ئامادەکردنی: ئارام جەمال و سەربەست مستەفا، شارەزای بواری هەڵبژاردن
بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیادا و بەدەستهێنانی (85) شارەوانی، جارێکی تر ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە داخوازی لە پێشینەی کورد ئەوەیە پرسەکەی بە شێوازی دیموکراسی چارەسەر بکات.
پێشەکی
لەوەتەی ژیانی فرە حیزبی و کێبڕکێی هەڵبژاردن لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لە تورکیادا هاتۆتە ئاراوە، هیچ پارتێکی سیاسی نەیتوانیوە بە ئەندازەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پارتی پلە یەک بێت و لە حوکمڕانیدا بمێنێتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی لە ساڵی 2002))ەوە تا کاتی نوسینی ئەم بابەتە هێشتا ئەم پارتە فەرمانڕەوایە لەو وڵاتەدا.
یەکەم ئاماژەی ئاوابوونی ئەستیرەی ئەم پارتە ئەو کاتە دەرکەوت، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی (2019)دا بۆ یەکەمجار سەرۆکی شارەوانی هەردوو گەورە شاری ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی لە دەستدا! وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەم شکستە رێزەییە، ئەکەپە لە بری فراوانکردنی روبەری گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی کەموکوڕییە ناوخۆییەکانی پارتەکەی و دەستەبەرکردنی مافی کەلتوری و سیاسی و خوێندن بە زمانی کوردی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو بەربەستە دەستووریی و یاساییانەی رێگرن لەبەردەم داننان بە ناسنامەی کورد و گەلانی دیکەدا، پارتی فەرمانرەوا پەنای بردە بەر لابردن و زیندانیکردنی دەیان سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکاندا و گرتنی هەزاران چالاکوانی سیاسی کورد و تورک و بەرتەسککردنەوەی روبەری ئازادی رادەربڕین. لەسەر ئاستی دەرەوەش تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر گەورەی وڵاتەکە بۆ جەنگ و پەلاماردانی زیاتری هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی فراوان بۆ سەر رۆژاوای کوردستان و بەشداریکردن لە جەنگی ناوخۆی لیبیا و هاوکاریکردنی سوپای ئازەرباینجان لە جەنگی دژ بە ئەرمینیا.
لێکەوتەکانی کۆی ئەم سیاسەتانەی سەرۆکی ئەو وڵاتە گرتیەبەر بوونە مایەی دروستبوونی قەیرانی کەڵەکەبووی سیاسی و ئابووری و دارایی و کۆمەڵایەتی و نەمانی ئاسۆی چارەسەری بۆ ئەو کێشانە لەلای زۆرێک لە هاوڵاتیانی تورکیا و دروستبوونی بلۆکی فراوانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بەرامبەریدا و ئەمەش بە روونی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژی (31-03-2024)دا خۆی بەرجەستە کرد و شکستیکی گەورەی چنییەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی کێبڕکیی هەڵبژاردنەکاندا چووە پلەی دووەم و کەوتە دوای پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران و سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیای لەدەستدا.
زانیاری گشتی هەڵبژاردنەکە:
- ژمارەی خول : بیستەمین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
- رۆژ و بەرواری ئەنجامدان : یەکشەممە، رێکەوتی 31-03-2024.
