ناموس پاڵنەرێک بۆ مرۆڤ بوون لە درامای "پێستی شێر"دا.

هاوژین زیبا

 

‏‎رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو بەشەی سەر زەمین وەک خاکی شەرەف و ناموس، مێژوویەکی دووروودرێژی خۆناساندنی مرۆڤەکانی لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا لە ئامێز گرتووە، لە سیاسەت، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، پەروەردەیی و تەنانەت هونەرییش.

‏‎یەکێک لەو لایەنانە سینەمایە، وەک دەگوترێت رەنگدانەوەی رووداو و پەیوەندییە مرۆییەکانی کۆمەڵگاکان رۆڵی گرنگ دەگێرێت.

‏‎سینەمای ئێرانیی کە لەم ساڵانەی دوایدا لە هەوڵی بەجیهانیبوونی خۆی دەدات و لەو پێناوەشدا فیلم و درامای باش و کاریگەریان بەرهەم هێناوە، چی وەک دەرهێنەر و چ وەک ئەکتەر یان سیناریۆ و چیرۆک و تەکنیکی هونەریی، ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە.

‏‎درامای "پێستی شێر" وەک یەکێک لە دواین بەرهەمی سینەمای ئێرانیی کە ژانرێکی تاوانکارییە، جەمشید مەحمودی دەرهێنەری دراماکەیە، سەرەتای رووداوەکانی بە چیرۆکێکی کاریگەر دەست پێ دەکات.

‏‎ باوکێک دوای ١٥ ساڵ زیندانیی ئازاد دەبێت و بە هیوای بینینەوەی کچەکەی دەگەڕێتەوە.

‏‎لەم شاد بوونەوەیەدا، لە نێوان ئەم باوکو کچەدا، بە هۆی ئەو فشارە کۆمەڵایەتیی، کولتوریی، سیاسیی و ئاینییەی لە وڵاتی ئێراندا چەندین ساڵە حکوم دەکات دەرهێنەر نەیتوانیوە دیمەنێکی کاریگەر و راستەقینەی نێوان باوکو منداڵێک دروست بکات، بەڵکو بە بەکارهێنانی جگەرە و باران و ریشی درێژی پیاوێکەوە وێنەی حەسرەت و چاوەڕووانی باوکێکمان بۆ دەکێشێت لە چاوەڕووانیدا و تا کۆتایی دراماکەش باوک و کچ وەک دوو نامۆ کە جەستەیان لەیەکتری حەرامە مامەڵە دەکەن. بێگومان ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتیی لەو بیرکردنەوەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە جەستەی ژن حەرامە.

‏‎لە یەکەم گەشتی باوک و کچانەی ئەم دوو مرۆڤەدا هەردووکیان تووشی کارەساتی دڵتەزێن دەبن.

‏‎لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری رفاندن و کوشتنی کچە تاقانەی باوکەکە زۆر تاوان و ستەمکاریی مرۆڤەکان ئاشکرا دەبێت کە تا دوا رادەی نامرۆڤایەتیی دەڕۆن، هەر لە گرتن و سووتاندن و دەستدرێژیی و ئازاردان…تاد

‏‎دەرهێنەری درامای "پێستی شێر" زۆر بە جوانیی و دۆخی ستەمدیدەی ژنان لە وڵاتی ئێران، کە بەگشتیی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەگرێتەوە، نیشان دەدات.

‏‎لە سەرجەم رۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانیاندا ژنان، زۆر بە توندیی گرێدراوی ناسنامەی بە ژنبوونی کولتوریی و کۆمەڵایەتیین چی وەک دایک، کچ، هاوسەر یان دڵخواز و مەعشوق..

‏‎ژیلا شاهی، رۆڵی دایکی(ساحل)دەبینێت ژنێکی بە توانا لە رۆڵەکەی خۆیدا و لەهەمان کاتدا وێنای ژیانی زۆرێک لەو دایکانە دەکات کە ژیان و گەنجییان لە پێناو دڵخۆشیی منداڵەکەیاندا دادەنێن، بەڵام لە هەر ساتێکدا لەبەر هەڕەشەی شەقی پیاوەکانیاندان کە بیاگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر لە پاش چەندین ساڵ ژیان لەگەڵ پیاوێکدا.

‏‎بەڵام ترسی لەیلا وەک دایک/ ێک بێدەنگی دەکات و هەر بێدەنگیەکەی دەبێت بە هۆی خاپوربوونی هەموو ئەو ژیانەی چەندین ساڵ کاری بۆ دروستکردنی کرد، لە هەمان کاتدا لەیلا ناچاربوو دەست لە هەر مافێکی رەوای خۆی هەڵبگرێت تا بۆ هەمووان بسەلمێنێت کە ئەو ژنێکی پارەنەویست یان دایکێکی باش بووە، بەڵام لە ئەنجامدا کێ زەرەرمەندی یەکەم بوو لەم هەموو باج دانەدا؟ بێگومان "لەیلا"ی دایک.

