ئامادەکردنی: قەیسەر ڕەحمان و ڕەنگین سەلام
لە (١٢٧) ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا؛ پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم ڕۆژنامەوانانی کوردستان دەکەین.
لە ئێستادا هەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا، ئەگەر بەرپرسانی ئەم پارێزگایە مەبەستیان بێت پارێزگاکە جیاواز لە پارێزگاکانی تر هەنگاوەکانی بەرەوپێشکەوتن بنێت، پێویستە ژینگەیەکی کارکردنی لەبار و ئازاد بۆ سەرجەم میدیاکاران بێ جیاوازی فەراهەم بکەن، پارێزگایەک بێت کە دەسەڵاتی چوارم بێ دەست تێوەردان بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببنێت، و خاڵیبێت لە دەسگیرکردن و هەڕەشە و هەراسانکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان..
بێگومان لە کاتێکدا دۆخی ڕۆژنامەنوسان باشبێت، ڕاستەوخۆ زوومی کامیراکان دەگوازرێنەوە بۆ پێشکەوتنەکانی پارێزگاکە، پارێزگایەک بە شانازیەوە ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری پارێزگای هەڵەبجە بڵاو بکەنەوە.
بۆ دیاری کردنی ڕێژەی بەرەوپشچوون و ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری پێویستمان بە ڕاپۆرتێکی ساڵانە هەیە بۆ زانینی ژمارەی میدیا و میدیاکاران و پێشێلکارییەکان و هەر بابەتێکی تر کە پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەگەرییەوە هەبێت و بەراورد کردنی بە ساڵانی ڕابردوو.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و ڕێسا و کاری ڕوژنامەوانی تاڕادەیەک پانتاییەکی باشی کارکردن هەیە، لە بوونی دامەزراوە میدیاییەکان و فرە ڕەنگیان، بەڵام زۆر کات لە ڕوماڵ و ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا ئاستەنگ و ڕێگری لە ڕۆژنامەنوسان دەکرێت و بەشێک لە فەرمانگەکان جیاوازی لە نێوان ڕۆژنامەنوساندا دەکەن لە پێدانی زانیاری یان قسەنەکەردن بۆ بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
بێگومان کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کارێکی سەختە، بەڵام بە گرنگی دەزانین لە دەسپێکی پارێزگا نوێیەکەماندا بەشێوەیەکی زانستی و بە ژمارە و داتا ورد قسە لەسەر کایەی میدیا و گەشەکردن و پاشەکشێکانی بکەین.
زانیاری ڕەوشی میدیا و میدیاکاران لە پارێزگای هەڵەبجە، لە یەکەمین ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤:
- ژمارەی ڕۆژنامەنوسان: (٦١) مێ (٢٠) نێر (٤١)
- ژمارەی کەناڵەکانی ناوخۆیی تەلەفزیۆن (٢)
- ژمارەی نوسینگەکانی تەلەفزیۆن (٦)
- ژمارەی ڕادیۆکان (٨)
- ژمارەی ماڵپەڕی دیجیتاڵی (٢)
- پێشێلکاری: (١٣)
- دورخستنەوەی ڕۆژنامەنوس لەکارەکەی (١)
لە زاری ڕۆژنامەنوسانەوە:
'' سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ سەرجەم ڕۆژنامەنوسان ڕێگریان لێکرا لە ڕوماڵی ئەو سەردانەدا، و بەو هۆیەوە ڕۆژنامەنوسێک لە کارەکەی دوور خرایەوە''
'' پێنەدانی زانیاری بە بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان لە فەرمانگەکانی حکومەت، و وەڵام نەدانەوەی ڕۆژنامەنوسان، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر کاری ڕۆژنامەنوسان دەبێت، کە ناچاریان دەکات ڕێگای تر بگرنەبەر بۆ دەست خستنی زانیاری و زۆرکات بوەتە هۆی پەکخستنی کارە ڕۆژنامەوانییەکەیان''
''لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕێگری کراوە لە ڕۆژنامەنوسان لە ڕوماڵکردندا لە چەند بنکەیەکی دەنگداندا''
''جیاوازی کردن لە نیوان کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا دەکرێت لە پێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، کە بۆبەشێک لەو کەناڵانە بەردەستە''
گرنگە فەرمانگە حکومییەکان و ڕۆژنامەنوسان هاوکار یەکدیبن کە لە کۆتاییدا ئامانجی هەردوولا باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانە.
٢٢نیسانی ٢٠٢٥