- ژمارەی دەنگدەری تۆمارکراو : 934,430,61
- رێژەی دەنگدەری مێ : (%51,9)
- رێژەی دەنگدەری نێر : (%49,1)
- ژمارەی ئەو گەنجانەی یەکەم جاریانە دەنگ بدەن : 1,032,610
- ژمارەی ئەوانەی دەنگیاندا : 48.256.541
- ژمارەی دەنگی پووچەڵ : 2,210,042
- ژمارەی دەنگی دروست : 46.046.499
- رێژەی دەنگدان : 78,55%
- ژمارەی گەورە پاریزگا (مەترۆپۆل) : 30
- ژمارەی پارێزگا : 51
- کۆی ژمارەی قەزاکان : 922
- کۆی ژمارەی ناحیەکان : 397
- کۆی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی پاریزگا و قەزا و ناحیەکان : 1400
- کۆی ژمارەی گوندەکان : 18,257
- کۆی ژمارەی موختاری گوند و گەڕەکەکان : 53000
- کۆی ژمارەی پارتی سیاسی بەشداربوو : 36
- کۆی ژمارەی کاندیدانی حزبەکان : 12,725
- کۆی ژمارەی کاندیدی سەربەخۆ : 653
لە گرنگترین دەرەنجامەکان :
بە ئامانجی تیشکخستنە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کەلە کۆتایی مارتی 2024 دا ئەنجامدرا. ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ دەدەین:
1- پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) هەوڵی دەدا لەم هەڵبژاردنەدا نفوزی خۆی زیاتر بکات و دەست بەسەر ژمارەیەک لەو شارەوانیانەدا بگرێتەوە، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا لەدەستی دابوون، بە تایبەتی هەردوو گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە. لە بەرامبەردا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە سەروشیانەوە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەوڵی دەدا پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکات کە ساڵی 2019 بەدەستیهێناون و لەوەش زیاتر بتوانێت چەند گەورە شارەوانییەک و پارێزگا و قەزایەکی دیکەش بباتەوە، ئەوەش روویدا.
2- دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان دەرکەوت کە پارتی گەلی کۆماری ژمارەی دەنگەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زیادی کردووە و چۆتە پلەی یەکەم و 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (37,77%)ی کۆی دەنگەکان، لە کاتێکدا پارتی داد و گەشەپێدان چووە پلەی دووەم و 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگی بەدەستهێنا، کە رێژەکەی دەکاتە (35,49%). پارتی رەفاهی نوێ (YRP) بە سەرۆکایەتی (فاتیح ئەربەكان)ی کوڕی (نەجمەدين ئەربەكان)ی دامەزرێنەری پارتی رەفاهی ئیسلامی وەک نۆبەرەی پارتێکی سەر بە رەوتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و توانی 2 ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ بەدەستبهێنێت، کە رێژەکەی دەکاتە (6,19%)، هاوکات پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و 2 ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی بەدەستهێنا، کە رێژەکەی دەکاتە (5,7%)ی کۆی دەنگە دروستەکان لەسەر ئاستی تورکیا.
3- دەنگی پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە دی، بە بەڵگەی ئەوەی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) رێژەی 4,99%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتی باش (IYI PARTY) رێژەی (3.77%) و پارتی زەفەر (ZEFER PARTY) رێژەی (1.74%)ی کۆی دەنگە دروستەکانی بەدەستهێناوە.
4- دەنگی پارتە ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بە تایبەتی پارتی رەفاهی ئیسلامی، کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی 2023دا لەناو هاوپەیمانێتی گەلدا بوو. ئەم پارتە ئیسلامییە نوێیە توانیویەتی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئورفە بباتەوە و 347 هەزار و 600 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (%38,9).
پارتی داد و گەشەپێدان بە پلەی دووەم هاتووە و 300 هەزار و 830 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (%33,6). هاوکات پارتی رەفاهی نوێ شارەوانی پارێزگای یۆزگاتیشی لە ناوەڕاستی تورکیادا بردۆتەوە و 17 هەزار و 141 دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بە رێژەی 36،33%، لە کاتێکدا پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە پلەی دووەم هاتووە و 14049 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (29,78%). دەنگەکانی پارتی هوداپاری ئیسلامی کوردیش بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە دیوە و لە پارێزگای ئیلێهه(باتمان) بە پلەی دووەم هاتووە و 29 هەزار و 698 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە 15.69%، بەڵام پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەمپارتی) بە پلەی یەکەم هاتووە و 122 هەزار و 143 دەنگی بەدەستهێناوە،
کە رێژەکەی دەکاتە (64.52%).
