ھیتلەریش بە ھەڵبژاردن ھات

 

 

عارف قوربانی

عارف قوربانی

ا
 

 

 

شانبەشانی ئەو ئاراستە پۆپۆلیزمییە جیهانییەی لە تەواوی دنیادا خەریکە پەرەدەسێنێت و باڵا دەکات، وڵاتانی ئەورووپاش بە شێوەیەکی گشتی کەوتوونەتە بەردەم شەپۆلێکی خێرای گەشەکردنی فکری راستڕەوی تووندڕەوییەوە. بە کەڵک وەرگرتن لەو کەشە ئازادەی لە وڵاتانی ئەورووپا بەرقەرارە، بە پلیکانەی دیموکراسی و بە بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، وا سەر دەکەون بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.

لەناو وڵاتانی ئەورووپادا بە رێژەی جیاواز و لە ھەر وڵاتێکدا لەژێر ناو و بەرگی جۆراوجۆردا خەریکی نەشونما کردنن؛ بەڵام بە دیاریکراوی لە ئەڵمانیا وەکو ئاراستەیەکی رەگەزپەرستی ئاشکرا لەسەر شێوەی نازییەکانی سەدەی رابردوو، خۆیان وێنا دەکەن. دروشم و گوتارەکانیان ھاوشێوەی ئەو سەرەتایانەیە کە ھیتلەر لە بیستەکانی سەدەی رابردوو لەناو گرووپێکی راستڕەوی تووندڕەوی بچووکەوە ھەست و سۆزی ئەڵمانەکانی دەبزواند و پێی گەیشت بە دەسەڵات.

ئێستا (نازییە نوێیەکان) بە ھەمان ئەو رێگەیەدا دەڕۆن کە ھیتلەر پێیدا تێپەڕی، ھیتلەر دوو گرووپی دیاریکرد بۆ دژایەتیکردنیان و وەکو ھەڕەشە و مەترسی لەسەر نەتەوەی ئەڵمان خستیە پێشچاوی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و ھەست و سۆزی خەڵکەکەی لە دژیان وروژاند، کە ئەوانیش (کۆمۆنیست و جووەکان) بوون. بەو ھۆیەوە و لەژێر کاریگەریی ئەو گوتارە نەتەوەپەرستی و ھەست بزوێنەدا، گەلی ئەڵمانی لە خشتە برد تاوەکو لە سەرەتای سییەکاندا لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا گەیشتە دەسەڵات. دواتر نەک ھەر کەوتە پاکتاوی ئەو دوو گرووپەی دیاریکردبوون، بەڵکو بیروباوەڕە مەترسیدارەکانی کرد بە کردار و جیهانی رووبەڕووی شەڕێک کردەوە کە 35 ملیۆن قوربانیی لێکەوتەوە.

راستڕەوە تووندڕەوەکانی ئەمڕۆ لەژێر پەرچەمی دژایەتیی کۆچبەراندا دەیان گرووپیان بەئامانج گرتووە. بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە سەربازییەکانی ئەمڕۆ و لە بەئامانجگرتنی گرووپگەلی فراوانتر، چاوەڕوانکراوە لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم گرووپە راستڕەوە تووندڕەوانەدا کارەساتی خراپتر لەوەی ھیتلەر بەسەر کۆمەڵگەی ئەڵمان و مرۆڤایەتی بهێنن، چونکە وەکو چۆن ھیتلەر بەو گرووپانەوە نەوەستا کە وەکو مەترسی دیاریکردبوون و کۆنترۆڵکردنی جیهانی خستە ناو بازنەی خەونەکانی خۆیەوە؛ سرووشتی تووندڕەوی بەو جۆرەیە، ئەم گرووپانەش دواجار بە ھەمان رێگەدا دەڕۆن.

لە لایەكی دیكەشەوە بە دەرخستنی ئەو ئامانجەشیان، كە دەیانەوێت ئەڵمانیا لە یەكێتیی ئەورووپا ببەنە دەرەوە، لەدوای كشانەوەی بەریتانیاوە ئەڵمانیا رۆڵی سەرەكی لە سەركردایەتیكردنی ئەورووپا دەگێڕێت، بە كشانەوەی ئەڵمانیا لەم یەكێتیە، هیچ گرەنتییەك نامێنێت بۆ پێكەوەمانەوەی یەكێتیی ئەورووپا و بەدوور نازاندرێت ببن بە چەندین بلۆكەوە. هەروەها لە ئەگەری رووداوێكی لەم جۆرەدا، ئەگەری مانەوەی ناتۆش بەم شێوەیەی ئێستای گەرەنتی نییە. ئەمەش زۆر لە بەرژەوەندیی رووسیا و نەیارەكانی دیكەی یەكێتیی ئەورووپایە؛ بۆیە چاوەڕوانكراوە لە رێگە و كەناڵی جۆراوجۆرەوە كاریگەری بخەنە سەر ئەم هەڵبژاردنەی بڕیارە ئەنجام بدرێت.

