لولیتا لە تاران دەخوێنێت

ڕۆمانێکی واقعی(٥٧٦)لاپەڕەیی خاتوو(ئازار نەفیسی) نووسەری بەرەگەز ئێرانی و تاراوگەنشینە.
ئەم ڕۆمانە، یەکەم چاپی لەساڵی٢٠٠٣ لێ بڵاوبووەوەو دواتر بۆ(٣٢)زمان هاتە وەرگێڕان و توانی ژمارە پێوانە بشکێنێت و ئاستێکی بەرز و لە پڕفرۆشترین تۆماربکات و بە پێی لیستی گۆڤاری (نیویورک تایمز)،
بۆماوەی(١١٧)هەفتە، ژمارە پێوانەیی شکاندن و پڕفرۆشترین بوو.
هەروەها توانی چەندین خەڵاتی ئەدەبی بەدەست بێنێت و ببێتە هۆکاری ناودار بوونی نووسەرەکەی، لەسەر ئاستی جیهاندا.

لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
ئەو ڕۆمانە، ژیاننمای خودی نووسەر خۆیەتی، کە تێیدا ئەزمونی ژیانی خۆی بە تایبەتی و دۆزەخی ژیانی خەڵکی ئێران بەگشتی باس دەکات و لە برگەیەکی زەمەنی و مێژوویی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدوێت و لاپەڕە تاریک و تاڵەکانی جەحیمی ژیان لەو وڵاتەهەڵدەداتەوە.

وڵاتێک، کە نووسەر لەساڵی ١٩٩٧، بەهۆی تۆتالیتاریزمی حوکمی مەلالی و فشاری ئاخوندەکانی بە ناچاری جێی دێڵێت.
نووسەر لولیتای لەناونیشانی ڕۆمانێکی شاعیر و نووسەرو وەرگێڕو ڕۆماننووسی روسی(فلادیمێرنابۆکۆف)وە وەرگرتووە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە ڕوبەڕوبوونەوەی سیستەمی تۆتالیتاری دەکات.

لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
حەققەت کارێکی ئەدەبی مەزن و ڕۆمانێکی ناوازەیه.
ئازار نەفیسی تێیدا لە ئەزموونی تاڵی ژیانی خۆی دەدوێت لە ئێران، لەوکاتەی شۆڕشی ئێران چۆن دوای ئەوەی سەردەکەوێت و نیزامی شا دەڕوخێت و لە شوێنیدا کۆمارێکی مەزهەبی و ئیسلامی جاڕدەدرێت، ژیان و ئازادی خەڵک لە لایان ئاخوندو مەزهەبگەراکانەوە دەستی بەسەر دادەگیرێت و داوا لە ئازار و هەموو مامۆستاکانی تری زانکۆو تەواوی ناوەندەکانی تری خوێندن و سەرتاسەری کۆمارەکەدەکرێت، لە ژن و کچەکان، کەدەبێت ئیتر باڵاپۆشبن و لەچک و پۆشاکی ئیسلامی بپۆشن.

ئازار بەهۆی فشار لەسەرژیان و ئەو سەپاندنە بە زۆریەی حیجاب و سەرپۆش، ناچاردەکرێت دەست لەپیشەی مامۆستایەتی هەڵگرێت و لە کەشێکی کابووساوی و پڕ لەترس و تیرۆری حوکمی مەزهەبگەرایی خۆسەپێنەکاندا،
سەرکێشی بە ژیان و گیانی خۆیەوە بکات و ژیانی خۆی و ئەو حەوت قوتابیە بخاتە مەترسیەوە و لە ماوەڵەوەدا بنکەیەکی ئەدەبی دابمەزرێنت و هەموو بەیانیەکی ڕۆژانی پێنج شەممە، 
بە نهێنی و دوور لە چاو چاودێری پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی مەزهەبگەرایی و کۆماری ئیسلامی و دوور لەو کەشەی زانکۆ وانەبڵێتەوە.
ئەو زانکۆیەی کە ئەدەبی تێدا بێ بەهاو بێ قیمەت دەکرێت و سانسۆر و فلتەرو هەڕەشەی دەخرێتە سەرو دنیایەک هێڵی دەستکرد و بتی ئایدیۆلۆژی و بڤە و تابۆی مەزهەبی لە بەردەمدا قوتدەکرێتەوە و ئەدەب لە جیاتی ئەوەی ئاوێنەی ڕووداوەکان و ئایکۆنی جوانیەکان و دەرخەر و پیشاندانی ڕاستیەکان و ئافرێنەری تێگەیشتنەباڵاکان و بەرجەستەکەری ئێش و ئازار و موعانات و خەمی ژیانی مرۆڤەکان بێت، بەڵکوو بێ بایەخ و بێ بەهادەکرێت و لە هەڕەمی پیرۆزێتی خۆی بۆ نێو تۆنێڵی تاریکی مەزهەبگەرایی دەهێندڕێتە خوارەوەو دەکرێت به پاشکۆ و خزمەتکار و کارمەندی فەرمانگەی ئیدۆلۆژیای ئاخوندەکان و ئەرکگەلێکی لێ باردەکەن و کارێکی پێدەسپێرن، کە پێچەوانەی ئەرک و ڕۆڵ و پیرۆزی و پێگەی ئەدەبە.

