عەلی مەحمود محەمەد
بەشێك لە ژن و منداڵەكان و كوڕانی خوار تەمەن 15 ساڵ و منداڵانی بچووكی جیاكراوەی تەنها لە كەسوكاریان, دوای جیاكردنەوەیان لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەوە, گواستراونەتەوە بۆ فێرگەی شەڕكردن لە دووبز"مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری", زیندانیان لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی ئیڤای سەربازی و گەڵابەو .... گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی دووبز, گروپێكی دیكە لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو بردراون بۆ سەربازگەی دووبز, یەكەم گروپ شەو گەیشتونەتە زیندانەكە لە كاتێكدا كارەبای ناوچەكەیان بڕیوە, بۆ ئەوەی خەڵك ئاگادار نەبێت لە هاتنیان.
ئەو سەربازگەیە پێشتر كە هێزی كۆماندۆی عێراق - مەغاویر "مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری" مەشقیان تێدا كردووە, كەوتۆتە قەراخ شارۆچكەكە لە نزیك فلكەی ڕێگای نێوان كەركووك - مووسڵ, سەربازگەیەكی كۆنتر و پەرپوتتر بوو لەوەی تۆبزاوە.
دووبز گوندێكە لە ساڵی 1953 دروستكراوە, لە رێكەوتی 14-8-1960 بووە بە ناوەندی ناحیە, لە رێكەوتی 4-9-1972 ەوە كراوە بە ناوەندی قەزا.
دووبز قەزایەكە سەر بە پارێزگای كەركوك, پێشتر ناوی دووبز بووە. لە 31 كم باكووری رۆژئاوای ناوەندی شاری كەركوكە, 25 كم لە باكووری حەویجەوەیە, لە باكوورەوە قەزای دەشتی هەولێر و لە رۆژئاواوە قەزای مەخمورە.
وشەی دووبز وشەیەكی لێكدراوە لە دوو كە ژمارەیە و (بز) واتای لك، لە سەر زێی بچووك هەڵكەوتووە لە ئاستی شاری دووبزدا زێی بچووك دەبێتە دوو لق, بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە, ئێستا بە فەرمی بە دبس ناو دەبرێت.
سەربازگەكە بە تێلبەندی بەرزی دڕكاوی دەورە درابوو, ئەم سەربازگەیە بەكار هاتووە بۆ ماوەی نزیك لە حەوت مانگ لە 17ی چواری 1988ەوە تا كۆتایی مانگی دە, ژن و منداڵی ئەنفالی تێدا كۆكراوەتەوە.
سەربازگەی دووبز دوا وێستگەی مانەوەی ژن و منداڵە ئەنفالكراوەكان نەبووە, بەڵكە لێرەوە ئامادە كراون بۆ ناردنیان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان و زیندانی تكریت, لە تكریتیشەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوانەشی رزگاریان بوو, بەهۆی لێبوردنە گشتییەكەوە فریای ناردن نەكەوتن.
هەرچەندە ژیان لە ناو زیندانی سەربازگەی دووبز لە چاو زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان بەهەشت بووە لە چاو ئەو جهەنەمەوە, ئەویش بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای قەڵای نگرە سەلمانەوە زیاتر, بەڵام لە سەربازگەی دووبز مرۆڤەكان ئامادە كراون بۆ مەرگ, بۆ لە كۆڵكردنەوە, پێی دەچێت زیندانی یەدەكی تۆبزاوە بووبێت, كەواتە سەربازگەی دووبز مەترسیدارتر بووە لە سەربازگەی نگرە سەلمان, بە پێچەوانەی میدل ئیست ۆچ وتەنی, لە كاتێكدا ئەو بۆچوونەی دەربڕیووە ئاگاداری چارەنووسی زۆرینەی ئەو زیندانیانە نەبووە كە چارەنووسیان نادیار بووە, كە لەوێوە بردراون بۆ جێگایەكی نادیار, پێم وایە میدل ئیست ۆچ لە بەشی دەردو مەینەتی ئەنفالكراوان لە دووبز غەدرێكی گەورەی لە كەیسی زیندانیان لەم زیندانە نەگریسە كردووە.
كەی ئەنفالكراوان هێنران بۆ سەربازگەكە
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن كە بەرپرسی جەیشی شەعبییەكان ناو سەربازگەكەو هاوولاتی عەرەبی شاری دووبز بووە, ئێستا لە ژیان نەماوە, لە رێكەوتی 8-4-1988 یەكەم كۆمەڵی ئەنفالكراوان هێنراون بۆ سەربازگەی دووبز. بە وتەی ئەو دوای رۆژێك لە ئامادەكردن و پاككردنەوەی ئەو كۆنە سەربازگەیە, كە لەو كاتە چۆڵ بووە. لێ بە وتەی ژنێكی هاووڵاتی گوندێكی 300 ماڵەی گەرمیان, لە دایك بووی ساڵی 1955, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسەی كردووە, دەڵێت" لە گەڵ هاووڵاتیانی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بڕۆین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە قەرەتامور دەستگیر كراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە, بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵ چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە گەڵابە بردیانین بۆ قائمقامیەتی قەزای چەچەماڵ, ئەو رۆژە خۆپیشاندان كرابوو لە چەمچەماڵ, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ تۆبزاوە, لەوێ هۆڵەكان بەتاڵ بوون,
ئێمە یەكەم گروپ بووین لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەر ئەمان شەشەم رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی دووبز", كەواتە جیاوازی لە نێوان وتەی ئەبو ئەیمەن و ئەم ژنە 8بۆ 9 رۆژە.
هەرچی میدل ئیست ۆچە لە پەرتوكەكەی لەسەر ئەنفال, بەرواری هێنانی یەكەم گروپی زیندانیكراوانی ئەنفالی دیاری نەكردووە بۆ سەربازگەی د,وبز, بەڵام دەڵێت"ئەم ئافرەتانە و منداڵەكانیان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بە ژمارەیەكی زۆر لە تۆپزاواوە گوێزرابوونەوە بۆ دووبز".
ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن یەكێك لە بەرپرسانی ئەم سەربازگەیە لە نەتەوەی عەرەب, لە هێزی جەیشی شەعبی و بەعسی, تەنها لە رۆژانی 8 و 9 و 10 ی ئەبرێلی 1988دا , 10322 كەس لە ژن و منداڵ هێنراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, لە ناویاندا منداڵی پەرا گەندەش هەبوونە دایك و باوكیان بردراون بۆ جێگای دی, پێم وایە ئەم مێژووەو ژمارەكە هەڵەیە, چونكە لەو رۆژانە هێشتا ژمارە زۆرەكەی ئەنفالكراوانی ئەنفالەكانی 3 و 4 نەك نەناردرابوون بۆ دووبزو تۆبزاوە, بەڵكە هێشتا ئەنفالیش نەكرابوون.
هەروەها جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی دووبز بە نزیك لە 26000 كەس وەك سەربازگەی تۆپزاوا دیاری دەكات, دیارە نابێت هەردوو سەربازگە هەمان ژمارە بووبێتن, چونكە زیندانیانی سەربازگەی تۆبزاوە, بۆ سێ ئاراستە رەوان كراون"نگرە سەلمان, دووبز, راستەوخۆ بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە پیاوانی گەنج و تەنانەت ژن و منداڵیش" .
بەڵام بە وتەی هیومان رایتس ۆچ ئەم سەربازگەیە "نزیك 7000 گیراوی لە خۆ گرتووە لە ژن و منداڵ".
ژنێكی زیندانی لە سەربازگەی دووبز, لە وتەیدا بۆ داددگای باڵای تاوانەكان ژمارەی زیندانیانی سەربازگەكەی دووبز بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم.
بە وتەی نێرگز عەزیز بابا عەلی, كە مامانی زیندانەكە بووەو هەموو هۆڵەكانی بەسەركردۆتەوە بۆ كاری مامانی پێی وایە 25000 زیندانی لە سەربازگەی دووبز بوونە.
ژمارەی مردووان
بۆ ژمارەی مردووانی ناو سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان, ژمارەی جۆراو جۆر دەدرێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكەكەیان لەسەر زاری شایەدحاڵێكەوە دەڵێت"مردنی منداڵان زۆر بووە لێرە, تا مردنی 50 منداڵی مردوو دەستنیشان كراوە"," محەمەد كوڕێكی نۆ ساڵ بوو، مەزەندەی پەنجا حاڵەتی مردنی دەكرد لەو زیندانە گەورەیەدا كەوا خێزانەكەیانی تێدابوو، لە ماوەی پێنج مانگی دەسبەسەرییاندا. زۆربەی ئەوانە منداڵی بچووك بوون بەڵام هەندێ پیرەژنیش مردبوون".
بەڵام ئەبو ئەیمەن بەرپرسی ئەو جەیش شەعبیانەی لەو سەربازگەیە بوون و ئەركی پاراستنی سەربازگەكەیان لە ئەستۆ بووە, چونكە زۆر جار ئەوان سەرپەرشتی بردنی تەرمەكانیان كردووە, ژمارەی مردووان بە " 68 بۆ 74 " كەس دەداتە قەڵەم.
بە پێی وتەی مام ئەحمەد موختاری شارۆچكەی دووبز بێت, ژمارەی منداڵە مردووەكان بە 274 منداڵ مەزەندە دەكات, وەلێ حاجی ئیبراهیمی مەیت شۆر دەڵێت: 150 تەرم بە بانەوەم شوشتووە.
بەلام ئەو گۆڕانەی دۆزراونەتەوەو لە لایەن وەزارەتی شەهیدانەوە دەرهێنراون, 106 روفاتیان دەرهێناوە "104 منداڵ و 2 ژن" بوونە, دەشێت روفاتی دیكەش هەبن گۆڕ ون بن, تەنانەت كوڕە بچوكەكەی نێرگز لەوێ مردووە, وەلێ تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ چەمچەماڵ, مردنی ئەوی لە پیاوانی حكومەت شاردۆتەوە.
تەرمی منداڵەكان لە دووبز بەم شێوەیە نێژراون" لاشەی منداڵە ساواكانی تر لە مزگەوتە كۆنەكەی شارەوە دەبران بۆ ناشتن، بە گوێرەی قسەی كەریمی قوتابیی تەمەن بیست ساڵ.......خەڵكی شارۆچكەكە دەهاتنە مزگەوت بۆ شۆردنی لاشەكان و لە دواییشدا گەنجەكانیان، كە كەریمیشیان تێدابووە لە كۆنە گۆڕستانێكی لاتەریكی منداڵاندا كە ماوەی میلێك لە مزگەوتەكەوە دووربووە گۆڕیان بۆ هەڵكەندوون و ناشتنیان. كەریم خۆی یارمەتیی ناشتنی لاشەی چوار منداڵی ساوای داوە و لە ماوەی نێوانیشیاندا هاوەڵەكانی یارمەتیی ناشتنی پەنجا منداڵیان داوە، كە هەر هەموویان لە ساڵەوەخت كەمتر بوون، خەڵكی دووبز پارچە زەوییەكیان لە گۆڕستانەكەدا دیاریكردبوو بۆ گۆڕی ئەو منداڵانە و هەر گۆڕێكی بچووكیش بە جیا نیشانە دەكرا".
لێرە ئەنفالكراوان كێشەی لە گۆڕ نانی روفاتەكان و شوشتنیان بە پێی شەریعەتی ئیسلام و كفن كردن و تەڵقین خوێندنیان وەك زیندانی نگرە سەلمان نەبووە, بەڵكە ئەو مافەیان پێ دراوە, لە رێگای مەراسیم لە دەرەوەی زیندانەكە, وەلێ بێ پرسە.
چیرۆكەكانی مەرگ
ژنێك قسە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەكات و باسی كچێك دەكات كە تەمەنی نۆ ساڵ بووە, لە دووبز دایك و خوشكێكی مردووەو خۆی بە تەنها ماوەتەوە لەو زیندانە, هەمان ئەو ژنە دەڵێت لە دووبز 5 ژن مردوونە, وەلێ تا ئێستا رووفاتی دووان لەوانە دۆزراونەتەوە. ژنێكی دیكە خەڵكی گوندی شێخ محەمەدی سەرو لە ناحیەی قادر كەرەم بۆ هەمان دادگا قسە دەكات و دەڵێت" منداڵەكەیان بە نەخۆشی ڵی سەندووەو بردویانە, هێشتا نەمردبوو , كەچی نەیان گەڕاندەوە بۆی, نەیزانیوە منداڵەكەی چی بەسەر هاتووە ناوو گۆڕی ونە و چارەنووسی نا دیارە".