5- کۆی ئەو گەورە پارێزگا و پارێزگا و قەزا و ناحیانەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنەکانیان و سەرۆکایەتی شارەوانییەکانیان ئەنجامدراوە ژمارەیان 1440 یەکەی کارگێڕییە و لەو ژمارەیە پارتی دادو گەشەپێدان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و 549 شارەوانی بردۆتەوە:
12 گەورە پارێزگا و 12 پارێزگا و 356 قەزا و 166 ناحیە، هاوکات پارتی گەلی کۆماری سەرۆکایەتی 433 شارەوانی بردۆتەوە:
14 گەورە پارێزگا و 21 پارێزگا و 337 قەزا و 169 ناحیە، بە دوای ئەودا پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست سەرۆکایەتی 228 شارەوانی بردۆتەوە، بەبێئەوەی شارەوانی هیچ گەورە پارێزگایەکی تێدا بێت بەڵام سەرۆکایەتی 8 شارەوانی پارێزگا و 122 قەزا و 98 ناحیەی بردۆتەوە. پارتی یەکسانی و دیموکراسی سەرۆکایەتی 85 شارەوانی بردۆتەوە لە نێویاندا 3 گەورە شارەوانی و ٧ پارێزگا و 65 قەزا و 10 ناحیەی تێدایە، بە دوای ئەودا پارتی رەفاهی نوێ 65 شارەوانی بردۆتەوە، کە تەنها یەک گەورە شارەوانی تێدایە و ئەوانی تر سەرۆکی شارەوانی یەک پارێزگا و 39 قەزا و 24 ناحیەیە، پارتی باش (EYI PARTY) سەرۆکایەتی 32 شارەوانی بردۆتەوە کە هیچ گەورە شارەوانییەکی تێدا نییە بەڵکو تەنها سەرۆکایەتی شارەوانی یەک پارێزگا و 24 قەزا و 7 ناحیەی بردۆتەوە و پارتی هودا پاری ئیسلامیش تەنها سەرۆک شارەوانی یەک ناحیەی بردۆتەوە.
6- لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگدان (78.55%) بووە و رێژەکە، بەراورد بە هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی سەرۆکایەتی (88%) و هەڵبژاردنی ساڵی 2019ی شارەوانییەکان (84.7%) دابەزیوە. ژمارەی ئەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەیە 61 ملیۆن و 430 هەزار و 934 دەنگدەرە بەڵام ئەوانەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023دا مافی دەنگدانیان هەبوو ژمارەیان زیاترە و 64 ملیۆن و 145 هەزار و 504 دەنگدەرە، بە هۆکاری ئەوەی دەنگدەرانی دەرەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا مافی دەنگدانیان هەبووە بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی دەرەوە ئەو مافەیان نییە.
7- لە کۆی 81 سەرۆک شارەوانی پارێزگاکان، 11 ژن بوونەتە سەرۆکی ئەو شارەوانیانە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا تەنها 4 کاندیدی ژن بوونە سەرۆکی ئەو شارەوانیانە.
لەو 11 ژنەی لەم هەڵبژاردنەدا بوونەتە سەرۆکی ئەو شارەوانیانە 6 ژنیان سەر بە پارتی گەلی کۆمارین و 4 ژنیشیان سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسین (دەم پارتی) و یەک ژنیشیان سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانە..
8- دەنگە پووچەڵەکان بە هەمان شێوەی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمان و شارەوانییەکانی تورکیا بە بەرزی ماوەتەوە و ئەمجارەیان ژمارەکەی گەیشتۆتە 2 ملیۆن 210 هەزار و 42 دەنگی پووچەڵ، کە رێژەکەی دەگاتە (4.57%)ی کۆی دەنگە دروستەکانی ئەم هەڵبژاردنە، کە 48 ملیۆن و 256 هەزار و 541 دەنگی دروستە.
9- دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر ئاستی تورکیا و بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2023، بە رێژەیەکی زۆر دابەزیوە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەکەپە لەم هەڵبژاردنەدا 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023دا ئەکەپە 19 ملیۆن و 387 هەزار و 412 دەنگی بەدەستهێنابوو.
