دوای دوو دەیە هونەرمەند کەمال فەدەوی گۆرانیی "شوعلە گیان" بۆ رووداو دەڵێت؛ دەنگ و ئاوازێک لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە کە وەکو هونەرمەند و گۆرانییەکە پڕ لە حەسرەت و دڵتەنگییە.
ئەو گۆرانییەى کەمال فەدەوى، کە خەڵکى سنەیە، دوو دەیە لەمەوپێش گوتراوە، بەڵام ئەم ساڵانەى دوایی لەنێو باشوورى کوردستان و بەشێک لە هونەرمەندان دەنگیدایەوە.
کەمال فەدەوى، هونەرمەند بە رووداوی گوت، "گۆرانیی (شوعلە گیان) ئاواز و هۆنراوەى خۆمن، شوعلە وەکو گڕێکى خەیاڵدانى ناخى خۆمە و بۆ کەسێکى ئەزیزى خۆمم گوتووە."
کەمال فەدەوى بۆ ئەنجامدانى کۆنسێرتێک لە سلێمانى، چەند رۆژێکە لە باشوورى کوردستانە. فەدەوى خاوەنى زیاتر لە 20 گۆرانییە کە هەموویان بە جلوبەرگ و مۆرکى کوردانەوە گوتوویەتى.
نزار زێوێیی، سەرۆکى گرووپى میوزیکى لووڕ دەڵێت، "کەمال فەدەوى خاوەنى هونەر و رۆشنبیرییەکى باڵایە و بەو دەنگ و جلوبەرگە کوردییە سادەیەوە ناسیومانە، ئەو پیاوە ئەوەندە دەردەدار و گرفتارە، هەر کەسێکى دیکە بوایە، هێزى ئەوەى نەدەبوون لەسەر پێى هونەرەکەى بمێنێتەوە."
فەدەوى کە ئێستا تەمەنى شەش دەیەى تێپەڕاندووە و هێشتا دەنگەژێکانى بە گەنجى ماونەتەوە، لە رۆژهەڵاتى کوردستان خانەنشینە و بژێویى زیاتر لەسەر شەوە ئاهەنگ و بۆنە کوردەوارییەکانى ئەو پارچەیەى وڵاتە.
سەرچاوە : ڕووداو