نووسین وه‌ك لادان له‌ شوناس

ژاک ڕانسیەر لەدایکبووی (جه‌زائیر-١٩٤٠) پرۆفێسۆری فه‌خریی فەلسەفەیە لە زانکۆی پاریسی هەشت (سەن دۆنی). ڕانسیەر کاتێک ناسرا کە لەگەڵ لویی ئالتوسێر، فەیلەسوفی مارکسیست، کتێبی خوێندنەوەی کاپیتاڵیان نووسی (١٩٦٨). لە دواییدا لە ئاڵتوسێر دوور کەوتەوە و کتێبی شەوی پرۆلێتەرەکانی نووسی، بەرهەمێک کە نووسینە فه‌لسه‌فی و شیعرییەکانی کرێکارانی سەدەی نۆزدەیەمی فەڕەنسای ھەڵسەنگاندبوو. لە ڕێگەی ھەڵسەنگاندنی ژیانی ئەم کرێکارانەوە کە خۆیان ڕادەهێنا، ڕانسیەر ڕێگه‌یەکی نوێی بەسەر‌ بیرکردنەوە سه‌باره‌ت به‌ ئایدیای کرێکار و ئەو نەزم و ده‌ستووره‌دا کردەوە کە لە نێوان ئەو کەسانەدا کە بۆ ژیانێکی هزری دیاریکراون و ئەوانەدا کە لەدایک دەبن بۆ کارکردنی جەستەیی، دابەشکاری دەکات. ڕانسیه‌ر بە نووسینی فەیلەسوف و هەژارانی لە فەلسەفەی کلاسیکەوە تا مارکس و سارته‌ر، سیمای پیشەوەری ھەژاری شی کردووەتەوە. لە کتێبی مامۆستای نەزاندا، کە لە ئەزموونەکانی مامۆستایەکی ڕادیکاڵ لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، ژۆزیف ژاکۆتۆ، ئیلھامی وه‌رگرتبوو، ڕانسیەر هه‌وڵی دا دووباره‌ بیر لە ئایدیای فێرکاری بكاته‌وه‌، جیاواز لە ئایدیای گواستنەوە له‌ نەزانییه‌وه‌ بۆ زانایی، یان لەوانەوە کە زانینیان ھەیە بۆ ئەوانەی کە نیانە، تا تێبینی بکرێت چۆن ھەموو فۆرمەکانی نەزانی هاوکات مەرجن بۆ زانایی. ڕانسیەر لەم دواییەدا بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانی کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکان بە زمانی ھێندی لە دەھلی بوو.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی خواره‌وه‌ وه‌رگێڕانی چاوپێكه‌وتنێكی رانسییه‌ره‌ له‌باره‌ی كتێبی "شه‌وی پرۆلێتێرەکان."

پ: با بە گێڕانەوەیەکەوە دەست پێبکەین کە یارمەتیمان دەدات ئەو کەسانەی لەگەڵ کارەکەی تۆ ئاشنا نین، بباتە نێو دڵی شەوی پرۆلێتێرەکان. بۆچی ئەو کرێکارانەی شیعر دەنووسن، مەترسیدارترن لەوانەی وا گۆرانیی شۆڕشگێڕانە ده‌ڵێن ؟

و: من دەقاودەق نەمگوتووە یەکێکیان لەوی دیکه‌یان مەترسیدارترە. پێویستە بە شێوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم بابەتە بڕوانن. له‌ دەیەی ١٨٣٠دا لە فەڕەنسا گەلێ کرێکار شیعریان دەنووسی، کاری ئەدەبییان دەکرد، پێم وایە کاتێک کرێکار چووە نێو جیھانی بیرکردنەوە و کولتوورەوە، بۆرژوازی ھەستی بە مەترسی کرد. کاتێک کرێکارەکان تەنھا خه‌ریكی خه‌باتن، وا دادەنرێت لە جیھان و شوێنی خۆیاندان. وا دانراوە کرێکاران کار بکەن و لە مووچە و مەرجەکانی کارکردنیان ناڕازی بن و دیسان هه‌ر درێژە بە کارکردن بدەنەوە و هەمدیسان تێبکۆشن. بەڵام کاتێک کرێکاران ھەوڵ دەدەن شیعر بنووسن و ببن بە نووسەر و فه‌یله‌سوف، ئەوە مانای لادانە لە شوناسی خۆیان وەکو کرێکار‌. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەم لادان یان بێشوناسییەیە. ئەو شتەی ھەوڵم داوە پیشانی بدەم، ئەوە بوو کە ھیچ به‌رهه‌ڵستییه‌كی ڕاستەقینە بوونی نەبوو. مەبەستم ئەوە نییە کە ھەموو ئەو کرێکارانەی هه‌وڵ ده‌ده‌ن شیعر بنووسن، چوونه‌ته‌ ناو شۆڕشەوه‌، بەڵام جۆرێک لە جووڵەی گشتیی خەڵک بۆ تێپەڕاندن لە بارودۆخیان هەبوو.

پ: لە نێو ئەوانەدا کە بەشدارییان لە سیاسەتی ڕزگاریدا ده‌كرد، ھەستێکی هاوبەش هەبوو و بەم جۆرە خۆی دەردەخست: "ئه‌گەری بوونی جیھانێکی دیکه‌ ھەیە". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك جار ئه‌م خستنه‌ڕووه‌ پشتئه‌ستووره‌ به‌ ئایدیای پێشکەوتنی مادیی ئەو جیھانانەی [پێشتر] ھەن. من له‌ كتێبی شه‌وی پرۆلێتێرەکاندا پێشنیازێكی دیكه‌م به‌رچاو كه‌وت: [كرێكاران] بایه‌خ ناده‌ن به‌ چاككردنی هه‌لومه‌رجه‌ مادییه‌كانی جیهانی هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یانه‌وێت له‌و ژیانه‌ هه‌ڵبێن. تۆ ئه‌وه‌ ده‌خه‌یته‌ ڕوو کە ئەم کرێکار-نووسەرانە بە کێشانەوەی ھێڵەکان لەم بابەتە مه‌حاڵەدا بەشدارییان کردووە. چۆن پێوەندیی نێوان ڕزگاری و سیاسەتی مه‌حاڵ تێده‌گه‌ن؟

