شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*
*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر هەوڵ هەبوون و هەن لە پێناو رێكخستنەوەی بەرنامەی كاری وڵاتان و ناچاركردنیان بۆ دەرچواندنی یاسای تۆكمە بە ئامانجی رێگریكردن و پێشگرتن لە مەترسییەكانی داهاتووی بەردەم ئاسایشی خۆراك و ئاو لە جیهاندا لەم چوارچێوەیەشدا زۆر هەوڵدراوە لەلایەن رێكخراوە جیهانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دیارترینیان دەخەینەڕوو.
پاش ئەوەی گۆڕانكارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە روویان لە زیادبوون كرد لەلایەك و پلەی گەرمی گۆی زەویش بەرزتر بووەوە و رێژەی دابارینیش ساڵ دوای ساڵ كەمتردەبێتەوە هەموو ئەمانە كاریگەری راستەوخۆیان هەیە بۆسەر خراپی دۆخی ئاسایشی خۆراك و ئاو و زەنگێك بوون بۆ ئاگاداركردنەوە و كاركردنی خێرا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەت بۆ رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو)ی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، كە تایبەتمەندە بە كاركردن لە بوارەكانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراك هاوكارییەكانی ئەم رێكخراوە ساڵانە 87 ملیۆن كەسی كەمدەرامەت سوودمەندن لێی و لە رێگەی وردبینی و پڕۆژەكانییەوە سەرجەم كارتێكەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراك و ئاو بە راپۆرتی شیكاری دەخاتەڕوو بۆ ئەمەش چەندین لیژنەی تایبەتمەند هەن كە راسپاردەكان دەكاتە بەرنامەی كار و وڵاتان ئاگادار دەكاتەوە لە (خراپی جۆر و چەندێتی خۆراك، وێرانی رێژەی سەوزایی و بەرهەمی كشتوكاڵ و دارستانەكان، كەمبوونەوەی بەرهەمی ماسی، خراپی كوالێتی و كەمی بڕی ئاو لە جیهاندا).
هەروەها پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی یەكێكی ترە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كە بەردەوام لە رێگەی ژمارە و داتای پشت پێبەستراوەوە پێویستییەكان دەخاتەڕوو بەتایبەت لە رووی داراییەوە دەبێت هەبن لەپێناو كەمكردنەوەی قەیرانەكان و ژمارەی ئەو كەسانەش دەخاتەڕوو کە مەترسییەكان بەرۆكی گرتوون بۆ نموونە بۆ 2023 ئاماژە دەدات بەوەی پڕۆگرامەكەیان پێویستی بە 23 ملیار دۆلار هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان و كەمكردنەوەیان بۆ ئەو مەبەستەش 150 ملیۆن كەس پێویستی بە بەدەمەوەچوون و هاوكارییە .
سەرەڕای ئەو هەوڵە دیارانە چەندین رێكخراو و دامەزراوە و وەزارەتی پەیوەندیداری وڵاتانی زلهێز هەن تواناكانیان خستۆتەگەڕ بۆ رێگریكردن لە مەترسی گەورەتر، بەڵام دواجار ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییانەش نەیانتوانیوە ئامانجەكانیان وەك پێویست بهێننەدی ئەوەش بەهۆكاری رووداوە سروشتییەکان، كە ئێستا كاریگەرییەكانی كەم نین هەر لە لافاو و دابارینی زیاد لە هەندێک لە وڵاتان و وشكە ساڵی کە هەندێک لە وڵاتی تری گرتۆتەوە، تەشەنەسەندنی كۆرۆنا لە ساڵانی رابردوودا کە تائێستا كاریگەرییەكانی زیندووە و جەنگ لەلایەكی تر كۆسپەكانی گەورەتر كردووە بەتایبەت جەنگی روسیا- ئۆكراینا.
هەموو ئەو رێگرییانە وایان كردووە 690 ملیۆن كەس بە دەست برسێتییەوە بناڵێنن و ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن مەترسییەكە گەورەتر دەبێت بەڕێژەی 690 ملیۆن كەس بۆ ساڵی 2030 بۆ ئەمەش رێكخراوی جیهانی (فاو) داوای برەودان بە بەرنامەكانی پاراستنی كومەڵایەتی و درێژەدان بە بازرگانی و دابینكردنی خۆراك و هاوكاریکردنی كەرتی كشتوكاڵ دەكات .
سەرچاوە : کوردستانی نوێ