ڕێگە چۆڵ کەن... هەستنە سەرپێ!
وا ئەسپێکی سپیی یاڵسوور
لە پێدەشتی کەرکووک ەوە
ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ!
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم!
ئەوەی بەفر و
گڕ و شەپۆلی ناسیبێ،
ئەوەی شمشێری برووسکە و
با و بۆرانی کێوی دیبێ
تۆ ئەناسێ!.
ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوارکردوو!
ئەوەی جارێ
گوڵاڵەسوورەی چاوڕەشی
- ڕەحیم ئاوا- و
منداڵانی سەر قۆچکەتاشی «لەیلان» و
کێڵگەی برسی- دوز- ی دیبێ
تۆ ئەناسێ!
* * *
کۆ بنەوە و هەستنە سەر پێ
سەر هەڵبڕن!
بازێک شەڵاڵی خوێناوە و
تۆزێکی تر
بەم ناوەدا تێ ئەپەڕێ!
ڕوەو قەندیل
بەسەر هەورازی شەختەدا
نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لوتکە و
ئەچێ لەوێ
لە پەڵەخوێنی «نازم» دا
بەهێواشی ڕائەکشێ
* * *
ڕێگە چۆڵ کەن... هەستنە سەر پێ!
زریان: گڤەی ون کردووە و بۆی ئەگەڕێ.
گەرمیان کوورەی کاوە یە و جۆشدراوە
تەماشا کەن:
هەر چی گردۆڵکەی پێدەشتی لەشجنراوە
وەکوو دایکانی وڵاتم
بنچکی قژ و ئەگریجەی گژ و گیایان
لە ملیاندا ئاڵۆزکاوە!
* * *
مامەڕیشە!
ئەی پڵنگی چنگ بە گڕی گەرمیانم!
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلەکەی بەر هەیوانی
داسی دروێنە و، هەتاوی
سەربانیژەی زستانانی.
مانگەشەوی. هێشوی ڕەزی.
هاژەی چەم و
وژەوژی دارستانی.
ئاگری شوانی.
وەکوو باران
وەکوو کانی
وەک دەغڵودان
خۆشەویستی
تۆ کوڕی بابەگوڕگوڕی
داستانێکی سەدەی بیستی!.
(شێرکۆ بێکەس)