و: ھەمووی بەندە بەوەی چۆن لە وشەی مه‌حاڵێتی تێبگەن. باسەکە تەنیا گەڕان نەبوو بۆ شتێک کە ڕەها و ڕەبەق مەحاڵ بووە، لای من باسەکە بینینی دۆخەکان وەک دابەشکردنی جێگە و شوێنەکان بوو. دابەشکردنی شوێنەکان بەو مانایەیە بوونی ئەگەردار دەکرێ چۆن ببینرێت، باس بکرێت و بهزرێنرێت. دۆخێک ڕستێک ئەگەر و ئیمکان دیاری دەکات و مه‌حاڵیش سنوورەکەیە. من لە ئایدیای کرێکاری ڕزگار گەڕاوم، لە شوێنێک کە پرسه‌كه‌ ھەمیشە تێپەڕانە لە سنوورەکانی مه‌حاڵ. چونکو ئەو شتەی جۆرێکی تەوساوی‌ ئەگەردار و مومكین بوو، چاككردنی دۆخی کار و مووچە بوو، بەڵام ئەوە بەس نەبوو. ئەو شتەی کرێکاران دەیانویست، ئەوە بوو ته‌واو وه‌ك مرۆڤ سه‌یر بكرێن، لەگەڵ ھەموو خه‌سڵەتەکانی مرۆڤبوون، نەک ته‌نیا ئەو شتانه‌یان هه‌بێت كه‌ بۆ کرێکاران مومكینه‌. کەوابوو، مەرج نییە بە حەتمی لە نێوان چاككردنی مادی و ئەم ھەوڵدانەدا لێکدژییەک ھەبێت. ھیوادارم من ئەم ھەستەم دروست نەورووژاندبێت کە ئەمە لە ڕوویەکەوە گرێدراوی چاككردنی‌ مادییە و لە لایەکی تریشه‌وه قورسترین مه‌حاڵ. پرسیاری ئەوەی کە چی مومکینە و چی مه‌حاڵه‌، بە ڕاستی لە ھەر دۆخێکدا له‌ مه‌ترسیدایه‌ و پێم وایه‌ مه‌حاڵی هزری و مه‌حاڵی مادی پێکەوە پەیوەستن.

ئەو شتەی وا مه‌حاڵ بوو، له‌ ڕاستیدا گۆڕینی فۆرمێكی بوون بوو، لەبەر ئەوەش کتێبەکە ناو نرا "شەوی پرۆلێتێرەکان"، چونکو ئه‌و شته‌ی‌ ھەم له‌ ڕووی مادی و ھەم له‌ ڕووی هزرییه‌وه‌ بۆ کرێکارێک زۆر مه‌حاڵ بوو، ڕێک ئەوە بوو لە شەواندا نەخەوێت. ئەمە بە تەواوەتی لە یەک کاتدا ھەم هزری و ھەم مادی بوو. له‌به‌ر ئه‌مه‌ بوو ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ لای منه‌وه‌ گرنگ بوو.

پ: تۆ به‌ جۆرێك وێنای یه‌كسانیخوازی ده‌كه‌یت، كه‌ له‌ ڕیشه‌وه‌ جیاوازه‌ لە ئایدیای یەکسانیخوازیی لیبراڵ. یەکسانیخوازی لای تۆ مەبەستێک نییە پێی بگه‌ین، بەڵکو خاڵێکە لێیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین. كاره‌كه‌ی تۆ گریمانی ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌موو كه‌س ژیانێكی هزری ده‌گوزه‌رێنێت، بەڵام لەوەش تێگەیشتووە کە جیاوازییە مادی و ئابوورییەکان توانای ئێمە بۆ نواندنی ئەم ژیانە هزرییە دیاری دەکەن. چۆن ئەم ئایدیا‌یه‌ی یەکسانیخوازی جیاوازە لە تێکۆشانە گشتییەکان له‌پێناوی یەکسانیدا؟ ھەروەھا پێم وایه‌ ئەمە لە نێوکۆییەکی وەک هیندستاندا گەلێ ڕوونکەرەوەیە کە تێیدا لە لایەکەوە بە نایەکسانییه‌كی زۆر ڕوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری نیشاندار کراوین‌، بەڵام ئەو‌ تاقە ڕێگه‌یه‌ی کە کەسێک لە کۆتاییدا فۆرمەکانی دوان و ئاخافتن دەدۆزێتەوە، ئەو ڕێگەیە لە شوێنگەیەکی تەواو نایەکسانەوە ھاتووە. لەبەر ئەوەیە کە خۆبەزانازانین و فێرکاری دێنە ئارا - خەبات بۆ دۆزینەوەی زاراوە بۆ دەربڕینی ئەو شتەی کە دەکرێ نایەکسانیی مادی بێت، بەڵام بە کردەوە هەر خۆی بیرکردنەوە دەکاتە خاڵی ده‌سپێك.

