پرۆسەی تاڵانکاری کوردستان لە نەوتەوە بۆ جەوت

 

 

 

موعتەسەم نەجم

 

 

 

لەدوای روخانی رژێمی فاشی بەعس لە عێراق و داگیرکردنی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەمریکای رابەری لیبرالیزمی نوێەوە، بەتایبەتیکردنی ئابووری عێراق بە گشتی بە سەر توێژی سیاسەتمەدار و نەزانی نویێی ئەم وڵاتەدا سەپێنرا. ئەم پرۆسەیە لە کوردستانیش جێبەجێ کرا. پرۆسەی بەتایبەتیکردن لەو وڵاتانەی دەسەڵات لێیدا لاوازە و یاسا تیایدا لاستیکیە، گەندەڵی زۆر بە ئاسانی و خێرا دەبیتە سیستم و وەک گەرگەری تێکەل بە تەواوی شادەمارەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەبێت.
 

لە تەواوی ئەو وڵاتانەی دەکەونە ژێر هەژمونی سیستمی لیبرالیزمی نوێەوە، دەخرێنە ژێ فەرمان و بریارەکانی بانک و خەزێنەی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا فرە رەگەزەکانەوە. بە دریژایی سەردەمی سیستمی دوو جەمسەری جیهانی لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە تا سەردەمی ئەمرۆ، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بە هەموو هێز و توانایانەوە پاڵپشتی و بەرگری لەم سیاسەتە دەکەن. ناچارکردنی وڵاتانی جیهانی سێیەم بە پەیرەوکردنی پرۆسەی بەتایبەتیکردن و ناچارکردنیان بە فرۆشتنی موڵک و پرۆژە ستراتیجیەکانی حکومەت بە کەرتی تایبەت بەستەوە بە هەموو پاڵپشتی یارمتیەکی سیاسی و دارای و سەربازی لەلایەن ئەمریکا و رۆژاواوە بەو وڵاتانە. 


 سەرکردایەتی کورد بە بێ هیچ مەرج و نارەزایەک ئەو خواستەی ئەمەریکیەکانی قبوڵ کرد و راستەوخۆیش کەوتە جێبەجیکردنی. بگرە لە رۆژئاوایەکان زیاتر کەوتە ریکلامکردن بۆ ئەم پرۆسەیەو بانگەشی ئەوەی دەکرد، کە بەم ریگایە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو میللەتی کورد بەدیدێت و هاوکات تەنیا ریگایە بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری کوردستان. 


لە سیبەری پرۆسەی بەتیبەتیکردندا کار و بازرگانی دەبنە ئامرازێک بۆ کۆکردنەو کەڵەکەکردنی سەرمایە بە رێگایەکی نا شرعی، نەک وەبەرهێنانێکی راستەقینە. لە کوردستان لە گەڵ جێبەێکردنی پرۆسەی بەتایبەتیکردندا گەندەڵی و راوروت و تاڵانکاری دەرگای لە سەر کرایەوە، لە نەوتەوە بۆ جەوت تاڵان دکرا، ئەم راوروتە لەژێر چتری پرۆسەی بەتایبەتیکردندا بووە شای و لۆغانی کۆکردنەوەی سامان بە ریگای نا شەرعی و نایاسای. 


لم چەند ساڵی رابردودا لە ژێر دروشم و پەردەی بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و ئابووری سەربەخۆدا، سیاسەتمەدارانی کورد پاوانکردن و قەیران و هەڵئاوسانیان بە شێوەیەک تەشنە پێکردوە زۆر ئەستەمە بتوانرێت کۆنترۆڵ بکریت.  لە پرۆسەی بەتایبەتیکردنی ئابووری کوردستاندا، لە نێوان گەندەڵی وهەڵەی سەرکردە سیاسیەکان و چاچنۆکی سەرمایەداری کوردیدا کارەستێک خوڵقاوە، زۆر ئەستەمە لە ئەمرۆدا بە ریفۆرم و چاکسازی بتوانرێت چارەسەر بکرێت. لە خوێدنەوەی دروست بۆ دۆخی گشتی و هەڵسەنگندنی پرۆسەی کۆکردنەوەی سامان و داهات بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دۆخێک خوڵقاندووە مەترسی لە سەر کۆی پرۆسەی نەتەوەی کورد دروست کردوە. لە ئەمرۆدا نەک تەنیا حکومەتی هەرێم لە قەیراندایە، بگرە تەوای پرۆسەی سیاسی کوردی وحزبە کوردیەکانیش کەوتونەتە قەیرانێکی ستراکچەریەوە، رزگار بوونیان زۆر ئەستەم بووە. دەسەڵاتی کودی بەرەو ئەوە رۆیشتوە، کە توانای کۆترۆڵکردنی سەرمایەی کوردیشی نەماوە. 


لە هەرێمی کوردستان هیچ پرۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگ نەماوەتەوە، کە موڵکی گشتی بێت، تەواوی پرۆژە و وەبەرهێنان کراونەتە موڵکی چەند کەسێک، کە ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. 

 

    دەرئەنجامی ئەم سیاستە و بەرجەستەبوونی هەژاری و بێکاری و برسێتی بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار دۆخێک خوڵقاوە،  هەستی گشتی و ئینتیمای نیشتمانی بەشێوەیەک کوشتوە، نەک هەر زۆرینەی رەهای خەڵک باوەریان بە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان نەماوە، بگرە لە پێناوی بژێویدا ئاوات بۆ گەرانەوەی ژیانی ژێردەستەی دەخوازنەوە. لە رویەکیترەوە کاریگەیەکانی قەیرانی ئابووری لە سەر تێکشکانی سیستم و بەها کۆمەڵایتیەکان هەڕەشی هەڵوەشاندنەوەی خێزان مەترسی لە سەر مانەوەی کورد وەک نەتەوەو جۆرێک لەجینۆسایدکرنی نوێی خوڵقاندووە. زیادبوونی رێژەی تاوان و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و بێ کاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەلایەک و سەپاندنی پرۆەی هاورەگەزخوازی وەک مەرجی سەرەکی دیموکراسی و بەستنەوەی بە مەرجی هاوکاریکردنی دەسەڵاتی کوردی لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە قوری قەیرانی ئابووری و سیاسی کوردی زۆر خەستتر دەکات.

سەرچاوە : سپیمیدیا