مەحمود خانی کانی سانان ، سەرداری مەریوان و دڵسۆز و پاڵپشتی شێخ مەحمودی حەفید

· 

 

دوای ئەوەی مێجەر نۆئێل تاڕادەیەك نەرم ونیان بوو لەگەڵ کوردەکان و شێخ مەحمودی حەفید ، بەریتانیەکان بڕیاریان دا مێجەرسۆن بخەنە جێی ، ئەوەبوو مێجەرسۆن کەوتە پیلان گێڕان دژی حکومەتەکەی شێخ مەحمود، بۆیە شێخ مەحمود بڕیاریدا بەریتانیەکان لە سلێمانی دەربکات . ئەوەبوو جوابی نارد بۆ مەحمودخانی دزڵی و مەحمود خانی کانی سانان ، هەردوو مەحمود خان هاتن بەهانای شێخ مەحمودی حەفیدەوە و ئینگیز تێکشکێنرا و سلێمانی ڕزگارکرا.

دوای خۆڕێکخستنەوەی بەریتانیەکان و بەهۆی خیانەتی هەندێك لەسەرۆك عەشیرەتەکانی ناوچەکە ، لە هێرشێکدا لە دەربەندی بازیان بەهۆی نابەرانبەری هێزەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا و بەریتانیەکان سەرکەوتن و شێخ مەحمود یان بەدیل گرت.

دوای شكستی دەربەندی بازیان، مەحمودخانی دزڵی بە خۆی و جەنگاوەرەكانی یەوە باشووری كوردستانی بەجێ هێشت و رووی كردەوە شوێنە سەختەكانی ناوچەی دزڵی و هەورامانی تەخت. دیارە ئینگلیزەكان لە رزگاركردنی شاری سلێمانی و رۆژانی دواتردا(خانی دزڵی)یان باش دەناسی و لەوە ئاگادار بوون كە جەنگاوەرەكانی لە شاری سلێمانیدا سوپای ئینگلیزیان لە پەلوپۆ خستبوو، بەم جۆرە بە دوژمنێكی سەرسەختی خۆیان دەزانی و دەیانویست بەیدەستی بكەن، بۆیە دەستبەجێ كاربەدەستانی ئینگلیز بە داوایەكی رەسمی فەرمانڕەوایانی ئێرانیان ناچار كرد كە (مەحمود خانی دزڵی و مەحمود خانی كانی سانان) بگرن‌و بە جووتە بدرێنە دەست دەسەڵاتدارانی ئینگلیز، كاربەدەستانی ئێرانیش بە فێڵ داوی پلانێكیان بۆ چنین و هەردووكیان گرتن‌و نێردران بۆ بەندیخانەی (ئیچ قەڵا) لە بەغدادو لەوێشەوە(مەحمود خانی دزڵی) نێررا بۆ هیندستان تا لەگەڵ شێخی نەمردا بەند بكرێن‌و لە كوردستان دوور بخرێنەوەو لەو ماوەیەدا دووچاری سزاو ئەشكەنجە هاتن.

لەو رۆژگارە نەهامەتی و جەنجاڵەدا كە شێخی نەمری بەردەقارەمان و مەحمود خانی دزڵی خزێنرانە كونجی تاریكی زیندانەوە. كردەوە ناچیزەكانی مێجەر (سۆن) لە سلێمانی، ئەم رووداوانە سەرجەم بوونە مایەی خەم و پەژارە‌و پەلاماردان‌و ناڕەزایی دەربڕین‌و تەنانەت فرمێسك رشتن، شاعیری بزووتنەوەی نەتەوایەتی كورد پشتیوانی شێخی نەمر.

(ئەحمەد بەگی ساحیب قران- حەمدی 1878-12/11/1936) لەو رۆژانەدا دەنگی كسپەو ناسۆری خۆی و نەتەوەكەی دەربڕی:

شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەرنەدەم

سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناكەوە

بۆ دلێری حەزرەتی مەحمود مەمدوحی جیهان

تاقە یەك گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد كاكەوە

بۆ(دوو مەحمود خان) ئەمیری سەرحەدی رۆم و عەجەم

بوونە ئەسحابی قورەیش و چوونە سلكی چاكەوە

 

 

سەرچاوە : ئاکاونتی فەیسبوکی شێخ مەحمود حەفید