نیاز ئیبراهیم
ئەم راپۆرتە لە (Turkish Minute) بڵاوبۆتەوە، هەرچەندە ئەم ماڵپەڕە دۆستی کورد نین، لێ هەندێ خاڵی گرنگی تێدایە، پەیوەستە بە ئیدارەی دووەمی ترامپ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆگاندا.
بەشێکی زۆری راپۆرتەکە
ئامادەکردنی: نیاز ئیبراهیم
لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ خۆی ئامادە دەکات بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا، نیشانە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەهیواکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن لەوانەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، چونکە وا دەردەکەوێت سەرۆکی هەڵبژێردراو بیرلە سیناتۆری فلۆریدا مارکۆ ڕۆبیۆ بکاتەوە بۆ وەزیری دەرەوە و کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، کە هەردووکیان بەهەڵوێستی دژە-تورکیایان لە پرسە سەرەکییەکاندا ناسراون.
ڕۆبیۆ، لەمێژە لایەنگری سیاسەتی دەرەوەی بازەکانە(توندڕۆ) و واڵتز، ئەندامی پێشووی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا (بە کڵاوسەوزەکان ناسراون) و پشتیوانێکی بەهێزی ترەمپە، هەردووکیان ڕەخنەگری سیاسەتەکانی تورکیان لە سوریا و شوێنەکانی تر.
هەندێک شیکەرەوە دەڵێن کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەتوانێت ئەجێندای ئەردۆغان ئاڵۆز بکات، کە زۆر پشت بەڕێگەی بە سەودا و مامەڵەکردن لە دیپلۆماسی و پەیوەندی کەسی لەگەڵ ترەمپ دەبەستێت.
ڕۆبیۆ، کە لە ساڵی ٢٠١٦ هەوڵێکی سەرنەکەوتووی بۆ کاندیدکردنی خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار دا، چەندین جار دژایەتی سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیای کردووە، بەتایبەت لە پرسەکانی مافی مرۆڤدا.
ڕۆبیۆ بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر چین و ئێران ناسراوە و هەروەها ڕەخنەی لە حکومەتی ئەردۆغان گرتووە بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزاییان.
لە نامەیەکی بەرچاوی ساڵی ٢٠٢١دا کە بە هاوبەشی لەگەڵ سیناتۆرێکی دیموکراتدا نووسیویەتی، ڕۆبیۆ سەرکردایەتی ٥٤ سیناتۆری ئەمریکی کرد لە سەرزەنشتکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، بەتایبەت پشتگیریکردنی یاریزانی پێشووی NBA ئێنەس کانتەر فریدۆم، کە بە هەڵوێستی توندی دژە-ئەردۆغان ناسراوە و ئەنقەرە بە تۆمەتی تیرۆر داوای دەکات. یاریزانەناودارەکە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
نامەکە بە توندی ناڕەزایی دەربڕی لە کردەوەکانی تورکیا دژی گروپە کوردییەکان لە سوریا، کە ئەمریکا پشتیوانی کردوون لەشەڕی دژی داعش.
واڵتز هەروەها پشتیوانێکی دیاری هاوکاری ئەمریکا بووە لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە سوریا..
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوو ڕۆبیۆ و واڵتز چەندین جار دژی هێلە سەرەکییەکانی ئەجێندای ئەردۆغان قسەیان کردووە و هۆشداری دەدەن کە ئەمە دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن ئاڵۆز بکات.
بەگوێرەی عومەر مورات، کە دیپلۆماتکارێکی پێشووی تورکیایە و پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەیە، ڕۆبیۆ یەکێکە لە دیارترین یاسادانەرانی ئەمریکا و دژایەتی کردەوەکانی ئەردۆغان دەکات.
مورات لە تۆڕی X ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆبیۆ سەرکردایەتی هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی واژۆ لەسەر نامەیەکی ساڵی ٢٠٢١کردووە، کە سەرزەنشتی دۆخی مافەکانی مرۆڤی دەکرد لە تورکیا. "ڕۆبیۆ نەک تەنها یەکێک بووە لە واژۆکەران، بەڵکو یەکێک بووە لەودوو سیناتۆرەی کە نامەکەیان داڕشتووە،" مورات وتیشی: نامەکەبە ئاشکرا پشتیوانی لە یاریزانی NBA فریدۆم کردووە و ڕەخنەی لە کردەوە سەربازییەکانی تورکیاش گرتووە دژی هێزە کوردییەکانلە سوریا
سەرچاوە : هاوڵاتی