حەکیم داود قەرەداغیی
وادیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی هەر سەرکردەی رۆژە سەختەکانی بێ مووچەیی و بێ کاری نییە، بەڵکو رۆژێک سەرۆکوەزیرانی خەڵک و رۆژێکی دیکەش هی خۆڕاگری و هێزە.
ئەم گۆڕانکارییە بەردەوامەی سەرۆکوەزیران، زۆر گەڕام لە زمانی کوردیدا وشەیەکی گونجاوم نەدۆزییەوە، بۆیە پەنامبردە بەر وشەی 'میوتەیت mutate'ی ئینگلیزی بۆ وەسفکردنی گۆڕانە خێراکانی سەرۆکوەزیرانەکەمان، کە لە ئینگلیزیدا بە شتێک دەگوترێت بەردەوام لە گۆڕاندا بێت و دۆخێکی جێگیریی نەبێت.
راوێژکار و هاوکارەکانی مەسروور بارزانی لەگەڵ هاتنی هەر قەیران و کێشەیەکی نوێدا لەبری داوای لێبووردن لە خەڵک، دێن وشەیەکی نوێ بۆ وەسفی 'سەرۆکوەزیران بارزانی' دادەتاشن. لەڕاستیدا ساڵێکی دیکە تەمەنی حکومەتە کاربەڕێکەرەی بەردەوام بێت، ئاوەڵناوی وەسفی لە زمانی کوردیدا نامێنێت بۆ وەسفی سەرکردەکەیان بەکاریببهێنن.
لە دوایین مانگدا کە ئادار بوو، دوای سووتانی چەندین بازاڕی هەولێر و لەنێویشیاندا قەیسەری، مەسروور بارزانی ناونرا 'سەرۆکوەزیرانی خەڵک".
نیسان بوو ناونرا 'سەرۆکوەزیران و پیاوی تەنگانە'.
لە سەرووتاری ئاڤا میدیا، کە راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە پشتیوانی دارایی دەکرێ، مەسروور بارزانی زیاتر لە ١٠ جار وەسفکراوە، لەنێویاندا پیاوی دەوڵەت و ئەرکە سەختەکان' و 'بەهێز و خۆڕاگر'، 'حەکیم'، 'چەتری پاراستنی خەڵکی کوردستان، 'نەبەرد'، 'سەرکردەیەکی تەواو جیاواز و خاوەن دیدگا و پلانی درێژخایەن'.
نووسەر دەڵێت مەسروور بارزانی بووەتە 'ببێتە چەتری پاراستنی خەڵکی کوردستان' و "بە پشتبەستن دونیابینییە تەندروستەی بۆ حوکمڕانییەکی شایستە هەیەتی، جارێکی دیکە هەموو نەیارەکانی بێ هیواو خەڵکی کوردستانیشی هیوابەخش کردەوە" و هەروەها "سەرۆکوەزیران نەبەردانە وەستایەوە بەرامبەر هەموو فشارە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان".
جاران میدیاکانی نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی سەرۆکایەتی حکومەتدا ئەویان بە 'نەرم لە ناوخۆ و بەهێز لە دەرەوە' ناودەبرد، ئێستا هیچ ناڵێن چونکە بەڕاستی نزیکەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەرفەت نادەن هیچ وشە و ئاوەڵناوێک مانگێکی بەتاڵیان هەبێت.
لەڕاستیدا خوێندنەوەیەکی بێلایەنانە بۆ کابینەی نۆیەم ئەوە دەردەخات لە چەند بوارێکدا کاری باش کراون بەتایبەت گرنگیدان بە کشتوکاڵ، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا کوردستان لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا زۆر باشتر بوو. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو تر و یەکدەنگتر بوو، شەفافیەتی دارایی زیاتر و ئازادی بیروڕا فراوانتر و کاری میدیایی ئازادتر بوو.
دەکرێ لەڕێگەی میدیا و راگەیاندنەوە سەرکردە و دەسەڵاتێک بۆ ماوەیەک خۆی و خەڵکیش بخەڵەتێنێت بەوەی هەموو شت زۆر باشە و وڵات شامی شەریفە، ئەوەی بۆی ناکرێ ئەوەیە بەری راستی بە بێژنگ ناگیرێت و رۆژێک دێت تووڕە و ناڵەی خەڵکی هەژار و زوڵملێکراو لە خەوی غەفڵەت رایاندەچڵەکێنێت.
سەرچاوە : درەومیدیا