.
یادی ٤٨٢ ساڵەی لەدایكبوونی میر شەرەفخانی بدلیسی
مامۆستا جەعفەر
رۆژی ٢٥/ی شوباتی ١٥٤٣ ز شەرەفخانی
بدلیسی لە دایك دەبێت . ساڵی ١٦٠٣ ز بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی لەناو قەڵای بدلیس دەكوژرێت .
شەرەفخان یەكەم مێژوونووسی كوردە ، كتێبێكی سەربەخۆی ٤٥٩ لاپەڕەیی لە سەر مێژووی گەلی كورد دانابێت و ناوی ( شەرەفنامە )ی لێنابێت .
ئەو هەرچەند بەرگی دووەمی كتێبەكەی بۆ مێژووی سوڵتانە عوسمانییەكان و شاكانی ئێران تەرخان كردووە ، بەڵام سوڵتانی عوسمانی رەنگە لە ناوەڕۆكی كتێبەكە ئاگادار كرابێتەوە ، كە ئەم كتێبە بۆ یەكێتی خاكی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆر مەترسیدارە : ئەوان زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتوون : نووسەر ویستویەتی گەلی كورد هۆشیار بكاتەوە ، كە گەلێكی جیاوازە و دەوڵەت و میرنشین و دەسەڵاتی خۆی هەبووە و هەیە .
ئەم كتێبە پەیامێكی فرەڕەنگ و كاریگەرە . دەرباری عوسمانی باش لە پەیامی كتێبەكە تێگەیشتوون . مەخابن میر و سەركردە سیاسیەكانی كورد تا ئەمڕۆش لە دێڕە نەنووسراوەكانی ناو كتێبی شەرەفنامە ئاماژە و كۆدە داخراوەكانیان بۆ روون نەبۆتەوە .
من خۆم لەماوەی نیوسەدەی رابوردوودا ، نزیكەی پەنجا جار بە عەرەبی و كوردی و فارسی ئەم كتێبەم خوێندۆتەوە ، هەر جارێكیش شتێكی نوێ و لایەنێكی نەزانراوم دۆزیوەتەوە . رەنگە سەدان كتێبیتریش لە سەر شەرەفنامە بنووسرێت و هێشتا مافی خۆیمان نەدابێتێ .
من داوای دەكەم چەند كۆنگرەیەكی جیهانی لەسەر ئەم شاكارەی شەرەفخانی بدلیسی بگیرێت . ژیاننامە ئەم كەڵە نووسەرە بكرێتە دراما و پشت بە وەرگێڕانەكەی كاك سەلاحەددینی ئاشتی ببەسترێت بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە .
سەرچاوە : سایتی گەلی کوردستان