بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی و هاوکات لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، سینەماکاری بەناوبانگی کورد، لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و بەتایبەت سینەماکارانی کورد، پێشانگەیەک تایبەت بە کۆبەرهەمەکانی ناوبراو کرایەوە.
ڕۆژی هەینی، 18ی خەرمانان، کاتژمێر 5:20 خولەکی سەرلەئێوارە، لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی و هاوکات لەگەڵ ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، نووسەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد و خەڵکی باکووری کوردستان، کۆمپانیای "هاوار فیلم" بە سەرپەرەستیی "هاوار مستەفا خان" کە بەرپرسی کۆمپانیایەیە، لە "ئەمنەسوورەکە"ی شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، بە بەشداری کۆمەڵێک لە سینەماکاران، هونەرمەندان، ئەدیبان، نووسەران و کەسایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، پێشانگەیەکی تایبەت بە کۆبەرهەمەکانی یەڵماز گونای کردەوە و لەلایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.
سەرەتای کرانەوەی پێشانگەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت سینەماکارانی گیانبەختکردوو دەستی پێ کرد، لە بڕگەی یەکەمدا کە بۆ کردنەوەی پێشانگەکەدا تەرخان کرابوو، بەڕێز "شوان عەتۆف" دەرهێنەر و ئەکتەری سینەمای کوردی، چەند وتەیەکی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی و "یەڵماز گونای" پێشکەش بە بەشداربووان کرد، سەرەتای قسەکانی بە سڵاو و ئەمەگداریی خۆی بۆ شەهیدان، گریلا و پێشمەرگەی کوردستان دەست پێ کرد و لە نێوئاخنی باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی "یەڵماز گونای" لە سینەمای کوردی و سینەما لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و وتی: "من حەز ناکەم یەڵماز گونای تەنیا بە باوکی سینەمای کوردی ئەژمار بکەم، بەڵکوو حەز دەکەم بە جوانترین سینەماکاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار بکەم کە زۆر کەسایەتیی سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵیدا کاریان کردووە".
هەروەها ناوربراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دیاریکردنی ڕۆژی سینەمای کوردی لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای" لەلایەن کۆمپانیای "هاوار فیلم" کرد و وتی: "خۆشحاڵم بەوەی کە کۆمپانیای هاوار فیلم سێ ساڵە ڕۆژی ٩ی سێپتامبر کە ڕۆژێکی سیمبۆلیکە، ڕۆژی مردنی مرۆڤێکی مەزن و سینەماکارێکی مەزنە، وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی دیاری کردووە. یەڵماز گونای ئەو کەسایەتییە بوو کە گوشاریان بۆ دەهێنا تاکوو حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات و چەندە پێیان دەوت بێژە تورکم، ئەو هەر شێلگیرانە پێداگریی لەسەر کوردبوونی خۆی دەکرد و دەیوت من کوردم".
لە کۆتاییی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێژمۆنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سینەمای فارس و عەرەب و تورک لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: بۆچی دەبێت ڕێگە بدەین لەسەر شاشە تەلەفزیۆنەکانمان دراما و زەنجیرە فیلمە خراپەکانی ڕێژیمە فاشیستەکانی فارس و تورک و عەرەب بڵاو ببنەوە، نابێت لەمە زیاتر نەتەوەی کورد هونەرمەندەدکانی خۆی لەبیر بکات و هونەرمەندەکانی نەتەوەکانی تر بخاتە سەر شاشەی تیڤییەکانی، پێم وابێت هیچ نەتەوەیەک لە دنیادا ئەم کارە ناکات.
لە بەشێکی تری بڕگەی یەکەمدا، بەڕێز "هاوار مستەفا خان"، وەکوو خاوەن و بەرپرسی کۆمپانیای "هاوار فیلم" وتارێکی کورتی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان و بەشداربووانی پێشانگەکە کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا لەلایەن خۆی و هەروەها کۆمپانیای "هاوار فیلمـ"ـەوە سپاسی ئەو کۆمەڵە کەمە کەسانەی کرد کە پاڵپشی کولتوور و هونەر و سینەما و بەتایبەت پالپشتیی ڕۆژی سینەمای کوردی دەکەن.
