چیا عەباس
بیری پەرچەمی خاوی رەنگینی جارانی گزنگی پەرژینەکانی شار دەکەم
بیری شەبەقی بەیانیانی ئاسمانە دڵگیرەکەی جارانی شار دەکەم
بیری سەدای زەنگۆڵەی کاروانی جارانی گوندنشینەکانی رو لە شار دەکەم
بیری سەدای بانگی بەیانیانی مزگەوتەکانی جارانی شار دەکەم
بیری چێژی جارانی لەواشەی گەرم و ماست و قەیماغی چەوری شار دەکەم
بیری تامی جارانی کەبابی وەستا گرون و عومەری ئەجێ ی شار دەکەم
بیری دەنگەدەنگی جارانی منداڵانی رو لە حوجرە و قوتابخانەکانی شار دەکەم
بیری هات و هاوار و دەنگە گرەکانی جارانی نێو مەیانەکانی شار دەکەم
بیری خوێندن و جریکەی بەیانیانی جارانی باڵندە ئازادەکانی شار دەکەم
بیری هەناسەی سارد و نزا و دوعاکانی جارانی هەژارانی شار دەکەم
بیری عەرەبانەی تریشقە و دو ئەسپی جارانی کۆڵان و شەقامەکانی شار دەکەم
بیری بۆنی جارانی پاش ئاورشێنی خۆڵی بەر ماڵەکانی کۆڵانەکانی شار دەکەم
بیری دەنگی بەسۆزی جارانی چالاک و کابان و خەیات و دیلانی شار دەکەم
بیری وانە بەپێزەکانی جارانی پەشێوی شاری قەڵا بۆ منداڵەکانی شار دەکەم
بیری پەرە رەنگینەکانی جارانی گەلاوێژ و ژینی پیرەمێردی شار دەکەم
بیری مەفتونی و عشقی بێکەس و دێری عەشقی مەحوی جارانی شار دەکەم
بیری گەنجە یاخیبوەکانی جارانی پیرمەسور و شێخان و خانەقا و .. شار دەکەم
بیری روخساری جارانی مامۆستا یاسین و ئەنوەر و شەهیدانی تری شار دەکەم
بیری تیشکی ئاگری جارانی نەورۆزی سەر گۆیژە و نێو کۆڵانەکانی شار دەکەم
بیری هیمەت و دڵسۆزی جارانی بەهیە معروف و باجی روناکەکانی شار دەکەم
بیری حەماسی جارانی دادەکانی بەرگدروی پۆشاکی پێشمەرگە لە شار دەکەم
بیری باجی رەحمەی نانکەر و دایکی رۆلە نەبەردەکانی جارانی شار دەکەم
بیری تامی جارانی شێلمی کوڵاو و قەزوانی سوێری نەنە پیرەکەی شار دەکەم
بیری سوچ و قوژبن و چیرۆک و نهێنیەکانی خۆشەویستی جارانی شار دەکەم
بیری چرپەچرپ و شەرمی جارانی عاشقە بێگەردەکانی شار دەکەم
بیری دوکەڵی جارانی عەرەبانەی مێش و دیعایەکانی سینەماکانی شار دەکەم
بیری بازدان و جنێو و تورەیی جارانی عەبە و نوزدەی هار و سالەی شار دەکەم
بیری قەرەباڵغی حەمە رەق و سۆزی مەقامە رەسەنەکانی جارانی شار دەکەم
بیری تاجە گوڵینەکەی هەر سەر بستێ زەمین و ژێر هەر گەزە ئاسمانێکی جارانی پەشێوە خەمخۆرەکەی کوردستانەکەم دەکەم
بیری عەزیز و شاسوار و شازاد و جەمال و ئەکرەم و شەهابی شار دەکەم
بیری هەر هەموتان دەکەم، بیری راستگۆیی و دڵسۆزی و ..... تان دەکەم
سەردەمانێک ئێوە شار بون و شاریش ئێوە بو، دەست لەملانی یەکتر بون و وەک مەم و زین و شیرین و فەرهاد لە بۆدەقەی عشقێکی بێگەردا توابونەوە.