و: ئێمە دەتوانین ئەمە بێنێنە نێو ئەو مشتومڕەوە كه‌ سەبارەت بە پەروەردە هەیە، چونکو لە وڵاتانی ئێمەدا پەروەردە وەک ڕێگه‌یەک بۆ یەکسانکردنی خەڵک گریمان کراوە، ڕێگەیەک کە لە نایەکسانییەوە دەست پێدەکات. ئەمە لە ھەمان کاتدا لۆژیکی فێرکاری و ھەروەھا لۆژیکی پێشکەوتنیشە، بیرێکی پێشکەوتوویش هەیە دەڵێت کە بە دڵنیاییەوە خەڵک یەکسان نین، خەڵکی چینی خوارەوەش یەکسان نین و ڕێک ئەم سووککردنەیە کە یەکسانی دەهێنێتەوە و ئێمە دەتوانین لەو دۆخە ڕزگارمان بێت و هتد. [ئەو لۆژیکە دەڵێت ئەم سووککردنە بۆ یەکسانکردن] لە پەروەردەکاری و پێشکەوتنی بێری ئێوەدا شتێکی ئاساییە. کاتێک لە کارەکانی ژۆزیف ژاکۆتۆ هەڵکەوتم، زۆر تووشی تەکان و ڕاچەڵەکان بووم. خانەبەندیکردنی ژاکۆتۆ زۆر زەحمەتە. ئایا ئەو فه‌یله‌سوفێک بوو یان مامۆستا؟ کارەکانی ژاکۆتۆ وای لێکردم دووباره‌ بیر لە ئایدیای پەروەردە و ئەوەی فێرکردن چ مانایەکی ھەیە، بكه‌مه‌وه‌. بە ھەمان شێوە لە ساڵانی ١٨٢٠ کەڵکەڵەیەکی زۆر ھەبوو بۆ ئەوەی چۆن بتوانین خەڵک بە ھێواشی و پێشکەوتوانە پەروەردە بکەین: بەڵام ئەمە مەبەستەکە نەبوو، بیرۆکەی دەستپێکردن لە نایەکسانییەوە بۆ گەیشتن بە یەکسانی شتێکی مه‌حاڵە، لەبەر ئەوەی لە ھەمان پرۆسەدا، به‌رده‌وام ھەمان پراكسیسی نایەکسانی بەکار ده‌هێنیتەوە. لێرەدا نابێت بەرەو یەکسانی بڕۆی، بەڵکو پێویستە لە یەکسانییەوە دەست پێبکەی. دەستپێکردن لە یەکسانییەوە گریمانی ئه‌وه‌ نییە کە ھەموو کەس لە جیھاندا دەرفەتی یەکسانیان هه‌یه‌ بۆ فێربوون و دەربڕینی تواناکانیان. ئەمە مەبەستەکە نییە. مەبەستەکە ئەمەیە تۆ پێویستە لە نزمترین یەکسانییەوە کە دراوه‌، دەست پێبکەیت. لۆژیکی ئاسایی فێرکاری دەڵێت خەڵک نەزانن. ئەوان نازانن چۆن لە نەزانییەوە بەرەو فێربوون دەرباز بن. کەواتە پێویستە جۆرە ڕێنمایه‌ك دروست بکەین بۆ جووڵان له‌ نەزانییه‌وه‌ بەرەو زانایی، به‌ دەستپێکردن لە جیاوازیی نێوان کەسێکەوە کە ده‌زانێت و کەسێک کە نازانێت.

ئایدیای ژاکۆتۆ و ئایدیای ڕزگاریی هزری ئەوە بوو کە ھەمیشە ھەندێ خاڵی یەکسانی بوونیان ھەیە. ھەمیشە شتێک ھەیە کە ھاوبەشه‌، بۆ نموونە، کاتێک مامۆستا شتێک بۆ خوێندکار ڕوون دەکاتەوە، لە لایەکەوە وا دادەنرێت شتێکی ھەیە ڕوونی بكاته‌وه‌، کە خوێندکار بە تەنیا خۆی ناتوانێت لێی تێبگات، کەواتە ئەمە پێوەندیی نایەکسانییە، بەڵام ئەم ڕوونکردنه‌وەیه‌ تەنھا کاتێک کاریگەریی ھەیە، کە مامۆستا وای دابنێت کە خوێندکارەکان دەتوانن بە ئاسانی لە ڕوونکردنەوەکە، یان لەو شتەی مامۆستا پێیان دەڵێت، تێبگەن.

واتە جۆرێک لە یەکسانی لەم ڕاستییەدا ھەیە: لانیکەم مامۆستا و خوێندکار لە یەک زماندا ھاوبەشن. ئەمە بەو مانایه نییە کە ئێمە ھەموو کەسێک بە یەکسان دانێین، یان شتێکی بەم جۆرە. بابەتەکە زیاتر لەسەر بیرکردنەوەیه‌ دەربارەی پرۆسەی فێرکاری، نەک وەکو پرۆسەیەک لە نەزانییەوە بۆ زانایی، بەڵکو وەک پرۆسەی ڕۆیشتن لە شتێکی له‌پێشه‌وه‌زانراو یان بەدەستهاتوو، بەرەو زانینی زۆرتر یان دەستکەوتی زۆرتر. پێم وایه‌ گرنگترین خاڵی ئه‌م ئایدیایە ئه‌وه‌یه‌ کە نەزانەکان ھەمیشە شتێک دەزانن، ھەمیشە داوای شتێک دەکەن، ھەمیشەش توانایان ھەیە، پرسه‌كه‌ ئەوەیە چۆن به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌م توانایه‌ به‌كار بهێنن و لە یەکسانییەوە دەست پێبکەن. کاتێک کتێبی مامۆستای نەزانم نووسی، لە فەڕەنسا موناقه‌شەیەکی زۆر ھەبوو، لەبەر ئەوەی کۆمەڵناسەکانی ئەوێ دەیانگوت پەروەردە درۆیەکە، پەروەردە ھەموو منداڵەکان بە یەکسان دادەنێت و دەتوانن لە ھەمان شت تێبگەن، ئەمە ڕاست نییە. کەواتە پێویستە پەروەردە لەگەڵ ئاستی خوێندکارەکان بگونجێنی، بەتایبەت لە پۆلە سەرەتاییەکانەوە. هاوکات کۆمارییەکان دەیانگوت یەکسانی مانای ئەوەیە پێویستە هه‌موان له‌ یه‌ك ئاستدا ببینین، ئەمە بەو مانایە دێت خوێندکاران ھەمووی نەزانن و پێویستە ببن به‌ [كه‌سانی] فێربوو. ئەمە موناقه‌شەکە بوو و من ھەوڵم دا ئەم موناقه‌شەیه بە لایەکی دیکەدا ببەم، بۆ پیشاندانی ئه‌وه‌ی ھەموو ئەو خه‌ڵکه‌ خه‌ریکن بۆ باشترین ڕێگه‌ لە نایەکسانییەوە بۆ یەکسانی دەگەڕێن، بەڵام تاکە بەشی باش ڕۆشتنه‌ لە یەکسانییەوە بۆ یەکسانی.