ناوبرا لە نێوئاخنی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو جۆرە پاڵپشتیکردنە دەبێتەوە هۆی دڵگەرمیی هونەرمەندان و سینەماکارانی کورد لە کوردستانی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی زیاتری هونەری و ئەمەش تەنانەت لە ناوچەکەشدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ کورد دەبێت و ڕایگەیاند: "من زۆر باوەڕم بە تواناسازیی هونەرمەندانی کورد هەیە، ئەگەر لەم بوارەدا ئەستێرەی کورد بژمێرین، بەڕاستی یەکجارن زۆرن، بەڵام بەداخەوە پاڵپشتی ناکرێن".
بەڕێزیان لە بەشێکی تری قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە پێویستبوونی ڕاکێشانی بەهرەمەندان بۆ گۆڕەپانی خزمەتکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی، وتی: "پێویستە سپاسی ئەوانە بکەین کە پشتیوانی ئێمەیان کردووە و دەبێت هانیان بدەین تاکوو بەردەوام بن و ئەوان و ئێمەش پێکەوە بینە گۆڕەپانی هونەر و هەموومان ئەرکدارین بینە سەرهێڵ خزمەتی هونەری کوردی بکەین".
لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا پێشانگەکە لەلایەن بەڕێز هونەرمەند و سینەماکار "شوان عەتۆف" پێشانگەکە کرایەوە و سەرجەم بەرهەمە نووسراوەکانی "یەڵماز گونای" کەوتە بە دید و سەرەنجی بەشداربووانی پێشانگەکە و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا. هاوکات لەو ڕێوڕەسمەدا پەردە لەسەر کتێبی "لە سیناریۆ وە تا فیلم" لە وەرگێڕانی بەڕێز "عەبدوڵڵا ڕەسووڵی"، وەرگێڕ و نووسەری بەناوبانگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لا درا. ئەم بەرهەمە کە لەسەر سیناریۆ و بەرهمهێنانی فیلمە و لەلایەن "لیندا سێکر"، "ئیدوار ژەی و "وتمۆر" نووسراوە و لەلایەن عەبدوڵڵا ڕەسووڵی، لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێردراوە، نوێترین بەرهەمی بەشی پڕۆژە چاپکراوەکانی کۆمپانیای "هاوار فیلمـ"ـە.
هاوکاتیش هەر لەو شوێنەدا پێشانگەیەکی تایبەت بە وێنەی وێنەگرانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و لەو پێشانگەیەدا کۆمەڵێکی وێنەی تایبەتی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و کولتووری ڕەنگینی کۆمەڵگەی کوردی خرایە بەر دیدی بەشداربووان.
کۆمپانیای "هاوار فیلم"، ڕۆژی 18ی خەرمانان بەرانبەر بە 9ی سێپتامبر، لە 36ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای" نووسەر و سینەماکاری کورد، وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی ڕاگەیاند و لەلایەن سینەماکارانی کوردەوە پێشوازیی لێ کرا و ماوەی سێ ساڵە، ساڵانە لەو ڕۆژەدا هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، بە چالاکیی جۆراوجۆر ڕۆژی سینەمای کوردییش بەرز ڕادەگیردرێت.
یەڵماز حەمید ئۆغلوو، ناسراو بە یەڵماز گونای، ڕێکەوتی 12ی خاکەلێوەی 1316ی هەتاوی، لە گوندی "ئینجە" سەر بە پارێزگای ئەدەنە لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و لە زانکۆی ئەستانبوڵ ئابووریی هەروەها لە زانکۆی ئانکارە مافناسیی تەواو کردووە. لە ساڵی 1337ی هەتاوی، واتە لە تەمەنی 21 ساڵیدا چالاکییەکانی خۆی لەسەر سینەما هەم نووسینی سیناریۆدا و هەم بەرهەمهێنانی فیلم دەست پێ کردووە و خزمەتێکی باشی بە کۆمەڵگەی کوردی کردووە، ناوبراو لە سینەمادا 17 خەلاتی نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە کە بەناو بانگترینیان خەلاتی "چڵە خورمایی ئاڵتونیـ"ـی فستیفاڵی سینەمای "کان" لە ساڵی1982ی زایینی بووە، لە ڕێکەوتی 1363ی هەتاوی لە پاریس کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بە خاک سپێردراو.
سەرچاوە: NNKurdistan@