شانۆی كوردی لە بەرەنگاربوونەوە بۆ بۆشاییەكی كوشندە

 یەكێك لە قورسترین بڕیارەكان بۆ شڕۆڤەكارێكی شانۆیی ئەوەیە كە نمایشێكی شانۆیی یا قۆناغێكی دیاریكراوی كاری شانۆیی بخاتە ژێر ئەدرەسێكی دیاریكراو، یا بازنەیەك بەدەوریدا بكێشێت و بەشێوەیەكی رەها شانۆ بە ناونیشانێكەوە ببەستێتەوە و هەوڵبدات لەو چوارچێوەیەدا تیۆررێژی بۆ بكات.
شانۆ بەدرێژایی مێژوو كار و كاردانەوەی بەسەر هەموو بووارەكانی ژیاندا هەبووە و هەمیشە شانۆ چەمكێكی ئاڵۆز بووە كە قوڕس بووە بە تاكە لۆژیكێك ببەسترێتەوە، شانۆ لەو كاتانەی كە بەشێك بووە لە ئاهەنگە ئایینییەكان و دەروازەیەك بووە بۆ بەرزڕاگرتنی خوداوەند و پاڵەوانە نیوخوداوەند و ئەفسانەكان، هەر لەو كاتەشدا باندۆر و كاریگەریی زۆری بەسەر لایەنە فەرهەنگی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو سەردەمە هەبووە.
ئەگەر لەڕووی فۆڕمەوە سەیر بكرێت دەبینین هەموو ئەو بنەما و یاسا و رێسایانەی كە بۆ شانۆ و نمایشی شانۆیی نووسراونەتەوە و داهێنراون، جگە لە پەیبردن بە حەقیقەتێكی بچووكی شانۆ شتێكی تر نەبووە، هەمیشە حەقیقەتە مەزنەكەی شانۆ لەوەدا بووە كە هەموو یاسا و رێساكان رەت بكاتەوە و هەموو بنەماكانیش بەدیواردا بدات.
ئەگەر هەڵوەستە لە سەر شانۆی كوردیش لە باشووری كوردستان بكەین، شانۆ هونەرێك نەبووە زادەی مەعریفەت و دونیابینیی تاكی كورد بێت و هەڵقوڵای نێو فەرهەنگ و كلتووری كوردی بێت، شانۆ لە كوردستاندا هونەرێكی خوازراو بووە و لە ڕێی بینیینەوە گوازراوەتەوە نێو گۆڕەپانی فەرهەنگی كوردی و كارەكتەرەكانیشی لەو قۆناغەدا كەسانی رووناكبیر و خوێندەوار بوون، بەڵام شانۆكار نەبوون، بەو مانایەی ئەو كەسانەی كە كاری شانۆییان دەكرد نە پێشتر لە شوێنی تر كاری شانۆییان كردبوو، نە بەشێوەیەكی ئەكادیمی شانۆیان خوێندبوو، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەو كەسانە خەڵكانی رووناكبیر و شاعیر و رۆژنامەنووس و چیرۆكنووس بوون، بەحوكمی ئەوەش كە كورد هەمیشە خاوەن پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە و خەباتی بۆ وەدەستهێنانی مافەكانی دەكرد، زۆرینەی ئەو كەسانەی كاری شانۆیان دەكرد لە سیاسەت دوور نەبوون، بۆیە شانۆی كوردی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە وەك بزاڤێكی كلتووری كۆمەڵایەتی، بە هیچ شێوەیەك لە سیاسەت دوور نەبووە و هەمیشە مینبەرێكی بوێر و گۆڕەپانێكی فراوانی خەباتكردن بووە بۆ پاڕاستنی پێناسەی نەتەوەیی تاكی كورد و بەرگریكردن لە زمان و فەرهەنگ و مێژووی كورد وەك میللەتێكی جودا لە عەرەب و فارس و تورك.
لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردووشدا كە قۆناغی تازەی شانۆ لە كوردستان دەسپێدەكات و شانۆ لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتی نەشونمایەكی بەرچاو دەكات و گرووپ و تیپی هونەری لەكوردستاندا سەرهەڵدەدەن، بارودۆخی سیاسیی ئەو كاتە ئازادییەكی زیاتر بە شانۆكار دەبەخشێت و شانۆ راشكاوانەتر باس لەپرسی نەتەوایەتیی كورد دەكات، دواتریش كە بارودۆخی سیاسی دەگۆڕدرێت و شەڕی كورد و ڕژێمی بەعس دەست پێدەكاتەوە، شانۆی كوردی بوێرانەتر كار دەكات و پەنا بۆ سیمبول دەبات و لەڕێگەی ئاماژە و نموونەی جیاوازەوە، گیانی بەرەنگاربوونەوە و چۆك نەدان بە تاكی كورد دەبەخشێت و لە پاڵ چەمكە ئەدەبی و هونەرییەكانی فەرهەنگی كوردی، كاریگەریی بەرچاویان دەبێت لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاریی تاكی كورد و جۆشدانی خەباتی میللی خەڵكی كوردستان.