پ: ئێوە چۆن مامۆستای نەزان و شتێک وەک پەروەردەی سەرکوتکراو لەیەک جیا دەکەنەوە؟

و: کاتێک کتێبی مامۆستای نەزانم نووسی، زۆر گرنگیم بە پەروەردەی سەرکوتکراو نەدەدا، به‌ زۆرییش لەبەر ئەوەی بەشێک نه‌بوو لە موناقه‌شەی پەروەردە لە فەڕەنسا. ھەروەھا پێداگۆژی یان پەروەردەی سەرکوتکراو دەربارەی به‌ستنه‌وه‌ی پەروەردەی گشتییه‌ به‌ پەروەردەی سیاسییەوه‌. لەبەر ئەوە، من پێم وایه‌ ئەگەر خاڵێكی هاوبه‌ش لە نێوان ڕزگاریی هزری و پەروەردەی سەرکوتکراودا ھەبێت، ئەو ئایدیایە کە دەڵێ یەکەم مانای پەروەردە، تواناسازییە، تۆ یەکەم جار مامەڵە لەگەڵ توانایی دەکەی تەنانەت ئەگەر لە لایەن سەرکوتکراو، یان خەڵکی چینی ھەژاریشەوە بێت. به‌ڵام لە ھەمان کاتدا ئەوە ڕاستە ڕزگاریی هزری واتە ھیچ فێرکارییەکی تایبەت بۆ سەرکوتکراو بوونی نییە، ھیچ پەروەردەیەکی تایبەت بۆ خەڵکی ھەژار، یان سەرکوتکراو بوونی نییە. ئەگەر فێرکارییەکی تایبەت بۆ سەرکوتکراو ھەبێت، پێویستە وەکو حاڵەتێکی تایبەتی ئایدیا گشتییه‌كه‌ی ڕزگاریی هزری بیری لێبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بنەڕەتی ئایدیای ڕزگاری بۆ خەڵکی دەوڵەمەند و ھەژار یەکسانە.

پ: کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکان پێوەندیی نێوان جوانیناسی و سیاسەت دادەڕێژێتەوە: لە دڵی کتێبەکەدا "شۆڕشێکی جوانیناسی" ھەیە، کە لە بنەڕەتدا سەبارەت بە داڕشتنەوەی زەمەنە (کرێکارەکان "شەوە هزرییەکانی نووسەر" دەڕفێنن، ئەم گریمانەیە تووشی گرفت دەکەن کە کارکردن کرێکار ماندوو دەکات و لەبەر ئەوە ناتوانێت بەشداریی ژیانی هزری بکات). ئێوە چۆن دووبارە لەم تێزه‌ لە قۆناغی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌داریی جیهانیدا دەڕوانن؟ دەگوترێت کە داڕشتنەوەی ھاوچەرخی کات "فورمەکانی ژیان" لەناو دەبات و ملکەچی ستەمکاریی زەمەنی دەکات.

و: بە دڵنیاییەوە ئێستە ھەمان دۆخ نییە. کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکان لەگەڵ بەشێک لە مێژوو مامەڵە دەکات، کە ھیچ بەیاساییکردنێکی کاتەکانی کارکردن و شتی لەو بابەتە نەبووە. بەڵام ماوەیەکیش بووە کە پراكسیسی خۆفێرکردن لە ناو چینی کرێکاراندا زۆر گرنگ بوو. بۆیە ھەردوو پرسیاری بەشکردنی زەمەن و دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و کولتوور بە تەواوەتی جیاوازن و بە دڵنیاییەوە ھێزی ڕزگاریی هزری بەسترابوو بە کاتێکی تایبەتەوە. بەڵام لە ھەمان کاتدا، دەمەوێت بە ڕاستی ئەم ئایدیا بورووژێنم کە لە کاپیتاڵیسمی هاوچەرخدا هه‌موو ژیان لە نێو چوارچێوەی ڕێکخستنی سەرمایەدارانەی کات و ژیاندا لە قاڵب دراوە. بە جۆرێک، ئەمە هەمیشە هەر وابووە. بە دڵنیاییەوە دەرفەتەکانی ژیان جیاوازن، ڕێكخستنی‌ ژیانی تایبه‌تی و گشتییش ته‌واو جیاوازن، وەکو پێوەندیی نێوان ئەوەی چ شتێک کارە و چ شتێک لە دەرەوەی کاردایە. ھەموو شتێک گۆڕاوە و تاقە شتێک كه‌ وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەیە لە ھەر دۆخێکدا تۆ بەربژارێکت ھەیە لە نێوان دوو شوێندا. دەتوانی بڵێی ژیان بە تەواوەتی ملکەچی ئیمپراتوریەتی زاڵە، واته‌ له‌و كاته‌دا خەڵک بە درێژایی ھەموو ڕۆژ ھەموو لە بەرامبەر یاسای کارگەکان ملكه‌چ كراون، تەنھا کاتی کارکردن و پشوودانیان ھەیە و ھیچ کاتێکی دیکەیان نییە به‌ فیڕۆی بده‌ن، پێویستە لە ڕۆژی دواییشدا بگەڕێنەوە بۆ سەر کار. بەڵام کرێکارەکان گوتیان نا، ئەمە ڕاست نییە. دەشێ ئەم بازنەیە تێک بشکێت. ئێستا بە دڵنیاییەوە بازنەکە بە شێوەیەکی جیاواز دروست کراوەتەوە. خەڵک دەڵێن کەمتر کار دەکەن و ھەندێک شێوەی پارێزگاریکردنیش ھەیە. بەڵام ئێستا ژیانی ئەوان بە تەواوەتی لە لایەن ڕیتمی کار لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە بە دەستی دامودەزگای مەسرەفگەرایی، یان به‌ هۆی هێزی میدیاکانەوە كۆنترۆڵ كراوه‌. کەواتە بە جۆرێک ھەمیشە ھەمان گوتاره‌ کە دەڵێت ژیان بە تەواوەتی ملکەچ کراوە و ئایدیای ھەر گۆڕانێک شێوەیەکی نوێی ملکەچییە. بۆ نموونە، زۆربەی خەڵک کاتێک فوکۆ دەخوێننەوە، ئەو ئایدیایه‌ لە فوکۆ وه‌رده‌گرن، كه‌ ھەموو فۆرمەکان -فۆرمی دەوڵەتی خۆشگوزەران، بیمەی کۆمەڵایەتی و هتد- فۆرمەکانی بەڕێوەبردنی حکومەت و ژیانی خەڵک بوون. پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مان باسوخواس له‌سه‌ر هه‌مان به‌ربژار هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌توانی به‌ شێوه‌یه‌کی جیاواز به‌کاری بهێنیت. ده‌توانی به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز بیری لێبکه‌یته‌وه‌. بۆ نموونه‌، ئێستا خه‌ڵک ده‌ڵێن ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێت به‌ ته‌واوه‌تی ژیانیان ملکه‌چ كردووە.

