ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای هەڵەبجە چیان کردووە؟

 

 

 

ن/  قەیسەر رحمان و ڕەنگین سەلام

    ماڵی ڕۆژنامەنووسان - هەڵەبجە 

 

 

کێشەیەک لە بینین و بیرکردنەوەمانداهەیە ئەگەر ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نادیدەبگرین لەو پڕۆژانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەنجامیانداون، کە دەتوانین بڵێین ڕکابەربوون لەگەڵ پڕۆژەکانی حکومەت لە هەڵەبجە.

ئاشکرایە لە هەروڵاتێکدا چاودێری و لێپرسینەوە نەبێت لەلایەن کەسانی نابەرپرس و هەلپەرستەوە سێکتەرە مەدەنی و حکومیەکان توشی گەندەڵی دەبن، کە ئەمەش پەیوەندی بە مرۆڤی چەپ و ڕاست و دینی و غەیرە دینیەوە نییە، بەبێ جیاوازی چەندین مرۆڤ گەندەڵ دەبن لە ناوچەکەدا، ئەوان خەڵکی ناوچەکەن و لە شار و هەسارەیەکی ترەوە نایەن.

بەڵام گرنگە چاکەخوازان و ڕۆشنبیران ئەوانەی دەتوانن قسەیەک بکەن یان دێڕێک بنوسن بەویژدانەوە بابەتەکان گەنگەشە بکەن، و داتا و زانیاری وردەوە لەو بارەیەوە بخەنەڕوو، چونکە لە ئێستادا خەڵکی هۆشیار و بەویژدان بەبێ بونی داتا و زانیاری دروست بابەتەکە بە هەند وەرناگیرێت و بە بابەتێکی زانستیش ئەژماری ناکەن.

پێش ئەوەی باس لە ئێستای کاری ڕێکخراوەیی بکەین با وەفادار و بەویژدان بین و ئەو ڕێکخراوانە لە بیر نەکەین کە لە ساڵانی (١٩٩٠) و (٢٠٠٠) لە هەڵەبجەدا کاریان کردووە، ناتوانین لەبەر زۆری ژمارەیان ناوی هەمویان تۆماربکەین، چەند ڕێکخراوێک دەستێکی باڵایان هەبوو لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە هەر لە بنیاد نانەوەی چەند گەڕەکێک و دابەشکردنی چینکۆ و دار و بزن و خواردن و جلوبەرگ...هید

بە نمونە: ڕێکخراوی (…) کە بە ڕێکخراوی فیلەکە ناودەبرا دروست کردنەوەی تەواوی ماڵە وێرانەکانی گەڕەکی کانی ئاشقانی لە ئەستۆگرت. ڕێکخراوی (ACDI/VOCA) ئەمریکی ئەنجامدانی زیاتر لە (١٢) پڕۆژە لەوانە چەند دانەیەکیان: (پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاوی زەڵم بۆ هەڵەبجە، ڕاکێشانی کارەبای دوو گەڕەکی هەڵەبجە، دابین کردنی ئامێری ئیکۆ بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە، دابین کردنی پێداویستی هونەری بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە، دابین کردنی پێداویستی تەواو بۆ دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی نوێ). ڕێکخراوی (Wadi) ئەڵمانی دامەزراندنی یەکەمین سەنتەری هۆشیاری ژنان و دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی نوێ، دروست کردنی دەرفەتی کار بەبەردەوامی و چەند پڕۆژەیەکی تر.

سەبارەت بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەپێی لیستێکی فەرمی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان نزیکەی (١٠٠) ڕێکخراو لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراون. لە بەدواداچون و وەرگرتنی زانیاری سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە کە لە ساڵی (٢٠٢٣) بڵاوکراوەتەوە دا سەبارەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای هەڵەبجە، تەنیا (٢٢) ڕێکخراو ماونەتەوە، لەو (٢٢) ڕێکخراوە تەنیا (٣) ڕێکخراویان پڕۆژە و کارمەند و ئۆفیسی بەردەوامیان هەبووە تا ئێستاش بەردەوامن.

