هەرێم و گەمەی سیاسی

 

     ئەحمەد دەروێش

لەئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ناسەقامگیریی جینگڵ دەدات و تادێت روبەڕی ئەو ناسەقامگیرییەش زیاد دەکات، بێگومان ناڕاستەوخۆ وڵاتانی ناوچەکە بەسەر هەردوو بەرەکە (ئێرانی - روسی - چینی) و (ئەمریکی - ئەوروپی) دابەش بوون، بەڵام زۆر بەوریایی گەمەدەکەن و بەچڕیی شیکاریی و هەڵوێستە بۆ ئەو پرسە دەکەن.

هەرێمی کوردستان لەکوێی هاوکێشە هەرێمییەکاندایە؟

وێڕای نەبوونی سەنتەر و دامەزراوەی ئەکادیمیی لەهەرێم بۆ پرسە سیاسیی و ستراتیژییەکان (وەک دەزگایەکی زانستیی حکومی)، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لێکەوتەکانی ئەم بەریەککەوتنەی بلۆک و جەمسەرەکان لەبەرچاو نەگرن، ناشێ و ناکرێ بەبێ توێژینەوە و، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاییندەی هەرێم، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی سەروماڵی هاونیشتمانییان و، ئەو ژێرخانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی کە هەیە، هەمووی بەنادیار بسپێردرێ! 

دەرچوون لەنێو بازنەی سیاسەت و روانینی بەغدا بۆ پرسەکە، کردەیەکی خۆکوژییە بۆ هەرێم و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.

شکانەوە بەلای ئەمریکادا بۆ؟

لەشەڕی دووەمی جیهانییەوە کەئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانان و پاشان وڵاتانی سەرمایەداریی دەکات  ئەمە لەلایەک و، لەلایەکی دیکەوە  لەسایکس بیکۆ تائێستا، پرسی مافی سیاسی لەشێوەی دەوڵەت و کیانێکی سیاسی سەربەخۆ، هیچ وەختێک لای ئەوروپیی و ئەمریکییەکان  مەترەح و قبوڵکراو نەبووە، ئیدی هێزگەلێک بەدرێژایی یەک سەدە ئەمە روانینی بێت بۆ کورد و کێشە ڕەواکەی، هێزگەلێک دوێنێ رێگە بەمانەوەی هێزی کورد لەناوچەدابڕێنراوەکان نەدا ( 16ی ئۆکتۆبەر)، ئاخر دوێنێ بوو کە نوێنەری ئەمریکا لە هەولێر (کاکەڕەش) حکومەتی هەرێمی بەکارتۆنی ناساند، ئەوە ئەمریکابوو کەلەسەر زمانی سەرۆکەکەی ( تڕەمپ )، ئەو سەرمایە نایابەی رۆژئاوا (پەیەدە و یەپەگە)ی تەنیا بەجەنگاوەر و شەڕکەری ئازا ناودێر کرد! 

 

سەرچاوە : خەندان
لەبەرانبەردا، هەرێم لەنێو دەوڵەتی عێراقدا مافە سیاسییەکانی لەنێو دەستوردا جێگیرکراوە، بەغدا بووەتە سەرچاوەی داهات و بژێوی خەڵکی کوردستان، ئیدی چ ئاکتێکی سیاسی ژیرانەیە ریسک بەمافە سیاسیی و ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات؟ 

چ ژیرێک مسۆگەریی بەنامسۆگەر دەگۆڕێتەوە، مسۆگەرییەک کە یەک سەدەی تەواو خوێنی بۆ رژابێ؟

لەم چرکەساتەدا کە ئابووری هەرێم لەدۆخی وەستان دایە (الرکود)، گیرفانی خەڵک بەتاڵە، بێکاریی زۆری هێناوە و خەریکە دەبێتە مۆرانە، پاڵدان بەئەمریکا و  حساب نەکردن بۆ عێراق و، لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکانی حکومەتی فیدراڵ و هێنانیان بۆ هەرێم، گەمەیەکی سیاسیی نەتەنیا خۆکوژانەیە، بەڵکو کورد کوژانەیە و هەرێم وێران دەکات.

دەسەڵاتدارانی هەرێم، گەر ئەو گەمەیە بکەن، وێڕای سیستمە کلیپتۆکراسییەکەی (چەتەگەرێتیی)، خەسڵەتێکی دیکەش وەک گروپێکی موخابەراتی، بۆخۆیان سەربار دەکەن.