حەمەی حەمە سەعید
یارسانەکان دوو جۆر رۆژوویان ھەیە و دوای تەواوبوونیان جەژن دەکەن، یەکەمیان بەناوی جەژنی یارانی قەوەڵتاس.
بەپێی تێکستە پیرۆزەکانیان، حەوت گەورە پیاوی دیینی یارسان بە ناوی (قولی، شەھابەدین، شاکە، شانەزەر، شاموراد، عیسا، پیر دلاوەر) کە وەک (زات میھمان) رۆحی بازنەی ھەفتەوانەیان تێدا بەرجەستە بووە، لە (سەڵماس)ەوە بەمەبەستی گەیشتن بە خزمەتی (سان سەھاک- سوڵتان ئیسحاق) بەرەو پەردیوەر (ئاوایی شێخان) لە ھەورامان کەوتوونەتەڕێ، لە کێوی شاھۆ لەناو کڕێوە و بەفرێکی زۆردا گیریان کردووە، ماوەی سێ رۆژ ھیچیان نەخواردووە، بەو بۆنەیەوە لە پردیوەریش سان سەھاک و بازنەکانی ئەوێ کۆڕی زیکر و لاڵانەوەیان گەرمکردووە و ھیچیان نەخواردووە، رۆژی سێیەم بە فەرمانی سان سەھاک ھەریەک لە (داودی رەھبەر و مستەفا دەودانی) لە پردیوەرەوە چوون بۆ شاھۆ، لەو رۆژەدا کەشوھەوا خۆشیکردوە و ھەموویان پێکەوە بۆ خزمەتی سان سەھاک ھاتوون، ئیتر لە پردیوەر کراوە بە جەژن، ئەگەرچی کەمێک جیاوازی لە رۆژەکانی بەرۆژوو بوون و جەژنکردن ھەیە، بەڵام ھەموان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەمە رۆژووی فەرزە و لەسەر ھەموو شوێنکەوتوانی یارسان پێویستە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بەرۆژووببن.
دوای سێ رۆژەکەش بە پێی باوبرەوی دینی خۆیان جەژن دەکەن، ھەم بەرۆژووبون و ھەم جەژنکردن یەکێکە لە پیرۆزییە دینییەکانیان.
سەبارەت بە رۆژووەکەی تر بە ناوی رۆژووی (مەڕی نەوێ)، نەوێ ئاواییەکی ئاسەواری و دێرینە لە بناری چیای سورێن، ئەمیش ھەر سێ رۆژە بەڵام ھەموو کەسێک ئازادە لە بەڕۆژوو بوون یان نەبوون.
سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژەکان با لەم دێڕانە وردببینەوە:
نەی چلەی زمسان نەی چلەی زمسان
داود رۆچەشان نەی چلەی زمسان
نیەتشان چوارداو مانگێ بۆ ئیحسان
جە ھەڤدەو مانگێ گیریا چەپ دەستان.
ساڵانێکە بە بۆنەی ئەم جەژنەوە بەرپرسە بالاکانی سیاسی و ئیداری ھەرێم، پیرۆزبایی بۆ جەژنەکە و پیاھەڵدان بۆ برایانی یارسان دەنووسن، دەستیان خۆش و ھەر بەراستیش مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام ھەقە بپرسین ئەگەر بڕوامان ھەیە ئەمانە خەڵکی رەسەن و ماکی سەرەکی دین و کەلتوری کوردیان پاراستووە، ئەی لە ئەمڕۆدا لەناو دەسەڵات و قەوارەی ھەرێمدا لە کوێدا وەستاون؟ دەی خۆ تا ئێستا وەک دینێک یان رێوڕەچەیەکی دینی تایبەتیش نەناسێنراون.
سەرچاوە:
1- سەرەنجام - دەستنووس
2- یارسان دینێکی کوردییە - ئەیوب کوێخا رۆستەم
3- شاھنامەی ھەقیقەت - نیعمەتوڵڵای جەیحون ئاوایی
سەرچاوە: knwe