به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موومان به‌ هۆی نموونه‌كانی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌زانین، ده‌توانرێت ژیان به ‌هۆی ئایدیۆلۆژیای زاڵەوە ملکه‌چ بکرێت، هه‌روه‌هاش ده‌توانیت فۆرمگه‌لی نوێ بۆ گفتوگۆ یان گوتار بخوڵقێنیت. ‌واته‌ مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌‌ لێره‌دا ئه‌م جۆره‌ گوتاره‌‌ درێژ‌خایه‌نه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ژیان به‌ ته‌واوه‌تی چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌ یان داگیر کراوه‌. پێم وایه‌ ئایدیای بایۆپۆلتیک زیانبه‌خشه‌ بۆی. چونکه‌ ئه‌م ئایدیایه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت له‌ بایۆپۆلتیکدا ژیان به‌ ته‌واوه‌تی کۆنترۆڵ کراوه‌. ده‌سه‌ڵات دەروونی ئێمه‌ و ته‌نانه‌ت خوێن و گۆشتی ئێمه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی کۆنترۆڵ کردووه‌. به‌ڵام بە بڕوای من وانییه. له‌ بیرمه‌ له‌ ده‌یه‌کانی ٧٠ و ٨٠دا به‌ ته‌واوی هه‌وڵمان دا له‌م تێڕوانینه‌ دوور بکەوینەوە، که‌ خه‌ریک بوو به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی چه‌پدا زاڵ ده‌بوو.

پ: له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی شه‌وی پرۆلێتێرەکان شتێک که‌ سه‌رسامی کردم، ئه‌و ڕاستییه‌ بوو که‌ گۆنێ و هاوڕێکانی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئایدیایه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ن کە ده‌ڵێت ژیانت داگیر کراوه‌، بڕیاری ژیانی تۆ پێشتر دراوه‌ و هیچ ئه‌گه‌رێکی تر بوونی نییه‌. ئه‌مه‌ شتێکه‌ وه‌کو کرێکاری ڕۆشنبیر یان کرێکارانی کولتووری له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و ده‌ستپێکی سه‌ده‌ی بیستویه‌کەمدا ده‌یانناسین، وا دیاره‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تیۆری سۆسیال و فۆرمه‌کانی گوتاردا شه‌ڕ ده‌که‌ین، کە به‌رده‌وام بیرمان دێننه‌وه‌ خودی ئێمه‌ پێشتر داگیر کراوه‌. گریمانه‌کانی ده‌ربڕینی خوڵقێنه‌ر له‌ ڕێگه‌ی به‌كاڵاكردنه‌وه‌ داگیر کراوه‌، گریمانه‌ی ژیانێکی ئایینده‌بین داگیر کراوه،‌ به‌ هۆی بایۆپۆلتیکه‌وه‌ که‌ پێشتر جێگیر بووه‌. به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێت گۆنێ چالاكانه‌ ئێمه‌ی داگیر كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو بمێنینه‌وه‌. واته‌ به‌ مانایه‌ک، کتێبی شه‌وی پرۆلێتێرەکان ده‌رباره‌ی ڕابوردوو نییه‌، به‌ڵکو هه‌م بۆ داهاتوو هه‌م بۆ کاری هزری و کولتووری له‌ ئێستادا نووسراوه‌.

و: به‌ڵێ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و شته‌ی سەبارەت بە گۆنێ‌ سه‌رنجڕاکێشه‌، دروستکردنی دژه‌ئابوورییه‌که‌ كه‌ پارادۆکسیکاڵتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆنێ هه‌وڵ ده‌دات به‌كاربردن و مەسرەفی خۆی که‌م بکاته‌وه‌، ڕێک بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێمپراتۆریه‌تی پێداویستی ڕزگاری ببێت، به‌ شێوه‌یه‌کی دیاریکراو، ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێن په‌یامهێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌خوازی یان شتێکی له‌و بابه‌ته‌یه‌. به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه نییه‌ ئاخۆ گونه‌ په‌یامهێنه‌ری ژینگه‌خوازییه‌، به‌ڵکو په‌یامهێنه‌ری ئایدیای ڕزگاریخوازییه‌، واته‌ تۆ ده‌توانی بارودۆخه‌کان پێچه‌وانه‌ بکه‌یته‌وه‌.

پ: به‌ دوای ئه‌مه‌دا، ده‌توانین بڵێین تێگەیشتنی باو لە شۆڕش لای وایە شۆڕش دواتر دێت، دوای کاتێک. به‌ڵام له‌ کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکاندا به‌ شکاندنی جیاوازیی نێوان جوانیناسی و شۆڕشی سیاسی، شۆڕش بوو به ‌شتێک وا ‌له‌ ئێستادا ڕوو ده‌دات - له‌گه‌ڵ ئێمه‌. دەکرێ باسی ئەم جیاکارییە بکەن؟

و: کاتێک هه‌وڵم ‌دا سه‌باره‌ت به‌ ڕزگاریی هزری بیر بکه‌مه‌وه‌، هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان ئه‌م ئایدیایه‌‌دا نه‌بوو - ئێستا ئێمه‌ خه‌ریکی خه‌بات و تێکۆشانین، ئێستا ئێمه‌ خه‌ریکی چێکردنین، خه‌ریكین داهاتوو ئاماده‌ ده‌که‌ین و داهاتووش شتێکی دەگمەن ده‌بێت. هونه‌ری ڕزگاری ڕێک ده‌ربازبوونه‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان کەرەستەکان و مه‌به‌سته‌کان‌، کە لە نەریتی چەپدا پشتئه‌ستووره‌ به‌و ئایدیای كه‌ ده‌ڵێت ئێستا هه‌لومه‌رج بۆ داهاتوویه‌کی گه‌شتر ده‌خوڵقێنین، چه‌که‌کان بۆ داهاتوو ئاماده‌ ده‌که‌ین، که‌ به‌ مانای بڕگەیەکی دیاریکراوه‌ له‌ پێداویستیی مێژووییدا. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی من بیری لێده‌که‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ دڵی ڕزگاریدا ڕێک ئه‌م ئایدیا‌ هه‌یه‌ کە ده‌ڵێت‌ کات هه‌موو ڕۆژێکه‌. ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ پێویسته‌ به ‌ته‌واوه‌تی له‌ هه‌موو ڕۆژێکدا نوقم ببێت، به‌ڵکو بابه‌تی کات نابێت تەنها له‌ پێوه‌ندی لەگەڵ‌ ئێستا و داهاتوودا بیری لێبكرێته‌وه‌، پێویسته‌ ببه‌سرێته‌وه‌ به‌ به‌شكردنی نێوان ئێره‌ و ئێستا، نێوان زەمەن وه‌کو فۆرمێکی سنوورداركردن و زەمەن وه‌کو ئەگەرێکی ئازادی؛ بابه‌تی گرنگ ‌له‌ کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکاندا ئایدیای‌ وەرچەرخاندنی کات بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی لێره‌ و له‌ ئێستادا ڕوو ده‌دات. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئایدیایه‌ی داهاتوو و به‌کارهێنانی کات وه‌ک فۆرمێکی قه‌ده‌غه‌کردن به‌و مانایەیه كه‌‌ ده‌توانیت له‌ داهاتوودا هه‌تبێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا نا، ئایدیای کاتێکی دواخراو، كه‌واته‌ ئایدیای پێداویستیی مێژوویی و پرۆسه‌ی مێژوویی به‌شێکه‌ له‌م ئایدیا سه‌ركوتكه‌ره‌ سەبارەت بە زەمەن. له‌به‌ر ئه‌وه‌، خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئه‌توانیت یان ناتوانیت، ئاخۆ ئه‌توانیت كات به‌كار بهێنی بۆ گوتنی "به‌ڵێ ئێمه‌ ده‌توانین" یان "نا ناتوانین".