شارە نازادارەکەی نیشتمان، پێمان بلێ بۆ وایان لێکردویت، کێن ئەوانەی ناسنامە رەسەنەکەی تۆیان کردۆتە سوتەمەنی حەزە شەیتانیەکانیان؟ پێمان بڵێ بۆ وا کز و مات و بێدەنگی ؟ پێمان بڵێ بۆ چۆلەکە و پەرەسێڵکە و کۆترەکان هێلانەکانی عەشقی تۆ جێدەهێڵن؟ وەک بێکەس دەڵێ بۆچی بونەتە رێچکەی دوکەڵی پەرت پەرتی " شارێک " و بەرەو " نشێوی شۆردەبنەوە ".
شارەکەی هەمو کوردان پێمان بڵێ بۆچی ئێستا لە چەقی ئەزەلیتا وەک دیلان دەڵێت: گورگ پاسەوان و شوان دانی لە گۆشت جیرە!
پێمان بڵی کوا داری تو و گوێز و هەنجیر و هەنار و گەڵامێوی باخەکانی ماڵەکانت، كێن ئەوانەی ئەم سامان و بەرەکەتە خۆشەویستەی تۆیان کردە قوربانی حەزە بۆگەنەوەییەکانی خوێنمژانی کورد؟
پێمان بڵێ کێ داڵدەی بکوژانی گەشتەکەی گۆران و جادە چۆڵەکەی هەردی و داریکەلیەکەی حەمدی و فرمێسکەکانی سالم بۆ بابان و دو ئاوانەکەی پیرەمێرد و پەپولەکانی بیکەسەکانت دەکات.
پێمان بڵی کێن ئەو سەرسەریانەی سەری سەرگەرمیان بێسەوادانە لە سەر سەرینی سنگی نازدارەکانت بەزەبری شمشێری رۆستەم و عەنتەر دەچەقێنن؟
پێمان بلێ تۆی لانەی بابان و شێخی نەمر و عادلە خانم و حەپسە خان و پیرەمێرد و مەراقخۆری ژانی گەل و کاکە نەوەی راپەرین و بەدەم رێگاوە گوڵچنین بۆ وا کزو مات چاوەروانیت و پەپولەکانی نیاز و خەونە مەزنەکان لە لێوەکانت هەڵنافرن؟ پێمان بڵێ چاوەروانی چیت .....!
شارە غەمگینەکەمان پێمان بڵی چۆن ئەم تاریکستانە سەپێنراوە بەسەر رۆح و ناخدا برەوێنرێتەوە، چۆن وەک جارانی جارانت ئەم دڵە بزێوەی کورد و کوردستان رۆحە رەسەنەکەی ببوژێنرێتەوە و بێتەوە ریزی سەر قافڵەی ئازادی بۆ هەموان.
پێمان بڵێ خۆت رادەستی قەدەر کردوە، کونجی قەناعەتت گرتوە، سەبری ئەیوبت پێباشە، خۆت مات کردوە... هەر کامێکیانت کردوە دەبێت هەمو بزانن بورکانی تەقینەوە لە ناخدا دەکوڵێت... ئەو رۆژە زو یاخود درەنگ هەڵژێت.
چاوەروانی وەڵامەکانی تۆین شارە بزێوەکەی کوردستانەکەم.
دڵنیا بە کاتێک قسەی خۆت کرد سەرجەم کوردستان دەهروژێت، تۆش لە گەڵ دەستەخوشکەکانت لە زاخۆ وە تا خانەقین رەشبەڵەکێکی بی وێنە بەرپادەکەن.
٢٥ دیسامبەر ٢٠٢٢
تێبینی:
بەداوای لێبوردنەوە دەسکاری چەند دێری هەندێ هەڵبەستم کردوە تا لە گەڵ ئەم بیردکردنەوەمدا بگونجێت.
سەرچاوە : سپیمیدیا