رزگار سه‌عید
كتێبی كراوه یاخود تابلۆی یادگاری په‌یكه‌رێكه به به‌ردی گرانێت دروستكراوه، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ئیڤلین سۆلۆڤیێڤا و ته‌لارساز ئۆلێگ رۆمانۆڤ و ره‌خنه‌گری هونه‌ر ئه‌برام روسكین كاریان له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه كردووه و دیزاینیان بۆ داڕشتووه به قه‌باره‌ی 235×360 سم، له 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2002 له سه‌روبه‌ندی 300 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سانت پترسبۆرگ په‌رده له‌سه‌ری لابراوه له نزیك فاكه‌ڵتی فیلۆلۆژی زانكۆی ویلایه‌تی سانت پترسبۆرگ.
په‌یكه‌ره‌كه فۆرمێكی ساده‌ی كلاسیكییه، له‌سه‌ر دوو لاپه‌ڕه‌ی چه‌ند دێڕێك له قه‌سیده‌ی سواره‌ی برۆنزیی ئه. س. پوشكین به واژۆكهیهوه له‌سه‌ری هه‌ڵكه‌نراوه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌و قه‌سیده‌یه ته‌نها بۆ خوێندنه‌وه و رێزگرتن نییه له پوشكین به ئه‌ندازه‌ی خودی چیرۆكی ناو قه‌سیده‌كه پارێزگاریكردنه له سامانی رۆحی مرۆڤایه‌تی و هێمای حیكمه‌ت و مه‌عریفه و نمایشكردنی كه‌لتوری روسییه.
په‌یكه‌ره‌كه به‌رامبه‌ر مۆنۆمێنتی پیته‌ری گه‌وره (پاشای روسیا)یه و نێوانیان رووباری نێڤا جیای كردوونه‌ته‌وه، ئه‌و پیتهرهی له جه‌نگی باتاڤا ناوچه‌یه‌كی فراوان له سویدییه‌كان داگیرده‌كات و بڕیارده‌دات شاری سانت پترسبۆرگی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن، چونكه پێگه‌ی جوگرافی شوێنه‌كه به گرنگ ده‌زانێت تابتوانێت ده‌سه‌ڵاتی روسیا به‌سه‌ر ده‌ریای باڵتیك و ئه‌تڵه‌سی و ئه‌وروپادا بڵاوه پێبكات، كاتێكیش شاره‌كه بنیاتده‌نێت سنووره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ژێر ره‌حمه‌تی لافاوه‌وه، به‌هۆی شكانی سه‌هۆڵی ده‌ریاچه‌ی لادۆگاوه كه له قه‌سیده‌كه‌دا ناوی هاتووه. ساڵی 1824 لافاوێكی وێرانكار روو له شاره‌كه ده‌كات و زیانی زۆری پێده‌گه‌یه‌نێت.
مۆنێمێنتی سواره‌ی برۆنزی (یاخود ئه‌سپسواری برۆنزیی) به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ری كتێبی كراوه‌یه له‌لایه‌ن په‌یكه‌رساز ئیتیان مۆریس فالكۆنێت ساڵی 1782 دروستكراوه به بڕیاری كاسرینی گه‌وره كه شازاده‌یه‌كی ئه‌ڵمانییه و هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی رۆمانۆڤ ده‌كات، ئه‌م خانمه به‌كه‌سایه‌تییه‌كی به‌دڕه‌فتار و دڵڕه‌ق ناسرابوو، پاش ئه‌وه‌ی پیته‌ری سێیه‌می روسیا ده‌مرێت له ساڵی1762 ده‌بێته فه‌رمانڕه‌وایی روسیا، به‌واتایه‌كی دیكه خودی په‌یكه‌ره‌كه بۆ شه‌رعیه‌تدان بووه به ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی روسی، چونكه كاترین له رێگه‌ی كوده‌تایه‌كی نایاسایی ناو كۆشكه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست.