دایكێكی دیكە لەسكاڵانامەكەی نووسراوە " دوو منداڵی مردووە و منداڵێكیشی لە زیندانی دووبز بووە" . یەكی دیكە دەڵێت " لە دوبس ژنان لە كاتی منداڵ بوون مردوونە" , ئامینە مەحمود حەمەخان لە دایك بووی ساڵی 1966 خەڵكی سەرقەلای سەنگاو منداڵی لە دووبز مردووە, ژنێكی دیكە بەناوی فەوزیە محەمەد ئەشرەف خەڵكی گوندی مورادلی سەنگاو, ساڵی لە دایك بوونی 1950, دوو منداڵی مردووە لە دووبز, نەیان هێشتووە بزانێت لە كوێ ناشتویانە.
"كاتێ كە بەهار بەسەرچوو و ڕێی بۆ گەرمای هاوین خۆشكرد، ڕێژەی ( مردن ) زیادی كرد. ئامینەی خەڵكی ئاكۆیان، لە دووبز منداڵێكی كچی بوو، بەڵام پاش دوو مانگ منداڵەكە نەخۆشكەوت و مرد. تەنها لە خەڵكی بلە چوار یان پێنج منداڵ مردن. نەبات، دایكێكی تەمەن بیست و هەشت ساڵی خەڵكی قادر كەرەم بوو، دوو منداڵی ساوای لەدەستدا و ماوەی نێوانیان مانگێك بوو. یەكەمجار شارۆی كچە سێ ساڵانی مرد و مانگێك دوای ئەوەش نۆرە هاتە سەر كوڕە دوو ساڵانەكەی، دیار. نەبات دەیگوت: "ئەوان لەترسا مردن، چونكە هێند تۆقیبوون نەخۆش كەوتن و سكچوون و ڕشانەوەیان تووشبوو". "شێرزاد كە كوڕێكی چواردە ساڵ بوو تاقە یەك شەو حەوت منداڵی ساوای ژماردبوو كە لە دووبز مردبوون".
خواردنی زیندانەكان
لە زیندانی دووبز ژیان باشتر بووە لە زیندانی قەڵای نگرە سەلمان, كێشەی ئاو هەر نەبووە, بۆ خواردن سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ رۆژی تەنها یەك سەمون دراوە بە زیندانیان, كاتەكەی كە هاوتا بووە لە گەڵ مانگی رەمەزان, زۆربەی ژنانیش لەوێ بەرۆژو بوونە, نێرگز دەڵێت " سەمونەكەمان بۆ فتاری ئێوارە هەڵدەگرت" , پێچەوانەی سەربازگەی نگرە سەلمان كە لەو مانگە خواردنی باشیان داوە بە ئەنفالكراوان, لە دووبزیش وەك زیندانی تۆبزاوەو زیندانی تكریت لە مانگی رەمەزان خواردنی باشیان نەداوە بە خەڵك, لە زیندانی دووبز دواتر جگە لە سەمون خواردنكەیان برنج و شۆربای نیسكی تێدا بووە, گوایە قزعەی سەربازیان لە سەربازگەی تۆبزاوەوە بۆ هاتووە, خواردنەكە لە جاران چاكتر بووە, بەڵام هەر شیر نەبووە بۆ منداڵ.
بە پێی بەدواداچوونی میدل ئیست ۆچ "لە مانگی حوزێراندا ئەو كاتەی كە ئامینە - ژنە گەنجەكەی خەڵكی ئاكۆیان - گەیشتە ئەوێ بەشە خۆراك لە دووبزدا هەفتانە دوو هێلكە و ماست و چای تێكەوتبوو، لەدواییشدا وایلێهات كەمێ شووتیشیان دەدا ".
لە زیندانی دووبزیش وەك زیندانی نگرە سەلمان شت فرۆشتن هەبووە, هەروەها بە وتەی هەندێك لە زیندانیان گەندەڵی لەناو زیندانەكە هەبووە, ئەو كوردانەی ببونە بەرپرسی هۆڵەكان هەندێك لە كەلوپەلەكانیان بۆ خۆیان فرۆشتۆتەوە."گاردەكانیش سابوون و شەكر و چایان بەو ژنانە دەفرۆشت كە هێشتا پارەیان پێمابوو، هەروەها دەسەڵاتدارانی بەندیخانەكەش هەر حەوت بەندی و بەتانییەكیان دەدایە.".
ئەو چەكدارانەی لەوێ بوونە, ئەوانیش دەستیان كردووە بە شت فرۆشتن, نابێت ئەوە لە یاد بكەین هەندێك لە حەرەسەكان ناو سەربازگەكە هاوكاری خەڵكەكەیان كرددوە, لەوانە باسی بەرپرسێكی جەیشی شەعبی دەكرێت بەناوی ئەبو ئەیمەن و چەكدارێكی دیكە بەناوی هادیە كوێر.
"هەژار غازی عەزیز بابە، كە یەكێك لەو چوار منداڵەی كە رۆژی 29/4/1988 لە سەربازگەی دووبز لە سنووری كەركوك لەدایك بووە. هەژار لەوساوە تا ئێستاش گرفتی ئاخاوتنی هەیە و بە پێی راپۆرتی پزیشكیش ناتەواوییەكەی پشتڕاست كراوەتەوە، واتا بەتەواوی ناتوانێت قسە بكات، چونكە لە راپۆرتەكەدا هاتووە بە هۆی نالەباربوونی شوێنی لە دایكبوونی، ئەو كێشەی تووش هاتووە..........ئەو منداڵەی بە بەرد ناوكی دەبڕن و هیچ پەڕۆیەك شك نابەن كە تێوەی بپێچن، ئەو منداڵەی كە بەهۆی خراپی دۆخی زیندانەوە زمانی بە باشی ناگەڕێ و زمانی ناتەواوە. ئەو منداڵەی كە بە خێزانێكی حەوت كەسی تەنها دوو سەمونیان دەدەنێ".
هەژار دەڵێت"دایكم دەیوت لە زیندان شەش منداڵم بە ریشەوە ببوو(ئەرك و خەم و بەرپرسیارێـی شەش منداڵی لە ئەستۆ بووە).(دایكی هەژار پێی وتووە كە رۆژانە بە هەموویان دوو سەموونیان پێدراوە، بۆیە ئەو دایكە تەنها كەمێكی خواردووە لبەر ئەوەی كەمێك شیری هەبێت بۆ هەژار و باقییەكەشی داوە بە منداڵەكانی تری", ئەم چیرۆكە زیندووانە جیان لە چیرۆكەكانی میدل ئیست ۆچ.
