"ویستێكی راستەقینە نییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری"

 

 

 

 

 

 

سەنتەری میترۆ لە یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییداپەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" كارێك مەكەن كە ناكۆك بێت لەگەڵ رەوشتی پیشەكەتاندا". دەشڵێت" ویستێكی راستەقینە لە ئارادا نییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری". 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان، لە پەیامێکدا رایگەیاند" بەبۆنەی یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی پیرۆزبایی گەرم لە رۆژنامەنووسان دەكەین، داوا دەكەین یادی ١٢٧ ساڵە، ببێتە مایەی دروستبوونی ویستێكی راستەقینە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و زانیاری و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا، رۆژنامەنووسانیش هیچ ئەركێك لە ئەستۆ نەگرن كە ناكۆك بێت لەگەڵ ئاكاری پیشەكەیاندا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كاتێكدا یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری دەكەینەوە كە" تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، بەبێ سزا تێپەڕبوون و بە بەندەكانی یاساكانی سزادانی عێراقی رۆژنامەنووسان حوكمدراون لە هەرێمی كوردستان ویستێكی راستەقینە لە ئارادا نییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و دەستكەوتنی زانیاری".

لە پەیامەکەی سەنتەری میترۆ ئەوەش هاتووە" لەناو دەزگاكانی راگەیاندندا نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، كێشەكانی گرێبەستی دادپەروەرانە، خراپتربوونی حاڵەتەكانی دەركردنی رۆژنامەنووسان لەكارەكانیان و دواكەوتن یا پێنەنەدانی مووچە، بەردەوام بوون".

ئەوەشی خستەڕوو، سەنتەری میترۆ لە ١٤ راپۆرتی ساڵانەی پێشوویدا، دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لەگەڵ دەرخستنی پێشێلكارییەكان، چەندین راسپاردەی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەم یادەدا داوا دەكەین:

. پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەكان كە ئازادی رۆژنامەنووسان زەوت دەكەن، نموونەی كەیسی (شێروان شێروانی و قارەمان شوكری).

. كاركردن بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لە رێگەی كاراكردنی یاساكانی كاری رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.

. ئەنجومەنی وەزیران بەربگرێت بە دەركردنی فەرمان و رێنمایی كە پێچەوانەی بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەرین نموونەی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزراەتی رۆشنبیری كە ئەنجومەنی وەزیران رایگرت و هەڵیوەشاندەوە.

. رەچاوكردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت.

. كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسككردنەوەی جووڵەی رۆژنامەنووسان لەسەر سنورەكان مەترسییان بۆ سەر تیمەكانی میدیا نییە.

. دانانی میكانیزمێكی نیشتمانی هەمیشەیی و سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.

. دەركردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و راگرتنی هەموو ئەو فەرمان و رێنماییانەی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادی مافی بەدەست هێنانی زانیاری.

. كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەهەر جۆرە توندوتیژییەك بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، بە پلانی كاركردنی ڕوون بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی هەرێم.

. فەرمانی مانەوەی رۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن و تەنها پۆلیس بۆی هەبێت لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بكات. 

. كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی، هێرشی ئەلیكترۆنی، ناوزڕاندنی رۆژنامەنووسان لەكاتی كاركردنیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی یان رەخنە گرتن.

سەرچاوە : سپی میدیا