‏‎موژگان، یەکێکی ترە لە کارەکتەرەکانی درامای "پێستی شێر". ژنێکی رووخۆش، سادە، دڵ قایم و خۆش خەندەیە و عاشقی رەزا پەروانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا موژگان هەموو ژیانی لە چاوەڕووانیی ترسی بەفەرمیەت نەبوونی ژنومێردایەتیدا بەسەر دەبات و ناچارە لە خەمی ژیانی دوای ئەگەری دەرکردنیەوە بێت، کە رەزا پەروانە رۆژێک دڵی بگۆڕێت و نەیەوێت. لەبەرئەوە موژگان بە دزیی رەزا پەروانەوە پەنا بۆ کارکردن و پارەکۆکردنەوە دەبات چونکە رەزا بە هەر هۆکارێک بێت نابێت بە مێردی و تەنها سیغەی لەگەڵ دەکات. سێ مانگ و سێ مانگ گرێبەستی سیغەکە نوێ دەکەنەوە.

‏‎وەک موژگان چەندین جار دووبارەی دەکاتەوە، هاوشێوەی قیستی جلشۆر و تیڤی رەزا پەروانە گرێبەستی پێکەوەبوونەکەی بۆ نوێ دەکاتەوە یان کۆتایی پێ دێنێت.

‏‎ترسی موژگان سنووربڕە و ترسی قووڵایی دڵی هەموو ژنێکە و ترسێکی تەواو ناڕەوایە، ترسێکی ئاگایانەی هەر ژنێکە لە ئەگەری دەرکردن یان نەویستنی لەلایەن پیاوێکەوە گەڕانەوەیەتی بۆ خاڵی سفر و بێ ماڵ بوونیەتی هاوشێوەی لەیلا، دایکی ساحل لەم کۆمەڵگا ژەنگرتووانەدا.

‏‎دراماکە سەرنجڕاکێشە و بینەر لەگەڵ خۆی دەباتە ناو رووداوەکان، بەڵام ئەوەی لەم درامایەدا لای من جێی سەرنجە هۆکاری "ناموس" بوو. کە لە هەمانکاتدا "پیاو چاک" و "پیاو خراپ"ی لەسەر یەک پرس کۆ دەکردەوە. پۆلیس و هەڵەکار پێکەوە لەو شارەدا یەک دەگرن. ئەگەری بوونی هەر تاوان یان لە یاسادەرچوونێک هەبێت کاتێک دەزاندرێت باوکێک بەدوای ناموسی خۆیدا وێڵە هەمووان هاوکاری یەکتری دەکەن. لێرەدایە ناموس دەبێت بە هۆکاری مرۆڤبوون لە کاتێکدا ئەرکی هەر مرۆڤێکە دژ بە نادادپەروەریی بە هەر هۆکارێک بێت.

‏‎پۆلیسی وڵاتی ئێران، هەرچەندە لە دراماکەدا کار و چالاکیەکانیان زۆر بە باشە، واتا ئەرێنیی، نیشان دەدرێت، بەڵام هەر لەم ساڵدا بوو کە ژینا بەدەستی پۆلیسی ئێران شەهید کرا. ئەمە بۆ من جێگەی پرسیارە!

‏‎ئەگەر پۆلیسی ئێران هێندە بێ کەم و کوڕیی بن ئایا ئەو ناڕازیبوون و سووکایەتیە چرکەئامێزە بەردەوامە و ئەو هەموو لێدان و کوشتنە چییە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەنجامی دەدەن بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

‏‎لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دژ بە سیستەمی حکومڕانیی ئەو وڵاتە، لە کاردانەوەدا لەسەر ئەشکەنجە و پاشان بە ئەنقەست کوشتنی ژینا -ی ژن، کارو کردەوەی پۆلیسی ئەو وڵاتەمان بینی کە سینەمای لەم جۆرە دەستەمۆی دەسەڵات و خۆسەنسۆرکەر، هەرگیز ناتوانێت جوانی بکات و بیانکات بە قارەمان.

‏‎لە دۆخی وادا هونەری فیلم پەککەوتەیەکی بێچارەیە.

‏‎کارەکتەری ئەفسەری لێکۆڵەر قردێلەی سەری کچە کوژارەکەی پێش دوو ساڵ هێشتا لە دەستدایە و سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەی ئەم زنجیرە کوشتنە دەکات. دەرهێنەر هەوڵی داوە کەسایەتییەکی بەهێز نیشان بدات بەڵام لە هەندێک دیمەنی دراماکەدا ئەم لێکۆڵەرە نەک بەهێز نییە، بەڵکو تەواو گیرۆدەی هەڵچونەکانیەتی بەرامبەر بە هاوکار و هاوڕێکانی، کاتێک تاوانبار ئیهانەی ناموسی پێ دەکات و پێی دەڵێت رەنگە کچەکەی تۆش پێش کوشتنی دەستدرێژی سێکسی کرابێتە سەروەکو (ساحل)، لەکاتێکدا لێکۆڵەرە وا دەردەکەوێت بکوژی منداڵەکەی بە سزای سێدارە گەیاندووە، بەڵام سۆزی باوکایەتی و لەهەمان کاتدا ئیهانەی ناموس هێندە توڕەی دەکەن کە بە بێ بڕیاری دادگا تاوانبار تا ئاستی خنکاندن ئەشکەنجە دەدات.

