کوردستان دەبێتە رابەڕی شۆڕشی تەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد لە عێراق؟

 

 

ساهیرە سدیق

ساهیرە سدیق

 

 

 

ژیریی دەستکرد ئیدی خەیاڵێکی زانستی نییە، بەڵکو بووەتە هێزێکی گۆڕانکاریی ریشەیی کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنێکی ژیانمان هەیە؛ لە چۆنیەتی کارکردن و پەیوەندیکردنەوە بگرە تاوەکو دەگاتە بەڕێوەبردنی وڵات. کاتێک کە حکومەتەکان لە سەرتاسەری جیهان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان و دانانی کارنامەی نوێ ئامادە دەکەن، پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: ئایا ئێمە ئامادەین بۆ ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە؟ ئایا ژیریی دەستکرد بەشێکە لە دیدگا و پلانی داهاتوومان، یان وەک پرسێکی لاوەکی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین؟

راستییەکە ئەوەیە، فەرامۆشکردنی ژیریی دەستکرد لە کارنامەی حکومەت دا، تەنیا لەدەستدانی دەرفەت نییە، بەڵکو مەترسی پاشەکشەی لێدەکرێت، نەبوونی یەکە یان ناوەندێکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد لەنێو حکومەتەکان دا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەزگا و وەزارەتە جیاوازەکان بە شێوەیەکی پەرش و بڵاو، ناهاوئاهەنگ، و زۆرجار ناکارامە ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربێنن، ئەمەش نەک هەر سەرچاوەکان بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو مەترسیی ئەمنی دروست دەکات و رێگر دەبێت لەوەی سوودە ستراتیژییەکانی ژیریی دەستکرد بە تەواوی بەکاربهێنرێن.

ئێستا لە دامەزراوە فەرمی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دا هێشتا تواناکانی ژیریی دەستکرد وەکو پێویست سوودیان لێوەرنەگیراوە، حکومەت لە هەناوی بەرنامەی حیزبەکان دروست دەبێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەر، بیرم دەکردەوە دەبێت کام حیزب دەستپێشخەری بکات ژیریی دەستکرد بخاتە کارنامەی پلان و ستراتیژیی خۆیەوە، بەڵام ئەوەی باس نەکرا، بابەتی تەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد بوو.

لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی 04-07-2024ـی بەریتانیا مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد کە ناوی لێنرابوو (ئەی ئای ستیڤ) بەربژێر کرابوو، لە کاتی بانگەشەدا وەڵامی هاووڵاتییانی دەدایەوە و کارنامەی خۆی دەخستەڕوو، ئەمە تەنیا رەنگە جۆرێک بێت لە نمایش، چونکە یاساکانی بەریتانیا رێگە نادەن کارەکتەرێکی خەیاڵی ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام ئەمە گرنگی ژیریی دەستکرد دەردەخات لەو رکابەرییەی کە ئێستا وڵاتانی جیهان دەستیان پێکردووە بە تایبەت زلهێزەکانی وەکو چین و ئەمریکا.

ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێشە و کورد هێزێکی کاریگەرە لە ئاراستەی سیاسەت و ستراتیژیی عێراق، گرنگە حیزبەکان بیرێک لەوە بکەنەوەو ببنە پێشەنگی شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی لەو شێوەیە لە عێراق، بۆیە بەلامەوە گرنگە باسی بکەم کە بۆچی بوونی یەکەیەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد لە حکومەت دا پێویستە؟

دامەزراندنی یەکەیەکی ناوەندی بۆ ژیریی دەستکرد لەنێو حکومەت دا چەندین ئامانجی ستراتیژی دەپێکێت:

دانانی ستراتیژیی نیشتمانی و هاوئاهەنگی:

داڕشتنی دیدگایەکی نیشتمانی یەکگرتوو بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە خزمەتی ئامانجە گشتییەکاندا.

هاوئاهەنگکردنی هەوڵەکان لە نێوان وەزارەت و دەزگا جیاوازەکان دا (وەک تەندروستی، بەرگری، گواستنەوە، پەروەردە، دارایی و ..هتد)، بۆ رێگرتن لە دووبارەکردنەوە و دڵنیابوون لەوەی هەمووان بەرەو یەک ئامانج کار دەکەن.

ژیریی دەستکرد کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. ئەم یەکەیە دەتوانێت رەشنووسی یاسا و رێنوێنییەکان دابڕێژێت بۆ دڵنیابوون لەوەی AI بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، روون و سەلامەت بەکاردەهێنرێت.

پێشگرتن لە خراپ بەکارهێنان یان بەکارهێنانی AI بۆ مەبەستی زیانبەخش و نەخوازراو.

دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا لەگەڵ ستانداردە ئەخلاقییەکان و بەها گشتییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

دروستکردنی سیستمی لێپرسینەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان متمانەیان بەو سیستەمانەی AI هەبێت کە حکومەت بەکاریاندەهێنێت.

حکومەتەکان خاوەنی زانیاری زۆرن. تیمێکی ناوەندیی AI دەتوانێت دڵنیایی بدات لە پاراستنی نهێنی و ئاسایشی زانیارییەکان بەپێی بەرزترین ستانداردەکان.

پاڵپشتی لە داهێنان :

هاندانی داهێنان لە کەرتی گشتی دا لە رێگەی بەکارهێنانی AI بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.