ژمارەی هۆڵەكان
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن بەرپرسی جەیش شەعبییەكانی سەربازگەكە, سەربازگەكە لە 34 هۆڵ پێك هاتبوو, وەلێ زیندانییەكان ژمارەی جۆراو جۆر دەدەن, هەروەها بە پێی وتەی ئەوان هەر جەناحێك ناوی تایبەتی خۆی هەبووە.
بە وتەی چەند كەسێك كە زۆرینەن, سەربازگەكە لە 24 هۆڵ و 3 بۆ 4 جەناح پێك هاتووە بە ناوی جەناحی حەویجە, جەناحی 1ی حوزەیران, جەناحی كەركوك هەروەها جەناحی ئەربیل , یەكی دیكە دەڵێت 12 هۆڵ بووە, یەكێ دەیكاتە 14 هۆڵ, دانەیەكی دیكە دەڵێت هەر 3 هۆڵ پێكەوە بوونە, یەكیكی دی دەڵێت جەناحی 9 هۆڵ بووە واتا 36 هۆڵ, چەند كەسێكی دیكەش دەڵێن, سەربازگەكە 36 هۆڵ بووە.
هەرچی ژمارەی زیندانیانی ناو هۆڵەكانە, یەكێ دەڵێت لە هۆڵەكەمان 250 زیندانی تێدا بووە, یەكێكی دی باسی 470 زیندانی دەكات لە هۆڵەكەیان.
ئەنفالكراوێك دیكە دەڵێت هۆڵەكان 300 بۆ 400 كەسی تێدابوووە, سارد بووە بەتانی نەبووە بیدەینە خۆمانا.
نێرگز پێی وایە هۆڵەكانی دووبز, قەبارەیان وەك هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە گەورە بوونە, بەڵام سەربازگەی دووبز كۆنتر بووە لەوەی تۆبزاوە, وە چۆڵیش بووە پێش ئەوان, چونكە هەموو بنمیچەكەی خۆڵ و تۆز بووە, ژمارەی هۆڵەكانیشی 30 هۆڵ بووە, سەری هۆڵەكانی بە جەمەلۆن داپۆشراوە.
ئەبو ئەیمەن پێی وایە, سەربازگەكە 5 جەناح بووە, بە گشتی سەربازگەكە بەسەر كۆمەڵێك كەرتی جەیشی شەعبی دابەش كراون" دوبس, كەركوك , حوزەیران , اربیل".
هەلاتنی خاوەر قادرو هاوڕێكانی
پێی دەچێت لە سەربازگەی تۆبزاوە بواری هەڵاتن هەبووبێت, هەرچەندە بە پێی بەدواداچوونەكان لە نگرە سەلمانیش بواری هات و چۆ هەبووە, بەڵام هەڵكەوتەی جوگرافیای سەربازگەكەو ژینگەكەی, بواری هەڵاتن نەبووە لە قەڵای نگرە سەلمان, هەرچەندە لەم سەربازگەیە منداڵە هەرزەكارە كوڕەكان ویستووویانە هەڵبێن, بەڵام پیاوانی رژێم بە لێدان دووریانیان خستۆتەوە, ئەمە دەقی چاوپێكەوتنی دلێر كەریمە لە گەڵ خاوەردا, كە لەم سەربازگەیە هەڵاتووە" نوێژی عیشا بوو, دنیا تاریك بوو بوو, وتم ئێستا دەڕۆم, دوو ژنی تر وتیان ئێمەش دێین, یەكێكیان خەڵكی تەوێڵەو بیارە بوو, ئەویتریشیان خەڵكی مەملەحە بوو, بەو تاریكەو بە نهێنی لە زیندانەكە هەڵدێن, دەچنە سەر قەبرستانێك و دەیانەوێت شوێنێك بدۆزنەوە بۆی بڕۆن, نا شارەزایی بڕستی بڕیبوون. ئۆتۆمۆبێلێك بەو جادەیەیا تێدەپەڕێت و سەریان دەخات و دەیانگەیەنێتە كەركوك. لەوێشەوە دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ, دیارە كابرای شۆفێر دەزانێت ئەمانە قوربانی ئەنفالن و دڵی پێیان دەسووتێت و هاوكاریان دەكات بۆ دەربازبوون.
رەحمە نەجمەدین كە لە هەمان زیندان لە گەڵ خاوەر قادر بووە وتی زانیمان خاوەر رایكردووە چونكە بەردەوام دەیگووت رادەكەم, كە دەنگۆی راكردنی بڵاو بوەوەو هاتنە لامان پرسیاریان كرد بزانن كەی و چۆن هەڵاتووە, براژنم رەسمیە كە زمانی دەزانی و وەكو بەرپرسی بەشەكەمان بوو وەڵامی دانەوە كە ئاگامان لێ نییەو بە وردی بۆی بگەڕێن هەر لەم ناوەیە.
ئەوانەی لە زیندانەكە دەبن دواتر دەبڕێنە تكریت و لەوێش ناوی خاوەرو هاوڕێكانی دەخوێننەوەو خۆیانیش هەڵهاتبوون.دیارە لیستی ناوی قوربانییەكان هاوپێچ كرابوون, بەرپرسانی زیندانەكە نەیان وێرابوو ناویان بسڕنەوە, ئەوان لە تكریت باردەكرێن بۆ زیندەبەچاڵكردن و لێبوردنەكە دەیان گرێتەوەو رزگاریان دەبێت. لە كتێبی لە كەریم باسامەوە بۆ تكریت ئەو مەرگە ساتانەم تۆمار كردووە. بەڵام میمكە خاوەر وا دەزانێت ئەوانیش مردوون, تا دوایی ئازاد بوونیان, كە دێنەوەو باسی دەكەن بە چ حاڵەتێك دەربازیان بووە..... زۆربەی ئەو ژنانەی لە دبز بوون بەهۆی مناڵەكانیانەوە نەیان دەتوانی هەڵبێن, تەنیا ئەو سێ ژنە منداڵیان لە گەڵ نەبوونەو هەڵهاتوونە.".
وەك چۆن لە كاتی گرتندا جاشەكان هۆكار بوون بۆ گرتنیان, دوای رزگار بوونیشی جارێكی دیكە بە دواوەین بۆ بە گرت دانەوەی"كە هاتوونەتەوە جاشێكی ناسیاریان دەچێت هەواڵ دەداتە بەعس, بەڕێوەبەری ئەمن دێت و بە دایك و باوكی میمكە خاوەر دەڵێت فڵان كەس هەواڵی لێتان داوە, بێم خۆی ناگرم لە بری خاوەر ئەو برایەی دەگرم كە ماوە, من چی لە گرتنی ژنێك بكەم, بۆیە و لەوە بە دوا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ شوێنێكی نزیك بەغداو تا دوای راپەڕین لەوێ ژیان دەگوزەرێنن".
ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز
تا ئێستا هیچ ئامارێك بۆ هیچ كام لەو سەربازگایانەی ئەنفالكراوانی بۆ بردراوە نەكراوە بە سەربازگەی دووبزیشەوە, ئەوەی هەیە گریمانەیە, لیستێكی ئەنفالكراوانی هیچ كام لە سەربازگەكان نییە كەوتبێتە دەست, یاخود حكومەتی هەرێم ئامارێكی وردی بۆیان كردبێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتوكەكەیدا دەڵێت" كەمپەكە - كە دوو بینا بوو لە ناو یەكدا حەوت هەزار گیراوی كوردی تێدایە."
ئەبو ئەیمەن ژمارەی زیندانیكراوانی دووبز تەنها لە سێ رۆژی 8 و 9 و 10ی نیسان بە 10322 كەس دەداتە قەڵەم , وەلێ یەكێك لە زیندانیان كە لەو زیندانە بووە, ژمارەی زیندانیان بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم. نێرگز مامانەكەی زیندانی دووبز ژمارەی زیندانیان بە 25000 كەس دیاری دەكات.
چەندیان و بۆ كوێ رەوانە كران؟
زیندانی سەربازگەی دوبز كاتی بوو, رۆڵی یەدەكی سەربازگەی تۆبزاوەی دەبینی بۆ دیسانەوە رەوانە كردنەوە بۆ دوا مەنزڵگا, دوای كۆمەڵكوژی پیاوە گەنج و هەرزەكارەكان و بەشێك لە ژن و منداڵەكان سەربازگەی تۆبزاوەو سەربازگەی تكریت, ئەوجا نۆرە هاتەوە سەر زیندانیانی ناو سەربازگەی دووبز بۆ یەكلا كردنەوەی چارەنووسیان, كە لە دوو مانگی یەكەمدا دوو گروپیان لێیان نارد بۆ قەڵای نگرە سەلمان, بەڵام كاروانەكانی دوای ئەوە هەموو بۆ سەربازگەی تكریت بوون, تكریت سەربازگەی ئامادەكاری بوو بۆ ناردنیان بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
زیندانییەكان بە پێی قاوش و ژمارە بردراون نەك ناو, خێزانی وا هەبووە هەندێكیان بردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەندێكی دییان ماونەتەوە لە دووبز, دواتر بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون, یەكێك لە زیندانە رزگار بووەكانی دووبز دەڵێت" 9000 ئەنفال لە سەربازگەی دووبز بوو, زیاتر لە 5000 یان بردران و نەگەڕانەوە, من 6 خوشكمی تێدا بوو, لە ئەوانەی نەگەڕانەوە ".
ژنێك دەگێڕێتەوە كە لە پێش لێبوردنەكە بردمانیان بۆ تكریت دواتر ئێمەیان هێنایەوە, دوو منداڵ لە رێگا مردن تەرمەكانیان بەجێ هێڵرا. یەكێ دیكە دەڵێت 50 ژن و منداڵ بردران لە هۆڵەكەی ئێمە بە لێبوردن گشتی گەڕاونەتەوە.
خاوەر قادر دەڵێت: هەینی بۆ هەینی 350 كەسیان بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەت دەبرد, بۆ نموونە دایكەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەبرا و منداڵەكەیان نەدەبرد.یان بە پێچەوانەوە, منداڵەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەیان برد و دایكەكەیان بۆ وەجبەكەی تر جێ دەهێڵا.
لەو هەموو ئەنفالكراوە تەنیا دوو هۆڵی گەورە خەڵك مایەوە. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا هەموو خەڵكەكەیان برد .
لە دووبزەوە دەڵێن 4 بۆ 5 وەجبە ژن و منداڵ بردراون بۆ تكریت بۆ رەمیكردن, ژنێك دەڵێت دوای 20 رۆژ لە دووبز بە 16 پاس كچە عازەبەكانیان بردووە, ژنی گەنجی منداڵ داریشیان لە گەڵ بووە, ماڵ هەیە بەس كچەكەی بە تەنها جیاكراوەتەوە و بردراوە.
ئەم ژن و مندالانە بە لێدان بردراون بۆ تكریت, بە سەیارەی داخراوی سەوز, دیارە چیرۆكی بردنەكان بە شاراوەیی ماونەتەوە, بەڵام لەو كاروانەی كە بەر لێبوردنەكە كەوتن , زۆر منداڵ لەناو ئۆتۆمۆبیلی مەرگەكان مردوونە.
میدل ئیست ۆچ كە زانیاری تەواوی چنگ نەكەوتووە لەسەر ژمارەو جێگای بردنی ئەنفالكراوان, دەڵێت" بەڵام هەزاران كەسیتر لە بەندییەكان كە ڕەنگە نیوەی ژمارەی گیراوەكانی دووبز بووبێتن، ڕاپێچی لایەكی تری نادیار كران و لە تاریكیی ئەنفالدا ونبوون". ئەو لایە نادیارە سەربازگەی تكریت بووە, ئەوەی بۆی رەوانە كرا نەگەڕایەوە, جگە لە دوا كاروان, كە لە دوای ئەوەی لەوێ باركران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە رێكەوت شانس یاریان بوو, بەهۆی لێبوردنەكەوە گەڕێنرانەوە.
یەكێك لە ئەنفالكراوە ئازادكراوەكانی سەربازگەی دووبز دەڵێت" سەربازگەكە 24 هۆڵ بوو, 15 هۆڵیان باركراون و بردران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان. لە دووبز ئەو ژن و منداڵانەی بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان, شتومەكەكانیان لە گەڵ خۆیان نەبردووە.
چۆن هێنانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی دووبز لە ژێر سەرپەرشتی ئەمن بووە, بە هەمان شێوە مانەوەشیان لەوێ و بردن و گواستنەوەشیان بە هەمان شێوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووە, چونكە دووبزا قەزایەتی پارێزگای كەركووك بووە لە رووی كارگێڕییەوە.
