گۆران عەلی کەریم
رووداو دیجیتاڵ
بە درووشمی 'میوزیک هەموومان لە سلێمانی کۆدەکاتەوە'، یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی سازدەکرێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت.
گۆران عەلی کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) جگە لە سازکردنی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان، بەشێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان لە پانێڵی تایبەت بە هونەر بەشدار دەبن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیستیڤاڵەکە بیرۆکەی چەند ساڵێکە و لە 2022 بە چەند هۆکارێک سازنەکرا و بەرنامەی فێستیڤاڵەکە کە پێشتر بڵاویانکردووەتەوە وەک خۆی بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵی سلێمانی، روونیشیکردەوە، ژمارەیەک هونەرمەندی کورد لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ خەڵات دەکرێن کە ساڵانێکە خزمەت بە هونەری کوردی دەکەن.
بڕیارە لە یەکەم شەوی فێستیڤاڵدا کە دەکاتە 8ـی ئەیلوولی 2023 گرووپی کیژانی سلێمانی، پەروین چاکار، ئۆپێرابێژی کورد، گرووپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتی عەلا مەجید و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر کۆنسێرت لە پارکی هەواری شار پێشکێش بکەن.
بڕیارە لە شەوی دووەم کە دەکاتە 9ـی هەمان مانگ، گرووپی میوزیکی رەستاک، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای و ئالیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربێجانی، کۆنسێرت پێشکێش دەکەن.
لە شەوی سێیەمدا، گرووپی مۆسیقای سلێمانی، هونەرمەند هەژار زەهاوی و گرووپەکەی و تیپی میوزیکی تەکات بەشدار دەبن و کۆنسێرت پێشکێش دەکەن.
لە شەوی کۆتایی فێستیڤاڵدا لە 11ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی میوزیکی میراز کۆنسێرتێک پێشکێش دەکات کە بەرهەمی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، دواتر خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێن و کۆنسێرتی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پێشکێش دەکرێت.