نموونەی زۆریش لەمبارەوە لەبەر دەستدان كە زۆرێك لە نمایشەكان كاریگەری زۆرییان بەسەر بارودۆخی سیاسی ئەو كاتە جێهێشتووە و تەنانەت زۆرجار نمایشەكان لە لایەن ڕژێمەوە وەستێنراون و هەندێكیشان فاكتەرێكی ڕاستەوخۆ بوون بۆ تەقاندنەوەی جموجۆلی جەماوەری و ڕاپەرین بەڕووی ڕژێمی بەسەرچوو.
ئەوەی زیاتر بۆ من جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە شانۆی كوردی ئەگەرچی لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا وەك شانۆی بەرەنگاربوونەوە دەركەوتووە و كاریگەری بەسەر ڕەوشی سیاسی و تەنانەت عەسكەری ئەو كاتەی شەڕی نێوان كورد و بەعس هەبووە، بەڵام لە لایەكی ترەوە شانۆی كوردی نەیتوانی وەك پێویست سوود لە فەرهەنگ و مێژووی دێرینی كورد و ئەو هەموو چیرۆك و ئەفسانە و داستانە پڕ شكۆمەندییانە وەربگرێت و وەك كەرستەیەكی خاو جارێكی تر لەنێو چەمكی نمایشی شانۆیی دایانبڕێژێتەوە.
ئەگەر بە وردی لەو نمایشە شانۆییانەش ڕابمێنین كە لە فەرهەنگ و مێژووی كوردی وەرگیرابوون، دەبینین جگە لە كرداری گواستنەوەی چیرۆك لە سەرزار و نێو بەیتەكان بۆ سەر شانۆ، كردارگەلێكی تر نابینین كە تیاییدا شانۆكاری كورد وەك داهێنەر مامەڵەی لەگەل ئەو فەرهەنگە كردبێت و لە كردەیەكی هونەری و جوانبینیدا هەوڵیدابێت فۆڕمێك بۆ شانۆی كوردی و كارەكتەرێكی تایبەت بە تاكی كورد لەنێو ئەو چەمكەی كە پێی دەوترێت شانۆ بینا بكات.
بەداخەوە مامەڵەكردنی هەندێك نووسەر و دەرهێنەر لەگەڵ مێژوو و فەرهەنگی كوردی ئەوەندە مامەڵەیەكی رووكەشانە بووە كە جگە لە گواستنەوەیەكی مردوو شتێكی تریان لەنێو ئەم فەرهەنگە مەزنە بەرهەم نەهێناوە، بەڵام بەدەر لەمانە بەشێك لە شانۆكارانی كورد لەژێر كاریگەریی كۆمەڵێك كارەكتەری شانۆی عێراقی و عەرەبی هەوڵیانداوە بەشێوەیەكی جیاوازتر ئەو پەپوەندییە لەنێوان فەرهەنگی كوردی و شانۆی كوردی دروستبكەن، لە كاتێكدا كە خەڵكی كوردستان ئەنفال و جینۆسایید دەكراو بە ئاگر و ئاسن لەناو دەبرا و هەوڵ دەدرا مێژوو و فەرهەنگ و بوونی بسڕێتەوە، لەم كات و ساتەدا بەشێك لە شانۆكارانی وەك ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان هەوڵیان دا بەدوای دۆزینەوە و داڕشتنەوەی كارەكتەری كوردییدا بگەڕێن، بە شێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و كلتووری كوردی بكەن، تا چەند لەم هەوڵەدا سەركەوتوو بوون و توانیان بینایەكی دروست بۆ شانۆی كوردی دروست بكەن؟ ئەمەیان پرسیارێكی ترە كە دەكرێت لە شوێنێكی تردا لەسەری بوەستین.
لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەگەرچی مەینەتییەكانی كورد درێژەیان هەبوو، بەڵام شانۆكاری كورد نەیتوانی جارێكی تریش بەدوای ئاریشەكانی تاكی كورد بكەوێت و شانۆ بكاتە بەشێكی گرنگی كارەكتەری فەرهەنگی تاكی كورد و خۆیشی لەو بۆشاییە گەورەیە دەرباز بكات كە خەریكە تیاییدا ون دەبێت و ناتوانێت دەروازەیەك بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە.
لەو ماوەیەشدا كە شەڕی داعش بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە، جارێكی تریش شانۆكاری كورد لەبەردەم ئەو هەڕەشەیە گەورەیە مێش میوانی نییە و لەو هەموو ئازار و مەینەتییەی كە بەسەر خەڵكی كوردستان هاتووە، بەتایبەتی شەنگاڵ و كۆبانێ، ناتوانێت فۆڕمێك بدۆزێتەوە كە بیكاتە سەرچاوەی چەند نمایشێكی شانۆیی و پێویستی هەنووكەیی و هەمیشەیی شانۆ وەك پێداویستییەكی كلتووری و مرۆیی بنووسێتەوە.

حەمەسوار عەزیز
Apr 27, 2022

 

 

سەرچاوە: galawej