منداڵ بوون
زیندانی سەربازگەی دووبز, لەبەر ئەوەی جێگای ژنانی گەنج و منداڵ بووە, بۆیە منداڵ بوون یەكێك لە كێشە بەرچاوەكانی ئەم زیندانە بووە, هەر لە ژانی دایكانەوە بۆ مامانی و ناوك بڕین و خوێن بەربوون تا دەگاتە برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی شیرو داو دەرمان كێشەی زیندانیانی ناو ئەم زیندانە بووە.
بە بەرد و چەقۆ ناوك منداڵیان بڕیوە, بە قوماشی هەنگوچك پێچاویانەتەوە و ناوكیان گرێداوە, یەكی دیكە ناوكی منداڵی بە شوشە بڕیووە, ئەوی دی بە بەرد, ژن هەبووە لە ئاودەست منداڵی بووە, نێرگز دەڵێت " لەم زیندانە مامانیم بۆ نزیك 200 منداڵ كردووە كە لێرە لە دایك بوونە, هەبووە یەكسەر مردووە, هەبووە پاش چەند رۆژێك, تیاشیان هەبووە ئێستا زەلامە".
نێرگز دەڵێت " سەرەتا بە بەردی نوك تیژ ناوكی منداڵی بڕیوە, دواتر حەرەسەكان موسیان بۆیان هێناوە, ژن منداڵی بووە, پەڕۆ نەبوو خوێنەكەی پێ بسڕێتەوە, پەڕۆ نەبوو منداڵەكەی پێ پاك بكەیتەوەو لێی لول دات, خواردن نەبوو بیدەیتە دایكەكە لەو كاتە".
جل و بەرگی منداڵەكان دیكەیان كردۆتە بەر منداڵە لە دایك بووەكان, جل و پەڕۆیان بۆیان كۆ كردونەتەوە, یان بە گونیەی پەتاتە دایانیان پۆشیوە, شیرو دایبی نەبووە, منداڵە لە دایك بووەكانی ناو زیندانەكانی ئەنفال, لە دووبز و نگرە سەلمان و تۆبزاوە بێناز بوون لە هەموو رویەكەوە.
وێڕای ئەمە وەك ژنێكی زیندانی دەگێڕێتەوە, ژنانیان بردووە دەرزیان لێیان داوە, بۆ ئەوەی سوڕی مانگانە نەكەن, خوار سكمان دەیدا لە ئێش.
منداڵێكی كەم ئەندام ئاوا چیرۆكی لە دایك بوونی خۆی دەگیڕێتەوە لە زیندانی دوبز" ئەو كاتەی كە دایكم و خوشك و براكانم دەگوزانەوە بۆ زیندانی سەربازگەی دوبز، دایكم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت موسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم بە ناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم، تەنانەت خوشكم شەش بۆ حەوت قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەك پەیدا بكات لە منییەوە بهاڵێنن، دەستیان ناكەوێت، تا دواجار لە یەكێك لە قاعەكان كۆڵوانەیەك لەلای پیرەژنێكی خەڵكی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەكەن و دەیكەنە پۆشاك بۆ من.".
نەخۆشی
لە زیندانی سەربازگەی دووبز چارەسەری پزیشكی نەبووە, تەنانەت بۆ نەخۆشییە قورسەكانی وەك گورچیلەو شێرپەنجەش, سیلدارەكان جیا نەكراونەتەوە, لە ناو خەڵكەكەدا بوونە, هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی لەو زیندانانە نەبووە, چارەسەریش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان نەبووە, وێڕای بارودخی سەختی ژیان لە ناو زیندانەكە.
لە دووبز سارد بووە سەرەتا, تیفۆید و سك چوون و رشانەوە بلاو بۆتەوە, رۆژانە خەڵك بە تایبەت منداڵ پێی مردوونە, دواتر گرانەتاو سورێژەش هاتۆتە سەری لەگەڵ حوما ماڵتا. هەموو زیندانەكان لەسەر زەوی رەق خەوتوونە, بە منداڵە ساواكانیشەوە, بەرپرسانی زیندانەكە تەنانەت هەندێك جار بەتانییەكانیان لە خەڵك سەندوەو لە پێش چاویان سوتاندویانە, بەم هەموو هۆكارەوە نەخۆشی زۆر بووە.
بە پێی وتەی شایەد حاڵێك "لە دووبز منداڵیان بێ دایكی بردووە بۆ نەخۆشخانە بە مردویی هێناویانەتەوە, نەشیان هێشتووە دایكی بەشداری پرسەكەی بكات".
لە سەربازگەی دووبز ئاودەست نەبووە, لە ناو هۆڵەكە دەستیان بە ئاو گەیاندووە. هەر لەوێ میكرۆبیان بە خەڵكدا رشتووە, گیانیان پڕ بووە لە مێشولە كە پێشتر ئەو جۆرەیان نەبینیووە.
لە زیندانی دووبز كچێك بە ناوی بیان عەودل جەوهەر خەڵكی گوندی كوەلەَ شێت بووە, شەوان كارەبایان لەسەر خەڵك كوژاندۆتەوە. هەر لە زیندانی دووبز وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان, منداڵەكانیان بۆ ماوەیەك وەك سزا جیاكردۆتەوە دواتر هێناویانەتەوە.
منداڵە پانزە ساڵانەكان
لە چاوپێكەوتنێكدا رائیدی ئەمن صەباح ئەلحەمدانی باسی ئەوە دەكات گوایە لە كاتی ئامار كردندا زۆر منداڵی پانزە ساڵ زیاتری بە منداڵی كەمتر لەو تەمەنە دیاریكردووە, كردویانیەتە ناو ژن و منداڵەكانەوە, لە لایەكەوە ئەمە دەربڕی ئەوەیە لە سەرەتاوە بڕیارەكە زانراوە كە هاوڵاتیانی نێرینەی تەمەن 15 ساڵ بە سەرەوە چارەنوووسیان بۆ مەرگە, بەڵام لە واقیعدا ئەوەی روویداوە پێچەوانەكەی راستە, زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیان فڕێ داوەتە ناو گەورەكانەوە, ئەوانەی لە دووبز بوونە رەتی دەكەنەو منداڵی گەورەتر لە 15 ساڵ لە كەمپەكە هەبوو بێت, وە زیندە بە چاَڵكردنی زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ لێرەدا بە نموونە دێنینەوە كە لە تۆبزاوەوە نێردراون بۆ مەرگ لە تیمی ناوو نوسین رزگاریان نەبووە.
