گێژەڵوکەی هەواڵ ئەدا بەگوێ ولووت و دەم و چاوی گشتمان، بەڵێ پەیام وڕیکلام وهەواڵ ڕوودەکاتە هەموان بێ جیاوازی....ناپرسێ کوڕی کێ ی؟ کارت چییە وچیت دەوێ؟ لەم مۆبایلەوە وەک زێرابی پڕبوو هەڵدەقوڵێ ئەگەر زۆر ئاگات لەخۆت نەبێ و وناوبەناوسەری مەنهۆڵەکە نەنێیتەوەو خامۆشی نەکەی دنیا پیس دەکات!
ئەم ڕەشەبای هەواڵە لەدەرگانادات ،بێ پرس لەسەرشان خۆی دەکات بەژوورا هیچ ناپرسێتەوە لە خوێن وڕەگەز، نەتەوە، زمان و ئاین و تیرە ڕەنگی پێست وقژوچاو! لەچەند چرکەیەکدا هەندێ جار پێش دەزگای هەواڵی ئاژانسە زەبەلاحە تایبەت و کەڵەگاکانی وەک ڕۆیتەرو بی بی سی و لۆمۆندیش دەکەوێ بە تەپوتۆزەوە ، گێژەڵوکەی هەواڵی دەنگ و ڕەنگی چاونەپشکوتوو، بۆندار و بۆگەن بەپەلەپڕوسکێ و چاوی خەواڵوو بێ ماکیاج بێپرس خۆی دەکات بەماڵاو لەمۆبایلەکەتەوە سەردەردەهێنێ .....
دەزانن بۆ وایە ؟
چونکە ئەمڕۆ نیوەی 8 ملیارەکە بوون بە پەیامنێر!
*ئەمڕۆ چیغەکانی سەربان بابردوونی و پەردە وکولە نەماوە لەبەینا !
شەرع شەرمی بۆ نیە گشتمان دەزانین سێتی ژووری میوان وهۆڵ ونانخواردن و تا سەرجێگای ژووری نووستنەکەشت چ ڕەنگە....
دەزانین تۆ وهاوسەرەکەت چۆن چۆنی دەخەون !
بەڵێ هەمومان باش دەزانین کەتۆ لەدەستی ڕاست دەخەوی وئەو لەلای چەپ !
دەزانین شەمە لەگەڵ کێ چووی بۆ مەلە و چ مۆدێلێک مایۆت لەبەربوو.
دەزانین تۆعەرەبیەکەت تۆز دەکات بەلام هەموو ساڵێک دەچیت بۆ مەراکش، وە هەمیشەهەردەچی بۆشاری ئاگادیر!
باش دەزانین ئێستا تۆ و هاوسەرەکەت بەیەکەوە ناچن بۆ گەشتی هاوینە، ئەو دەچێت بۆ دوبەی وتۆش دڵت بە استانبول دەکرێتەوە !
ناوی سیانی ونازناوی گشت هاوڕێ و خزم و کەست دەزانین ...بە تەمەن وپیشەو حەزەکانیشتانەوە، کەپڵەکەشت دەناسمەوە بە ڕەنگەوە... دەزانین کێ لە تایەفەکەت شووی کردووە، کی تەڵاق دراوە وکێ دەزگیراندارەوبەخۆشی خەریکە شووبکات ! وە چاک چاک دەزانین هەریەکەتان لایەنگری کام پارتن بە ماڵی خەزورانیشتەوە ...
عەیب نەبێ هەموومان دەزانین ئەم مانگە چەندجار چوی بۆ بازاروبۆکام مارکیت ، چیت کڕیوەودوایی کێ میوانتان بووەو وەچ خواردنێکیشتان بۆ درووستکردبوو بەشیرینیەکانیشەوە !
گشتمان باش دەزانین، پیرۆزبێ نەشتەرگەری لوتت کردووە کۆڵێ جوانە بەتایبەتی لەو وێنانەی لە کافتیریاکە کەپڵەکەت گرتبوی.... دەزانین کەخەریکی پارەکۆدەکەیتەوە تاساڵی داهاتوو وەک سۆزانی هاوڕێت پۆتاکس و فیلەریش ئەنجام بدەی ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێ!
