کێ مناڵەکانی بەرەڵا کردوە

 

 

لەتیف فاتیح

من لاموابوو سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانیان دێنە سەردانی مانگرتوەکان ولەوێ دەڵێن ئێمە لەگەڵ ویست و خواستی میلەتین، کەچی وتە بێژی حکومەتەکە کارەکە بەسیناریۆ دەچوێنێ و گاڵتەی بەو خەباتە مەدەنیە دێت، لەکاتێکا ئەو مانگرتوانە مامۆستان، مامۆستا ئەو مرۆڤەی ئەحمەد شەوقی لەبارەیانەوە دەڵێ پەیامبەرن، تۆ چیت داوە لەوەی ئەوانە کێن و پێشتر چیان کردوە، ئێستا داواکەیان ڕەوایە یان نا، ئەوە گرنگە.

بۆ من ئەوەی جێی سەرنج بوو قسەکەی جێگری سەرۆکی هەرێم بوو، کە دەڵێ مانگرتن هەقی خۆیانە بەڵام نابێ مناڵەکان بەرەڵا بکەن، جارێ وشەی بەرەڵا وشەیەکی گونجاو نیە بۆ دەم و لفتی جێگری سەرۆکی هەرێم ، جگە لەوەش کێ دەستبەرداری ئەوان بووە، حکومەتی هەرێم دەست بەرداری هەموو میلەت بوەو ڕۆژیش نیە سوکایەتی پێنەکات کەچی جەنابی  ئەوە نابینێ و هەڵوێستی ڕەوای مامۆستایان دەبینێ، هەموو موچە خۆری کوردستان بەفەرمانبەرو پێشمەرگەو مامۆستاو خانە نشینەوە چەندین ملیار دیناری موچەیان لەلایەن حکومەتەوە حەپەلوش کراوە، جگە لەوەی مناڵی سەرۆکی حکومەت و هەرێم و جێگرەکانیان و وەزیرو گزیرو خوا پێداوەکان زانکۆو کۆمپانیاو کەناڵی ئاسمانی و ڤێلاو سەفەرولیگززولیمۆزین و هتدیان هەیەو مناڵی میلەتیش کە تەواویشی بکات پێی دەڵێن چاوت لەدامەزراندن نەبێت و بڕۆ کاری ئازاد بکە، لەکاتێکا سەدان کارگەو کارخانەش لەسایەی سەری ئەم حکومەتەوە پەکیان کەوتوەو وەستاون، هەیەو نیە چەکداری و چونە هەندەرانە، چەکداریش هەزار وەسیتەی دەوێ و چونە هەندەرانیش دەیان بۆمبی لەڕێیە.
 

ئەوە دەسەڵاتە دەستی لەمیلەت بەرداوەو وازیشی لێناهێنێ، دەسەڵاتەناهێڵێت دوو بانکی عێراقی لق لەسلێمانی بکەنەوەو خۆیشی ستەم  لەشارەکە دەکات، جەنابی جێگریش نقەی لێوە نایەت، لەکاتێکا کوڕی شارەکەیە.

سەرچاوە : سپی میدیا