سكاڵاكەرێك بۆ دادگای باڵای تاونەكان دەڵێت" لە 12 ساڵی بەسەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە و پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو". یەكێكی دیكە دەڵێت"كوڕەكەی 12 ساڵ بووە دیار نییە, نەبردراویشە بۆ دووبز ".
خاوەر قادر كوڕە 15 ساڵانییەكەی كە ئاماری 1987 یشی كردووە, بۆ میوانی چووە بۆ ماڵی خاڵی, لە گەڵ پیاوەكان راماڵراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان"كوڕە 15 ساڵانەكەی لە شارەوە چووە بۆ ماڵی خاڵۆكانی بەر ئەنفال كەوتووە, لە تۆبزاوە لێك دادەبڕێن, تەنها 2 كاتژمێر لە تۆبزاوە پێكەوە دەبن".
زۆر شایەدحاڵ هەیە كە كوڕی پانزە ساڵ و روو لە خواریان بردراون لە گەل َپیاوەكان و نەگەڕاونەتەوە تا ئێستا گۆڕ ونن.
فەرەج رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەگێڕێتەوە "دوو منداڵیان لەگەڵ بووە"خەڵكی قیڕە بوون" مویان لێ نەهاتووە, زۆر منداڵ بوونە رەمی كراون ".
ئەوانەشی نیمچە بوونە و بردراون بۆ زیندانی دووبز بەردەوام لەبەر هەڕەشەدا بوونە, یەكێ لەوان ئاوا چیرۆكی خۆی بۆ میدل ئیست ۆچ دەگێڕێتەوە"ئەو منداڵانەی كەمێك كزربوون و دەیانتوانی هەڵبسووڕێن پاسەوانەكان بە زۆر قاوش و ئاودەستەكانیان پێپاكدەكردنەوە. كوڕێكی چواردە ساڵ كە پێنج مانگی لە سەربازگەكەی دووبزدا بەسەربردبوو دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئەمن و ئیستیخبارات و بەعسییەكان چاودێرمان بوون، هەمیشە دەهاتن و بێ هۆ بەندییەكانیان فەلاقە دەكرد و چەند جارێك دەستیان بەستوومەتەوە و لێیانداوم، جارێكیشیان سێ ئەمن بە دار زۆریان لێدام و پشت و قاچمیان داڕزاند. لەو قاوشەشدا كە تیایدا دەخەوتم دووجار لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەستمیانەوە بێئەوەی بیەڵن هیچ بخۆم. من نەمدەتوانی و بۆم نەبوو بپرسم بۆچی و هیچ كەسیش نەیدەتوانی بەرپەرچی یاسای بەعس بداتەوە".
بە گشتی چەند منداڵێكی كەم لە دەوروبەری 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز بوونە و بۆ یەكتر ناسراو بوونە, ژمارەیان كەم بووە, هیچ منداڵێكی زیاتر لە 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز نەبووە.
سەردانی بەرپرسان
بە پێی وتەی زیندانییەكان, عەلی حەسەن مەجید ئەندازیاری پرۆسەی ئەنفال, 3 جار سەردانی زیندانی سەربازگەی دوبزی كردووە, هەر جارەی گروپێكی ئەنفالكراوانی لە گەڵ خۆی بردووە, نەزانراوە ئەو زیندانیانە چییان لێ هاتووە, ئەوەی زانراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە.
هەروەها عزەت دوری جێگیری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشیش چووە بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز, بە زیندانییەكانی وتووە ئێوە كەسوكاری پێشمەرگەن بەرتان نادەین.
چ هێزێك سەربازگەكەی پاراستووە
ئەو هێزەی سەربازگەی تۆبزاوەی بەڕێوە بردووەو پارستوێتی هێزێكی هەمە رەنگ بووە, ئەبو ئەیمەن كە لە رێكەوتی 4-4-1988 ەوە لە فەرمانگەكەیەوە پێی رادەگەیەنن ئامادە بێت بۆ دەوامكردن وەك جەیشی شەعبی لە سەربازگەی بارەگای كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری لە دووبز, دەڵێت ئێمە وەك جەیشی شەعبی 70 چەكدار بووین دیاریكراین بۆ دەوامكردن لە سەربازگەی دووبز, لە دبس,داقوق, حەویجە, ناوەندی پارێزگای كەركوك ەوە هاتبووین, كە بانگ كراین كەسیشیان نامانزانی بۆ چی بانگ كراوین؟. هەر ئەو دەڵێت دوای دوو رۆژ چەند مەفرەزەیەكی سەربازی هاتن بۆ ئامادەكردنی سەربازگەكە, ئاوو كارەبایان چاككردەوە.
بە پێی وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی بێت ئەو بەرپرس زیندانی دووبز و مونەسقی نێوان هەردوو سەربازگەی دووبزو تۆبزاوە بووە, پێی دەچێت دووبز هەر وەك بەشێك لە سەربازگەی تۆبزاوە مابێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووبێت چونكە ئەو خۆی لە میلاكی ئەمنی كەركووك بووە, زیندانیانیان لەوێ راگرتووە بۆ قۆناغی دواتر, بەشێكیان بۆ نگرە سەلمان نێردراون, زۆریشیان بۆ تكریت و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوەشی ماون ریكەوت هێشتویانییەتەوە دوواتر ئازاد كراون.
زۆرینەی زیندانیان باسی ئەوە دەكەن كە حەرەسەكان عەرەب و زۆربەیان خەڵكی حەویجە بوونە. زیندانیان باسی ناوی وەك كەنعان و ئەبو نەعمان ابو عارف و ئەبو عروبە هەردوكیان وەك بەرپرس لە دووبز باس دەكەن, پێی دەچێت بە فەرمی داوایان لێكرابێت ناویان نهێنی بێت, تەنها بەو ئەبو وانە بانگ یەكتر بكەن, بۆیە تا ئێستا ئاشكرای ناكەن.
زیندانییەكی دیكە باس ئەوە دەكات كە حەرەسەكان سەرباز بوونەو بێری سوور لە سەریان بووە. لە پاڵ ئەبو ئەیمەن باسی هادیە كوێریش دەكرێت كە حەرەس بووە لە دووبز, هاوكاری زیندانیانی كردووە بۆ نامە هێنان و پەیوەندیكردن. "میدل ئیستیش باسی چەكداری جل زەیتونی دەكات كە حەرەسیاتی زیندانییەكانیان كردووە" چەكداری جل زەیتوونییان لەتەكدایە. پاشان دووكاندارەكانی دووبز سەرنجیان دەدا وا كۆمەڵ كۆمەڵی شەش حەوت كەسیی ئافرەتی بەندكراو بە یاوەریی پاسەوان دێنە لایان و هەر زوو زانییان كە ئەمانە لە سەربازگەكەی دووبزەوە دێن.".
