داتەپینی زیاتری خوێندن و تەندروستی حكومی، لەبەرامبەریدا برەودان بە خوێندن و تەندروستی تایبەت، دوو لەو لێكەوتانەی سیستەمی نیولیبرالیزمن كە لە هەرێمی كوردستان دەركەوتوون، ئەم دوو خزمەتگوزارییە كە لە زۆرینەی وڵاتان بەبێ بەرامبەرن، بەرەو ئەوە دەڕۆن تەنیا خەڵكانی پارەدار بتوانن لێیان سودمەند بن.
پێشەكی
هەندێكجار دەگونجێت هێزی شتێك لە ناڕوونیەكەیدا بێت، نەبونی پێناسێكی روون بۆ نیولیبڕالیزم ئاسانكاری بۆ كردووە كۆنترۆڵی سیستەمی نوێی جیهانی بكات، ئەم فەلسەفەیە کێبەرکێ وەک نیشانەی پەیوەندی مرۆڤ دەبینێت، بەو واتایەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان هەرەمێكی زنجیرەیە لە بازاڕ، كە براوە و دۆڕاو كۆدەكاتەوە بۆ بەرپاكردنی سیستەمێك كە كاراترە لەوانەی پێش خۆی.
لەم سیستەمەدا سنوردارکردنی دەوڵەت و باجی حکومەت و یاساکانی تر تەنیا وەک توخمی دژە بەرهەمهێنەر دەبینرێن، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی دەوڵەمەندەكان و خاوەن پرۆژەكانی قازانج بەسەر ئەندامانی دیكەی كۆمەڵگادا زاڵبكات.
نیولیبڕالیزم رۆڵی هەبووە لە رووخانی بیمەی تەندروستی خوێندن لە ژمارەیەك وڵاتدا، هەروەها رۆڵی هەبووە لە قەیرانی ژینگەدا كە وڵاتانی ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵانەی كۆنگرەی تایبەتی بۆ دەبەستن، هەندێك پێیانوایە نیولیبرالیزم رۆڵی شەیتانی هەیە لەسەرجەم قەیرانە نێودەوڵەتییەكاندا. ئاماژەكانی ئەم ئەم ئایدۆلۆژیا نوێیە لە هەرێمی كوردستان دەركەوتوون، بە تایبەت لە كەرتی خوێندن و تەندروستی.
نیولیبرالیزم چیە؟
مێژووی سەرهەڵدانی نیولیبرالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ١٩٣٠، کاتێک لە پاریس، دەستەیەک لە ڕووناکبیرە لیبڕاڵەکان لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی تەواوییەتخوازیی "حیزبی نازی ئاڵمان" و بەرنامەداڕشتنی کۆخوازانەی ئابووریی دەوڵەتی کینزی ئینگلیز و سیاسەتی نوێی ئەمریکا واتە "نیوودیل" ی فڕانکلین ڕۆزوێڵت لێک بدەنەوە. ئاکامی ئەم کۆبوونەوەیە داهێنانی چەمکی نیولیبرالیزم و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەیەک بوو کە "گرنگی دەوڵەت وەکوو پارێزەری بازاڕی ئازادی لە پێوەندی لەگەڵ مسۆگەرکردنی ڕەوتی بەڕێوەبەری قانوون دەدیت".
نیولیبراڵیزم یان لیبراڵیزمی نوێ: چەمكێكی سیاسیو ئابوورییە، لەسەرانسەری جیهاندا لایەنگرو بەرهەڵستكاری هەیە. هەوڵێكی هۆشیارییانەیە بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی ژیانی مرۆڤ، دەگونجێت بە ئایدۆلۆژیای قۆناغی نوێ ناوزەندبكرێت، نیولیبرالیزم وایدەبینێت ناونیشانی بنەڕەتی كۆمەڵگەكان كێبڕكێیە، هاوڵاتیان وەك بەرخۆر وێنا دەكات و لەرێی كڕین و فرۆشتنەوە بژاردەی دیموكراسی خۆیان پیادە دەكەن، پرۆسەیەكە دەوڵەمەندەكان پاداشت دەكات و سزای هەر تاكێك دەدات كە نەتوانێت بەباشی كارەكەی بكات.
نیولیبرالیزم، لەسەر كەمكردنەوەی رۆڵی دەوڵەت و حكومەتەكان و زیادكردنی رۆڵی كەرتی تایبەت كار دەكات، هەوڵدەدات دەست بەسەر ئابووریدا بگرێت لە حكومەتەكانەوە بۆ كەرتی تایبەت، بەپاساوی ئەوەی ئەمە کارامەیی حکومەت زیاتر دەکات و دۆخی ئابووری وڵات باشتر دەکات.بە تایبەتکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەمکردنەوەی یاسا و کۆنتڕۆڵی حکومەت ئەوەیە کە نیۆلیبرالیزم بەنیازە ئەنجامی بدات.
نایەکسانی بۆ هەمووان چاکە
نیولیبرالیزم، نایەکسانی وەک ئامرازێک بۆ دابەشکردنی سامان بەسەر هەموو کەسێکدا دەبینێت، بۆ نیولیبرالیزم، بازاڕ بۆ هەموو کەسێکە کە ئەو شتەی کە شایستەی خۆیەتی بەدەست بهێنێت، ئەمەش بە مانای ئەوەدێت هەموان یەكسانین لە دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی سەروەت و ساماندا، فەلسەفەی نیولیبرالیزم، پێیوایە هەوڵەكان بۆ بەدیهێنانی یەكسانی كاریگەر نین.
