کێ بەرپرسە بەرامبەر بێهودەیی و نا ئومێدیکردنی خەڵکی کوردستان؟!

کاوە مەحمود

 

کاروانی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستاندا پاش ڕاپەڕینی ئاداری 1991 تا ئێستا بە کۆمەڵێک وێستگەی هەمەجۆر و جیاوازدا تێپەڕیوە. هۆکاری بابەتی کارلێکەر لەم کاروانەدا وەک هەر دیاردەیەکی ناکۆک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبووە و، لە ئاکامیشدا بە شێوەیکی کردەیی کۆسپ و تەگەرە یان دەرفەت درووست بووە.
دۆستەکانی گەلی کوردستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ـ تەنانەت ئەگەر لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بوو بێت ـ ڕۆڵی ئەرێنیان گێراوە و، وڵاتە هەرێمایەتییە دراوسێکان و حکومەتە ناوەندەکانی عێڕاقیش بە هۆی قەناعەت نەبوونی مێژووییان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە بە مەترسییەکی مەزن لەسەر بوون و قەوارەی خۆیان داناوە، لە دیدێکی نەرێنییەوە گەڵاڵەی نیازی ڕاستەقینە و ئاراستەی هۆنینەوە و داڕشتنی سیاسەتەکانیان کردووە و، لە باشترین دۆخدا مامەڵەیان لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا وەک بابەتی دیفاکتۆ واتە حالەتی ئەمری واقیعی سەپێنراو بووە و، بەردەوامیش هەماهەنگی سێ قۆڵی و کۆبونەوەی هاوبەشی بەرپرسانی ئاسایش و سەربازییان لەسەر ئاستێکی باڵا ئەنجام داوە و، مەبەستی سەرەکیش ئابڵۆقە و سنووردانان بۆ کارابوونی کوردستانی باشور بووە.
بەڵام ئەم کاروانە لە حوکمرانیدا تەنیا لە ژێر کارتێکردنی هۆکاری دەرەکی، کە بەشێکە لە هۆکاری بابەتی نەبووە. هۆکاری خودی کە بریتییە لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و ڕەوشی ناوخۆیی و پەیوەندی سیاسی حزب و لایەنە سیاسییەکان و، کۆکبوون و جیاوازی سەبارەت بە ئەرکە هەنووکەیی و ئەرکە ستراتیجییەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی، هەردەم کاریگەری تەواو و ڕۆڵی فاکتەری سەرەکی لە کاروانی حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و، بۆیە هۆکاری سەرەکی پاشەکشە و نشوستییکانە، کە کاریگەری نەرێنی لە سەر ورە و توانای جەماوەری کوردستان هەبووە و، تەنانەت کاتێک ناکۆکی و ململانییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و ناکۆکی نێوان خودی لایەنەکانی دەسەڵات بە شێوەیکی تایبەتی لەو پەڕی بارگرژی و ئالۆزیدا بووە، ناسەقامگیری بواری سیاسی و ئەمنی تەشەنەی کردووە و بێهودەیی بەرۆکی ناوەندێکی فراوانی جەماوەری خەڵکی کوردستان گرتۆتەوە.
هۆکاری خودی لە ئەزمونی هەر شێوازێکی حوکمرانی، کە باوەڕی بە دیموکراسی هەبێت، بریتییە لە چۆنێتی حوکمرانی و شێوازی پەیڕەوکردنی دەسەڵات، کە ئەمەش بوارێکی ئێجگار فروان دەگرێتەوە. کاتێک باس لە شوناس و چۆنێتی و شێوازی حوکمرانی دەکرێت، ئەوا کۆمەڵێک چەمک و بابەتی گرنگ دەگرێتەوە، هەر لە بوونی دەستوور و بنیاتنانی دامەزراوەکان و سیاسەتی گەشەپێدان و ڕێبازی ئابووری پەیڕەکراو و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و دابینکردنی ئازادییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ و ماف و ئازادی ژنان و مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ تەواوی خەڵک و بوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، تا دەگاتە سەرجەم بنەما سەرەتاییەکانی چەمکی حوکمرانی باش.
تێکڕای ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە حوکمرانی، کە بەشێکن لە هۆکار خودی و چەندین جار لە بواری ئاماژەکردن بە سیاسەتی ناوخۆیی لە هەرێمدا لە گفتوگۆی سیاسی و لە کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسی جۆراجۆر باس کراون، و لەلایەن دۆستانی گەلەکەمانیش تا ڕادەیەکی بەرچاو پشتگیری لە یەک ئیدارەیی و نەهێشتنی زۆنی جیاواز و بوونی یەک هێزی پێشمەرگە و ئاسایش کراوە، بە شێوەیکی کردەیی ئیجگار کورتیان هەێناوە و بەرپرسی سەرەکیش لەم کورتهێنانە دەستە و بژاردەی حوکمرانە، کە لەوانەیە بیانووی ئەوە بهێننەوە کە سی ساڵ لە مێژوودا زۆر نییە، بەڵام بە نیسبەت گەلی کوردستان، کە لە مێژووی هاوچەرخیدا وەک ئەم دەرفەتەی ئێستا لە کوردستانی باشوردا بۆی هەڵکەوتووە پێشتر نەبووە و، ئەمڕۆ زەمینەیەکی لەباری بۆ ڕەخساوە تا خەونە مێژوویەکانی خۆی بەدیبهێنێت و، ئاسۆی تێکۆشانی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێت، دەبێ ئەم گەلە و ئەو لایەنە سیاسییانەی خۆیان بە پێشڕەوی دەزانن بە توندی دەست بە کات و زەمەنەوە بگرن و، لە پێشبڕکێیەکەی تەواو لەگەڵ مێژوودا بن و، تەنانەت پێویست بوو شەڕ لەگەڵ زەمەن و مێژوودا بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات قەرەبووی ئەو قوربانییانەی، کە ئەم گەلە ستەمدیدەیە لە کاروانی نەپساوی سەدەیک تێکۆشان پێشکەشی کردووە، بکەنەوە.
ئەزموونی تێکۆشانی گەلان بۆ ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی پێمان دەڵێت، کە کاروانی تێکۆشانی بێ وچان لە چوارچێوەی جوڵەیەکی دیالکتیکیانەیە و بە هێڵێکی ڕاستە ئاسا بەڕێوە ناڕوات و، شوناسی بەرز و نشێوی واتە سەرکەوتن و نشوستن بە خۆوە دەبینێت. بەڵام جگە لەم بابەتە، هەمان ئەو ئەزمونی تێکۆشانە وانەی دیکەمان پێشکەش دەکات. وانەی نهێنی سەرکەوتنەکان، کە بریتین لە کاری هاوبەش و یەکبوونی هێزی شۆڕش بە پشتبەستن بە بەرنامەی هاوبەش و ستراتیجی هاوبەش.
ئەو ئەزمونە پێمان دەڵیت، کە لە کاتی شاڵاو و هێرشی دوژمن و نەیاران و کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکستییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و پڕکردنەوەی کەلینەکان، ئەو هێزانەی خەمخۆری تێکوشانی ئازادیخوازی گەلن، دیسانەوە لەسەر ئاواز و ریتمی دیالۆگی هێزی شۆڕش و گەڕانەوە بۆ نەخشە و بەرنامە و کاری هاوبەش و ئامانجی یەکگرتوو لە تێکۆشاندا بەردەوام دەبن، نەک قۆرت لێدان وچاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتر و فراوانکردن و ئالۆزکردنی ناکۆکییەکان و ڕاکەڕاکەکردن بۆ دیوەخانەی سەرجەم نەیاران و لەبیرکردنی ماف و ئاواتە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
گەلی کوردستان لە باشوردا لە میانەی خەباتی سەد ساڵیدا ڕووبەڕووی چەندین قۆناغی مەترسیدار بۆتەوە و، توپباران و سیاسەتی زەوی سووتێنراو و هەرسی 1975 و کیمیاباران و ئەنفال و سیاسەتی تەعریب و بەبەعسیکردن و جاش دروستکردن، چۆکی پێنەدا و، لە سەرجەم ئەو قۆناغە مەترسیدارانە، کە بە نیازی سڕینەوەی بوونی نەتەوەیی و سڕینەوەی شوناسی نیشتیمانی کوردستان دراوە، شێوازی جۆراجۆری بەرەنگاربوونەوەی گرتەبەر و، تا توانی لە ئاداری 1991 وێستگەیەکی نوێ و قۆناغێکی چلۆنایەتی لە ڕێڕەوی تێکۆشانی بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی تۆمار بکات و، لە هەلومەرجی ئەمڕۆشدا گەیشتۆتە ئەندازەیەک، کە خەڵکی کوردستان لێکدانەوەیان بۆ ڕەوشی نوێی کوردستان و تابلۆی ململانییە حزبییەکان هەبێت و، لەوەش حاڵ بووە، کە هۆکاری خودی لە سەرجەم پاشەکشە و تەگەرە و کۆسپەکان لە ڕێڕەوی وەدیهێنانی مافە ڕەواکان، بۆ خودی لایەنەکانی حوکمرانی لە کوردستانی باشور دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە نموونەیکی شایستە بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان لە حوکمرانی پەیڕەو بکەن و، لە ئاکامی سیاسەتەکانیان بێهودەیی لە نێو گەلدا بڵاودەبێتەوە.
ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە لایەنەکانی حوکمرانی لە ئاوێنەدا سەیری خۆیان کەن و، بە شریتی حوکمرانی سی ساڵی ڕابووردوودا بچنەوە و، بە عەقلیەتێکی ڕەخنەگرانە دوور لە میتۆدی پۆپۆلیستی، کە ئەمڕۆ لایەنەکانی دەسەڵات لە گەڵ یەکتر و، دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی بێ ئەلتەرناتیف لەگەڵ یەکتردا پەیڕەوی دەکەن، سیاسەتێکی نوێ دابرێژن و ئەوەیان لەبیر بێت، کە سەرکەوتنەکان بە ڕەنجی خۆڕاگری و تێکۆشانی هەمەلایەن و گشتگیری خودی خەڵکی کوردستان بووە، نەک حزبێکی دیاریکراو یان زۆن و ناوچەیەکی دیاریکراو.

 

سەرچاوە سایتی ئێستا نیوز