میدل ئیست مۆفەق نەبووە لە باسكردنی كەمپی دووبز, نەیتانیووە وەك خۆی نیشانی بدات, كە سەربازگەیەك بووە ئامادەكاری تێدا كراوە بۆ زیندە بە چاڵكردن, زۆر زانیاری نا دروست كە لە دڕندەیی زیندانەكە كەم دەكاتەوە , بەمەش لێرە زیان بە دۆسیەكە دەگەیەنێت, تەنانەت بەڕێوەبەری زیندانەكەش دەكاتە كوردێك كە راست نییە " بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو (باشەیەیدا) ئەگەر بەراورد بكرێ، دووبزیش دیسان ترس و سامێكی كەم نەبوو. بۆ گاڵتەجاڕیی دەوران، گیراوەكان ڕوانییان بەڕێوەبەری ئەم سەربازگەیە هاوڵاتییەكی كوردە و پیاوێكی خەڵكی دەڤەری هەولێرە بە ناوی حاجی ئەحمەد فەتاح و حەجی مەككەی كردبوو.".
هەرچەندە بەرگ سەوزو زەیتونییەكان ئەگەری زۆرە ئەمن بووبێتن, وەك خێروڵا حەمادی لە دان پێنانەكەیدا دەگێڕێتەوە, لە كاتی پێویستدا بەرگی سەربازی بێ روتبەمان دەپۆشی.
گێچەڵی سێكسی
ژمارەیەكی زۆر لەو ژنانەی لە زیندانی سەربازگەی دوبز بوونە, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان ئەوەیان گێڕاوەتەوە, كە گێچەڵی سێكسی لەو زیندانە لە هەموو زیندانەكانی دیكەی ئەنفالكراوان زیاتر بووە, ئەو شایەد حاڵانە دەڵێن كچانی جوانیان دەركردۆتە دوەرەوە دواتر هێناویانەتەوە, شەوان كچانیان بردۆتە ناو باخەكان دەوروبەری زیندانەكە و تەعەدایان لێیان كردووە, ئەفسەرەكان شەوان كچانی كوردیان بردووە, 12ی شەو بە دواوە كچانیان بردووە, ئەمانەو زۆر چیرۆكی دیكە دەگێڕنەوە, هەموو دەربڕی ئەوەیە لەم سەربازگەیە بە بەرفراوانی گێچەڵی سێكسی بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجامدراوە.
ئەشكەنجەدان
هەرچەندە زیندانەكان ئێرە هەموو ژن و منداڵ بوونە, بەڵام لە زیندانی دووبز یش وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان و نزاركێ لێدان هەبووە, تەنانەت وەك دەگێڕنەوە بە لێدان بە كێبڵ دوو منداڵ مردوونە. سەربازگەكە دەرگاكەی زۆر كات داخراوە, هەروەها شەوان كارەبایان لەسەریان كوژاندۆتەوە, ئەمانەش ئەشكەنجەی دەروونی بووە.
ئازادكردن
ئەبو ئەیمەن دەڵێت "زیندانییەكان پێنج مانگ و یانزە رۆژ لە سەربازگەی دووبز مانەوە" , ژنێكیش خەڵكی توكنە دەڵێت شەش رۆژ دوای لێبوردنە گشتییەكەی 6-9 لە سەربازگەی دوبز ئازاد كراون, ئتر نازانم ئەوانیش دوای بڵاو كردنەوەی لێبوردنەكە لە وەقائعی عێراقی لە رێكەوتی 20-9 ئازاد كراون یان زووتر, بە وتەی ئەم بێت 12ی مانگ ئازاد كراوە.
هەژار غازی عەزیز بابە كە هەر لەو زیندانە لە دایك بووە دەڵێت "رۆژی 20/10/1988 رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ چەمچاڵ - شۆڕش، لە قادركەرەمییەكان نیشتەجێ بووین"..
كە لە زیندان ئازاد كراون, زیندانیانی سەربازگەی دووبزیش وەك نگرە سەلمان بردراون بۆ عەربەت, دواتر دابەش كراونەتە دوو بەش, چەمچەماڵ و كەلار" رزگاری, شۆڕش". نێرگز دەڵێت تاكو رێكەوتی 25-10-1988 لە سەربازگەی دووبز ماوەتەوە, ئەوان وەك سەربازگەكان دی بە چەند گروپێك ئازادكراون , ئەمان بەشی كۆتایی زیندانییەكان نەبوونە, وەلێ پێی دەچێت تاكو كۆتایی ئۆكتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر هەموو ئازاد كرابێتن.
سەربازگەكەش فرۆشرا
هادی غەزایی كە لە شێخەكانی ساڵەییەو كوردە و خزمی خوالێخۆشبوو ئەحمەد موختارە كە زۆر بۆ ئەنفالكراوان باش بووە، دە ساڵ قایمقامی شاری دووبز بوو, وەك دەگێڕنەوە قاعەكانی سەربازگەی دووبزی ..... دا بە كەسێك بە ناوی ئەحمەد بایز, بە ........, ئەویش شیش و قاپی و جەمەلۆنی بانی و پەنجەرەكانی دەردێنێ و دەیان فرۆشێت, خەڵكیش دوایی ئەوە شوێن كەلاوەكەی دەكەنە خانوو, ئێستا هیچ شوێنەواری ئەو سەربازگە گرنگە نەماوە, بۆتە ماڵ و گەڕەكێكی لە سەر ئاوەدان كراوەتەوە, ئێمەش دەمانەوێت سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان لە دووری نزیك 1000 كیلۆمەتر بكرێتە مۆنمێنت, كەچی ئەوەی ماڵی خۆمان كاول كرا بە دەستی خۆمان, ئێستا بە ملیۆنان و ملیاران دۆلار هەمان سەربازگەمان بۆ درووست نابێتەوە؟.
سەرچاوەكان:
سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ - وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
-لە تۆپخانەوە بۆ عەر عەر , كوردستان كەركوك 2004 , چاپخانەی ئۆفێستی
-لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا!- دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023
-چیرۆكی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایكبوو2024-06-10-جەواد حەیدەری
- نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا عارف قوربانی 2020 چاپخانەی حەمدی