لەکاتێکدا ئەرکی ڕاستەقینەی ئەدەب تفاعولکردنە لەگەڵ واقیع و بەرگریکردنە لە هزری ئازاد و ئازادی ویژدان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کەشێکی لیبیڕاڵانە. کەچی لەوەها کۆمارێکی مەزهەبی تۆتالیتاریدا، سەرلەبەری شتەکان تەواو پێچەوانە دەبنەوە و
هەموو ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی دژی تۆتالیتاری و سەرکوتکاری و مەزهەبکارین و لەگەڵ زەوق و مەزاج و سەلیقە و ئایدیۆلۆژیای مەزهەبیانە و دیکتاتۆریانە و تۆتالیتارانەی پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی عەمامەبەسەرەکان و کۆماری ترس یەکناگرێتەوە،
دەخرێنە قەفەسی تاوانباری و لیستی ڕەشی لێپێچینەوەو بۆتەی قەدەغکرن و یاساخ دەکرێن.

ئیدی بەو شێوەیە ئەدەب فلتەر و دەمکوت دەکرێت و لە وتنی ڕاستیەکان و لە دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مەزهەبگەراکان و پیشاندانی سکانداڵەکان بێدەنگ و سەرکوت و زیندانی دەکرێت.
زۆر تراژیدیایانە ئەدەب بێ ڕێزی پێدەکرێت و دەکرێت بە کۆپیەکی کاربۆنی ئەو واقیعە قێزەون و ناشیرینەی کۆماری پەت وسێدارە.
ئەو واقیعە هێڵنج هێنەرەی مامۆستا ئازار لێی ڕادەکات و نایەوێت هەرگیز ببێت بە بەشێک لەو مێژووە ڕەشە و لەو سەرکوت کاری و بێ ڕێزیەی لە بەرامبەر ئەدەب دەکرێت و دواتر ناوی بچێتە ناو لیستی ناپاکان و بەر نەفرەتی مێژوو و گەل بکەوێت.

ئێ چۆن مامۆستا ئازار بەرگەدەگرێت چیتر لەوەها زانکۆیەک بمێنێتەوە و وانە بڵێتەوە (زانکۆی تەباتەبائی).

ئەو زانکۆیەی لەسەردەمی شا، یەکێک لەهەرەزانکۆ پێشکەوتوو لیبڕاڵیەکانی تەهران بووە.
ئەفسوس ئێستا بووە بە زانکۆی کۆنەخوازی و دژایەتی کردنی ئەدەب و هزری ئازاد و لیبڕاڵیەت.

