كەپكۆ یان کەناڵی ڕوداو؟

 

ن/ سەعد محەمەد

 

 

یەکێک لە دروشمەکانی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ دروستکردنی کۆمپانیای کەپکۆ بو، بەڵێندرا کە بە پارەی نەوت؛ ھەژماری بانکی بۆ ھەمو تاکێکی کورد دروستبکرێ و، مانگانە لە داھاتی نەوت پارە بچێتە سەر ھەژماری بانکیەکە بۆ ھەر کەسێک.

‎کەچی وەکو پەندەکە (بە بۆنی کەبابەوە ڕۆیشتین،کەریان داخ ئەکرد)!

‎لە جیاتی کەپکۆو ھەژماری بانکی بۆ تاکی کورد لە داھاتی نەوت..حوتێک دروستکرا بەناوی کەناڵی ڕوداوو، پارەی نەوتی ئەم وڵاتە کرا بە قوڕگی ئەو کەناڵەیا.

‎کەناڵێک بە کەڵبەی تیژەوە، کەناڵێک کە ناگەھان بەپارەیەکی زەبەلاح و، شاشەیەکی فوول ئێچدی و ، سەدان کارمەندو پەیامنێر _بە فەردەیەک موچەوە_لە ھەمو سوچێکی گۆی زەویا کەوتەگەڕ.

‎چش لە بردنی پارەی نەوت، خۆزگە پارەی مەرزەکانیشیان ببردایەو تۆزێ بە ڕیتمێکی کوردانە کاریان بکردایە. ئەم میدیایە نەک بە ڕیتمی کوردانە کار ناکا.. بەڵکو ئیشو کاری بوە بە کوشتنی خەونی تاکی کوردو، تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتی و شێواندن و ڕەزیلکردنی باری دەرونی خەڵک.

‎لێرە بەدواو دوای تەسلیمکردنەوەی نەوت بە حکومەتی ئیتتیحادی؛ ئەم کەناڵە وەکچۆن ئالودەیەک ھێرۆیینی لێبڕابێ؛ بەڕاست و چەپاو بە شمشێرێکی تیژی ئەڵماس ئاساوە بەربوەتە گیانی کۆمەڵگاو، کوشتنی خەونەکانیش..تەنانەت ناشھێڵێ خەون ببینیت!

‎بۆ نمونە؛ پەیامنێرێکی ڕوداو (کە موچەکەی ھێندەی موچەی وەزیرێکە) لە یەک ڕۆژدا؛ سێجار پرسیاری ھێڵی شمەندەفەر(قیتارەکە) ئەکا لە دانا عبدالکریم-وەزیری ئاوەدانکردنەوە-بۆ یەک مەبەست؛ بۆ ئەوەی لە مێشکی بینەراو لەڕێی گاڵتە جاڕیەوە بیسەلمێنێ کە کورد بە ھیچ شێوەیەک بۆی نیە تەنانەت خەونیش بە دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەرەوە ببینێ، ئەمە لە کاتێکا تێچوی ھێڵی شەمەندەفەر زۆر کەمترە لەو پارەیەی کە لە ماوەی ١٠ ساڵا بۆ كەناڵی ڕوداو و لەسەر حسابی نەوت سەرف کراوە.

‎ ئەم فرانکنشتاینەی بە پارەی خۆمان دروستکراوە ئێمە ئەگەیەنێتە کوێ؟..ئەمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە؛

‎زۆر ئاسایی بێ بێژەرێک مانگانەکەی ٥٠ وەرەقە بێ، ئاسایی بێ بە ملیاردۆلار لە کەناڵێکا تا ئێستا سەرفبکرێ..بەڵام مایەی گاڵتەجاڕی و باوەڕپێنەکردن بێ ، ئەگەر تەنانەت بە خەونیش، خەون بە ھێڵی شەمەندەفەرەوە ببیندرێ!

‎ھەمو ئایینە ئاسمانیەکان و، ئایدۆلۆژیا زەمینیەکانی سەرئەرز کۆکن لەسەر ئەوەی کە؛ ئینسان ھەتا ئەو کاتە ئینسانە کە خەونی ھەبێ. بۆ نمونە پیرەپیاوێک کە بەسەرمای زستانا بەئاوی سارد دەستنوێژئەگرێ؛ خەونی چونەناو بەھەشتی ھەیە...ڕوداو ھاتوە بۆ کوشتنی ھەمو ئەو خەونانە .

 

سەرچاوە ؛ سایتی زەمەن