خەلیل عەبدوڵڵا
كەریم كابان هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە و خزمەتی زۆری بە كاروانی هونەریی گۆرانیی كوردی كردووە و شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوە و گەشەپێدانی ئەو هونەرەوە دیارە.
كەریم جەلال مەحمود ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیەو بە كەریم كابان ناسراوە. ساڵی 1927 لە گەڕەكی مەڵكەندیی شێخانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
مامۆستا كەریم لە ئامێزی بنەماڵەی كاباندا گەورە بووە، كە بنەماڵەیەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانین و چەندین كەسایەتیی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووناكبیری و هونەرییان تێدا هەڵكەوتووە و خزمەتێكی زۆریان بەكاروانی تێكۆشانی كوردایەتی و هونەری و رووناكبیری كردووە.
مامۆستا كەریم كابان رۆڵەی ئەو ماڵباتە رۆشنگەر و رووناكبیرەیە و لەژێر شەپۆلی كاریگەری ئەوان بەگشتی و خانەوادە دەنگخۆشەكەیدا بەتایبەتی پەروەردە بووە، هەر لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە و بەشداری چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی كردووە.
ساڵی 1941 یەكەم گۆرانی وتووە. رادیۆی ئینگلیزەكان لە سلێمانی و رادیۆی كوردی بەغدا و رادیۆی شۆڕشی ئەیلول سێ دەروازەی گرنگ بوون بۆ ئەوەی دەنگی كابان سنووری شارەكەی ببڕێت و لە سەرانسەری كوردستانی گەورەدا دەنگ بداتەوە.
دواتریش لە رێی تیپی مۆسیقای سلێمانی و كەناڵەكانی دیكەی دەنگ و رەنگی میدیا و بەهۆی دەنگە بەسۆز و رەسەنەكەیەوە، زیاتر ناسراو جێگەی لەدڵ و دەروونی خەڵكی كوردستاندا كردەوە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە سەرباری خزمەت و بەخششە زۆرەكانی لەكایەی هونەردا، لەمەیدانی تێكۆشانی كوردایەتیشدا شوێنی دیارە و پیاوێكی كوردپەروەر و بەهەڵوێست بووە و هەر بۆیەش رووبەڕووی راونان و نەفیكردن بۆتەوە، بەڵام ئەوانە كۆڵیان پێنەداوە و لەگەڵ كاروانی تێكۆشانی كوردایەتی لەشارو شاخ رێی كردووە و خۆشترین گۆرانییەكانیشی (یاران وەسێتم و شەو) لەسەردەمی شاخ و لەرێی تیپی مۆسیقاو رادیۆی شۆڕشەوە پەخشكران و خەڵكی كوردستانیان سەرسام كرد.
ئەگەرچی مامۆستا كەریم كابان دەرچووی هیچ دەزگا و دامەزراوەیەكی هونەری نەبووە و نزیكەی بیست گۆرانیشی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی رەسەن و ئەفسوناوی و خاوەن سەلیقە و ستایلی تایبەتی خۆی بوو، بووە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كە جێی شانازیی هەموان بێت.
ئەم هونەرمەندە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 14ی كانوونی دووەمی 2016 لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. بەڵام بەهۆی خزمەت و گۆرانییە خۆش و دەنگە بەسۆزەكەیەوە هەمیشە بەنەمری دەمێنێتەوە. درود و رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی كابانی هونەرمەندی مەزن.
سەرچاوە: knwe