پ: بە چەندین شێوە ده‌توانرێت کتێبی شه‌وی پرۆلێتێرەکان وه‌کو بۆتیقای کونجکۆڵی بخوێنرێته‌وه‌ (فیگوری خۆڕاهێنه‌ر)، به‌ڵام هێشتا وادیاره‌ خودی کونجکۆڵی له‌ کارەکەی ئێوەدا خەریکی تیۆریزەکران بێت‌.

و: من ڕوونکردنەوەیەکم سه‌باره‌ت به‌ ئایدیای پشکنین و کونجکۆڵی نه‌بوو، ئێستا ڕه‌نگه‌ که‌سێک بتوانێ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بدات، به‌ڵام له‌و کاته‌دا ئه‌و شته‌ی له‌ ئایدیای کونجکۆڵیدا بۆ من گرنگ بوو، ده‌توانرێت له‌ ئاوێزه‌ی ڕوانیندا ببینرێت: تۆ بیر له‌ ڕەهەندێکی ده‌که‌یته‌وه‌، له‌ شوێنی وا یان بۆ بابەتی وا ده‌ڕوانی کە بڕیار نه‌دراوە شوێن و بابه‌تی تۆ ‌بن. بۆ نموونه‌، له‌ کتێبه‌كه‌ی گۆنێ‌دا ئه‌م پێوه‌ندییه‌ له‌ نێوان ڕۆژ و کارکردندا هه‌یه‌، به‌ڵام هاوکات له‌ ساتێكی تایبه‌تدا دابڕانێک دێتە ئارا -له‌ نێوان چاو و ڕوانین- بۆ ڕۆیشتن بەرەو لایەکی دیکە. له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ سه‌یر بكه‌یت، وا خه‌یاڵ بكه‌یت خاوه‌نی ماڵی دراوسێكه‌تیت، كه‌ له‌ هه‌مان کاتدا خاوه‌ندارێتییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ نییه‌، به‌ڵام شتێکی ڕاسته‌قینه‌شه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مانایه‌ش ده‌دات تۆ ته‌نها کار ناکه‌ی، یان کرێکارێک ته‌نها به‌ ده‌سته‌کانی کار ناکات، به‌ڵکو چاوه‌کانیشی ده‌ڕوانن بۆ ئه‌و کاره‌ی وا ده‌سته‌کانی ده‌یکه‌ن. واته‌ کونجکۆڵی بۆ من به‌م شێوازه‌یه‌. من ئاره‌زوومه‌ندی ئایدیای یاخیگه‌ریم. واته‌ تۆ قاچت له‌ جێگایه‌ک داده‌نێیت، یان بۆ شوێنێک ده‌ڕوانی که‌ جیاوازه‌ له‌و شوێنه‌ی بڕیاره‌ له‌وێ بیت.

پ: گریمانەیه‌کی بنه‌ڕه‌تیی ژماره‌یه‌کی بزووتنه‌وه‌کان، ئایدیای نوێنەرایەتی یان سووده‌: به‌ڵام مه‌راقی خۆت ئایدیای تاکی نانوێنه‌ر‌ و پێوه‌ندییه‌که‌یه‌تی به‌ ناسوود‌خوازی و شتگه‌لی بێسووده‌وه‌‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ هۆکارێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی کتێبی شەوی پرۆلێتێرەکان له‌ کاتی خۆیدا په‌سه‌ند نه‌کرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو که‌تێگورییه‌کان بۆ مێژووناسی کار و فه‌یله‌سوفیش گرنگن. به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له‌ سی ساڵی ڕابوردوودا ڕوویان دا، ئاخۆ ئێمه‌ له‌ پێگه‌یه‌كداین تا دووباره‌ سه‌یر بكه‌ینه‌وه‌ یان بیر بكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی چۆن فیگور یان سیمای تاكی نانوێنه‌ر و ئایدیای ناسوودخوازی له‌مڕۆدا ئەگەرەکان واڵا ده‌كه‌ن؟

و: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌و شته‌ی نووسینی ئه‌و کتێبه‌ی بۆ من ڕەخساند، بەستێنی ٦٨ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ٦٨ ڕوویان دا. ڕێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو گه‌لێک بابه‌ت کە بە مه‌حاڵ داده‌نران، بوون به‌ بابه‌تگه‌لێکی گونجاو. کاتێك توێژینه‌وه‌که‌م ده‌ست پێکرد، یه‌کێک له‌ هانده‌ره‌کانم ئه‌و ڕاستییه‌ بوو کە له‌ ساڵی ٦٨دا له‌ کارخانه‌کاندا، له‌ نێوان خوێندکاران و کرێکاراندا دیدار هەبوو. سه‌رسام ده‌بووم به‌ جۆری ئەو پرسیارانه‌ی كرێكاران ده‌یانكرد. ئه‌وان ئه‌ندامانی سه‌ندیكاكان نه‌بوون، به‌و مانایه‌ش ئه‌وان نوێنه‌ر نه‌بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ نیشانی دا ئه‌و کرێکارانه‌ کۆمەڵێک سەودا و مه‌راقی سه‌یریان هه‌بوو له‌گه‌ڵ نیگەرانیگەلێک که‌ نیگه‌رانیی ئاسایی کرێکاران یان لانیکه‌م هیی ڕابه‌ره‌کانیان نه‌بوو.