دروستكردنی په‌یكه‌ره‌كه 12 ساڵ ده‌خایه‌نێت، پیته‌ر به‌سواری ئه‌سپێكه‌وه ده‌ستی به‌ئاراسته‌ی رۆژئاوای وڵات درێژكردووه، نازانرێت ئه‌و ده‌ست راكێشانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه یان ته‌نها فۆرمێكی هونه‌ری و سه‌ربازییه، ئاماژهكردنهكه تاڕاده‌یه‌ك ئاشكرا نییه، پوشكین ئه‌و هه‌لی ناڕوونییه به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت و ده‌یكاته هه‌وێن و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی قه‌سیده‌كه‌ی.
چیرۆكی قه‌سیده‌ی سواره‌ی برۆنزی
قه‌سیده‌كه كراوه‌ته سێ به‌ش: به‌شی یه‌كه‌م 90 دێڕ باس له مێژوویه‌كی ئه‌فسانه‌یی دروستبوونی شاری سانت پترسبۆرگ ده‌كات، به‌شی دووه‌م 164 دێڕو به‌شی سێیه‌م 222 دێڕ. سه‌ره‌تا شاعیر یان حیكایه‌تخوان باس له‌چۆنیه‌تی خۆشویستنی خۆی ده‌كات بۆ شاره‌كه و شوێنه گرنگه‌كانی به‌تایبه‌ت چۆنیه‌تی خۆپاراستنی له شه‌پۆله به‌هێزه‌كانی رووباری نیڤا وه‌ك:پێگه گرنگه‌كانی ده‌ریاوانی، زستانه سه‌خته‌كانی، ئێواره درێژه‌كانی هاوینی، پاشان باس له گه‌نجێكی هه‌ژار ده‌كات به‌ناوی یه‌ڤگێنی و هه‌میشه له‌یادی پاراشای خۆشه‌ویستیدایه كه پلانی هه‌یه تا كۆتایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا بێت.
پاشان پێناسه‌ی رووباری نیڤا ده‌كات چۆن به‌شێكی زۆری شاره‌كه له‌ناو ده‌بات، ئیدی ئێڤگینی ده‌ترسێت و بێهیوا ده‌بێت ده‌چێته گۆڕه‌پانی پیته‌رو له‌لای دوو په‌یكه‌ری شێری مه‌یدانه‌كه به ته‌نها دادهكوڕمێت.
له به‌شی دووه‌مدا ئێڤگینی كه‌شتیوانێك ده‌دۆزێته‌وه و هه‌وڵده‌دات بچێته ماڵی پاراشا، به‌گه‌یشتنی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ماڵه‌كه‌یان وێرانبووه و پاراشا مردووه، ده‌ست ده‌كات به وڕێنه و شێت ده‌بێت، ماوه‌ی ساڵێك به شه‌قامه‌كاندا به‌و شێوه‌یه ده‌سوڕێته‌وه.
له پاییزدا كه به شه‌وی زریانه‌كه ناوی هاتووه سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی دێنه‌وه یاد و ده‌كه‌وێته ته‌شه‌ر و جنێودان به په‌یكه‌ره‌كه‌ی پاشا پیته‌ر، ئه‌و به‌هۆكاری ئه‌و ماڵوێرانییه ده‌زانێت، تاوانباری به‌دبه‌ختییه‌كانی خۆی له‌ناو ئه‌ودا ده‌بینێته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پێیوایه به‌خه‌یاڵی خۆی په‌یكه‌ره برۆنزییهكه زیندوو بووه‌ته‌وه و به‌دواوه‌یه‌تی و تووڕه‌یه لێی، گوێی له ته‌په‌و حیله‌ی ئهسپهكهیهتی، پاش چه‌ند مانگێك به‌و وهسوهسهیهوه گیان له‌ده‌ستده‌دات تا له كۆتاییدا ته‌رمی یهڤگێنیش له كوخێكدا ده‌رده‌كه‌وێت و كۆتایی بهقهسیدهكه دێت.
ته‌واوی شیعره‌كه به‌قافیه و بڕگه‌ی چواری نووسراوه له شێوه‌ی نووسینی داستانی نیشتمانی، له‌م به‌رهه‌مه‌دا پرسیار زۆرتره له وه‌ڵام.