هەرچی دەنگەکانی پارتی گەلی کۆماریی ئۆپۆزسیۆنە بەرزبۆتەوە بۆ 17 ملیۆن و 391 هەزار و 763 دەنگ، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023دا ژمارەی دەنگەکانی جەهەپە 13 ملیۆن و 791 هەزار و 299 دەنگ بووە. ئەم بەرزبوونەوەیەش ئەنجامی دەنگدانی رێژەیەکی زۆر لە کوردی ئەستەنبوڵە بە جەهەپە، چونکە رێژەی دەنگی کورد
لە ئەستەنبوڵدا لە نێوان (10–13%)ی کۆی دەنگەکانی ئەو گەورە شارەوانیەدایە،
لە کاتێکدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی (دەم پارتی) لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەی ئەستەنبوڵدا تەنها رێژەی (2.12%)ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەمەش
ئەو تێگەیشتنە پشتڕاستدەکاتەوە، کە زۆربەی دەنگدەرانی کورد لە ئەستەنبوڵدا دەنگیان
بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدەکەی پارتی گەلی کۆماری داوە و بە ریژەیەکی زۆر کەمیش دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەکەپە و رەفاهی نوێ و هوداپار داوە.
دەنگەکانی پارتی رەفاهی نوێ جێگەی تێڕامانە و بەرزبوونەوەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بە جۆرێک لەسەر ئاستی تورکیا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و کۆی دەنگەکانی گەیشتۆتە 2 ملیۆن و 850 هەزار و 279 دەنگ. هەرچی پارتی یەکسانی و دیموکرسییە، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2023، ژمارەی دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنەدا دابەزیوە بۆ 2 ملیۆن و 624 هەزار و 650 دەنگ، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023دا ژمارەی دەنگەکانی
4 ملیۆن و 803 هەزار و 737 دەنگ بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگەکانی بەراود بەوانی تر زیادیکردووە و ژمارەیەکی زیاتریشی لە سەرۆک شارەوانییەکانی گەورە پارێزگا و پارێزگا و قەزا و ناحیەشی بردۆتەوە.
10- یاسای هەڵبژاردنی تورکیا، لە سەروبەندی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەی ئینتیشار و دابەشکردنی بنکەکانی دەنگداندا، رێگە دەدات بەوەی کە ناوی ئەو هێزە سەربازی و هێزە ئەمنییانە لە جەندرمە و میت و کارمەندان بە خاو و خیزانیانەوە لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو شار و شارۆچکانەدا تۆمار بکرێن، کە ئەرک و خزمەتی سەربازی و وەزیفی تێدا ئەنجام دەدەن. کە دیارە ئەمەش بە روونی کاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگا و شار و شارۆچکە کوردییەکان، کە دەیان ساڵە لە ژێر باری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و ئەمنی بەردەوامدان. ئەوەی سوودمەندە لە دەنگدانی ئەم سەرباز و ئاسایشانە پارتەکانی دەسەڵاتداری تورکیایە، بە تایبەتیش پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و تا رادەیەکیش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی رەفاهی نوێ. دیارە ئامانج لەمەش بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستگرتنە بەسەر شارەوانییەکانی ئەو پارێزگا و شار و شارۆچکانەدا، کاتێکیش ئەمەیان بۆ ناچێتە سەر، حکومەتی تورکیا دەنگی دەنگدەران بە ئاودا دەدات و ئەکەپە بە بڕیاری حکومی (قەیوم) بەسەر سەرۆک شارەوانییەکاندا دەسەپێنێت. ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو کە بەهۆیەوە کورد سەرۆک شارەوانییەکانی شێرناخ و قارسی دۆڕاند، بە بەڵگەی ئەوەی 6541 ناویان لەو هێزە سەربازیانە بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای شێرناخ زیاد کردووە، کە هاوسنورە لەگەڵ سێگۆشەی عێراق و سوریا و تورکیادا. ئەمە هۆکارە بەوەی کە کاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان بە 18 هەزار و 33 دەنگ و بە رێژەی (47.58%)ی کۆی دەنگەکان هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی شێرناخ دەباتەوە، لە کاتێکدا کاندیدەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی بە جیاوازی 2480 دەنگ بە پلەی دووەم دێت و 15 هەزار و 553 دەنگ و رێژەی (41.04%)ی کۆی دەنگەکانی پارێزگای شێرناخ بەدەستدەهێنێت. بەڵام لە پارێزگای قارس، کە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئەرمینیادا، بەهۆی ئەو دەنگانەی سەرباز و عەسکەرەوە، کاندیدی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لەو پارێزگایەدا 16 هەزار و 384 دەنگ بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا کاندیدەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی 13 هەزار و 120 دەنگی بەدەستهێنا. هەر بەهۆی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە بەرژەوەندی سەرباز و ئاسایش وایکرد زۆر بە روونی تەنانەت کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئەنجامەکانی هەندێک قەزای بچووکی سەر سنوریش دابنێت، بۆ نموونە قەزای شەمدينان لە پارێزگای هەکاری (جولەمێرگ)، کە هاوسنورە لەگەڵ سێگۆشەی وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیادا، کاندیدەکەی پارتی دادو گەشەپێدان رێژەی (48.23%)ی دەنگەکانی ئەو پاریزگایەی بەدەستهێناوە، بەڵام کاندیدی هەمان پارتی ئەکەپە لە (قەزای جەلی)، کە هاوسنورە لەگەڵ قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک رێژەی (31.54%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کاندیدی پارتی رەفاهی نوێ لە (قەزای دەرەجیک)ی سەر بە پارێزگای جولەمێرگ (هەکاری)، کە هاوسنورە لەگەڵ قەزای مێرگەسووری سەر بە پارێزگای هەولێر، رێژەی (54.35%)ی کۆی دەنگەکانی ئەو قەزایەی بەدەستهێناوە، بە دوای ئەویشدا دەنگی کاندیدانی هەریەک لە ئەکەپە و پارتی زەفەر و پارتی باش و دواترینیان پارتی سەعادەت لەو قەزایەدا زۆرترینن!، لە کاتێکدا ئەو قەزایە ناوچەیەکی سنوری دوورە دەستە و لەوەتەی دنیا هەیە هەتا ئەمڕۆش هیچ کەسێک لە نەتەوەی تورک تێیدا نەژیاوە و ناژی.
11- حكومەتی تورکیا لەگەڵ هەڵایسانی قەیرانی سوریادا رەگەزنامەی تورکی بەخشییە هەزاران ئاوارەی سوری و ژمارەیەکی کەمتریشی بەخشییە لیبی و عێراقی، کە زۆربەی ئەمانە هەڵگری بڕوانامەی هەمەجۆر بوون یاخود بازرگان و خاوەنکار بوون، زۆربەی ئەمانە وەلائیان بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، ئەمانە بە پلەی سەرەکی دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان دەدەن و بە پلەی دوای ئەو دەنگ بە پارتی رەفاهی نوێ دەدەن. دەنگی ئەمانە کاریگەریی بەرچاویان هەیە لە چەند پارێزگایەکدا بە تایبەتی لە پارێزگای غازي عەنتاب و ئەستەنبوڵ و هاتاي (ئەسکەندەرونە).
12- بەراورد بە پارتە تورکەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەردەم پارتی کوردیدا بەرتەسککراوەتەوە و ریگری لە ئازادی جووڵەکردنی دەکرێت و ئاستی بڵاوکردنەوە و ریکلامی هەڵبژاردن بۆ پارتی کوردی سنوردارە، ئەمە جگە لە تۆمەتبارکردنی بەردەوامی پارتەکە و ئەندامانیان بە پشتگیریکردنیان لە تیرۆر و پارتی کرێکارانی کوردستان، وێڕای ئەوەی زۆربەی ناوچە کوردییەکانیش کراونەتە سەربازگە و تێیاندا رێوشوێنی ئەمنییان بەسەردا سەپێنراوە.
13- کۆچێکی بەردەوام لە ناوچە کوردییەکانەوە بەرەو مەترۆپۆلەکانی تورکیا لە ئارادایە، بە تایبەتیش بەرەو ئەستەنبوڵ و ئەزمیر و ئەنتالیا و مێرسین و ئەدەنە و بۆرسا، ئەویش لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنیانەوەیە، کە بە بەردەوامی لە ناوچە کوردییەکاندا بەڕێوە دەچن، سەرباری نەبوونی دەرفەتی کارکردنی گەنجان لە پاریزگا کوردنشینەکاندا، بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی تورکیا. ئەمەش لە هۆکارەکانی دابەزینی ژمارەی دەنگدانە بە پارتی کوردی و کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەرانی کوردە لە پارێزگا کوردییەکاندا و لە بەرامبەریشدا بەرزبوونەوەی ژمارەی دەنگدەرانی کوردە لە پارێزگا تورکەکاندا.