واته‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ واقیعێک بوونی هه‌بوو له‌ جنسی ئه‌و بابه‌ته‌ی من له‌ کتێبه‌که‌دا مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرد. به‌ڵام کاتێک کتێبه‌که‌ سێزده‌ ساڵ دوای ئه‌وه‌ بڵاو بووەوه‌، پارتی سۆسیالیست پێشتر ده‌سه‌ڵاتی به‌ ده‌ستەوە گرتبوو و بەستێنەکە به‌ ته‌واوه‌تی گۆڕابوو. چیدی مایه‌ی تێگه‌یشتن نه‌بوو، وتەزا و چێوە کۆنه‌کان ده‌‌گه‌ڕانه‌وه‌، جۆرێک زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ بوو و گرنگییەکی زۆر کەم بە فەلسفە دەدرا و هەموو شتێک لە بۆتەی ئەزمووندا بوو. ئەو کات دوو جۆری بیرکردنەوە لە کرێکاران هەبوو: یان تۆ بەشێکیت لەو کۆما و جەماوەرە بێجیاوازییەی کرێکاران یان نوێنەری کرێکاران بوویت. لە هەردوو حاڵدا ئەم یان ئەو لایەنت دەنواندەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وان مه‌حاڵ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ ماتریاڵه‌ یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك تاکی نانوێنه‌ر مامه‌ڵه‌ بكه‌ن وا من له‌ کتێبه‌که‌مدا باسم ده‌کرد. ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ ئه‌وان مه‌حاڵ بوو بیری لێبکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو كه‌ دابڕانی هێمایین چ مانایه‌كی هه‌یه‌. له‌ ٦٨دا ئاسانتر بوو بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ دابڕانی هێمایین به‌ چ مانایه‌که‌ -ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵک ده‌رباره‌ی بابه‌تگه‌لێک قسه‌یان ده‌کرد، که‌ بڕیار نه‌بوو پێوه‌ندیی بەوانەوە هه‌بێت- به‌ڵام ئیدی له‌ ساڵی ٨١ دا مایه‌ی تێگه‌یشتن نه‌بوو.

ئێستا پێم وایه‌ تێگه‌یشتن [لەو دۆخە] گونجاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ٨١دا، کاتێک کتێبه‌که‌ بڵاو بووه‌وە، حیزبی سۆسیالیست تا ڕاده‌یه‌ك فۆرمی ماركسیسمێكی ساده‌ی وه‌رگرت. لێره‌دا ئایدیای چین وه‌کو گشتگیری و بزووتنه‌وه‌یه‌ک هه‌بوو، ئێمه‌ش ده‌زانین له‌ دوای ئه‌وه‌ له‌ ڕووی هزرییەوە چی هات. سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنیسم و فەلسەفەی گومانخوازی بوو، ئه‌و هه‌سته‌ هه‌بوو كه‌ كۆی جیهان به‌ره‌و ورده‌بۆرژوایه‌كی جیهانیی خەڵکی پووت‌ سه‌ری كێشاوه‌. باوه‌ڕیش وابوو ئه‌گه‌ری هیچ وەرچەرخانێک نییه‌. واته‌ له‌ ماوه‌یه‌کدا خه‌ڵک ده‌ستی کرد به‌ ستایشكردن و ڕێزگرتنی ئه‌و شته‌ی گوتم. بارودۆخی ئێمه‌ش گۆڕدرا به‌و شته‌ی وا به ‌قه‌یران ناسراوه‌. ئێستا خه‌ڵک هه‌ست ده‌کات ماشینی کاپیتاڵیسم هه‌تاهه‌تایی نییه‌. واته‌ ئه‌و شته‌ی له‌ ئێستادا وا ده‌رده‌كه‌وێت گۆڕابێت، گریمانه‌ی تێگه‌یشتنه‌‌ له‌ ئایدیای زەمەن له‌ حاڵه‌تی دژه‌شۆڕشگێڕ و چاره‌نووسی پێداویستیی مێژووییدا. له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌گه‌ری تێگه‌یشتن له‌وه‌ هه‌یه‌ چاره‌نووسی ئه‌و تاکانه‌ به‌ مانای جۆرێک فۆرمی دابڕانی به‌هێزی هێمایینه‌.

پ: چ شتێک پێکهێنه‌ری ئه‌رشیڤه‌کانی كاری نوێیه‌، کاتێک به هۆی کاره‌وه ‌شه‌وان و ڕۆژان ئاڵوگۆڕ بوون. شه‌وان ڕێک ئه‌و کاتانه‌ن که‌سێک سه‌رقاڵی کاره‌ و ڕۆژان ئه‌و کاتانه‌ن که‌سێک ده‌خه‌وێت و پشوو ده‌دات؟

و: ئه‌و شته‌ی‌ ئێستا جیاوازه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بوونی ئینته‌رنێته‌. واته‌ نووسراوه‌ و ئایدیای زۆر که‌ له‌ بەستێنی تردا به‌ ته‌واوی له‌ناو ده‌چوون، ئێستا ده‌توانێت بمێنێ، بنووسرێ، ئاڵوگۆڕ بکرێ. به ‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌رشیڤه‌ی من کارم له‌سه‌ر ده‌کرد، به‌شێکی زۆر بچووک بوو له‌و بابه‌تانه‌ی کرێکاران ده‌یاننووسی. له‌ ئه‌مڕۆدا ڕێگه‌ی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بتوانن بنووسن و درێژە بدەن. واته‌ له‌وانه‌یه‌ پرسیار ئه‌وه‌ نه‌بێت ئاخۆ خه‌ڵک ده‌توانن هه‌ست و بیری خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌ چۆن خۆده‌ربڕین پێوه‌ندیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیای سه‌رپێچی یان ڕوخاندن، چۆن ئه‌مه‌ ده‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ سه‌رپێچیی فه‌رمی یان ڕوخاندنی فه‌رمییەوە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا چیدی پرسه‌كه‌ خۆده‌ربڕین نییه‌. ئێستا هه‌موو شتێک پۆلێن کراوه‌ و بیرکردنه‌وه‌ له‌م جۆره‌ ئه‌رشیڤه‌ی‌ سه‌رپێچی قورستره‌. بۆیه‌ دڵنیا نیم ده‌توانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌ شه‌واندا کار ده‌که‌ن و له‌ ڕۆژدا ده‌خه‌ون، هه‌مان کێشه‌ بوونی هه‌بێت. چونكه‌ ده‌توانن چاوپۆشی له‌ به‌شێك له‌ ڕۆژه‌كه‌ بكه‌ن، له‌م جۆره‌ بازنه‌یه‌ ده‌ربچن و فۆرمی جیاوازی پراكسیس و ده‌ربڕین بدۆزنه‌وه‌.

