خەلیل سەرکانی
چاودێرێكی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان پەردە لەسەر کارە نهێنییەکانی دەزگای پاراستنی پەدەكە هەڵدەداتەوە و دەڵێت: پارتی گرێبەستی هەواڵگری و سیاسیی و ئابووریان لەگەڵ دەوڵەتی تورك هەیە ئەمە حاشا هەڵنەگرە، بەشێك لەم ڕێكکەوتنەی لەگەڵ توركیا سەركوتكردنی پەكەكەیە لەو سنوورە، بە فەرمانی توركیا و لەسەرو خۆیانەوە هەڵدەستن بە دەستگیركردنی کەسانى ئازادیخواز کە پەیوەندی بە پەكەكەوە هەبێت.
خەلیل سەركانی چاودێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو ڕەشبگیرییەی سەرانی پەدەكە لە باشووری كوردستان دەستیان پێ كردووە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی سیاسیی پەدەكە بدەینەوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و بە تایبەتی لە دوای تێكچوونی دانوستان و لە ساڵی شەستەكانەوە و لە سەردەمی مەلا مستەفاوە، ئیسرائیل دەزگایەكی هەواڵگرییان بۆ درووست كردووە بە ناوی دەزگای ساواك، هەموو بەرپرسانی ئەو دەزگایە مەشق و ڕاهێنانەكانیان لە ئیسرائیل تەواو كردووە و مەهامی ئەو دەزگایە بۆ نەهێشتن و پاكتاوكردنی نەیارەكانیان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بنەماڵە بووە.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوەش دەكات، بە كوردی و بە كورتی پەدەكە زیاتر پارتێكی پۆلیسییە تا پارتێكی سیاسیی، لەبەرئەوە مێژووی ڕەشبگیری ڕۆژنامەنووس و چین و توێژەكان هی دوێنێ و پێرێ نییە، لەسەردەمی كۆنەوە دەستی پێ كردووە، ئەم دەزگایەی پەدەكە دەزگایەكی دەستكراوەیە، لە سەردەمی پێشووتر و تا ئێستاش دەزگای پاراستن لەژێر دەستی بنەماڵەی بارزانیدا بووە و پێشتر مەسعود بارزانی و ئێستاش مەسرور بارزانی سەرپەرشتی دەكات، بۆچی؟ لەبەرئەوەی بەرژوەندی مانەوەی بنەماڵەو و پەدەكە لەسەر دەستی ئەو دەزگایەدایە.
خەلیل سەركانی ئاماژە بەو كارانەی لەناو دەزگای پاراستن دژ بە هاوڵاتییان دەكرێت، دەڵێت: ئەوەی لە دەزگای پاراستن بەرامبەر بە هاوڵاتییانی كوردستان دەكرێت نە لە مۆساد و نە كەی جی بی و نە سی ئای ئەی نایكات، لە چ یاسایەكی دونیا بووە كەسێك دەستگیر بكەیت ئەگەر قسەت بۆ نەكا خێزانەكەی لەبەرچاوی ئەتك بكرێت، ئەمە وەحشیگەرییە نەك سیاسەت و دەزگای هەواڵگری، ئاواتەخوازین ئەم وەحشیگەرییە كۆتایی پێ بێت، ئەگەر هەركەسێك تاوانبارە با دادگایەكی بێلایەن قسەی لەسەر هەبێت نەك حزب و دەزگا سەركوتكەرەكەی.
سەبارەت بەوەی پەدەكە دەست لە كەس ناپارێزێت بە تایبەتی سەركردە و شۆڕشگێرانی باكوور و ڕۆژئاوا، خەلیل سەرکانى ئەوەى خستە ڕوو، پارتی دەیان سەركردەی پەكەكەی ئیعدام كردووە و تەسلیم بە توركیای كردووەتەوە، بە شێوەیەك لە شێوەكان پارتی گرێبەستی هەواڵگری و سیاسیی و ئابووریان لەگەڵ دەوڵەتی تورك هەیە ئەمە حاشا هەڵنەگرە، بەشێك لەم ڕێكکەوتنەی لەگەڵ توركیا سەركوتكردنی پەكەكەیە لەو سنوورە، بە فەرمانی توركیا و لەسەرو خۆیانەوە هەڵدەستن بە دەستگیركردنی كەسێك پەیوەندی بە پەكەكەوە هەبێت یا وەلائی هەبێت بۆ پەکەکە، پەدەكە هەر كارێك دژی پەكەكە بكات، بە فەرمانی دەزگای هەواڵگری توركیایە و جێبەجێكردنەكەی لەسەر ئەستۆی پاراستنە.
سەرچاوە : ڕۆژنیوز