فیلمی دیکۆمێنتاری ئیڤان هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرشەلۆنە.
فیلمی دیکۆمێنتاریی ئیڤان، چیرۆکی رزگاربووێک، لە دەرهێنانی رەفیق فواد یار ئەحمەدیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە فەرمی هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە بەشی سەرەکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرشەلۆنە بۆ ساڵی 2022.
دەرهێنەری فیلمەکە، رەفیق فواد یار ئەحمەدی، بە PUKmediaی راگەیاند: فیلمی دیکۆمێنتاریی ئیڤان کە چیرۆکی رزگاربوونە، بە فەرمی لە پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرشەلۆنە بۆ ساڵی 2022 هەڵبژێردراوە.
یار ئەحمەدی ئاماژەی بەوەشکردووە: چالاکییەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرشەلۆنە بۆ ساڵی 2022 لە مانگی ئەیلولی داهاتوو لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەستپێدەکات.
وتیشی: ماوەی فیلمەکە 18:15 دەقەیە، بەرهەمێکی هاوبەشی ئەو و تۆماس ئارامینییە کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری سینەما و خەڵکی ئیتاڵیایە.
ئەم فیلمە تا ئێستا چەندین خەڵاتی لە ڤیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا و روسیا و هیندستان و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە بەدەستهێناوە.
ئیڤان فیلمێکی دیکۆمێنتارییە، باسی چیرۆکی رۆژنامەنووسێکی کوردی شاری کەرکوک دەکات دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی داعش بۆ سەر شارەکە و ترسی گیانی خۆی و ژیانی بنەماڵەکەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، خۆی و منداڵەکانی ناچار بوون شارەکە بەجێبهێڵن و وەک هەزاران کوردی ئاوارە ببن.
یار ئەحمەدی ئاماژەی بەوەشدا: ئەم رووداوە دوور نییە لەوەی دەرهێنەری فیلمەکە رووبەڕووی بووەتەوە، کە بەهەمان شێوە ناچار بووە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێبهێڵێت و رێگای پێشمەرگە هەڵبژێرێت و دواتر بچێتە ئاوارەیی.
رەفیق فواد یار ئەحمەدی خەڵکی شاری بانەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە فیلمی دیکۆمێنتاری لە بەریتانیا و ئێستا لەوێ نیشتەجێیە.
سەرچاوە: pukmedia