ماوەى ٢٨ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لە پاش شەش ڕۆژ درەنگانی شەوی ٣٠ـی مانگى ڕابردوو، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستی بڵاوکردەوە و دانی پێدا نا، کە ڕفاندوویانە.
سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور ڕفێندراوە و ماوەی ٢٨ ڕۆژە بێسەروشوێنە.
لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، درەنگانی شەوی ٣٠ـی مانگى ڕابردوو ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستدا، ئاسایشی دهۆک ڕایدەگەیەنن، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە پووچ و ناڕاستانە.
سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە ١ـی تشرینی یەکەمەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی و بەشداریکردن لە پرسەی باوکی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمیی فیشخاپوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاسای و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی ٢٨ ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.
جێگەى ئاماژەیە، ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە.
ئـ.م
سەرچاوە : ڕۆژنیوز