لەبەر ئەوە دەتوانین تەنیا بە کورتی و بە نمونە خزمەت و پڕۆژەکانی ئەو (٣) ڕێکخراوە وەربگرین:

- ڕێکخراوی نوێ: لە بواری ژناندا: ڕاهێنانی پیشەیی و هۆشیاری بۆ زیاتر لە (١٠٠٠٠) کچ و ژنانی ناوچەکە کردووەتەوە. لە بواری میدیادا: ڕاهێنانی میدیایی و پێگەیاندنی ڕاگەیاندکار کە ژمارەیان زیاترە لە (١٣٠٠) ڕاگەیاندکار. لە بواری ژینگەدا: ڕاهێنانی و هۆشیاری ژینگەیی بۆ زیاتر (٧٠٠٠) هاوڵاتی و قوتابیان، هەروەها سەوزکردنی باخچەی (٩) قوتابخانە و دروستکردنی پارک و دامەزراندنی سەنتەری ڕیسایکلین و کردنەوەی مۆدێل هاوسی ژینگەیی کە لە وئێستادا ئیشی تێدا دەکرێت، بە هاوکاری دەزگای ڕوانگە هاوکاری کردنی (١٠) گەنجی شارەکە کە هەریەکەیان بڕی (٩٠٠٠) دۆلار پێدرا بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی بازرگانی. دامەزراندنی دروست کردنی دەرفەتی کار بۆ سەدان گەنج لە هەڵەبجە.

- ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە: لە بواری خاوەنپێداویستی تایبەتدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، چەندین پڕۆژەی لە بواری کەمئەندامان و گەنجاندا جێبەجێ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی کار بۆ چەند کەمئەندام و گەنجی شارەکە دروست کردووە.

- ڕێکخراوی هەڵوێست: کار لەسەر چاودێریکردنی داموودەزگا حكومييەكان دەکات لە پاریزگای هەڵەبجە، ڕێگری لە گەندەلی کردووە لە فەرمانگەکاندا و زیاتر لە (٥٠) کەیسی گشتی هەیە لە دادگاکان لەگەڵ بەرپرسانی شار، وە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ کێشەی زیاتر لە (٥٠٠) هاووڵاتی و فەرمانبەر، ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت لەسەر بارودۆخی خزمەت گوزارییەکان لە فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە. ڕاهێنانی هۆشیاری بۆ فەرمانبەران وهاووڵاتیان کردوەتەوە لەسەر ئەتەکێتی کاری فەرمانبەران وکارگیڕی و یاسای کردوەتەوە بۆ نزیکەی (٧٠٠) فەرمانبەر،جگە لە ڕێکخستنی سەدان بەرنامەی تەلەفزێونی و ڕادیۆیی بۆ تایبەت بە بەپرسی گەندەڵی. هەروەها دروست کردنی دەرفەتی کار بۆ چەند گەنجی شارەکە.

چەندین ڕێکخراو ناوخۆیی لە شارەکانی ترەوە هاتونەتە هەڵەبجە و خزمەتی بێوێنەیان بەم شارەکردووە، بەڵام ئەوانەی تائێستا بەردەوامن و ئۆفیسیان لە هەڵەبجە هەیە ئەگەر بە نمونە خزمەتەکانیان وەربگرین:

- دەزگای ڕوانگە: لەچوار ساڵی ڕابردوودا پاڵپشتی کردنی (٦) پڕۆژە لەبواری ژینگە و پەروەردە و خستنە سەرکاری نزیکەی (٢٠٠) گەنج بەشێوەی پێدانی مینحە بە پڕۆژەی بچووک و هاوکاری مادی، درووستکردنی تاقیگەی تایبەت بە بەرهەم هێنانی قارچک و پاڵپشتی کردنی (٢٥) گەنج، ئەم پڕۆژانە تەنها لەساڵی (٢٠٢٤) جێبەجێ کراون. هەروەها دروستکردنی هۆڵێکی مۆدێرن بە گوژمەی(٤،١٢٥،٠٠٠٠٠٠) دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە لە ٪٧٠ ی کارەکانی تەواو بووە. دابینکردنی هەشت ئامێری هەستیاری ژینگەیی بۆ زانکۆی هەڵەبجە، بەردەوامی پرۆژەیەک بۆ پاڵپشتی کردنی کەسانی گەڕاوە لە ئەوروپا بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک و هەماهەنگی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامی پرۆژەی بەهێزکردنی لاوان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتی کردنی بیرۆکەی پرۆژە و فراوانکردنی پرۆژە بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی جی ئای زێد ی ئەڵمانی.

- ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان: لە ماوەى ساڵى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) چوار پڕۆژەى هەبووە بۆ پێگەیاندنی ڕێكخراوەكان كە (١٠٠) كەس بەشداريان تێدا كردووە، هاوكارى كردنى (١٥) گەنجى گەڕاوە بۆ كوردستان.

لەم ساڵدا دوو پڕۆژەی جێبەجێ کردووە کە (٧٢) گەنج خراونتە سەركار و موچەيان بۆ دابين كراوە، لە هەمانکاتدا (١٢) گەنج پڕۆژەى بچوكيان وەرگرتووە.