پوشكین له وه‌ڵامی ره‌خنه‌گرانی قه‌سیده‌كه‌دا ده‌ڵێت: "من مژده‌ده‌ری ئازادیم، دوژمنی خۆسهپێنیم، گه‌ر وانه‌بم شێت ده‌بم، له خه‌باتی ئاشكرادا قسان ده‌كه‌م؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له روسیا بژین نابێت ملكه‌چی بیرۆكه توندوتیژه‌كانی ده‌وڵه‌ت بین، ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین وه‌ك یه‌ڤگێنی شێت ده‌بین"
لێره‌دا شاعیر مه‌یلی ئه‌وه‌ی نه‌بووه له‌م چیرۆكه دروستكراوهیدا بیرۆكه‌ی ئه‌بستراكت وه‌ك "تاكپه‌رستی" و "مه‌سیحیه‌ت" یان "پێویستی مێژوویی" و "چاره‌نووسی تاكه‌كان" به‌رجه‌سته بكات، به‌ڵكو خوازیاربووه ده‌ستخۆشییه‌كی بێ به‌رامبه‌ر ئاماده بكات، هه‌رچه‌نده له گێڕانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی ناو چیرۆكه‌كه ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه كه به‌هه‌موو توانای هه‌وڵیداوه پیته‌ر گه‌وره بكات و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئێڤگین بچووك و بێبایه‌خ.
پیته‌ری گه‌وره به‌پێی پلانی شاعیر ره‌نگدانه‌وه و به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێنه له ته‌واوی ده‌ركه‌وتنه‌كانیدا و ئێڤگینی هه‌ژاریش كاره‌كته‌رێكی بێده‌سه‌ڵاتی گۆشه‌گیر و بێ بایه‌خی بچكۆله، ده‌كرێت بڵێین ئه‌م خاڵه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی شیعره‌كه‌یه، ململانێیه‌كی سه‌ختی نێوان پێداویستییه‌كانی ده‌وڵه‌ته بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی.
پوشكین له كتێبی تێبینییه مێژووییه‌كانیدا ده‌نووسێت: "پیته‌ری یه‌كه‌م له ناپلیۆن زیاتر سووكایه‌تی به مرۆڤایه‌تی كردووه، له سه‌رده‌می ئه‌م پاشایه‌دا "كۆیلایه‌تی گشتگیر و گوێڕایه‌ڵی بێده‌نگ" له رووسیا زۆر به‌ربڵاوبووه.
لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م قه‌سیده‌یه زیندوونه‌بوونه‌وه‌ی پهیكهرهكهیه، چونكه خودی یه‌ڤگێنی عه‌قڵی له‌ده‌ستداوه و پوشكینیش وای له یه‌ڤگێنی كردووه شێت بێت بۆ ئه‌وه‌ی "ره‌هه‌ندێكی ترسناك بۆ هێمنترین كاره‌كته‌ر دروست بكات به‌و كۆتاییه تراژیدیهیهوه به‌هه‌مان شێوه‌ی پاڵه‌وانی داستانه‌كان بیكاته میراتگرێكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، پێده‌چێت یه‌ڤگێنی به هیچ شێوه‌یه‌ك دوژمنی پیته‌ر نه‌بوبێت به‌ڵكو ململانێی قاره‌مانانه‌ی شیعره‌كه له‌نێوان پیته‌ری گه‌وره و رهگهزهكاندایه له‌كاتێكدا یه‌ڤگێنی كاره‌كته‌رێكی بێده‌سه‌ڵاتی ناو شیعره‌یه و بووه‌ته قوربانی.
هه‌ندێك له ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی سروشی ئه‌م ده‌قه بۆ به‌رهه‌مێكی شاعیری پۆڵه‌ندی به‌ناوی ئاده‌م میكیڤیچ به‌ناوی "بۆ هاوڕێ مۆسكۆڤییهكانم" ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام پوشكین به وریاییه‌وه هه‌وڵیداوه له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ناڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامی ئه‌و ناحه‌زانه بداته‌وه و وه‌ك دوژمنی سیاسی بیان ناسێنێت.
