سۆز سه‌ریاس
بێزراوترین دیاره‌ی باوی نێو سۆشیال میدیا، سوكایه‌تی پێكردن و تانه‌دانه له ژن..هه‌ڵبه‌ته ئیسلامگه‌را بۆ سێ ده‌یه‌یه كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كات، به‌تایبه‌ت ره‌وتی سه‌له‌فیزم و خودی عه‌بدول له‌تیف سه‌له‌فی نوكی تیغی له‌هه‌موان تیژ تر بووه.
چه‌ندین ڤیدۆی مامۆستای ئاینی و بانگخواز و كۆمێنتی ناشیرینی ئیسلامگه‌را بۆ لێدان له‌ژن و ئازادییه‌كانی، بۆ تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی و ناشرینكردنی پێگه و ۆرڵی ژن هه‌یه، دواهه‌مینیان سوكایه‌تیكردنه به خانمێك له ئه‌وقاف ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌چكی نه‌كردووه. ئه‌م شه‌پۆله كه له‌شكرێك له خه‌ڵكی جنیۆفرۆش و ده‌مپیسی كۆمێمێنت نووسیان له پشته، جارێك ژن به‌ده‌ڵ و جارێك به ناقیس وئه‌قڵ ده‌چوێنن، هه‌روه‌ها جارێك به‌وه ژن تۆمه‌تبار ده‌كرێن كه بچنه زانكۆ به‌ساغی ده‌رناچن...جارێكی دیكه بهسفور و مه‌یمون...تد.
به‌ڵام كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك كه زۆربه‌یان مامۆستای ئاینی بوون و ئاینی ئیسلامی پاڵفته و جوان و میلی بوون، رێزێكی زۆر و پێگه‌یه‌كی جوان بۆ ژن دیاریكراوه، جگه له چه‌ند دێڕێكی كه‌م نه‌بێت. به‌ڵام كاتێك ئاین ده‌بێته پرۆژه‌ی ئایدۆلۆجی و هه‌ندێك كه‌س بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان به‌كاریده‌هێنن ئیدی ئه‌وه‌ی لێشین ده‌بێت كه ده‌یبیننین.
گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی سایكۆلۆجی بۆ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی كه ته‌واوی ئه‌م هێرشانه بۆ سه‌ر ژن، له‌و شڵه‌ژانه سایكۆلۆجیه‌وه بۆ بهرگریكرندن و ترس له ره‌تكردنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه هه‌ندێك به‌ناوی ئاینه‌وه ده‌یانه‌وێت كهڵگهرایی به‌سه‌ر توێژیكیی گرنگی كۆمه‌ڵدا بكه‌ن كه ژنه، ئه‌م هێڕشهشیان ده‌گڕیته‌وه بۆ ئه‌و ترسه نا ئهقڵانیهی به‌رانبه‌ر به ژن هه‌یانه، ناوده‌بریت به فۆبیای ژن.
فۆبیای ژن بریتیه له ترسێكی توندی نا ئه‌قڵانی بێ پاساو له ژن. ئه‌م جۆره پیاوانه كاتێك بیر له ژن ده‌كه‌نه‌وه دڵه‌ڕاوكێیه‌كی توندیان توش ده‌بێت .چونكه ئه‌و كاته‌ی هه‌ندێك پیاو هه‌ستده‌كه‌ن به‌های خۆیان له به‌های ژن كه‌متره، كاتێك نزمترین ئاست رێزی خود ده‌گرن، ئه‌وه زیاده‌ڕۆی له هه‌سته‌كانیدا دروست ده‌بێت كه ترسێكی له ڕاده‌به‌ده‌ر له ره‌تكردنه‌وه دروست ده‌بێت به‌رانبه‌ر به ژن. هه‌روه‌ها هه‌بوونی بیروباوه‌ڕی هه‌ڵه ده‌رباره‌ی ژن به‌وه‌ی كه هه‌موویان خراپن و پیسن ئه‌م شڵه‌ژانه دهرووونیه دروست ده‌كات، له هه‌مان كاتدا هه‌بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی دژیه‌ك و بهیهكداداچوو له‌گه‌ڵ ژن‌دا ئه‌م فۆبیایه دروست ده‌كات. زۆرجاران به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه پێشتر هیچ سۆزێكی له دایكیه‌وه وه‌رنه‌گرتووه یا دایكی و داپیره‌ی زۆر تووند بوون له‌گه‌ڵی و ئازاری جه‌سته‌ییان داوه، هه‌موو ئه‌مانه هۆكارنه بۆ هه‌بوونی ترسێكی زۆر له ژن.
له‌هه‌مانكاتدا ترس له‌ژن ترسه له ئازادی ژن، ئازادی ژن لای شهرهفپارێزهكان، ترسه له مرۆڤ بوون، له‌هاوڵاتی بوون كه ئه‌رك و مافه. هه‌موو ئاكتێك كه ژنبوونی تێدا فهراههمبیت سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیه بۆ ئه‌وان چونكه ئازادی ژن راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به هۆشیاری ژنه‌وه هه‌یه، ئه‌و كاته‌ی ژن هۆشیار ده‌بێته‌وه كهڵسالارهكان ده‌كه‌ونه خۆیان و به‌هوو شێوه‌یه‌ك به‌رگری ده‌كه‌ن كه‌واته هێرشه‌كه‌یان زیاتر به‌رگرییه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی هێڕش بێت
فۆبیای ئازادیLiberty – Phobia ئه‌و فۆبیایهیه كه توشی ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌ندێكجار توێژ و گروپێكی دیاریكراو ده‌بێت، به ناوهاینانی ئازادی توشی دڵڕاوكێ و ترسێكی نالۆجیكی ده‌بنه‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ش هه‌ستناكه‌ن نه‌خۆشن و ئه‌مه‌ش كێشه گه‌وره‌كه‌یه. بۆیه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كاتێك باس له ئازادی ژن ده‌كه‌یت خهیاڵپیسیان یه‌كسه‌ر بۆ شه‌ره‌ف و ئه‌خلاق و بێئه‌خلاقی ده‌چێت.
لیبیرتی فۆبیا بریتیه له دۆخێكی نه‌خۆشی په‌یوه‌سته به ره‌فتاره دژیه‌كه‌كانی مرۆڤه‌وه له‌ناو چوارچیهیهكی ئاكاریدایه، نیشانه‌یه بۆ بووونی پهشیوهیكی ناوه‌كی كه ده‌روونی مرۆڤ توشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و ترس و تۆقین ده‌كات..
بۆچی مه‌لا به‌ختیار په‌لامار ده‌درێت له‌لایه‌نی ئه‌م هێزه‌وه، چونكه ئه‌م پیاوه به‌قه‌ده‌ر هه‌موو رۆشنگه‌ره‌كانی كوردستان خه‌می رۆشنگه‌ری له‌كۆڵ گرتووه، ئه‌م پیاوه به‌هه‌موو ژیانی مشورخۆری مافی ژنان و برهودهر بووه به بزوتنه‌وه‌ی فێمێنیزم و به‌شێكی گرنگی ده‌زگاكه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌م بابه‌ته و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری، كه‌واته ترس له مه‌لا به‌ختیار ترسه له ره‌چه‌شكێنی و هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنگه‌ری، ئه‌م فۆبیایه‌ی به‌رانه‌به‌ر به‌م پیاوه هه‌یه هه‌مان ئه‌و فۆبیایهیه به‌رانه‌ر به ئازادی هه‌یه.
سەرچاوە : چاو‌دێر