گشتمان دەزانین لەدوای سەیرانەکەی نەورۆزی ئەمساڵەوە نەرمین خانمی دشت قسەت لەگەڵ ناکات ! چونکە تۆ ڤیدیۆی هەڵڕشتنی مەنجەڵە یاپراخەکەی ئەوت باش نەگرتبوو!
هەموومان دەزانین لەدوای سەیرانی دائیرەی بەهاری پارەوە تۆ و کاک سیروان نێوانتان خراپ تێکچووە و ئێستا بلۆکت کردووە چونکە لە سەرجەم وێنەکاندا هەر لە دەستی خەرمان هەڵ دەپەڕی !
هیچ پێویست ناکات پێمبڵێ ی ماڵتان لەکوێ یە وناونیشانی هەڵەم پێبڵێ ی ولۆکەیشن بنێری ! یان منجە منج بکەی وبیشاریتەوە ،گشتی دیارە لامان ، دەزانین ڕۆژانە دوای دەوام بۆکوێ دەچیت ،ئەگەر مۆبایلەکەشت خامۆش بکەی هەردەزانین لەکوێ ی وچەند کاژێریشت پێچووە !
گشتمان دەزانین تۆ ڕۆژانە لە فەرمانگەدەوام دەکەیت، بەڵام هەفتانە 2 تا 3 ڕۆژ لای ئێواران لەگەڕە کێکی ناو شار نزیکەی 2 تا 3 کاژێر دەوامی شەوانەت هەیە !
هەموودەزانین تۆ بازرگانی و ئەندازیار نیت بەڵام ڕۆژانە دەچیت بۆ شقە نوێکانی قەراغ شار؟
کاک اسماعیلی بەستەزمان سەری بچێ نوێژی ناچێ، هەمیشە وا لە سەفی پێشەوە وێنەی پرۆفایلەکەی بەلەچکێکی سپییەوەیە ئەڵێی ملائیکەتە و تازە دابەزیوە باکگراوەندەکەشی ئایەت اڵکرسییە، کەچی لەدەعوەتی باخەکەی لای کاک لەتیف تۆزیان برد بەحەوادا ! وێنەکیان گرتووە پێکی عارەقەکەی لەسەر سەر داناوە سەما دەکا ....
ئیتر وئیتر وئیتر.
دەزانین ئەو شارەی ئیلۆن ماسک دروستی دەکات بۆ 50 ملیاردێری سەرزەوی لەسەر مەریخ لەتەواو بوندایە و پارەکەشی پێشەکی وەگرتووە !
ئێستا 150 ملیاردێری تر ناویان نووسیوە لەسەرەدان بۆ گەڕەکی دووهەمی سەرمەریخ !
زۆرباش دەزانین هاوڕێ ئۆسترالیەکەت رۆژی 22/2/2022 لەهۆتێل ڕۆیاڵ گرێبەستێکی گواستنەوەی کۆنتێنەربۆ کۆمپانیا ئیمارتیەکە بەبڕی 222 ملیون دۆلارواژۆ کردووە.
دەزانین هاوڕێ ڤنزوێلی یەکەمان لە کاراکاس شەوی ڕابووردوو لەگەڵ کێ خەوتووە !
ئاگامان لێیە هاوڕێ چینی یەکەم لە دوای بەجێهێشتنی کۆمپانیای لامپەکە ئێستا لە کۆمپانیای ئامێری پزیشکی کاردەکات.
دەزانین کە هاوڕێ سعودیەکەی کاک ڕەزا تووشێ نەخۆشی شیرپەنجەی پرۆستات بووەو بۆ چارە سەر چووە بۆ ئاڵمانیا، خواشفای با.
دەزانین کێ کۆچی دوایی کردووە و کێ بەیانی چلەکەیەتی و کێش دوعای خێری گەرەکەو خراوەتە چوارگۆشەی مەرگەوە مندالەکانی بەنیازن بەم زووانە بمرێ !
دەزانن بۆ وایە؟
ئەمڕۆ گشتمان سەرمان ناوە بە مەنجەڵەکەی گوگڵەوە خواردن دەخۆین
گشتمان لە کانێکەی تویتەروئەنستاگرام و فیس بوک دەخۆینەوە !
