کەرکوک وزمانی گفتوگۆ

لەتیف فاتح فەرەج
 

پرسی خاوه‌ندارێتی كه‌ركوك به‌ مه‌به‌ست كراوه‌ته‌ گرێكوێره‌و زۆرێك له‌وانه‌ی راستیه‌كان ده‌زانن، خۆیانی لێنه‌بان ده‌كه‌ن، ئه‌م پرسه‌ له‌ بری بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتن و جوانكردنی شار كاری له‌سه‌ر بكرێت و به‌ جیاوازی زمان و نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌وه‌ هه‌موو شوناسی كه‌ركوكی بوون بكه‌نه‌ شوناسێكی گشتی، كراوه‌ته‌ بابه‌تی تێكدانی په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی یه‌كه‌می شار له‌وانی تر زیاتر ئه‌ركیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ دیرۆك و له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چۆنێتی دروستبوونی شار، هه‌روه‌ها به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و رابردووه‌ی هه‌رگیز رێگه‌ نه‌دراوه‌ خودی كه‌ركوكیه‌كان خاوه‌ندارێتی له‌ خۆیان بكه‌ن و خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌رده‌كه‌وێت شاره‌كه‌ وه‌ك شوناسی شوێن سه‌ر به‌ كوێیه‌، ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت چ له‌ پێشتر چ له‌ سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان هه‌میشه‌ هه‌وڵدراوه‌ شوناسی كه‌ركوك به‌وجۆره‌ بشێوێنرێت كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی دژی یه‌كتر بن، له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی و كۆماریشدا نه‌توانرا، كه‌شێك دروستبكرێت تا كه‌ركوكی بوون ببێته‌ شوناسێكی گشتی و كۆتای به‌ ململانێی نه‌ته‌وه‌گه‌ریانه‌ی كوێر بین بهێنرێت.

كه‌ركوكیه‌كان سه‌دان ساڵه‌ كار له‌ سه‌ر په‌رتكردن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان ده‌درێت، شوناسی لاوه‌كی و مه‌ترسیداری په‌رتكردن به‌ سه‌ر شوناسی مرۆی بوون و كه‌ركوكی بوونیاندا زاڵده‌كرێت، دانانی شوناسی ده‌ره‌وه‌ی شوناسی كه‌ركوكی بوون و مرۆیی بوون ئه‌گه‌ر هه‌قیقه‌تیشی تیابێت كه‌ تیایه‌تی و گروپی چیای نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی هه‌ن، به‌ڵام له‌ ریشه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ كه‌ركوكیه‌كان لاواز ده‌ركه‌ون و ئه‌وانی تر بتوانن به‌ ئاسانی كه‌ویان كه‌ن، یان پڕۆژه‌و پلانی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ كاروباری نێو ماڵی كه‌ركوكیه‌كان، گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی گرفتی بچوكی لابه‌لاو هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرفتانه‌ كار له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كان بكات، خۆ به‌ خاوه‌نكردنی ئه‌ملاو ئه‌ولا له‌ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی نێو كه‌ركوك، هیچیان له‌ خه‌مخۆری و دڵسۆزی نین بۆ ئه‌و شاره‌و دانیشتوانه‌كه‌ی، ئه‌وانه‌ هه‌موو رێگرن له‌وه‌ی كه‌ركوكیه‌كان خۆیان گفتوگۆی راسته‌و خۆ بكه‌ن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن.

