کێ قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە؟

  کاوە محەمەد

با بزانین ئەوەی قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵانێکە بە پاچ تێیکەوتووە و بناغەکەی بنکۆڵ دەکات بەغدایە، یان ئەو مۆرانانەی ناوخۆن کە بەردەوام خەریکی کلۆرکردنی دار و تەختەی هەرێمەکەن و بە دۆخێکیان گەیاندووە کە هاکا رووخا.

با بێین بە حساب و کیتاب بیکەین و بپرسین؛ کێ رێگربووە لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ؟..کێ بڕیاری هەڵەی ریفراندۆمی دا و (٥١%)ی خاکی کوردستانی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد ؟ کێ ئایندەی هەرێمی خستۆتە ناو بیر و بۆریی نەوت و سامانی نیشتیمانی هەراج و هەرزانفرۆش دەکات ؟ کێ  هەموو قەزیەی کوردی لە مووچەی فەرمانبەراندا بچووک کردۆتەوە و هەفتانە وەفدی زەلیلی بۆ دەنێرێتە بەغدا ؟..کێ بە پای پیلان قۆڵی گەندەڵی و راوورووتی لێ هەڵکردووە و لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، قاسەی بەرپرسان گەورە و پڕ دەکات ؟.

کئ بێ رێزی بەرامبەر دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکومەت و قەزا دەکات و کردوونی بە داردەستی حزب و بە بڕیاری ئەم و ئەو حزب هەڵدەسوڕێنرێن و دادەخرێن و مافی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لەخەڵکی هەرێم زەوت دەکات ؟..کێ هۆکارە کە دوای دەیان ساڵ نەتوانراوە هەرێم بکرێت بە یەک زۆن و خاوەنی یەک ئیدارە و یەک حکومەت و یەک ئاسایش و یەک دارایی و...تاد ؟.. کێ ئازادیی خەڵک زەوت دەکات و خۆپیشاندەران سەرکوت و خەڵتانی خوێن دەکات و میدیا و میدیاکاران دەمبەست دەکات ؟..کێ رۆژانە کەرامەتی هاووڵاتییانی هەرێم دەشکێنێت و ناچار بە سواڵ و سەدەقەی ئەم رێکخراو و ئەو کۆمپانیا و فلان سەرمایەدار و فیسار خێرخوازی دەکات ؟.. کێ پشتی لەگەنجانی خێر لەخۆنەدیوی هەرێم کردووە و ساڵانە بە دەیان هەزاریان خوێندن تەواو دەکەن و بچووکترین هەلی کاریان دەستناکەوێت، هاوکات کوڕی بەرپرسانیش دەکرێن بە خاوەن زانکۆ و کۆمپانیای گەورە گەورە ؟..کێ و کێ و سەدان کێی تر.

من نامەوێ بڵێم؛ بەغدا فریشتەیە و چاویان بەو قەوارە کوردستانییە هەڵدێت و هەندێک لە هێز و کەسە دەسەڵاتدارەکانی لە بۆسەدا نین بۆ لەباربردنی هەرێمەکەمان، بەڵام ئاخۆ ئەمانە بەغدا لێیان بەرپرسە یان ئەو دەسەڵاتدارە مافیاگەرانەی ناوخۆ کە هیچ خەون و خەمێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییان نەبووە و نیە و هەرێم تەنها وەک مانگایەک بۆ دادۆشین دەبینن و ناوەستن تا شیرەکەی چک دەکات، دواتریش نۆرەی کەوڵکردنەکەی دێت تا پلێک گۆشتی پێوە مابێت لێی بخۆن، ئینجا فرمێسکی تیمساحی بۆ بڕێژن و بڵێن ئەوەتا هەرێمەکەمان بە پیلانی دوژمنان و عیراقچییەکان لەناوبرا !..

سەرچاوە :سایتی خەندان