گشتمان لە کڵاو ڕۆژنەکەی یوتیوب و تیک تۆک و انستا ڕووناکی وەدەگرین و سەردەردەهێنین وتەماشا دەکەین !
گشتمان خوێندکاری قوتابخانەکەی انترنێتین، و گشتمان منداڵی هەمان گەڕەکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانین وەئێستا دەستنوێژمان لەیەک ناشکێ ... هەمان مامۆستای فیسبوک و تویتر و انستاو، تیلیگرام و ڤایبر و واتساپ وانەمان پێدەڵێتەوە .... فێرمان دەکەن ،چیبکەین وچۆن بین تا لە کاروانی تەکنەلۆژیای بەڕۆبووت بوون دوانەکەوین نەوەک منداڵەکانمان و هاوڕێکانمان گاڵتەمان پێبەکەن.....!
تەماشا کەن گشتمان وەک یەک بیردەکەینەوە و یەک هاشتاگ و یەک پۆست لایک دەکەین ،تەنانەت ئەمڕۆ گشتمان بە دیزاینی وێندۆ و ئەپڵ وئەندرۆید بەرگ دەپۆشین.
دیقەتی لایکی سەرپۆستەکانتان داوە لەهەموو جیهانەوەیە !
هاوڕێکانمان ڕەنگ و بۆن و زمانی جیاوازی تیایە
ماڵی ئاوابێت گوگڵە نەیهێشتووە زمان ببێتە کێشە، ئەمەشی بۆچارەسەرکردوین وەرگێڕانی بێبەرامبەری بۆداناوین تا هەست بەغەریبی نەکەین!
ئاخر گوگڵەخان ومام انترنیت ڕقی دنیایان لە سنوورە، بەهیچ شێوەیەک سنووریان قبوڵ نیە... جگە (لەسنووری بەزۆردروستکراوی سەدساڵەی دابەشکردنی کوردستان!) چۆن بیست و دوو دوڵەتی ئاوروپا بەشناسنامە دێن ودەچن ... داوا دەکات ئیتربەسە کۆنەپەرستی پەردەکان لابەرن دەرگا و پەنجەرە لەسەرپشت بەجێبهێڵن کێ خۆی دەکات بەژوورا بابێ بەخێر بێت....
ماڵ جیاکردنەوە سوودی نەماوە !
ئەمڕۆ گشت جیهان لەسەر ئاوازێک سەمادەکەن
هەموو زەوی گرفتاری یەک ڤایرۆسن
گشت زەوی پێکەوە ماسک دەبەستن
پێکەوە ڕووبەڕوی یەک داعش دەوەستن ...
ئەمڕۆ نەوت وگاز لای هەموان پێکەوە نرخی بەرزدەبێتەوە
خۆراک لەیەک عەمبارو یەک ڕەفەوە دێنە خوارەوە
لەیەک ڕۆژیشدا نرخیان دەچێتەسەرەوە !
نرخی تکتی فڕۆکەو پێکەوە هەڵ دەکشێن وگەشتەئاسمانێکان پیکەوە کەنسڵ دەبن وهەڵ دەوەشێنەوە!
گەرماو و وشکە ساڵی پێکەوە دێن وبەیەکەوە ئاگر دەخەنەوە
دەزانن بۆ وابوو ؟
چونکە گشتمان لە تێکدانی سروشت و زەوی و پیسکردنی هەوای ئەم ژینگەیە بەشدارین ... دوایش هەموومان پێکەوە هەوای پیسی زەوی هەڵدەمژین و بەر تیشکی یەک خۆری پڕوکێن دەکەوین
ئەمڕۆ شتێک نەماوە تایبەت و شاردراوە، هەموو بە ڕووتی لەڕووین و لەبەردەستین!
گشتمان پێکەوە چاوەڕوانی شەڕی نوێ ی نەوەی ڤایرۆسێکین !
وا ئەمڕۆش چاوەروانی دوگمەی بۆمبی ئەتۆمی ناوجانتای شێتێکین!
چارەنوسمان نادیارە ، تا ئەمڕۆ نەمانزانی،ئایا ئێمەی بەناو (مرۆڤ) مێگەلین.. یا ڕۆبۆتێکی کەم هەستین ..؟؟