نووسەر لە زمانی مامۆستا ئازار
لە بارەی ئەو دۆخە تراجیدیکەی بەسەر زانکۆکەدا هاتووە پێمان دەڵێت" چۆن مرۆڤ دەتوانێت بەسەرنجەوە لەوەها زانکۆیەک کاربکات، لە کاتێکدا کاری سەرەکی بەرپرسانی کۆلێژەکە لابردنی وشەی(مەی بێ)له چیرۆکەکانی (هەمنگوای)، یاخود ئەولەویاتی کاریان ئەوەبێ خوێندنی (برۆنتی)لە کۆلێژەکە قەدەغەبکەن، چونکە بە تێگەیشتنی هەندێک لەبەرپرسەکان هانی سێکسی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری(زنا)دەدات.
.ئیتر تاشکۆ و سەروەری بۆ ئەدەب بگەڕێنێتەوەو ئەدەب لە ئەرکەڕاستەقینەکەی خۆی دوور نەخرێتەوەو بە دووربێت لەمەقەستی سانسۆر و بڕین، مامۆستا ئازار بۆ ئەو مەبەستە لە چێشخانەی ماڵەکەیدا ئەو بنکە ئەدەبیە دادەمەزێنێت، تا پێچەوانەی پێوەرەی کۆیلایەتی و لاقەکردنەکانی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی، بۆ ئەدەب و فیکری و قەڵەم و ئەقڵی ئازاد، وانەی یاخی بوونی تێدا بڵێتەوە و پێگەو ڕێزو بەها بۆ ئەدەب بگەڕێنێتەوە.
کۆمەڵێک لە قوتابیەکانی سەردانی دەکەن و وانەی ئەدەبی تێدا دەخوێنن و گەنگەشەو مشتوماڵی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی دەکەن.
لەوانە: ئەدەبی کلاسیکی ئێرانی و عەرەبی و چیرۆکەکانی هەزار و یەکشەوە و ئەدەبی کلاسیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆمانەکانی مەدام بۆڤاری، دیسەمبەری کاهینێک، لولیتای فلادیمێر نابۆکۆف، سکوت فیتزجیرالد، جاین ئۆستن و هنری جەیمس..تاد.
تاوەکو لەو ڕێگەیەوە تۆی وشیاری و نەزعەی تەمەڕود لە ناخ و دەروونی تاکەکان بچێنن و لە ڕێگەیەوە ڕووبەرووی واقیعی سەپێنرا و تاڵی ژیان و کەشی تۆقێنەر و سیستەمی تۆتالیتاری ئاخوندەکان ببنەوە و وشیاری و وەعی بڵاوکەنەوە و لێنەگڕێنن مرۆڤەکان چیتر ببن بە نێچیر و قوربانی دەستی ئەو سیستەمە مەزهەبیە دیکتاتۆرە و ڕادەستی مەرجەکانی دیکتاتۆریەت و بنەماکانی تۆتالیتاریزم و خواستی پیاوانی ئایینی نەبن و بەرگری و مقاوەمە بکەن.
بەهەر ڕێگە و شێواز و لەهەرشوێنێک بێت و ڕادەست نەبن و پێمان دەڵێت" مرۆڤ لەهەر شوێنێک و لەهەر سەردەمێک لە دایک بێت، ئەوە چارەنوسەکەیەتی، وەلێ ڕادەست بوون یاخود ڕەتکردنەوە، ئەوە هەڵبژاردنی خۆیەتی" ئەو کە بڕیاریداوە هەرگیز پاشەکشە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی نەکات و تەسلیمی بیری کۆنەخوازی نەبێت و دەست لە خەونی ئازادی هەڵنەگرێت، سەرەڕای هەرمەترسیەکیش بێتە سەر ڕێی.
ئاخر ئەو چۆن وا بە ئاسانی ڕادەست دەبێت، لە کاتێکدا دەزانێت کە ڕێگای ئازاد بوون و ئازادی گوڵڕێژنەکراوە و بە فەرشی سوریش نەتەنراوە.
ڕێگەی گەیشتن بە خەونەکان و بەدیهێنانی ئاواتەکان پڕیەتی لە هەورازی و نشێوی. تەژی لە تاڵی و ناسۆری و سوێری.
لێوان لێوە لە بەربەست و ناخۆشی و "کشانەوە بەرەو خەونەکانمان لەوانەیە ترسناکیش بێت، من ئەمەم لە ڕۆمانەکانی نابۆکۆف خوێندووەتەوە".
وەلێ وەک خاتوو ئازار پێمان دەڵێت بەردەوام لەنێو تاریکیدا، رووناکی هەڵدەقوڵێت، رووناکی ئەو ڕۆشنهزر و روناکبیرانەی بەیداخی ئازادییان هەڵگرتوە و لە دژی هزری فێندەمێنتالیستی و هێزی تاریکی دەجەنگن و ڕادەستی ئەهریمەنانی تاریک پەرست نابن و لەپێناو رۆشنکردنەوەی ڕێگەی ئەوانیتر، هەرگیز لە کۆشین و خەبات ناوەستن.