کارکردن و هاوبەشیکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ستارتئەپ، ناوەندەکانی توێژینەوە، و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.

دابینکردنی بودجە یان دروستکردنی ئامرازەکانی AI کە خزمەتی ئامانجە گشتییەکان بکەن.

پێشەنگایەتی و رکابەری جیهانی:

ژیریی دەستکرد بووەتە پرسێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ. ئەو وڵاتانەی کە پێشەنگن لەم بوارەدا، کاریگەرییان لەسەر داڕشتنی یاسا و ستانداردە جیهانییەکان دەبێت.

بوونی یەکەیەکی تایبەت یارمەتی وڵات دەدات کە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا رکابەری بکات و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی بکات لە گۆڕەپانی حوکمڕانی جیهانی AI.

ژیریی دەستکرد چۆن دەتوانێت کەرتە سەرەکییەکان بگۆڕێت؟

نەبوونی دیدگایەکی روون بۆ AI لە حکومەت دا، وڵات بێبەش دەکات لە چارەسەرە داهێنەرانەکانی کە ئەم تەکنەلۆژیایە پێشکەشی دەکات، بەتایبەت لەو کەرتانەی کە هێشتا پشت بە سیستمی کۆن و ناکارامە دەبەستن. بۆ نموونە:

تەندروستی: شیکردنەوەی خێراتری داتای پزیشکی، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی، پێشبینی بڵاوبوونەوەی پەتاکان، پشتگیری پزیشکانی دوورەدەست و ئۆتۆماتیککردنی تۆمارە تەندروستییەکان.

پەروەردە: پێشکەشکردنی وانەی تایبەتمەند بەپێی ئاستی قوتابی، وەرگێڕانی بابەتی خوێندن، خۆکارکردنی ئەرکە کارگێڕییەکانی مامۆستایان و دەستنیشانکردنی ئەو قوتابیانەی مەترسیی وازهێنانیان لەسەرە.

دارایی و باج: دۆزینەوەی ساختەکاری باج و تاوانی دارایی، پێشبینی رەوتە ئابوورییەکان بۆ باشترکردنی بودجەدانان و، باشترکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی.

ئاسایش و بەرگری: دەستنیشانکردنی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، شیکردنەوەی داتای تاوانکاری و، بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان (وەک ئەمریکا و چین کە AI بەکاردەهێنن).

کشتوکاڵ: چاودێریکردنی تەندروستی بەرهەمەکان لە رێگەی وێنەی مانگی دەستکرد یان درۆن، پێشبینی کەشوهەوا و ئافاتەکان و، باشترکردنی بەرهەمی جووتیاران (کشتوکاڵی زیرەک).

میدیا و بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی هەڵە: دەستنیشانکردنی هەواڵی ساختە و نێوەڕۆکی زیانبەخش لە ئینتەرنێت و کەناڵەکانی راگەیاندن دا.

فریاگوزاری و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان: پێشبینی کارەساتە سرووشتییەکان، هاوئاهەنگیکردنی خێراتری تیمەکانی فریاگوزاری و، تەرخانکردنی یارمەتییەکان بە شێوەیەکی کاراتر (وەک ژاپۆن بۆ پێشبینی بوومەلەرزە).

وڵاتانی جیهان چی دەکەن؟ عێراق لە کوێدایە؟

وڵاتانی پێشەنگ وەک ئەمریکا (بە نووسینگەی دەستپێشخەری نیشتمانیی AI)، یەکێتیی ئەورووپا (بە نووسینگەی AI لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا)، چین، سەنگاپور، ئیمارات، سعودیە، بەریتانیا، فەرەنسا و هیندستان، هەموویان ستراتیژیی نیشتمانی و یەکەی تایبەتیان بۆ ژیریی دەستکرد دامەزراندووە. ئەم وڵاتانە درکیان بەوە کردووە کە AI کلیلێکە بۆ باشترکردنی کارایی حکومەت، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و مانەوە لە پێشبڕکێی جیهانی دا.

لە عێراق، هەنگاوی سەرەتایی نراون. نووسینگەی راوێژکاری سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، پلانی داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ ژیریی دەستکرد راگەیاندووە و لیژنەیەکی باڵای بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە کە نوێنەری چەندین وەزارەتی تێدایە. ئەمە هەنگاوێکی باشە بەرەو ئاراستەیەکی دروست، بەڵام گرنگە ئەم ستراتیژییە تەنیا لەسەر کاخەز نەمێنێتەوە و بە کردەیی جێبەجێبکرێت و ببێتە بناخەیەک بۆ دامەزراندنی یەکەیەکی کارا و بەهێز.

لە سەردەمێکدا کە ژیریی دەستکرد خەریکە هەموو شتێک دەگۆڕێت، هیچ حکومەتێک ناتوانێت چیتر ئەم پرسە فەرامۆش بکات. نەبوونی ستراتیژی و هاوئاهەنگی ناوەندی، مەترسی گەورەی لەسەر کارایی، ئەخلاق و ئایندەی وڵات دەبێت. بۆیە دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد لەنێو حکومەت دا، ئێستا نەک تەنیا گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەر حکومەتێک کە بیەوێت بە شێوەیەکی ژیرانە، سەلامەت و ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیا شۆڕشگێڕەدا بکات و لە خزمەتی هاووڵاتیانی دا بەکاری بهێنێت. ئەمە وەبەرهێنانە لە داهاتوودا.

سەرچاوە : ڕووداو