ئیدارەی خۆبەڕێوبەری رۆژئاوای کوردستان بەڵگەنامەیەکی ئاراسەتەی چەند رێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند دامزراوەیەکی تر کردووە کە تێیدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەکات بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە و دەڵێت 224 پێگە بۆردومان کراوە و زیانی 56 ملیۆن دۆلار بووە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو راپۆرتەی ئیدارەی خۆبەرێوبەری ئامادەی کردووە، سوپای تورکیا 224 پێگەی بۆردومان کردووە لەرێی 304 هێرشی زەمینی و ئاسمانییەوە کە 221 هێرشیان لەڕێی تۆپهاوێژەوە بووە و 83 هێرشی تریش لەڕێی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە بووە لە رۆژانی 4-5-6-7-8-9-10ـی تشرینی یەکەمی 2023.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە 47 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و 55 کەسی تریش برینداربوون، زیانی هێرشەکانیش بە 56 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە کە تێیدا کێڵگەی نەوت، وێستگەی کارەبا و ئاو، کلینیکی پزیشکی و ناوچەی پیشەسازی و ناوەندی دارایی بەئامانج گیراوە.
راپۆرتەکە نێردراوە بۆ چەند رێکخراوێک لەوانە، ئۆفیسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ئۆفیسی نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، نوێنەری، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سوید، فینلەندا، هۆڵەندا و یۆنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند ئۆفیس و رێکخراوێکی تریش.
سەرچاوە : سایتی ئاوێنە