قه‌سیده‌كه‌ی پوشكین له سه‌رده‌می سۆڤیه‌تدا زۆر گرنگ بووه، پیته‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز به‌توانا نمایشكراوه، هاووڵاتیانی سۆڤیه‌تی ستایشی پیتهریان به‌ناڕاسته‌وخۆ بۆ جۆزێف ستالین ده‌گێڕایه‌وه، وه‌لێ بیرمه‌ندانی سۆڤیه‌تی به‌پێچه‌وانه‌وه مانای قووڵتریان بۆ ناو به‌رهه‌مه‌كانی لێكده‌دایه‌وه و به‌كارهێنانی ئه‌م شیعره‌یان بۆ تێكدانی هه‌موو ئه‌و ئایدیایانه به‌كارده‌هێنا.
ساڵی 1937 ئه‌رشیفی سوور ژیاننامه‌ی پوشكین كه له‌لایه‌ن ئی.ن.چێرنیاڤسكیهوه نووسرابوو بڵاوده‌كاته‌وه. چێرنیاڤسكی روونیده‌كاته‌وه قه‌سیده‌ی سواره‌ی برۆنزی هێرشێكی پوشكینه بۆ سه‌ر سروشتی سه‌ركوتكه‌ری خۆسه‌پێنی پاشایی پێویسته به‌و ئاڕاسته‌یه بخوێنرێته‌وه، ئه‌گه‌ر یه‌ڤگێنی به‌هۆی وێرانكاری و له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بووبێته نه‌یاری پاشا،ئه‌وه پیشاندانی ته‌حه‌دایه‌كی راسته‌وخۆی سمبولی ده‌سه‌ڵات بووه، پێده‌چێت چێرنیاڤسكی ئه‌و جۆره شیكارییه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ هێرشكردنه سه‌ر سیسته‌می سۆڤیه‌تی سه‌رده‌می ستالین بوبێت، چۆن یه‌ڤگێنی هێما بووه بۆ كاره‌كته‌رێكی چه‌وساوه‌ی روسی به‌هه‌مان شێوه‌ش پاشا كاره‌كته‌رێكی به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتی بێ مۆڕاڵ بووه.
كاریگه‌ریی سواره‌ی برۆنزی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی روسی به‌فراوانی ده‌بینرێت، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌به‌رهه‌مه‌كانی دۆستۆیڤسكی و ته‌وه‌ری شێتی هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی نیكۆڵای گۆگۆڵ و بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندیه‌كی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی نۆزده و بیسته‌می روسیا یاخود "شیعری بێ پاڵه‌وان"ی ئانا ئاخماتۆڤا كه باس له‌سواره‌ی برۆنزی ده‌كات و وه‌ك لێدانێكی نه‌بینراو وه‌سفی ده‌كات، كاتێكیش باس له هه‌ڵهاتنی یه‌ڤگێنی ده‌كات له‌ترسی ئهسپسوارهكه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاشكرای لێ به‌دیده‌كرێت.
ڤالێری بریوسۆڤدی نووسه‌ر ساڵی 1906 پێشنیاز ده‌كات ئه‌و شوێنه‌واره وێرانه‌یه "نوێنه‌رایه‌تی ئهبهدیهتێكه، ئه‌وه‌نده‌ی پاشاكه‌ی بێ‌باك بووه له شه‌ڕ و سه‌ربڕین، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ر نهفرهتهكانی یه‌ڤگێنی كه‌وتووه.
كاریگه‌ری قه‌سیده‌كه له‌سه‌ر میوزیستانهكانیش سنووری تێپه‌ڕاندووه به‌جۆرێك نیكۆلای میاسكۆڤسكی (1926-1977) ئیلهامی سه‌مفۆنیای ده‌یه‌می لێوه وه‌رده‌گرێت.
ساڵی 1949 ئاوازدانه‌ر رینهۆڵد گلیێر و كۆریۆگرافهر رۆستیسلاڤ زاخارۆڤ كار له‌سه‌ر قه‌سیده‌كه ده‌كه‌ن و وه‌ك به‌رهه‌می بالێ له‌سه‌ر شانۆی ئۆپێرا و بالێی كیرۆڤی شاری لینینگراد نمایشده‌كه‌ن، پاشان به‌رهه‌مه شانۆییه‌كه به‌هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه ساڵی 2016 له‌لایه‌ن بالێی یوری سمێكالۆڤ له شانۆی مارینسكی له سانت پترسبۆرگ نمایش ده‌كرێته‌وه.