ئازار راستە لە زانینگە دەستلەکار دەکێشێتەوە،
وەلێ ئەو هەرگیز دەست بەرداری خەباتکردن لەپێناو ئازادیەکان نابێت و پێمان دەڵێت"ئێمەپۆلی تایبەت بە خۆمان دروستکرد، وەک هەوڵی ڕاکردن لە چاودێریکردنی چاوەکانی سانسۆر، لە ژووری ژیان لەوکاتەدا، توانیمان سەرلەنوێ ئاشکرای بکەین کە ئێمەیش مرۆڤین و دەتوانین بژین و هەناسەبدەین، بەبێ سەیرکردن بەوەی دەوڵەت بەرەو سەرکوتکاری ڕۆیشتووە.
ئامڕازەکانیان هەرچیەک بێت بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئێمە، ئێمەش وەكوو لولیتا خۆمان بە دوور دەگرین و هەوڵدەدەین لە دەروونی خۆماندا بە دوای گیرفانێكی بچوكی ئازادیدا بگەڕێین" و پێمان دەڵێت ئەدەب ئێنەرژی و هێزێکی کاریگەری ئەفسوناوی هەیە بۆ وشیارکردنەوەی تاک و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاران و ئاخوندەکان و هەڵتەکاندنی کۆڵەگەی سیستەمی تۆتالیتاری.
لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
چیرۆکی ئەزموونی ژیانی ژنێکه، لەناو سیستەمێکی سیاسی و ئایینی و مەزهەبی تۆتالیتاردا، کەزۆر سەراپاگیرانە، دەستی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانداگرتووە و هەموو شتێکی خستووەتە ژێر مەقەستی سانسۆرەوە و چاودێری وردو درشتی ژیانی خەڵک و بیرکردنەوەو نووسین و جل و بەرگ و خواردن و کەناڵەکان و ڕۆژنامەو گۆڤارو قەڵەمەکان ..تاد. دەکات.
سیستەمێکی شمولی پۆپۆلستی و پۆلیسی، کە ژیان لە سایەیدا هیچ نرخ و بەهاو مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
سیستەمێک،
مرۆڤ ئازادیەکانی لێ زەوتدەکرێت و دەست بەسەر سەربەستی و کەسایەتی دادەگیرێت.
سیستەمێکی کۆنزەڤاتیڤ و کۆنەخواز.

لەو سەردەمی شۆڕشی زانست و زانیاری تەکنەلۆژی و گڵۆپاڵیزەیش و جیهانگیریەدا، ژیان لەو سیستەمەدڵ ڕەقەدا دەگەڕێتەوە بۆئەوپەڕی تاریکی و دواکەوتوویی.
خەڵکی لەسەر بیر و بۆچوونی جیاواز، لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی، فێمێنیزم بوون، نووسین و جل و بەرگ پۆشین، پێکهاتە ئایینیەکان و.. تاد. دەخرێنە، بەندیخانە، دادگایی دەکرێن، لەسێدارە دەدرێن، ناسنامەیان لێدەسەندرێتەوە، لەوڵات دەردەکرێن، یان ناچاری ڕۆیشتن و ڕادەکردن دەکرێن.

لەو وڵاتەی بووەتە زیندانێکی مەزن بۆ هەموو ئەوانەی نایانەوێ ئاخوندانە بیربکەنەوە و بچنەژێر باری فەتوای پیاوە ئایینیەکان و بڕیارە مەزهەبیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی.
سیستەمێک،
لە سێبەریدا، رۆشنبیری وەزن و ئعتیبارێکی نەماوە.
سیستەمێک،
مەلالیەکان بوونەتە ڕەقیب بەسەر هەموو شتێکەوە، ئەو مەلالیانەی لە پێنووسی ئازاد و هزری ئازاد دەترسن. نایانەوێت مرۆڤ هۆشیاربێتەوە و وەعی بۆبگەڕێتەوە.
ئەوان دەیانەوێت مرۆڤێکی مەسخکراو موزەیەف دروستکەن.
مرۆڤگەلێکی میگەلیزم و مەزهەبی و ڕۆبۆتی و قورمیشکراو.
مرۆڤێك، هەمیشە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندابێت. چۆنیان بوێت، ئاوا لێی بخوڕن و بیجوڵێنن و کاری پێ بکەن.