14- وەک دەردەکەوێت پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) رێگەیەکی درێژی لەبەردەمدایە تا بتوانێت متمانەی دەنگدەرانی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی پارێزگا کوردییەکان بەدەست بخات، چونکە ئەم پارتە هێشتا بە تەواوەتی نەیتوانیوە لەم پارێزگایانەدا (قارس، ئەردەخان، ئەرزڕوم، چەولیک (بینگول)، ئەرزنجان، ئەديامان، مەلاتیا، ئورفە (رۆها)، غازي عەنتاب، ئەلازيگ، مەرەش، كیلس، سێواس) بچێتە نێو رکەبەرییەکی فیعلییەوە، هۆکاری سەرەکی ئەو کورتهێنانەشی دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بە تورککردنی بەردەوام و نیشتەجێکردنی تورک و تورکمانەکان لەو پارێزگایانەدا و کۆچپێکردنی دانیشتوانەکەیەتی بەرەو ناوچە و پارێزگاکانی رۆژاوای تورکیا، ئەمە ئەو پرۆسەیەیە کە زیاتر لە سەد ساڵە بەردەوامە. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی توێژینەوەی قووڵی هەمەلایەن لەسەر هۆکارەکانی ئەو کورتهێنانەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایانەدا بکات و پلانی واقیعی بۆ هەر پارێزگا و قەزایەک بە جیا دابڕێژێت لە پێناو زاڵبوون بەسەر ئەو کەندو کۆسپانەدا بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت هەنگاو بە هەنگاو متمانەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانە بەدەستبهێنێت. دیارە ئەمەش بەوە دەبێت بۆ نموونە کەسانی سەربەخۆی ناسراو لە رووی دەستپاکی و کوردبوونەوە کاندید بکات، یاخود هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتگەلی دیکەی وەک پارتی گەلی کۆماری یان ئەوانی دیکەدا گرێبدات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەتونین بڵێین کە پارتی یەکسانی و دیموکراسی تونیویەتی بەشێک لەم ئالەنگارییانە تێپەڕێنێت و ئەوەش بەوەدا دیارە کە ئەو پارتە توانیویەتی لە پارێزگای رۆها (ئورفە) حەوت قەزا، لە پارێزگای ئەرزەڕوم سێ قەزا، لە پارێزگای قارس دوو قەزا و لە پارێزگای ئەلازیگیش قەزایەک بباتەوە.
15- سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا وادەردەکەوێت، کە وانەی لە سەپاندنی ئەو واقیعە وەرنەگرتووە، کە پێچەوانەی ئیرادەی دەنگدەرانە، ئەمەش لەو لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردۆگاندا بەدەرکەوت، کە لە دوای جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان وتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کۆتایی دنیا نییە و جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی تیرۆر و تیرۆریستان کردەوە. ئەمە بە شیوەیەکی روونتر لەو بڕیارەی دادگادا بەدەرکەوت کە دژی (عەبدوڵلا زێدان)ی کاندیدی سەرکەوتووی پارتی یەکسانی و دیموکراسی لە پارێزگای (وان) دەرچوو، کە ناتوانێت ئەرکی سەرۆک شارەوانی ئەو پارێزگایە بەدەستەوە بگرێت. ئەمەش بووە مایەی ئەوەی کە هاوڵاتیانی وان و هەکاری و باتمان و چەندین شار و شارۆچکەی تر بڕژێنە سەر شەقامەکان لە پێناو رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە نایاساییەی کراوەتە سەر ماف و ئیرادەی دەنگدەران لە پاریزگای وان. چونکە ئەو بڕیارە لە کۆتایی دەوامی رۆژی 29/3/2024 ئاڕاستەی دەستەی هەڵبژاردنەکانی وان کرابوو، واتە تەنها رۆژێک بەر لە رۆژی دەنگدان، بەڵام ئەو خرۆشانە جەماوەرییە