هونەرمەندان پێیان وایە، پێشەکەوتنی تەکنەلۆژیا بەشێکە لەو هۆکارانەی بینەری شانۆی کەمکردووەتەوە و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نیە و نابینرێت، نا تەبایی شانۆکارانیش وایکردووە کاریگەری نەرێنی لە سەر ڕوەتی شانۆ هەبێت.
بەراورد بە ساڵانی سەدەی بیستەم، بینەری شانۆ لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە کەمیرکردووە، ئەمەش گفتوگۆی هەمیشەیی نێوان شانۆکارانە، بەشێک لە بۆچوونەکان هاوبەش و بەشێکی دیکەشیان دژ بە یەک، لەو بارەیەوە مامۆستایانی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بۆچونی خۆیان خستە ڕوو.
شاناز محەمەد، مامۆستای بەشی شانۆ، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بە رۆژنیوزی وت: یەکێک لەو هۆکارانەی کە بینەر ساڵانی ڕابردوو تینووی شانۆ بوو، نەبوونی ئازادی بوو لە کوردستاندا، بەڵام ئەو تەکنەلۆژیایەی ئێستا هەیە، لە ڕابردوودا نەبووە، ئەوەش وایکردووە ببێتە هۆکارێکی باش بۆ کارئاسانی کارە شانۆییەکان، دیوێکی دیکەی کەمی بینەر لە شانۆکاندا هەبوونی ئینترنێت و مۆبایلی زیرەکە، ئەمە وایکردووە بینەر زۆر تاقەتی نەبێت بچنە هۆڵەکانی شانۆوە.
ئاماژەی بە کەمووکوڕیەکانی سیستەمی خوێندن کرد، لە بەشی شانۆ و دەڵێت: سیستەمی خوێندن و شانۆ پێوستی بە نوێکردنەوە هەیە، ئێستاش هەمان کتێب و مەنهەجەیە کە 25 ساڵ پێش ئێستا خۆم لێرە خوێندکار بوومە هەر ئەوەیە، ئـێمە ویستمان چوار وانەکەی جلوبەرگ و ڕوناکی و ئارایشت و دیکۆر بکەین بە یەک وانەو لە سینۆگرافیادا کۆی بکەینەوە، ڕێگەیان نەدا وتیان کاتی خۆی ئەمە بە کۆنفرانس کراوە، ئێستاش ناتوانین دەستکاری بکەین، دەبێت سەرجەم پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان هاوڕا و هاوکاربن بۆ ئەوەی مەنهەج نوێ بکرێتەوە.
سەرۆکی بەشی شانۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە نا تەبایی نێوان شانۆکاران کرد، کە پێکەوە هەماهەنگ نین لە بەرهەمە هونەریکاندا، باسی لەوەشکرد کێشەی نێوان هونەرمەندان زیاتر کێشەی کەسییە، هەتا کێشەی فکری و زیهنی بێت، دەڵێت ئەوەنەی سەرقاڵین بە ناشیرینکردنی یەکتر ئەوەنە سەرقاڵی هونەرەکەمان نین.
سەرچاوە: rojnews- بڕوا ئەسعەد