گەرچی لە رووکەشدا ئەم بابەتە پرسێکی لۆکاڵییە و پەیوەندیی بەو وڵاتانەوە ھەیە، بەڵام لە واقیعدا کێشەیەکی جیهانییە. وەک چۆن گەشەکردنی فکریی تووندڕەویی ئیسلامی و گەیشتنیان بە دەسەڵات لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی، مەینەتییەکانیان تەنها بۆ گەلانی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نەبوو، بوون بە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر جیهان. تووندڕەویی ھەر تووندڕەوییە، جا لە ھەر بەرگ و رەنگێکدا بێت؛ ئەزموونیش ئەمەی سەلماندووە کە تووندڕەویی ئایدۆلۆجیا لە وڵاتێکی ئەورووپا، زیانەکانی لە تووندڕەویی دیینی لە وڵاتێکی ئیسلامی زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.

ھیتلەر بەرچاوترینی ئەو نموونانەیە لە مێژوودا کە لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و بە دیموکراسی ھاتە سەر حوکم، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەڵگری فکرێکی تووندڕەو و ئایدۆلۆجیایەکی دژ بە پێکەوەژیان و قبووڵکردنی جیاوازی بوو، بووە ھۆکار و سەرچاوەی نەھامەتیی گەورە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی. بۆیە وەکو چۆن مەترسی و ھەڕەشەکە دواجار دەبێتە کێشەیەکی جیهانی ئەگەر سەرەتا کێشەیەکی لۆکاڵیی وڵاتێکی بچووکیش بووبێت، پێویستە رێگریکردن لە گەشەکردن و گەیشتن بە دەسەڵاتی ئەم گرووپانەش، پرۆسەیەکی جیهانی بێت.

بەڵام بەھۆی ئەوەی شەپۆلی پۆپۆلیزمیش خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی جیهانی، چاوەڕوانیکردنی ھەماھەنگیی جیهانی دژی فکری تووندڕەوی، خەریکە دەبێتە ئومێدێکی بێئاکام. بە پێچەوانەوە، ئێستا ھەست بە ھەماھەنگی و کۆمەک بەیەککردنی نێوان گرووپە تووندڕەوەکان زیاترە وەک لە دژەکانی. دەستوەردان و پشتیوانیی ئەمریکای سەردەمی ترەمپ وەکو لووتکەی پۆپۆلیزمی جیهانی لە گرووپە راستڕەوەکانی ئەورووپا، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ داھاتووی مرۆڤایەتی.

ئەڵمانیا سبەینێ دەچێتە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە، کە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و چارەنووسسازدایە، نەک ھەر بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ ھەموو جیهان، چونکە ھەمان ئەو بارودۆخەی لە بیستەکانی سەدەی رابردوو ئەڵمانیا پێیدا تێپەڕی و ھیتلەری بەرهەم ھێنا بۆ جیهان، ئێستا دوای 100 ساڵ بەناو پرۆسەیەکی ھاوشێوەدا تێپەڕ دەبێت. دیمەنەکان، ھەلومەرج و کارەکتەرەکانی، دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزموونی سەدەی رابردووە.

ئەڵمانیا بە حوکمی پێگە و رۆڵ و کاریگەرییەکانی بەسەر ئەورووپاوە، سەنگی مەحەکە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی جیهانی. ئەگەر شکست بخوات لە دژایەتیکردنی تووندڕەوی، بەدوای ئەڵمانیادا یەکە یەکەی وڵاتانی ئەورووپا لەبەردەم شەپۆلی راستڕەوە تووندئاژۆکاندا بەچۆکدا دێن. بەوەش جیهان پێدەنێتە ناو قۆناخێکی دژوارەوە، بەڵام سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە دەستگرتن بە بەھا مرۆیی و پرەنسیپە دیموکراسییەکانیانەوە، لانیکەم بۆ ماوەیەکی دوورتر ئەو مەترسییە لەسەر مرۆڤایەتی دوادەخات.

پێدەچێت خەڵکی وڵاتەکە لە چارەنووسسازیی پرۆسەکە تێگەیشتبن، بۆیە پێچەوانەی ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، ھەست بە گەرم و گوڕی و جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکرێت. رۆژانە خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام دەدرێن دژ بە رەگەزپەرستەکان، ئەوانەی بە ھەر ھۆکارێک بووبێت ساردبوون لە بەشداریکردنیان لە دەنگدان، یاخود لە خولەکانی رابردوو بەشداریی پرۆسەکەیان نەکردووە، ئەمجارە دەیانەوێت رۆڵیان لە نەخشی داھاتووی وڵاتەکەیان ھەبێت.

ئەم چەند رۆژەی داھاتوو بۆ ئەڵمانیا، بۆ ئەورووپا و بۆ جیهانیش سەرەتایەکی گرنگە و با چاوەڕوان بین.

سەرچاوە : ڕووداو