پ: یه‌کێک له‌و ڕستانه‌ی‌ که‌ له‌ کتێبه‌که‌دا بۆ من سه‌رنجڕاكێش بوو، ئه‌مه‌ بوو: "چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر ڕاسته‌قینه‌ترین خه‌م له‌وه‌دا نه‌بێت بتوانیت چێژ له‌ خه‌مه‌ ناڕاسته‌قینه‌كان وه‌ربگریت". ئه‌م ڕسته‌یه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕێگه‌یانه‌ له‌گه‌ڵمدا ده‌دوێت، كه‌‌ ده‌توانین به‌ هۆیانه‌وه‌ له‌ هانده‌ره‌كانی خۆبه‌زانازانین و فێركاریی زۆرێك له‌ بزووتنه‌وه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كان دوور بكه‌وینه‌وه‌، ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی وا پێوه‌ندییان به‌ سووژه‌ په‌راوێزكه‌وتووه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی سه‌بجێكتیڤیتییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ی ئایینخوازییه‌وه‌.

و: دۆزینه‌وه‌ی چێژ له‌ خه‌مدا، دۆزینه‌وه‌ی چێژ له‌ ده‌رددا، به ‌ڕاستی پێناسه‌ی ده‌قاوده‌قی فۆرمێکی دیاریکراوی چێژی جوانناسییه‌. بۆ نموونه‌ پێناسه‌ی تراژێدیای کلاسیک به‌ وردی فۆرمێکی دیاریکراوی‌ نمایشكردنه‌ که‌ سه‌رقاڵی ڕووداوه‌ به‌ئازاره‌کانه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا ته‌رخان کراون بۆ ئه‌وه‌ی چێژ به ‌خه‌ڵک ببه‌خشن. هەروەها به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ڕیزبه‌ندیی کلاسیکدا ته‌نها خه‌ڵکی سه‌رتر، یان خه‌ڵكانێك كه‌ سه‌رقاڵی سه‌رگه‌رمی و كولتوورن، ده‌توانن چێژ له‌و خه‌مانه‌ و له‌زه‌ت له‌ ده‌رد وه‌ربگرن. له‌ ده‌یه‌‌ی ١٨٣٠دا ئه‌و شته‌ی له‌ ئه‌زموونی کرێکاراندا گرنگ بوو، ئه‌مە بوو كه‌ ئه‌وان له‌ سه‌رده‌می شاعیر و نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌ ڕۆمانتیکه‌کاندا ده‌ژیان. بۆ نموونه‌، ئه‌م شاعیرانه‌ له‌سه‌ر خه‌م و په‌ژاره‌ ده‌یاننووسی، خه‌می لەدایکبوون، خه‌می ئه‌وه‌ی که‌ هیچ شتێکت نییه‌ - هیچ پێگه‌یه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، هیچ پێگه‌یه‌ک له‌ جیهاندا. له‌ هه‌مان کاتیشدا نووسینی ئه‌و دێڕانه‌ ده‌رباره‌ی خه‌می هاتنەدنیا، خه‌می نه‌بوونی پێگه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا خۆی چێژبه‌خش بوو. خاڵی سه‌رنجڕاکێش بۆ من ئەوە بوو چۆن ئه‌و کرێکارانه‌ ده‌یانتوانی به‌شداری ئه‌م چێژه‌ پارادۆکسیکاڵه ‌بن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وان پێگه‌یه‌کیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دژوار بوو بۆ ئەوان، ئه‌وه‌ بوو له‌ شوێنی دیكه‌دا بن. بۆیه‌ بۆیان گرنگ بوو له‌ پێگه‌ی خۆیان هه‌ڵبێن و دەوری ئه‌و کەسانه‌ ببینن و هاوبەشی خه‌می ئەوانە بن کە هیچ پێگه‌یه‌ک و پێوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌بوو. شتێکی دیکه‌ که‌ من هه‌وڵم دا بیڵێم، پێناسه‌ی پرۆلیتاریا بوو -ئه‌مه‌ وشه‌یه‌کی کۆنی لاتینه‌- كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌ کارخانه‌ و کارەوە نه‌بووه‌ و ته‌نها ئاماژه‌ی به‌و که‌سانه‌‌ کردووه‌ کە منداڵیان هه‌بووه‌، یان ئه‌و که‌سانه‌ی‌ ته‌نها ده‌توانن ژیان به‌رهه‌م بهێننەوە، ئه‌و خه‌ڵکه‌ وا به‌ ڕاستی به‌ستراون به‌و شته‌وەی كه‌ ئاگامبێن به‌ ژیانی ڕووت ناوی ده‌بات. واده‌زانم بۆ ئه‌و کرێکارانه‌ زۆر گرنگ بوو تا بارودۆخی ئه‌و که‌سانه‌ی‌ مه‌حکومن به‌ زاوزێ، بنووسنه‌وه‌، بۆ دووباره‌نووسینه‌وه‌ی هه‌ر ژیانێک وه‌ک جۆرێک خه‌می ڕۆمانتیک - چ ئه‌سه‌فێكه‌ من له‌ جیهانێکدا له‌دایک بووم، که‌ هیچ شوێنێکی بۆ من نییه‌. شتی گرنگ ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕی خه‌مێک به‌ خه‌مێکی تر بوو. به‌ مانایه‌ک، چێژ له‌ ئه‌ده‌ب و کولتوور توانای ئاڵوگۆڕكردنی خه‌مێکه‌ به‌ خه‌مێکی تر.

ژاك رانسییه‌ر
لە ئینگلیزییەوە: ئازاده‌ ڕه‌حمانی

سەرچاوە: galawej