دەستەی پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتمان ڕایدەگەیەنێت "ئەم جۆرە ڕێگرییانە لە سلێمانی، دیوێکی تری پێشوازیی و هەڵواسینی ئاڵای تورکیایە لە هەولێر و ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەردەوامیی پێشێلکاریی و هێرشەکانی سوپای تورکیا".
دەستەی پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتمان لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕایگشتی ئاشکرایکرد، "ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی یاداشتێک بۆ ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی، لەسەر پێشێلکاری و تاوانی سوپای تورکیا لە بەزاندنی سنور و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و بۆمبارانکردنی شاخ و گوند و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، کوشتنی خەڵکی سڤیل لە گوند و شارۆچکەکانی کوردستان، مەترسی فراوانبوونی ئەو داگیرکارییانە لەپاش هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا یاداشتەکە ئاڕاستەی ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی بکەین".
ئاماژە بەوەشدراوە "لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، کە ئەم جۆرە ڕێگرییانە دیوێکی تری پێشوازیی و هەڵواسینی ئاڵای تورکیایە لە هەولێر و ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەردەوامیی پێشێلکاریی و هێرشەکانی سوپای تورکیا"
دەستەکە باسی لەوەشکردووە، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە وەك ئەو دەستەیە لە بەرگریی و پاراستنی سەروەری نیشتمان، بەردەوام دەبین.
سەرچاوە : ئاوێنە