ئاخر مرۆڤێکی هۆشیار و تێگەیشتووی نامەزهەبی هەڕەشەیە بۆ سەر عەقڵیەتی ئاخوندەکان، بۆسەر سیستەمی شمولی مەزهەبیەکان، بۆ سەر دەسەڵاتی پیاوە ئایینیەکان.

ئەو پیاوە ئایینیانەی بەرگی سیاسەت دەپۆشن و دۆزەخی ئایینی ئەو دونیا، لە ژیانی ئەم دونیایە دادەگیرسێنن و بە ئاگرە بێ ئامانەکەی ژیانی رۆشنبیران و جودا بیران و ئەدیب و نووسەران دەستوتێن.

ئەو ئاخوندانەی عەمامەی مەزهەبی لەسەری سیاسەت دەکەن و ژیانی مەدەنی و دیموکراسی پێ لەسێدارە دەدەن. لەو وڵاتەی خاتوو ئازارەکان ئازار دەدەن و هەموو ئاماژەو چرکەساتەکانی ژیان و جوڵەی مرۆڤەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

لەو وڵاتەی
"هەموو ئاماژەیەک خوێندنەوە و تەئویلێکی سیاسی بۆدەکەن، تەنانەت ئەو ئاماژانە گەر تایبەتی و کەسیش بن.
ڕەنگی لەچكەكانم و بۆینباغی باوكم بە نیشانە و ھێمای بەڕەڵایی ڕۆژئاوا و سمبولی ئیمپریالیزم
لێکدەدەنەوە" و وەک ئاماژەگەلێکی ترسناکی دەبینن بۆ سەر عەقڵیەتی مەزهەبی و دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی خۆیان.

ئەو پیاوەئایینی و مەزهەبگەرایانەی ئازارەکان و گۆرانی بێژو هونەرمەند و نووسەرو رۆشنبیر و شانۆکارو سینەماکاران ناچاری خۆبەدەستەوەدان، یاخو زیندانی کردن، یان ڕاکردن دەکەنەوە و کونجێک لە وڵات بۆ ژیانی ئازاد و ئازادی مرۆڤەکانو هەناسەیەکی ئازاد بۆ ئازادی خوازان ناهێڵنەوە!

ئازارەکان ناچاردەکەن دەست لە مامۆستایی زانینگە بکێشنەوە، لەسەر گوێڕایەڵی نەکردنی پیاوانی ئایینی و ئایەتوڵلاکان گەنجەکان لێیان دەدڕێت و دەچەوسێندڕێنەوە و زیندانی دەکرێن"هەموو ئەو گەنجانەیان دەگرت کە گوێڕایەڵیان نەدەبوون، بە توندوتێژی ڕایاندەکێشان بۆناو ئۆتۆمبیلی پاسەوانەکان، دەیانبردنە بەندیخانە، جەڵدەیان دەکردن و سەرشۆڕیان دەکردن و تەوالێتەکانیان پێ پاکدەکردنەوە، مەگەر ئەوانە ئازاد بکرابوانە کە تۆبەیان بکردبا لەوەی چیتر سەرپێچی لە بڕیارەکان نەکەن".

لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
ژیانی ژنێکی وشیار و خوێنەوار و رۆشنبیر و کۆمەڵێک قوتابی بوێر و ئازایە.
ژنێک سەرەڕای مەترسی و تۆقاندن و بەربەست و ڕێگریەکان، ڕیسک بە ژیانی خۆیەوە دەکات و رەتی دەکاتەوە بێ دەنگی هەڵبژێرێت.
ژنێک،
موڕەکەبی قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەتی بیری ئازاد و هەڵتەکاندنی بنەماکانی تۆتالیتاریزم و ئاشکراکردنی ڕاستیەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەی چەواشەکاری و سکانداڵەکانی کۆمەڵی بە مێگەڵکراو دەسەڵاتی شموڵی مەزهەبی و دکتاتۆریانەی ئاخوندەکان.

ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەی دەستی بەسەر ئازادی و بوونی هاوڵاتیەکانی داگرتوە و چەشنی کۆیلە و بارمتەیەک ڕفتاریان لەگەڵ دەکات.

ماوەتەوە بڵێم:
لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
ڕۆمانێکە و نووسەر لە میاندا بەرگری لە ئازادی و خەونەکانی مرۆڤ دەکات و دەیەوێت سێبەری ئازارەکان لەسەر ژیانی ئینسان لابەرێت و تەمی دیکتاتۆریەت لە ئاسمانی ئازادی بڕەوێنێتەوە و پێمان دەڵێت مرۆڤ بۆ ئەوە هاتووەتە ژیان، تابژیت،.
ژیانێکی شەڕەفمەندانە و سەربەرزانە و ئازادانە.
ژیانێک،
هەموان تێیدا ئازاد و کەڕامەت پارێزراو یەکسان بن.
ژیانێک،
کەس مافی ئەوەی نەبێت چیتر بەناوی ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژیا و هەرشتێکیترەوە، ستەم لە مرۆڤەکان بکات و مرۆڤ بوون پێشێل بکات و دەست بەسەر ژیان و ئازادیەکانیان دابگرێت و سیستەمێکی تۆتالیتاریان بەسەردا بسەپێنێت و مافەکانیان زەوتبکات و ژیانیان بکات بە ژەهر و بەندیخانەو دۆزەخ.

لولیتا لە تاران دەخوێنێت/
چیرۆکی ژیانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو کۆمارەی کەسایەتی تاک دەسڕدرێتەوە و ناسنامەی مرۆڤ بوونی لێدەسەنرێتەوە.
"لە کۆتاییدا هەموومان بووین بە نموونەیەکی جیا لە کەسایەتی خۆمان، نموونەیەک، کە کەسێکیتر دەیەوێت خەونی خۆیمان تێدا بەدی بێنێت، یەکێک لە توندڕۆکان (ئایەتوڵلایەك) هات، بانگخواز و پاشاو فەیلەسوفێک هات، تا حوکمی زێدەکەمان بکات، بەناوی ڕابردووەوە بۆمان هات.."

ئەمەیە چیرۆکی کۆماری ئایەتولڵاکان.
کۆمارێک،
ڕێك دەڵێیت(جمهوریە الخوف)- ڕۆمانی:کۆماری ترسی"کەنعان مەکیە"ی ڕۆماننووسی بە ڕەگەز عیراقییە، سەبارەت بە کۆمارەکەی( سەدام حوسێنی)دێکتاتۆر. 
 کۆمارێک،
تێیدا. ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو عەقیدەی ئایینێکی دیاریکراو مەزهەبی گرووپێکی دیاری کراو، حوکمی تێدا دەکات و بەسەر هەمواندا دەسەپێندرێت.

کۆمارێک،
تێیدا لاقە و تیرۆری بیری ئازاد و قەڵەمی ئازاد و هزری ئازاد دەکرێت.
بەو چەشنە، لەوەها سیستەمێکی تۆتالیتار و دەوڵەتێکی مەزهەبی و کۆمارێکی ئیسلامیدا، کاتێک ئازادی وەها بێ بایەخەخ دەکرێت و فەزای ئازادی بە تەڵبەندی ترس و تیرۆرو تۆقاندن و پەتی سێدارە، دەوردەدرێت و کۆتری ئازادی تیرۆردەکرێت، لەوەها کەشێکی تۆقێنەرو تۆتالیتێردا،
نەک هەر ئازادی مرۆڤەکان زەوتدەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت و ژن و کچەکان ناچاری لەچک و باڵاپۆشی دەکرێن، بگرە ئازار وتەنی "دەبێت پەنجەرەی ژوورەکانیش پەردە بپۆشن".

شەماڵ بارەوانی

سەرچاوە: galawej