پوشكین قه‌سیده‌ی سواره‌ی برۆنزی ساڵی 1833 نووسی و نه‌یتوانی بڵاوی بكاته‌وه به‌هۆی سروشتی سیاسی نووسینه‌كانی دیكه‌یه‌وه كاره‌كانی كه‌وتبونه ژێر سانسۆره‌وه، پاش مردنی ئه‌م ده‌قه ئه‌ده‌بیه چاپده‌كرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه كه به‌سه‌ركه‌وتووترین شیعری پوشكین داده‌نرێت.
ئاوێته‌كردنی شیعر‌و په‌یكه‌ر
*په‌یكه‌ری "كتێبی كراوه" كه‌وتووه‌ته سه‌ر كه‌ناری رووباری نیڤا، دیزاینه‌كه‌ی به‌هه‌ڵه نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو جۆرێكه له بانگهێشكردنی به‌رامبه‌ر بۆ دیالۆگ، هیچ پلاتفۆرمێكی نییه، به‌ته‌ختی راكشاوه له‌سه‌ر زه‌وی، ئه‌مه وایكردووه به‌ئاسانی ده‌ستی بینه‌ری پێبگات و به‌ئاسانی بیخوێنێته‌وه.
ماده‌ی به‌كارهێنراو گرانێته، ماده‌یه‌كی زۆر به‌هێزه، له‌به‌ر سه‌ختی كه‌شوهه‌وای سانت پترسبۆرگ هه‌ڵبژێردراوه، تایبه‌تمه‌ندی به‌ردی گرانیت ئه‌وه‌نده ناوازه‌یه ده‌توانێت بۆ 500 ساڵ به‌رگه بگرێت.
* په‌یكه‌ری پیته‌ری گه‌وره كه پاشان له‌لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه ناوی سواره‌ی برۆنزیی لێ‌نرا كه‌وتوه‌ته گۆڕه‌پانی ئه‌نجومه‌نی پیرانی شاری سانت پترسبۆرگ، به فه‌رمانی كاسرینی گه‌وره و له‌لایه‌ن په‌یكه‌رتاشی فه‌ڕه‌نسی ئیتیان مۆریس فالكۆنیتی به برۆنز داڕێژراوه، قاچی ئه‌سپه‌كه مارێكی گه‌وره‌ی شێلاوه، كاره‌كه 12 ساڵی خایاندووه(1770-1782) له‌سه‌ر به‌ردێكی گه‌وره‌ی 7 مه‌تری به ناوی (به‌ردی ره‌شه‌با) دانراوه كه به‌گه‌وره‌ترین به‌رد داده‌نرێت په‌یكه‌رێكی 6 مه‌تری له‌سه‌ر چه‌سپێنرابێت.
به‌رده‌كه له لاخته دۆزراوه‌ته‌وه له دووری 6كم له كه‌نداوی فینلاند، نزیكه‌ی 400 كرێكار كاریانكردووه بۆ راكێشانی به‌سه‌ر سه‌هۆڵبه‌ندان تا گه‌یاندوویانه‌ته ناو كه‌شتیه‌كی زه‌به‌لاح و گواستویانه‌ته‌وه، ئه‌مكاره‌ش دووساڵی خایاندووه، كێشی به‌رده‌كه نزیكه‌ی 1500 تۆنه.
ئێستا هه‌ردوو په‌یكه‌ره به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك دانراون و رووباری نیڤا له نێوانیاندایه و پوشكینیش بوه‌ته حیكایه‌تخوانی مێژووی شاره‌كه.
لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت دانانی زۆرێك له په‌یكه‌ر به گه‌وره و بچووكی نییه به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی پشت په‌یكه‌ره‌كه گرنگه، بریا بۆ مێژووی شاره‌كانی كوردستانیش سوود له ئه‌ده‌بیاتی كوردی وه‌ربگیرایه و پهیكهرتاشهكان ئه‌ده‌ب و هونه‌ریان ئاوێته‌ی یه‌كتر بكردایه.
سەرچاوە: knwe