بابه‌تی گفتوگۆی ئاوه‌زیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و بیركردنه‌وه‌ی له‌ شوناسێكی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی كه‌ركوكیش وێڕای ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌كه‌ی به‌ نه‌وت و كانزاو خاكی به‌ پیت و ده‌ستی كار ببێته‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ جوانه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كارانه‌ی پێویسته‌ هه‌موو كه‌ركوكیه‌ك كاری بۆ بكات  له‌ رابردوودا هه‌ر كه‌سێك ویستبێتی به‌م جۆره‌ له‌ كه‌ركوكا كار بكات  رووبه‌ڕووی گێچه‌ڵ و گیرو گرفت كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك جار له‌ لایه‌ن نزیكه‌كانی خۆیه‌وه‌ كێشه‌ی بۆ دروستكراوه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر بووه‌ له‌و پیلان و ئاڕیشانه‌ی بۆ كه‌ركوكیان هه‌میشه‌ ئاماده‌كراو بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلان و گێچه‌ڵانه‌ نه‌بێت و به‌شێكی كه‌م له‌ داهاتی كه‌ركوك بۆ خۆی خه‌رج بكرێت به‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌م كه‌ركوك ده‌بێته‌ بوكی ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ ئاوه‌زو بڕیارو بوێری و به‌رنامه‌ی ده‌وێت.

له‌ كه‌ركوكدا مه‌ودای بایه‌خدان به‌ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رو وه‌رزش و كه‌لتوریشه‌وه‌ زۆر زۆره‌و ده‌كرێت به‌ كاری هاوبه‌ش، چالاكی هاوبه‌ش، هونه‌رو ئه‌ده‌بی هاوبه‌ش وێنه‌یه‌كی تر نیشانی ئه‌وانی تر بده‌ین، ئێستا كه‌ ئه‌م وتاره‌ ده‌نووسم خه‌یاڵم لای خه‌ونه‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حوسێن میسریه‌، كه‌ چۆن ده‌یویست له‌ كاری هونه‌ریدا هه‌موو تواناكان كۆبكاته‌وه‌، یان وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی هاوبه‌شی نێوان كوردو توركمانی وه‌ك هابه‌، شاعیرێكی وه‌ك هیجری ده‌ده‌ی كاكه‌یی و هه‌تادوای، تێكشكاندنی پیلانی تێكدانی په‌یوه‌ندی و په‌رتكردن پێویستیبه‌ قوربانی دان و بوێریه‌، ده‌بێت سه‌رمایه‌دارو بازرگانه‌كانی كه‌ركوك بێڕوانینه‌ نه‌ته‌وه‌و ئایین و خێڵ و بنه‌ماڵه‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن، ئه‌مه‌ بۆ سیاسیه‌كان، هونه‌رمه‌نده‌كان، ئه‌دیبه‌كان، میدیاكارو رۆژنامه‌وانه‌كان و پیاوانی ئاینی و كاسبكاری بازاڕو هه‌مووان راسته‌، زانكۆو په‌یمانگه‌كان ده‌كرێت ببنه‌ ناوه‌ندی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ و به‌شداریكردنی هه‌مووان له‌ بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانی یه‌كترا، سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری رق و بوغز له‌ یه‌كتر گه‌وره‌ ترین سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه‌ كاریان په‌رتكردنی كه‌ركوكیه‌كانه‌.

له‌كه‌ركوكدا پێویستمان به‌ گفتوگۆیه‌، پێویستمان به‌ دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كه‌ركوكیه‌كان له‌ یه‌كتر بكه‌ن، له‌ رابردوودا ئه‌و ده‌ستانه‌ توانیویانه‌ له‌ په‌نای تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌وه‌ خێرو بێری ئه‌م پارێزگایه‌ بۆ خۆیان به‌رن و گاڵته‌شیان به‌ بارودۆخ و ژیانی كه‌ركوكیه‌كان بێت و دۆخێك دروستبكه‌ن كه‌ركوك بۆ هاوڵاتیه‌كانی ببێته‌ دۆزه‌خ، له‌ دۆزه‌خی خستنی كه‌ركوك ئه‌ركی كه‌ركوكیه‌كانه‌، هه‌ركات كه‌ركوكیه‌كان بڕیاریاندا به‌و كاره‌ هه‌ستن، ده‌رگاكانی به‌هه‌شت خۆیان ده‌كرێنه‌وه‌.

سەرچاوە: سایتی خەندان