میدیاونوخبەی کوردی...

 

د. سۆران حەمەڕەش

 

میدیا و نوخبەی کوردی لە نێوان بابەتی زمان و بنەچەی مادەکان لەگەڵ ڕەگەزگۆڕینی تاکێکی کورد دا، ئەیەوێت چی بڵێت؟

ئەم ڕۆژانە بابەتی ڕەگەزگۆڕینی تاکێکی کورد، بووە بە بابەتی سەرەکی سۆشیال میدیای کوردی و زۆر لەوانەی کە هەندێک جار بە نوخبە ناودەبرێن، هەندێکیان زیاتر لە جارێک بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتەکە داوە. لە ئەنجامدا بابەتەکە بۆ چەند ڕۆژێکە بووە بە بابەتی سەرەکی سۆشیال میدیای کوردی و باڵی کێشاوە بەسەر هەموو بابەتەکانی تردا. لە هەمان کاتی گەرمبوونی ئەو بابەتەدا، ڕۆم و عەجەم بە درۆنەکانیان باشور و ڕۆئاوای کوردستان بوردومان دەکەن و هاوڵاتی مەدەنی شەهید دەکەن.

هەمیشە بابەتە گەرمەکانی ناو سۆشیال میدیای کوردی بۆ من مایەی سەرنجن. بەتایبەت کاتێک کە بەراوردی دەکەم بەوانەی نەتەوەکانی تر. لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە بەریتانیا، گۆڕی ڕێچاردی سێهەم دۆزرایەوە. ڕیچارد یەکێک لە پادشاکانی ئنگلیز بووە و لە ساڵی ١٤٨٥ دا لە شەڕدا کوژراوە. دوای دۆزینەوەی گۆڕەکەی، بۆ چەند ڕۆژێک ئەو بابەتە بوو بە سەردێڕی هەواڵەکان و چەندین لێکۆڵینەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمڕۆ گەر لە گوگڵدا بۆ ناوی ئەو پادشایە بگەڕێیت، دەبینرێت کە 7330000 جار ناوی هاتووە. بەریتانیەکان شوێنەوارێکی تەمەن پێنج هەزار ساڵەیان هەیە بە ناوی Stonehenge (بەردە هەڵواسراوەکان) کە جگە لە کۆمەڵێک گا بەرد، شتێکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت. مەبەستم لەوەیە کە نە نووسینێک نە نەخشێکی ڕوون لەو شوێنەوارەدا نەدۆزراتەوە. بەڵام هەموو منداڵێکی بەریتانی شتێک سەبارەت ئەو شوێنەوارە دەزانێت. بەریتانیەکان وایان کردووە کە هەموو جیهانیش ئاگاداری ئەو شوێنەوارە ببێت و ببێتە شوێنێکی گەشتیاری و خەڵک لە هەموو جیهانەوە سەردانی بکەن و بایەخت پێبدەن. ئەمڕۆ گەر لە گوگڵدا بۆ ناوی ئەو شوێنەوارە بگەڕێیت، دەبینرێت کە 29900000 جار ناوی هاتووە.

هەموو ئەم شتانە دەمخەنە پرسیارەوە. منێک کە عەوداڵی بنەچەی کورد و مێژووەکەیم، زۆر جار ئەو شتانەی کە دوای دەیان ساڵ هەوڵ و کۆشسش خستوومنەتە بەردەم خۆم و تاکی کورد، لە دڵی خۆمدا وامزانیوە دوای ئەوەی کە بڵاودەبنەوە، لەوانەیە هەموو میدیای کوردی بۆ ماوەیەک سەرقاڵ بکەن. بۆ نموونە کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، فەرهەنگی مادی-کوردیم لە پەرتووکەکەمدا دانا و بە بەڵگەوە خستمە ڕوو کە مادەکان بە کوردی قسەیان کردووە و لەم پەرتووکەشدا زیاتر ئەوەم ڕوونکردەوە و هەندێک لایەنی ڕێزمانی ئەو زمانەم خستۆتە ڕوو، چاوەڕوان بووم کە تەنها یەک میدیای کوردی ئەو بابەتە بکاتە سەردێڕ و نوخبەی کوردی بیکەنە بابەتی گەرم، بەڵام ئەوە ڕوو نادات. کاتێک کە بۆم دەرکەوت، مادەکان نزیکی دوو هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر گووتویانە (میترا پەنا) و ئەمڕۆ تەنها ناوی (میترا) مان گۆڕیوە و کردوومانەتە (خوا پەنا) بەهەمان مانا، بۆ من ئەوە ڕۆژە مەزن و خۆشەکانی ژیانم بووە. کاتێک کە نۆ جار و بە مانای جیاواز لە زمانی مادیدا دەربڕینی پەیوەست بە خوداوەندی میترام بینی و لە کوردی نوێدا ئەو دەربڕینانە هەمان مانایان هەبووە، بۆ من ئەوە دۆزینەوەی گەوهەر بووە. کە دەمبینی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، سێ هۆزی کوردی ناوی خوداوەند میترا بەشێک لە پێهاتەی ناوەکانیان بووە و هەزاران ساڵ پێشتریش لە ناو میتانیەکاندا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا میترا باسکرابوو، بۆ من ئەوە دۆزینەوەی گەوهەر بووە. کاتێک کە بینیم خوداوەندی زەروان لە دەقی هوری و مادی و کڵامی یارسانیدا ناوی هاتبوو و یەکەم ڕاهێنانی ئەسپ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە زمانی کوردی بووە، ئەوانە گەوهەری نەتەوەیی بووە بۆم.

