خدر ئیبراهیم خدر
بەپێچەوانەی زۆر لە ئەهلی قەڵەمەوە، من پێموایە كتێب بە بەخشین جوانتر دەبێت نەك ئەوەی تەنها لە چوارچێوەی فرۆشتندا قەتیس بكرێت. هەڵبەت، یەكێك لە دەستاوردە جوانەكانی ژیانی نوێ شانازی پێوە بكەین، ئەوەیە كتێب وەك دیاری ببەخشین، نەك تەنها لە نێوان ئەهلی ئەدەب و هونەردا، بەڵكو لە نێوان هەموو ئەوانەدا سەروكاریان لەتەك وتە و وشەدا هەیە. لەم روانگەیەوە سوپاسی بەكر ئاڵەیی دەكەم بەدوایین كتێبی خۆی لەژێر ناوی حەسەن سوورمە بەسەریكردمەوە، نوسخەیەكی ئیمزاكراوی پێشكەشكردم.
بەرلەوەی پەسنی ئەم كتێبە بدەم وەك نووسین، دەمەوێت پەسنی ئەو ئیرادەیە بكەم كە بوێری نووسینی ئەم كتێبەی لە واقیعدا بەرجەستەكردووە. ئەمەشم بۆ ئەوەیە تاوەكو ئافەرین لەو قەڵەمە بكەم كە ئازایەتی داوەتە بەرخۆی تاوەكو لە كەناردا بەمانای فەزا رۆشنبیرییەكەی دەنگ هەڵببڕیت، لە دوای ئەزموونی (سارا) بۆ جاری دووەم ئەوە نیشان بدات كە نابێت تەنها كەنار شار بخوێنێتەوە، بەڵكو دەبێت شاریش ناچاربكرێت كەنار بخوێنێتەوە، سەری رێز بۆ (زەین و قەڵەمەكانی) دابنەوێنێت. دەستخۆشی بۆ نووسەر كە ئاوا بە جوانی توانیویەتی واقیع بەرجەستە بكات و نمایشێكی وشەیی پڕ لە وێنەی زیندوو سەبارەت بەزەمەنێكی تایبەتی گەل و نیشتمان لە چوارچێوەی كتێبێكدا نیشانی خوێنەر بدات. هەروەها بە تەكنیكێكی جوانیش یەكێتی بابەت فۆرمەڵە بكات. بەرجەستەكردنی واقیع بە وشە، یەكێكە لەو تایبەتمەندیانەی كایەی نووسین من زۆر پەسنی دەدەم، چونكە بڕوام وایە نووسین بەر لەوەی پێناوی نووسیندا بێت، دەبێت لەپێناوی تاكەكاندا بێت كە نیشتمانێك كۆی كردوونەتەوە و چەندین بنەمای هاوبەشیش پێكەوەی بەستوونەتەوە.
شۆڕبوونەوە بەناو قووڵایی داب و نەریتە باوەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی كۆمەڵگەدا و شەن و كەوكردنی خەیاڵ و گفتار و كردارەكانی تاكەكان بەجیاوازی چین و توێژەكانەوە، كارێكی زیرەكانەیە نووسەر لە فۆرمی وشە و نووسیندا تەوزیفی كردوون و هەوڵیداوە ئەو لایەنانەی ناو داب و نەریتەكانی كۆمەڵگە تۆخبكاتەوە و پەسنیان بدات شایستەی ئەوەن لەسەریان بوەستیت و پەنجەی ئافەرینیان بۆ رابدێریت. بەتایبەت كاتێك دەبینیت بوونەتە پرد و بەردەبازێك بۆ كەسانێك بتوانن بەهۆیانەوە لە گرفت و دژوارییە خودییەكانەوە بەرەو شوێنگەیەكی ئارام و دڵنیا بچن و لەمەشەوە، بە كۆڵێك ئومێدی وەدەستخراوەوە، درێژە بە ژمانی فیزیكی خۆیان بدەن.
بەكر ئاڵەیی لەوە تێگەیشتووە هەندێك خەیاڵ و نۆستالژیا هەن ئەوەندە بیر و زەینی مرۆڤ دەهەژێنن ناكرێت بۆ بەتاڵكردنەوەیان پەنا بۆ نووسین نەبەیت. هەندێك لەو خەیاڵ و نۆستالژیایانەش ناكرێت تەنها لە چوارچێوەی ژانری شیعر و قەسیدەدا قەتیس بكرێن یاخود حەقیان پێبدرێت، بۆیە دەبێت لە چوارچیوەی ژانرە بەرینەكانی تردا جێگەیان بۆ بكرێتەوە. ئەمەش ئەو شتەیە كە بەكر ئاڵەیی كردوێتی و لە نووسینی شیعرێكەوە رووی كردۆتەوە نووسینی رۆمانێك. بەلای منەوە ناوەڕۆكی ئەم رۆمانە، هەم خودییە و هەم بابەتی. ئەمەش سەركەوتنی وی دەسەلمێنێت.
سەچاوە : کوردستانی نوێ