کەمال چۆمانی
هاوڕام لەگەڵ مەسرور بارزانی پێویستە بە هیچ شێوازێک واز لە هیچ مافێکی دەستوریی نەهێنین، بەڵام بۆئەوەی ئەو مافە بەدەستبێنین، دەبێ ئێمە لە هەمو لایەک زیاتر پێداگریی بکەین و تێبکۆشین بۆ عێراقێکی دیموکرات لەسەر بنەمای حوکمی قانون و پارێزراو لەلایەن دەستورە دیموکراتیکەکەیەوە.
ئێستا سێ بژاردە هەن:
١. حکومەتی هەرێم خەڵک پێش بەرژەوەندییە حیزبییەکان بخات و لەگەڵ بەغداد رێکبکەوێ. کاتێک حکومەتمان وا دەکات، خەڵک پشتیوان دەبێ. کاتێک خەڵک پشتیوانە، حکومەتی عێراق ناتوانێت موچە رابگرێ. ئێستا کە حکومەتی عێراق موچەی راگرتوە، بەگشتی خەڵک حکومەتی هەرێ بە هۆکار دەزانێ و حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان لە حکومەتەکەی خۆمان جەماوەریترە.
٢. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی بەو جۆرە سیاسەتە بدات و چاوەڕێبکا تا ئەمریکا فشار دەکات، یان تا کێشەکانی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران زیاتر دەتەقنەوە و گەروی هورمز دادەخرێ و بازاڕی نەوتی جیهانیی پێویستی بە نەوتی کوردستان دەبێ. لەو دۆخەدا، وەک پارتییەکان دەڵێن، دەکرێ کارتی ریفراندۆمیش جارێکی تر بەکاربهێنرێتەوە.
٣. یا خەڵکی هەرێمی کوردستان راپەڕینێک بکات دژ بە حکومەتی هەرێم. ئەوەیان زۆر قوڕسە روبدا، بەڵام ئەگەر روبدا (چونکە هیچ شتێک لەو ناوچەیەی ئێمەدا مەحاڵ نییە بەتایبەت کە تەداخولاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی زۆرە)، کۆستەکەی لەوانەیە زۆر گەورە بێ.
من لەنێوان ئەو سێ بژاردەیەدا، هی یەکەمیان هەڵدەبژێرم. بژاردەی دوەم، خۆشخەیاڵییە و ئەگەری رودانی تا رادەی مەحاڵە. بژاردەی سێیەم دیسان زەحمەتە، نە کۆمەڵگاکە ئامادەیە و نە داهاتوش دیارە. خەڵکیش ئێستا داواکارییەکانیان بچوک بونەتەوە بۆ موچە و کەمێک خۆشگوزەرانی. موچە و کەمێک خۆشگوزەرانییش تەنها لەڕێی بژاردەی یەکەمەوە بەدەستدێ.
هێندەی من خوێندنەوەم بۆی کردبێ و ئاگام لێی بێ، خەڵک بەگشتی، خەتێک لەناو پارتی و یەکێتی بەگشتی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەگشتی، لەگەڵ بژاردەی یەکەم دان. ئەی بۆچی کۆی کوردستان ببێتە قوربانیی هێڵێک لەناو پارتی؟ مەسرور بارزانی بەدڵنیایی دەبێتەوە سەرۆکی حکومەت، بەڵام ئەگەر بیەوێ سەرۆکێکی سەرکەوتو بێ و وەک حکومەتەکەی رابردوی پڕکێشە و شکستخواردو نەبێ، بژاردەی یەکەم بۆ خودی داهاتوی سیاسیی خۆشی باشترینە.
سەرچاوە : سپی میدیا