سەرتیپ جەوهەر
هەمیشە ستەمكاران خۆیان هۆكاری رووخان و كەوتنی خۆیانن، غرور بەجۆرێك بەرچاویان دەگرێت قەت لەوباوەڕەدانین حوكمڕانیەكەیان بڕوخێت، هەمیشە لەبەرزیەوە دەڕواننە خەڵك و خۆین ماڵی خۆیان وێران دەكەن. هەروەك بەدرێژایی مێژووی هیچ حوكمڕانیەكی دادپەروەرو چاكەخواز لەلایەن خەڵكەكەیەوە لەناونەبراوە. هەمیشە دیكتاتۆرەكان لەرۆژانی كۆتایی ژیانیان وەك گای شێت چاویان سور دەبێت و پەلاماری راست و چەپی خۆیان دەدەن، وەك ئەوەی هەست بەنزیكبوونەوەی مەرگی خۆیان بكەن، نازانن تەنها پەتی ستەمكاریی لەئەستوریدا دەپسێت.
دیكتاتۆری عیراق سەدام حوسێن (1979-2003) بەجۆێك هەڵسوكەوتی دەكرد، وەك ئەوەی مردن نەبێت و رۆژێك لەرۆژان ئەو حوكمڕانیە جەبەروتیەی نەلەرزێت، كەچی رۆژان هات و چوو، بەبەرچاوییەوە كوڕو كوڕەزاكانی كوژران و خۆیشی لەكونێكی تەنگەبەر وەك جورجی راكردوو دەستگیركرا، سەرباری ئەوەی ملیۆنان دۆلاری پێبوو، بەڵام هیچی فریای نەكەوت.
(موعەممەر قەزافیی) (1977-2011) دیكتاتۆری گەورەی لیبیا، بەر لەدەستگیركردنی بەچەند رۆژێك لەسەر شاشەی تەلفزیۆن هەڕەشەی لەهەموو خەڵكی لیبیا دەكردو دەیگوت (بێت بێت، دار دار، زەنگە زەنگە) لەدوژمنان خاوێندەكەینەوە، كەچی دواتر بەپیكابێك لەم كۆڵان بۆ ئەو كۆڵان دەگوێزرایەوە هیچ كەسێك فریای نەكەوت سەرئەنجام زۆر نامرۆڤانە لەلایەن هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كوژرا.
دیكتاتۆری وڵاتی چیلی (ئۆگێستۆ بینۆچێ 1973-1990) ئەوەندە دڕندەبوو، منداڵی خێزانەكانی ئۆپۆزسیۆنی دەڕفاندو دەیدا بە ئەفسەرانی رژێمەكەی، قەت لەوبڕوایە نەبوو رۆژێك لەرۆژان دەسەڵاتدارێتیەكەی لەدەستبدات، كەچی دواتر نەك لەدەستیدا بەڵكو دادگایی كرا.
نیكۆلای چاوچیسكۆ دیكتاتۆری رۆمانیا (1974-1989) قەت لەوبڕوایە نەبوو كورسیەكەی بەجێبهێڵێت. خەڵكی وڵاتەكەی لەبرسا دەمردن، هەناسەیان نەمابوو بۆ ژیان، كەچی لەكۆتایی 1989 سەدان هەزار كەسی بەزۆر كۆكردبۆوەو لەوتارێكدا هەڕەشەی لێدەكردن! بەڵام خەڵكەكە نەیانهێشت وتارەكەی تەواوبكات و پەلاماریان دا. ناچار رایكردو دوای 3 رۆژ لەلایەن خەڵكەوە دەستگیركراو لەدادگاییەكی 5 دەقەیی حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا دراو دەستبەجێ جێبەجێكرا.
هەموو دیكتاتۆرو ستەمكاران لەمێژوودا لە رۆژانی كۆتایی ژیانیان، هیچ كەس فریایان ناكەوێت. هەمیشە یان دەكەونە دەست خەڵك و دەكوژرێن یاخود لەترسی خەڵك رادەكەن و دوور دەكەونەوە. ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان كاتێك لەناوەڕاستی 2021 تاڵیبان هاتەوە، فریا نەكەوت جانتاو بارگەی خۆی بەتەواوی ببات، تەنها فریای ئەوەكەوت بەهیلی كۆپتەرێك و چەند ملیۆن دۆلارێك رابكات.
هەمیشە دیكتاتۆرەكان پێشبینی نەمانی خۆیان و حوكمڕانیە ستەمكارییەكانی خۆیان ناكەن. هەمیشە دیكتاتۆرو ستەمكاران غرورێكی زۆر بەرچاویان دەگرێت بەتەواوەتی رێگای راستیان لێ ون دەبێت، هەمیش دەوروبەر (دەربار)ێكیان هەیە تەوقێكیان بەدەوردا دروستدەكەن ئەوەندەی دیكە غرورو لەخۆبایی بوونیان بۆ دروستدەكەن. هەموو دیكتاتۆرەكان لەكۆشك و گردو بەرزاییەكانی تێیدا دەژین نایەنە خوارێ. دەربارو دەوروبەریان ئەوەندە مەرایی و كڕنوشیان بۆ دەبەن وادەزانن هەموو دونیا تەنها ئەو كۆشك و تەلارەی ئەوانە، بۆیە قەت ناتوانن لەهەقیقەتی دەرەوەی كۆشك و تەلارەكانیان تێبگەن.
سەدام چەندین كۆشكی لەعیراق دروستكردبوو بینیمان بەچ دەردێك چوو. هیتلەر كۆشكێكی لەباڤاریا دروستكردبوو پێیان دەگوت هێلانەی هەڵۆ كەچی عومری درێژ نەبوو خۆی كوشت، چاوچیسكۆش كۆشكێكی دروستكرد هێشتا تەواوی نەكرد بەسەریدا رووخاو كوژرا.
سەرچاوە : ئاوێنە