ئەوەی کە لەم ڕووداوانەدا ڕووندەبێتەوە ئەوەیە کە میدیا و نوخبەی کوردی بە گشتی بابەتەکان کە ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە دەیخەنە کەنارەوە و بابەتە شەخسیەکانیش، هاوشێوەی گۆڕینی ڕەگەزی تاکێکی کورد، ڕەهەندی نیشتیمانیان پێ دەدرێت. هەر لەبەر ئەوەیە هەتاوەکو ئەمڕۆ نەمانتوانیوە بۆ جیهانی بسەلمێنین کە مادەکان کورد بوون. کورد لە جیهانی ئەکادیمیدا شوانێکی بێ کلتور و شارستانیەتە. لە کاتێکدا کە زمانەکەی زمانی یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووە. بەڵگەکان بە ڕوونی ئەوە دەخەنە ڕوو کە کورد و کوردستان سەرەتای چیرۆکی شارستانیەتی مرۆڤایەتین. کەچی ئەو زانستە پاڵپشتکراوە بە بەڵگە، نابێتە بابەتی گەرم و سەردێڕی هەواڵەکان، نە لەلای نوخبەی کوردی نە لەلای میدیای کوردی. ئەوەی کە کورد بە بەڵگەوە هەیەتی، فارسەکان یەک لەسەر سەدی ئەوانیان نیە و خۆیان لێکردووین بە خاوەنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

دیارە بابەتە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی گرنگن و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەسەریان زۆر پێویستە. بەڵام هەڵسوکەوتی میدیا و نوخبەی کوردی ئەوە دەگەیەنن، کە بابەتی گۆڕینی ڕەگەزی تاکێکی کورد لە زۆر بابەتی نەتەوەیی لای ئێمە گرنگترە. لە ئەنجامدا بابەتی گرنگی مێژوو و فەرهەنگی کوردی، ناتوانن ببنە جێی بایەخی ئێمە و بەو جۆرەش نابنە سەردێڕی هەواڵەکان نە بۆ خۆمان نە بۆ جیهان. هەر لەبەر ئەوەیە کە چەند گابەردێک لە بەریتانیا، سەدان پرۆگرامی لەسەر دەکرێت و جیهان پێی ئاشنا دەبێت. کەچی خۆمان ئاشنای شۆڕشی کشتوکاڵ نەبین کە باوباپیرانی خۆمان بەرپایان کردووە و هەر ئەوانیش پێشەنگی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بوون.

ئەم پۆستە بۆ ئەوە نیە کە خۆم بە کوڕە چاکەکە دانابێت و بڵێم منیش بەشێک نیم لەم هەلومەرجە. ئێمە هەموومان بە خۆشمەوە تاوانبارین لەوەی کە بەسەرماندا دێت. کورد ئەو نەتەوەیە کە یەکەم نووسینی داهێناوە، کە شۆڕشی کشتوکاڵی بەرپا کردووە، بەڵام ناتوانێت ئەوە لەخۆی بگەیەنێت و بیکاتە زانیاریەکی گشتی و قبوڵکراو. بەو جۆرە ئێمە لە جیهانی ئەکادیمیدا وەک شوان دەناسێنرێین و خۆمان و فەرهەنگمان نابنە مایەی بایەخی خۆمان و جیهان. لە ئەنجامدا، کێشەی عەرەب و جوو زیاتر دەبێتە جێی بایەخی ئێمە وەک لە بوردومانەکانی ڕۆم و عەجەم و بۆ سەر خاکمان.

ئێمەین کە ئەمڕۆ بابەتە گرنگەکان بۆ خۆمان و کۆمەڵگەکەمان و جیهان دەستنیشان دەکەین و دەیخەینە ڕوو. سەردێڕی بابەتەکانی ناو سۆشیال میدیای ئەم ڕۆژانە، ڕێک دەری دەخەن کە ئێمە چیمان کردۆتە گرنگترین و گەرمترین بابەتی ناو کۆمەڵگەی کوردی و چیش پشتگوێ دەخەین. لە ئەنجامدا پەیامەکەمان بۆ هەمووان ڕوونە!

نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی: وێنەکەی لای ڕاست وێنەی پیاوێکی مادیە و وێنەکەی لای چەپ، وێنەی خاتوو لانە کرمانجە دوای ڕەگەزگۆڕینی.