کاریگەری بەرچاوی لەسەر بڕیارەکەی کۆمسیۆن دانا بەوەی کە چاو بخاتە سەر ئەو تانەیەی کە لەلایەن عەبدوڵلا زیدانەوە پێشکەش کرابوو، ئەوەبوو دواجار لە بەرژەوەندی ناوبراو کۆتایی هات و ماف بۆ خاوەن ماف گەڕێندرایەوە، لە بارێکدا عەبدوڵڵا زێدان یەکێکە لە رۆڵەی ئاغاکانی سەر بە عەشیرەتێکی گەورەی کوردی، کە بە ناوچەکانی جولەمێرگ و واندا بڵاوبوونەتەوە، ناوبراو 245 هەزار و 573 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (55.48%)ی کۆی دەنگەکان، لە بەرامبەردا کاندیدەکەی پارتی ئەکەپە (عەبدولئەحەد ئەرڤاس)، کە سەر بە بنەماڵەیەکی ئاینی و ناسراوە و لە کۆنەوە پشتگیری لە حکومەتەکانی تورکیا دەکەن، 120 هەزار و 147 دەنگی بەدەستهێناوە، کە رێژەکەی دەکاتە (27.15%)ی کۆی دەنگەکان. پارتی ئەکەپە و حکومەتی تورکیا پێشبینی ئەو راپەرینە جەماوەرییەیان نەکردبوو، بە تایبەتی ئەوەی کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی پارتی ئەکەپەش لە ناوچە کوردییەکان پابەند بن بە خۆپیشاندەرانەوە، کە ئەمەش هۆکارێکی روون بوو لە بڕیارەکەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بە گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەیی دەستبەکاربوونی عەبدوڵڵا زێدان وەک سەرۆکی گەورە شارەوانی وان، ئەو پارێزگایەی کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا و لە رووی جوگرافی و ئابوورییەوە بایەخ و گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، کە رۆژانە لە دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێراندا سەدان گەشتیاری ئەو وڵاتە بۆ مەبەستی گەشتکردن روو لە وان دەکەن.
کۆتایی:
لەو خستنەڕووەی سەرەوە ئەوە بەدەرکەوت کە نەخشەی سیاسی لە تورکیادا لە گۆراندایە بەرەوە زیادبوونی کێش و کاریگەریی پارتی گەلی کۆماری و پاشەکشەی ئاستی جەماوەریی پارتی دادو گەشەپێدان. هاوکات دەنگەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی)، بەراورد بە دەنگی پارتەکانی دیکە بە رێژەیەکی کەم لە ناوچەکانی باکوری کوردستان زیادیکردووە، لەگەڵ دابەزینی دەنگەکانی دەم پارتی لە گەورە شارە تورکنشینەکاندا بە هۆکاری ناردنی دەنگەکانی بۆ پارتە رکەبەرەکەی داد و گەشەپێدان بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی پارتی گەلی کۆماری. هاوکات هەڵکشانی بەرچاوی دەنگەکانی پارتی رەفاهی نوێ و بەدەستهێنانی پلەی سێیەم لە ئاستی تورکیادا و لە بەرامبەریشدا پاشەکشەی ئاستی جەماوەریی پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورک وەک پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و پارتی باش.
ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکانی تورکیا ئەوەمان پێدەڵێن کە دەبێت پارتی دادو گەشەپێدان بەرلەوەی دەست بۆ هەموارکردنەوەی دەستوربەرێت بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم خۆکاندیدکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028دا، پێویستە وردتر بیری لێبکرێتەوە، چونکە ئەگەر دۆخی سیاسی و ئابوری و نێودەوڵەتی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا چانسی بەردەوامبوونی پارتی دادو گەشەپێدان وەک پارتی ژمارە یەک لە تورکیا نامێنێتەوە و با دەیبات.
AM:09:48:19/04/2024
سەرچاوە : سپیمیدیا