‏‎ئێمە لە باشووری کوردستان، کەم تا زۆر ئاگاداری رووانگەی باوی کۆمەڵگای ئێرانین لە ژێر حوکمی دیکتاتۆری چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا یاخود شێرکۆ بێکەس گوتەنی "کۆماری سێدارە"، ئەم حوکمە دیکتاتۆر و ئایدۆلۆژییە نەیتوانیوە و ناتوانێت مرۆڤی ئازاد دروست بکات تا بە جۆرێکیکە جیاواز لە سیستەمی دەوڵەت مامەڵە بکەن مەگەر لە ئاستی تایبەتدا کە تاک زۆر هەوڵ بدات رەخنەگر بێت کە دووبارە لەو وڵاتەدا رووبەڕووی سزا و ئەشکەنجە دەبێتەوە، جیاواز لەم هەوڵە شەخسیانە سیستەمی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران سیستەمێکی دژە ژنیی و بە ناموس زانینی ژنانە. ئەسڵەن لە سەر بنەمای دژایەتی ژنان دامەزراوە.

‏‎پۆلیس و ئاسایشی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای ئەم رووانگەیە بۆ ژن دامەزراون. پۆلیسێک ناتوانێت رۆڵێکی پێچەوانەی ئەو رۆڵەی سیستەمەکە بۆی دیاری کردووە پێچەوانە کار بکات.

ئێمە نازانین دەرهێنەر لەم نیشاندانەدا تا چ ئاستێک بە راستیی مەبەستی جوانکردنی رۆڵ و کارەکانی پۆلیسی ئێرانە و شاردنەوەی راستییەکانە، یان بەهۆی سیستەمی دیکتاتۆری ناچار بووە بەو شێوەیە کارەکان نیشان بدات تاکو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە رێگە لە دروستکردن و پەخشی دراماکە نەگیرێت. لە بەردەوامی هەوڵەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەدا بێمتمانەیی خاوەن قەزییەکە کە باوکی کچە کوژراوەکەیە نیشان دەدات بەرامبەر بە هەوڵ و کارەکانی پۆلیسی وڵاتی ئێران.

نیگەرانی و بێمتمانەییەکەشی بێ هۆکار نییە. دەرهێنەر ئەو وێنەیە لە ئەنجامی کۆتایی درامەکەدا راست دەکاتەوە کە پۆلیسی وڵاتی ئێران نەیتوانی تاوانبار بە بەڵگەی تاوانباری بە سزای خۆی بگەیەنێت بەڵکو باوکەکە خۆی تاوانبار بە سزا دەگەیەنێت. لێرەدا بێمتمانەیی مرۆڤ نیشان دەدات بەرامبەر بە سیستەمی دادوەری لەو وڵاتەدا لەهەمان کاتدا نامەدەنییبوونی هاوڵاتیان و دووبارە ئەو بیرە کۆنباوەی کە خوێنی رژاو بە خوێن رشتن (ێکی) نوێ تۆڵەی دەکرێتەوە.

‏‎دیارە دراماکە چەندین لایەنی جوان و باشی هەیە بەتایبەت ئەگەر بەراووردی بکەیت بە خراپتر لە خۆی.

‏‎لە باشووری کوردستان دەبینین زۆرترین ئەو کەسانەی دراماکەیان بینیووە وەسفی دەکەن.

‏‎بێگومان هەر شت یان بابەتێک بەراوورد بە خراپتر لە خۆی بکەیت هەرچی بڵێیت دەبێت بە پیاهەڵدانی بابەتی یەکەم.

‏‎بۆیە لە نێوان درامای "پێستی شێر" و بینەری کورددا لە باشووری کوردستان کە تا رادەیەکی زۆر پێی سەرسامن هەڵەیەک دەبینم ئەویش بەراووردکردنی دراماکەیە بە دراما کوردییەکان.

لە کاتێکدا ئاستی هونەر لە باشووری کوردستان لە کێشەیەکی گەورەدایە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆک و رۆڵبینین و قووڵیی ئاستی رەخنەگرانەیدا بۆیە ئەگەر بینەر ئەم درامایە بە هەر درامایەکی کوردی بەراوورد بکات بێگومان براوە "پێستی شێر"دەبێت.

‏‎درامای "پێستی شێر" و سینەمای ئێرانی چۆن دەتوانن لە ئاستی سینەمای جیهاندا بن ئەگەر تا ئێستا لە قوڕاوی شەرەف و ناموس و ژن کوژی جیانەبوونەتەوە و بەرهەمەکانیشیان جیا لە شیکاری رووداوەکان هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی جیاواز بۆ دنیابینی مرۆڤ دروست ناکات؟!

‏‎لە کۆتایدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئەگەر هونەری سینەما وەکو ئاوێنەی رووداوە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات و شیکاری رووداوە کۆمەڵایەتییەکانمان بۆ دەکات ئەی کێ بەرپرسیاری گۆڕینی نۆرمە باو و ژەنگ گرتووەکانە لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا؟

 

سەرچاوە : سایتی ئاوێنە