داتای پڕۆژە و خزمەتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە وەرگیراون بەم شێوەیەن ئەگەر بە نمونە سێ ساڵ وەربگرین:

- ساڵی (٢٠٢١- ٢٠٢٢) ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەبری (١٤٤٠٠٠٠) دۆلار پڕۆژەیان جێبەجێ کردوە لە پارێزگای هەڵەبجە. دیارترین ڕێکخراوەکان: (IOM)، (REACH)، (GIZ)، (Unicef).

- ساڵی (٢٠٢٣) ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەبری زیاتر لە (١٥٠٠٠٠٠٠٠) دینار پڕۆژەیان جێبەجێ کردوە لە پارێزگای هەڵەبجە. دیارترین ڕێکخراوەکان: (UNHCR)، (THW)، (IOM)، (GIZ).

دیارترینی ئەو پڕۆژانە: پڕۆژەکانی (IOM) کە (٩) پرۆژەی بە نۆ خاوەنکاری ئەم شارە داوە، و بۆ هەر پڕۆژەیەک ٣ بۆ ٥ دەفتەر دۆلار سەرف کراوە، هەروەها (٧٥) پڕۆژەی بچوکیان هەبووە و بۆ هەر پڕۆژەیەک (١٧٠٠) دۆلار سەرف کراوە. هاندیکاپ (٦٠) پڕۆژەی بچوکی بە گەنجان داوە بۆ هەر پڕۆژەیەک (٦٠٠٠) دۆلاری سەرف کراوە.

لە ئێستاشدا کە ئێمە سەرقاڵی نوسینی ئەم بابەتین ڕێکخراوی ڕیچ و گۆتەی ئەڵمانی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێدانی زیاتر لە (٦٠) پڕۆژەی بنیادنان و فراون کردنی پڕۆژە، کە بڕی هاوکارییەکانیان بۆ هەر پرۆژەیەک (٢٥٠٠) دۆلار.

ئەوەی ئاماژەی پێکرا تەنیا نمونەیەکی بچوک بوو لەخزمەتی ڕێکخراوەکان، دڵنیام هەر ڕێکخراوک بۆ هەر ساڵێک ڕاپۆرتێکی چەندین لاپەڕەیی هەیە بۆ تۆماری کار و چالاکییەکانی. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاکەی گشتی و لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکدا کاردەکەن کە سەروەری و کەرامەتی مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی تێدا بپارێزرێت و ژیانێکی ئاشتیانە بژین، سەربەخۆن و بۆ هیچ ئایدیا و سیاسەت ولایەنێک کارناکەن.

ئەم بابەتە تایبەت بوو بە پڕۆژەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵەبجە و ڕێکخراو نێودەوڵەتی، ناکرێت خزمەت و ڕۆڵی ئۆرگانەکانی حیزب و کۆمەڵە و سەنتەرەکان و ڕێکخراوە خێرخوازە ئایینیەکان فرامۆش بکەین کە خزمەتێکی بەرچاویان بە شارەکە کردوە کە لێرەدا ناتوانین ناوی هەمویان بهێنین بەڵام دیارترینیان ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجەیە کە ساڵانە هاوکاری چەندین خێزانی شارەکە دەکات. هەروەها سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان – ئۆفیسی هەڵەبجە بەردەوام و بۆ زۆربەی بوارەکان و لە بۆنەکاندا کۆڕ و سیمینار سازدەکات و چەندین کەسایەتی سیاسی و نوسەر و چالاکوانی مەدەنی میوانداری شارەکەمان دەکات.

گەشەپێدانی شار و پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێویستی بە هەموومان هەیە ڕاست و چەپ و دییندار و بێدین، ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی، سڕینەوە و دەرکردنی یەکێک لەوانە خزمەت بە شارەکەمان ناکات و بەرەو پاشەکشیەکی گەورەی دەبات. پێویستە نوخبە و ڕۆشنبیرانی ئەم شارە دەست خۆشی لە هەر کەس و لایەن و ڕێکخراوێک بکەن بەبێ جیاوازی کە خزمەتێک پێشکەش بە شارەکەمان دەکات، سوپاسی هەر ڕێکخراو و کونسوڵ و لایەنێک بکەن کە گەنجێکی شارەکەمان بەمەبەستی ڕاهێنان دەباتە دەرەوە، دواجار لە گەشەکردنی شارەکەماندا هەمومان بێ جیاوازی سودمەند دەبین.