هەر كەس سواری شەمەندەفەرەكەی نەبێت دۆڕاوە، ئەمە ئەو تەكنیكەیە كە نیولیبرالیزم كاری لەسەر دەكات، كاتێك تاك كارەكەی لەدەستدەدات دەبێت سەرزەنشتی خۆی بكات نەك حكومەتەكان، چونکە سەركێشی نەکردووە بۆ ناو بازاڕی تایبەت و دەست بە کاری خۆتان بکەن.
پارە هەموو شتێكە
نوێنەرانی لیبراڵیزمی نوێ دوژمنی سەرسەختی دیموكراسین. ئەمانە بڕوایان بە هەڵبژاردنو دەستاودەستی دەسەڵات نییە. ئەوان تا ئەوكاتە لایەنگری دیموكراسین، دەسەڵات لەدەست ئەو چینەدا بمێنێتەوەو بەرژەوەندیی ئەوان نەكەوێتە مەترسییەوە.
نیولیبراڵەكانی رۆژئاواو رۆژهەڵات یەك دروشمی ناوەندییان هەیە: پارە پەیداكردنو دەستگرتن بەسەر سەرچاوە داراییەكانو دڵنیابوون لە بێدەنگبوونی خەڵك. ئەو راوەڕووتی خۆی دەكاتو سامانی وڵات بە تاڵان دەبات، بەڵام هاووڵاتیان نابێ ئاژاوە بنێنەوەو زیان بە دەوڵەت بگەیێنن. مووچە كورت دەكرێتەوەو باج بەرز دەكرێتەوە، نابێ رێپێوانو خۆپیشاندانو مانگرتن روو بدەن. هاووڵاتیان دەبێ پشتێنەكەیان توند بكەنەوەو لەو پاشەكەوتە خۆیان بژێنن كە پێشتر پاشەكەوتیان كردووە. نابێ دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی دەستۆ بگرێت، هەر لەبەر ئەوەی هاووڵاتی كەمتەرخەم بووەو رۆژی رەشی لەبەرچاو نەگرتووە.
كوردستان و نیولیبرالیزم
نیولیبرالیزم توانیویەتی به ئاسانیی بگاته ناو دڵی وڵاتانی سێیهم و دهستهمۆی كردوون، له ڕێی وروژاندنی ههستیانهوه به جوانتركردن و پێشكهوتنی سهرسوڕهێنهر، به قهرزكردن له بانكی نێودهوڵهتیی و جێبهجێكردنی مهرجهكانی بانكهكهو سندوقی دراوی نێودهوڵهتیی. قهرزكردن له پێناوی دانهوهی قهرزو جارێكیتر قهرزكردنهوه، تا ئاستی نابووت بوون ئهم پرۆسهیه بهردهوام ئهبێت.
چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی چڕ كار لەسەر بە تایبەتكردنی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی دەكرێت، ئەم خزمەتگوزارییە گشتیانە بەرەو پوكانەوە دەبرێن. قوتابخانە و زانكۆ گشتییەكان فەرامۆش دەكرێن كوالێتییان دادەبەزێنرێت و پاڵپشتیی جارانیان نامێنێت تاكو خوازیاران ڕووبكەنە خوێندنگا و زانكۆ ناحكومی/تایبەتەكان.
هەروەها هێنانە ئارای سیستەمی پارالێڵ، كە بریتییە لە فرۆشتنی كورسیی خوێندن بە خوێندكار لە بەرامبەر بڕێك پارەدا، واتا ئەو خوێندكارەی نمرەی كەمە دەتوانێت لە بەرامبەر پارەدا هاوتەریبی كەسێكی تر ببێت كە نمرەكەی لەو بەرزترە، ئەمەش دەكرێت ئەوەك ئاماژەیەكی نیولیبرالیزم ببینیرێت.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان 19 كۆلێژ و زانكۆی تایبەت لەگەڵ 13 پەیمانگای تایبەت هەن، ئەنجامەكانی ئەمساڵی زانكۆلاین بە پارەكردنی زیاتری خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگاكان زیاتر دەرخست، كاتێك كە رێژەی خوێندنی خۆڕایی كەمكرایەوەو لەبەرامبەریدا خوێندن بە پارە زیادیكرد.
لە سێكتەری تەندروستیدا كاریگەرییەكانی نیولیبرالیزم بە زەقی دەبینرێت، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، 75 نەخۆشخانەی حكومی و 60 نەخۆشخانەی ئەهلی هەن.
بە گوێرەی بەدواداچوونێكی مەیدانی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان، کەرتی تەندروستی گشتی (حکومی) لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کەموکوڕی و گەندەڵی ئاشکرا بووەتەوە، گرفتی سەرەکیش کەمی و خراپی بینای تەندروستییە، بۆ نمونە لە شارۆچکەی ئاکرێ، بۆ ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی تەنها یەک نەخۆشخانەی حکومی هەیە، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بۆ ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی یەک نەخۆشخانەی حکومی هەیە.
سەرچاوە : پەیسەر